2013-05-15

پیتە قورمزيەكە the scarlet letter / ديَمي مۆرِ


ئەڤین ئیبراهیم فەتاح

ئەم فیلمە لەساڵی ١٩٩٥ بەرھەم ھاتووە و لە رۆمانێک وەرگیراوە بە ھەمان ناونیشان لەنووسینی ( ناتیال ھۆرتۆن) و دووبارە نووسین وسیناریۆی دۆگڵاس دەی ستوارت. یەکێکە لە یانزە فیلمی جیھانی کەفیلمەکە لەکتێبەکەی باشتر ھەژمارکراون. بەراستی کتێبەکە بخویوینیتەوە جیاوازە لە فیلمەکەو فیلمەکە جوانتری کردووە. لەم فیلمەدا دێمی مۆر بۆ سەرنجراکێشترین ژن خەلڕاتی وەرگرتووە. بەڵام ھیشتا رووداوو فیگەرە کۆمەڵایەتی، ئاینی و سیاسیەکانی لەجوانی خاتوو دێمی گرنگترن! پالڕەوانەکانی ئەم فیلمە (دێمی مۆڕ )لەرۆڵی ھیستر پراین و( گرەی ئۆلدمان) لە رۆڵی قەشەکە ئارتەر دیمیسداڵ.

چیرۆکەکە
لەساڵی ١٦٦٦ ئەمەریکا کۆلّۆنیایەکی ھەبووە لای ھیندەکان بەناونیشانی کۆلۆنیای ماسوشیەتز بەیز. لەوێدا ململانێ لەنێوان خەڵکی ئەسڵی شوێنەکەو داگیرکەران ھەبووە. ئەمریکیەکان داگیرکەر بوونە. ھیستر پڕاین (دێمی مۆر) لە بەریتانیاوە دەگاتە ئەو شوێنە، ھەڵبەت ھاوسەرەکەی داوای لێ کردووە. ئەوشوێنە بەھیچ شێوە پێی رازی نین. خانووگرتن بەتەنیا بۆ ژن، کارکردن و تەنانەت جل پۆشین و ھەلڕبژاردنی کرێکارەکانی. پاشان (ھیستر پرین- دێمی مۆر) دەکەوێتە داوی عیشقەوە لەگەڵ قەشەکە (ئارتەر ئمیسدال-گرەی ئۆڵدمان) بەڵام، خۆ لەیەکتر دەپارێزن تاکو ئەو رۆژەی ھەواڵی مردنی ھاوسەرەکەی ھیستر دێتەوە، کەقەشە پێی دەڵێت، ئیدی خۆناگرن و کارەسات دەست پێدەکات!
ھیستر سکی پڕ دەبێت و ژنان ھەستی پێ دەکەن ودەدرێت بەدادگا لەسەر ئەوەی زینای کردووەو منداڵی زینای لەسکدایە. ٦ مانگ لەزیندانی دەبێت بەبێ ئەوەی رێگەی بدەنێ کەس ببینێت تا منداڵی دەبێت. کەمنداڵی بوو، جارێکی دیکە دەیبەنەوەبەر دادگا، لێی دەپرسن: کێ باوکی منداڵەکەیە؟ ئەویش وەڵام ناداتەوە. لێرەدا، ئمیسداڵی قەشە کە باوکی منداڵەکەیە زۆری لێدەکات نناوی بێنێت بۆ ئەوەی پێکەوە سزای لەسێداردان ببینن، ھیستر قبووڵ ناکات. ئەحجارەبە فیتی ژنی حاکم کە رێکدەڵێ: زیندانی مەکەن، بەڵکو زیندانی بخەنە ناویەوە..چۆن؟ پیتی قورمزی ئەی بدوورنە سنگیەوەو با منداڵێکیش بەتەپڵەوە لەدوایدا بسوڕێت بۆ ھەرشوێنێک چوو! پیتی ئەی سەرەتای وشەی زیناکارە بە ئینگلیزی (Adulteress). لەم کەینو بەینەدا ھاوسەرەکەی دەگەڕێتەوە کە نەمردووە بەڵکو چەند ساڵێکە لای ھیندیەکان خۆی حەشار داوەو فێری داب و نەریتیان بووە. کاتێک ئەوبارە دەبینێت بڕیاری تۆڵە سەندنەوە دەدات، لەھیستر و ئەو کەسەی باوکی منداڵەکەیە، خۆی لەخەڵکی ئاشکرا ناکات. زۆر بۆ ھیستر دەبات و لێیدەدات، لێرەدا ھێزی ھیستر پتر دەردەکەوێت: من چیتر منداڵێک نیم لەبری قەرز باوکم دابوومی بەتۆ، شەش مانگ بەتەنیا زیندانی کرام، دادگایی کرام و پیتێکی سووریان بەسینگمەوە ناو منداڵێک بەتەپڵەوە بەدوامەوەیە، ئەمێستاش ئامادە نیم ناوی باوکی  منداڵەکەم بە  تۆ بڵێم!
نواندن و دەرھێنان
لەسەرەتای فیلمەکەوە فلاش باکە، واتا، کچێکی ھەرزە بەناوی پیرڵ(واتا مرواری) چیرۆکی دایکی دەگێڕێتەوە. سەربەرزی و ھێزی کەسایەتی ئەو ژنەنیشان دەدات. جوانترین دیمەنی ئەوەیە، لەھەموو کاتێکدا سەری بەرزەو نەوی ناکاتەوە. لەدیمەنی دادگاییکردنەکەی بەوەی منداڵی زینای ھەیە تاقەدیمەنە لە فیلمەکە کە جوانترین جلی پۆشتووەو سەرپۆشیشی لەسەر نیە. قەشەی باوکی مندالڕەکە لێی دەپاڕێتەوە: لە ھێزیتۆ دەترسم، بەسە چی تر تورەیان مەکە بەو ھێزەت! کەچی ھیستر سوورە لەسەر بڕیاری خۆی...دێمی مۆڕ وەک ھادەتی خۆی داھێنان دەکات لەم فیلمە، بەتایبەتی کاتێک کوری حاکم دەیەوێ تەعەدای لێ بکات، ئەمیش بەمۆم و مۆمدانێک چاوێکی کوێر دەکات، ئینجا چەکی بەرامبەر ھەڵدەگرێت دەڵێ برۆ دەرەوە (جنێوێکیش(
رەھەندە کۆمەڵایەتیەکان
سێ رەھەندی کۆمەڵایەتی سەرەکی لەمفیلمەدا دەبینرێت کەباسی کۆمەڵگەیبەریتانی و ئەمریکایی سەدەی ١٧ دەکات:
یاسا، گوناە، و تاوان.
یاسای ئەوکات: دووجۆر بووە، گشتی و کۆمەڵایەتی، بەڵام، ھەردوو جۆریان بەسترونەتە ئاینەوە. فیلمەکە ئەو پرسیارە دەوروژێنێت: ئایا یاسای خودایە یان ھی ئێوە؟ ئەمە لەو دیمەنەدا دەردەکەوێت، بەھێزترین دیمەنی فیلمەکە، ھیستر پرین بەوپەڕی شۆخ و شەنگی، و بەکەم جارە بێ سەرپۆش دەیبینیت و بەجلێکی زۆر جوان و کۆرپەکەی لەباوەشیدایە لەدادگا راوەستاوە لەپێش ھەموو خەڵکی بەسەربەریەوە دەڵێ: لەوانەیە لەبەر چاوی ئێوە زیناکارو تاوانبار بم، بەڵام، کێ دەڵێ ئەمە حوکمی خودایە؟ ئێوە خودا نین و ئەم پیتەی بە سینگمەوەتان ناوە شەرمی خۆتانە نەک ھی من! پتر لە ١٠٠ جار ئەو دیمەنەم دووبارە کردەوەوتێرنەبووم لێی ... ئاخر ئێمەش ژنی سەربەرزمان ھەیە کۆمەڵگەی لەکەداری دەکات و بەناوی خوداوە، کە خودا بەشداری بابەتەکە نیە!.

