2013-05-27

یەکیەتی پیاوانی کوردستان، به یارمەتیتان!



ئەڤین ئیبراھیم فەتاح

لەئاژانسی پەیامنێر لەرۆژی ٢١\مانگی ئاب، لەراپۆرتێکدا سەرۆکی یەکێتی پیاوانی کوردستان دەڵێ: کردنەوەی بەڕێوبەرایەتی نەھێشتنی توندوتیژی لەدژی ئافرەتان جیاوازی رەگەزی بووە (مەبەستی: جیاکاری جێندەری). ھەروەھا یاسای بەرنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزان ئیدانە دەکات: زۆر بەئەستەم لەیاساکەدا رێگە کراوەتەوە بۆ رەگەزی بەرامبەرو منداڵ لەخێزانەکەدا، کاتێک توندوتیژی بەرامبەر دەکرێت. کاتێک یاساکەش بەکردار کاری پێناکرێت، ئایا، ئاگایان لەوە نیە یاسایەک نیە رێگە لەپیاو بگرێت سکاڵا لەسەر ژنەکەی تۆمار بکات ئەگەر توندوتیژی بەرامبەر کرد ئیدی توندوتیژی لەقسەی ناشایستەوو رێزنەگرتنەوە دەستپێدەکات تاسەرو گوێلاک شکاندن و کوشتن یانیش ھاندان بۆ کوشتن!
یەکێتی پیاوانی کوردستان رێکخراوێکە لەسەر بنەمای ھەلچوون و توڕەی و سۆزەوە دامەزراوە نەک بنەمایەکی مەعریفی تۆکمەی باوەڕپێکراو. بۆ نموونە:


١-     توندوتیژی دژ بەژن و منداڵ گرفتێکی کۆمەڵایەتی جیھانیەو نەتەوەیەکگرتوەکان جاڕنامەی جیھانی و رۆژی جیھانیی بەرەنگاربوونەوەیان بۆ سازداون، ئەم راستیە لەسەر بنەمای پێداچوونەوە بەکەلتووری پیاو سالاری دامەزراوە، ئەمیش کەلتوورێکی جیھانی کۆنی خاوەن رەگ و ریشەیە.
توندوتیژی دژ بەژن و منداڵ لەناو سیستمە کۆمەڵایەتیەکەدایە و داخیلی بازنەی بیرکردنەوەی گشتی بووە، واتا، بابەتەکە گشتیەو بەرەنگاربوونەوەی لەلایەن تاکانێک دەکرێت کەتوانیویانە لەبازنەی بیرکردنەوەی باو دەرباز بن و مرۆڤانە بیر بکەنەوەو رەفتار بکەن. ھەرچی ئەوەی یەکێتی پیاوان باسی دەکات رێک پێچەوانەیە، واتا، تاک و تەرا ژنی توندوتیژ پەیدا بن، ئەوا ئەو ژنانەن لەکەلتووری باو دەرچوونە نەک بەرەو کەلتووری مرڤ سالاری بەڵکو بەرەو پیاوسالاری باو، واتا، بەھەمان لۆژیکی پیاو مامەڵە دەکەن، بەڵام حاڵەتەکان دەگمەن و تایبەتن، بۆ نموونە، نەمانبیستوە خوشکێک براکەی خۆی لەسەر کورتە نامەیەکی مۆبایل بکوژێت! یاخود، نەبووە دایکێک کوڕەکەی خۆی خەڵتانی خۆێن بکات بۆ ئەوەی نامووسی غەسل بکات!
یەکێتی پیاوان چما ئێوە دەزانن توندوتیژی کاتێک داخیلی سیستم بوو، ئیدی دارو بەرد دەبن بەدوژمنی ئەو جێنەدەرەو ھەمیشە لەھەنجەت دەبن لەبچووکترین ھەڵسوکەوتی؟
یەکێتی پیاوانی کوردستان نالۆژیکیانە وادەزانن باسکردنی توندوتیژی دژ بەژنان دەستکەوتێکەو ئەوان لێی بێبەشن، ھەرچەندە ھیواناخۆازم ھیچ رەگەزێک توندوتیژی بەرامبەر بکرێت، بەڵام بمبورن یەکێتی پیاوان بۆ ئەوەی کەیسەکانتان لەحاڵەتی تاک و تەراو دەگمەن و توڕەبوونەوە بگات بەراستی و لۆژیکی و پاشان نەتەوە یەکگرتووەکان جاڕنامەی جیھانیتان بۆ راگەیەنێت، پێویستە ھەندێک (ئیمتیازاتی!) ژنانەتان تێدا بەدی بکرێت:
بۆ نموونە، ئەو پیاوانەی ئاشکرا دەڵێن: ئەگەر ژنەکەم لەگەڵ خۆم ببەم بۆ تورکیاو لوبنان وەک ئەوەیە یاپراخ لەگەڵ خۆم ببەم بۆ ریستورانت، دەبێ لەسەر نامووس کوژرابن.
مەرجەکان قەوامەو مارەیی و فرەژنی، ھەمووی پێچەوانەکەی ھەبێت.
دوو پیاو لە مەحکەمە بۆ شایەدی بەرابەر بەژنێک دانرێت!
چەند نموونەیەکمان نیشان بدەن بەوەی ژن تەحەروشی سێکسی بەپیاو کردووەو بوەتە ھۆکاری لابردنی (کوڕێنی!) واتا، بەزۆر بوخچەکەی کردوەتەوە.
یەک دوو پیاومان نیشان بدەن لەشوێنی کار سووکایەتیان پێکرابێت و لەپۆست وپلەو پایە دوور خرابێتنەوە، تەنیا لەبەر ئەوەی (پیاون(


کورد (ئیبداعی) گەلێک زۆرە یەکێتی پیاوان کۆتاییان نیە، بۆیە خێرێکیان پێ بکەن و بەکوردی لەیاساکەدا بنووسن: پیاوانیش بۆیان ھەیە داکۆکی لەخۆیان بکەن ئەگەر ھاتو توندوتیژیان بەرامبەر کرا.