گوناە
لەسەرەتای فیلمەکەوە تا کۆتایی پرسی گوناە دەکرێت، گوناە چیە؟ ئەوەی خودا بریاری داوە یان ئەوەی کۆمەڵگا؟ بۆ نموونە، ھیستر پرین بەزۆر و لەپێناو پڕکرنەوەی قەرز دراوەتە پیاوێک کە دووتەمەنی خۆی ھەیە، ئەمە ئاساییەو گوناە نیە، بەڵام، کە پیاوێکی دیکەی خۆشویست، ئەمەگوناھە؟ لەسەرەتای فیلمەکەوە تا کۆتایی خاتوو ھیستر داکۆکی لەوە دەکات کە ئەمە گوناە نیە تا دەڵێت: من لەبەرچاوتان  تاوانبارو گوناھکار بەڵام کێ دەڵێ لای خودا وایە؟
گرفتەکە لەوەدایە خودی گوناە  و خودی تاوان چین؟ ئایا ئەوەی کۆمەڵگە دەیسەپێنێت ھەمان ئەوەی خودایە؟ لەسەرەتاوە تاکۆتایی فیلمەکە ھیستر سوورە لەسەر دوو شت یەکەم سەربەرزی خۆی و دووەم ئەو منداڵە منداڵی زینا نیەو تەنیا کۆمەڵگەیە تاوانباریان دەکات نەک خودا. ئەمانە جگە لە دیمەنەکانی دادگا لەو دیمەنانەش دەبینین کاتێک قەشەی باوکی منداڵەکە پەشیمانەو دەڵێ گوناھمان کردووە..ھیستر ھێوری دەکات و دەڵێ، وانیە، ئێمە خۆشەویستیمان کردووەو خودا مانای خۆشەویستیە.

تاوان
تاوان چیە؟ بلی خودایە یان مرۆڤ؟ ئەدی سزای تاوان کێ دەیدات، خودا یان مرۆڤ؟ فیلمەکە ئەمجۆروپرسیارانە دەوروژێنێت چونکە باسی زەمەنێک دەکات حوکمی کەنیسە بووە. بەڵام لەراستیدا وا نیشان دەدات، ئەوەخەڵکین بەناوی کەنیسەوە دادگایی دەکەن. خەڵکن پیتی قورمزی لەسەر سنگی ژنێک دادەنێن کە تاوانی نەبووە، ھەوالڕی مردنی ھاوسەری ھاتوووەو پیاوێکی دیکەی خۆش ویستووە و لەتەکی نووستووە. فیلمەکە ئێژێ: ئاخر ئەمە تاوان نیە، ئەوەی ئێوەدەیکەن تاوانە.

رەھایی نەبوونی چەمکەکانی یاساو گوناە و تاوان گرنگتری باسی ئەمفیلمەن بۆیە شایەنی بینینیە نەک جارێک بگرەجاران. لەھەمووشی خۆشتر رۆڵی ئەو باڵندە چکۆلە سوورەیە کە سەرەتای ھەموو گوناە و تاوانەکانە....