2013-05-26

ئارگۆ.. Argo

ئەڤین ئیبراھیم فەتاح

ئارگۆ فیلمێکی سینەمایی ھۆڵیودی ئاکشنە لەبەرھەمی ٢٠١٢ یە. ئەمساڵ ٢٠١٣ ئۆسکاری باشترین فیلمی ساڵی وەرگرتووە. ھەروەھا کۆمەڵێک خەڵاتی دیکەشی وەدەست ھێناوە. رۆڵگێڕانی فیلمەکە بریتین لە بێن ئەفڵەک، ئالین ئارگین، جان گودمێن، برایان کرانستۆن و ئومێد ئەبتەحی.
فیلمەکە لە رووداوەکانی بارمتەکردنی دیپلۆماتە ئەمریکیەکان لە ئێران لە ساڵی١٩٧٩ دوای ئەوەی ئەمریکا شوێنی شای ئێرانی بەزیو دەکاتەوە. ئێرانی و ئیسلامیەکان داردەستەکەی خومەینی ئەم کارەیان بەدڵ نەبوو بۆیە تۆڵەیان لە دیپلۆماتکارە ئەمریکیەکان کردەوە. ئەوەبوو، لەرووداوی ئاکشنی گەرمدا و لە رێگەی سی ئای ئەی ئەمەریکیەوە (تۆنی مندیز) پلانێکی ورد دادەنێت و بۆ باڵیۆزخانەی کەنەدی رزگاریان دەکات پاشان فرمانی دەرکردنیان لەئێران دەردەچێت. فیلمەکە چیرۆکێکی راستەقینەو لە تاکتیکی سیاسیەوە دوور نیە.
سەرەڕۆیی لە بزووتنەوە و شۆڕشەکاندا وا لە رووداوەکان دەکات کە ھیچ شتێک لە رێگای لۆژیکی و دیمۆکراسیانە بەڕێوە نەچێت. رۆژ دەبێت بە رۆژی تاڵان و بەتایبەت تۆڵە سەندنەوە. لەو کاتەی ئێران چەپەکان دەیانویست تۆڵە ئەمریکای کاپیتاڵیست بکەنەوە ھەروەھا ئیسلامیەکانی ئیمامی خومەینیش.
رووداوە راستەقینەکەی فیلمەکە لەساڵ١٩٧٩ و دوای ١٠ مانگ لە شۆرشی گەلانی ئێران لەدژی سیستمی پاشایەتی  موحەمەد رەزا شای پالەوی روویداوە. ھەندێک لە رەخنەگران پێیان وابوو بەرھەمھێنانی ئەم فیلمە لەم کاتەدا بۆنی سیاسەتی لێوە دێت بەتایبەتی بۆ وروژاندنی رای گشتی ئەمەریکاوە وەبیرھێنانەوەی رووداوەکان لەکاتێکدا ئێران خەریکی پیتاندنی یۆرانیۆمەو فشاری دەرەکی لەسەرە و گیرۆدەی گەمارۆی نێودوڵەتی بووە و ھەوڵی لایەنەکان لە ھەوڵی ئەوەدان گرفتەکان بە دیپلۆماتی و ئاشتیانە چارەسەر بکەن. سەرەڕای ئەم رەخنانە خانمی یەکەمی ئەمریکا میشێل ئۆباما خۆی سەرکەوتنی فیلمەکەی راگەیاند و گوتیشی : ھەڵبژارنێکی باشە.
لە چواری ئەیلوولی ١٩٧٩ و لەسەروبەندی دوای پێکھاتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران، گرووپێک بەناوی قوتابیانی دارودەستی ئیمامی خومەینی، ھەڵدەکوتنە سەر باڵوێزخانەی ئەمەریکا لە تاران و دەستی بەرسەردا دەگرن. و لەم نێوەندەدا شەش کەسیان لە دەرگای دواوە ھەڵدێن و وەک لە فیلمەکە دیارە ئەم شەش دیپلۆماتە سەر لە ماڵی باڵیۆزی کەنەدی دەردەکەن. دواتر کۆبوونەوە تایبەتەکانی (سی ئای ئەی) بۆ رزگارکردنیان بەرێوە دەچێت لەکۆتاییدا بریار دەدەن بەپلانێکی تۆکمەرزگاریان بکەن بەوەی پاسپۆرت و دۆکیومێنتی تەزویر ئامادە دەکەن گوایە ئەمانە تیمێکی ئەکتەری کەنەدین و بۆ وێنەگرتنی فیلمێکی خەیاڵی زانستی ھاتوونەتە ئێران و دیپلۆماتکارەکان تێکەڵی تیمەکە دەکەن و رزگاریان دەکەن. دانانی پلان و جێبەجێکردنی لە ئەستۆی تۆنی میندز دەبێت. بێن ئافڵەک ئەم رۆڵە دەگێڕێت وھەر بۆ خۆشی دەرھێنەری کارەکەیە. بێگومان وردە رووداوی سەرنج راکێش و نادیار روودەدەن وەکو ھەر فیلمێکی ھۆڵیوودی بەلڕام لێرەدا نامەوێت لە خوێنەری بسووتێنم.
بەڵام، ئایا پێوەرە ھونەری و سینەماییەکانی دستنیشان کردنی فیلمەکە بۆ خەڵاتی باشترین فیلمی ٢٠١٣ چی بوون؟
زۆربەی پسپۆڕانی بواری سینەما ئەم ھەڵبژاردنەیان بە خراوترین ھەڵبژاردن لەمێژووی ئۆسکار داناوە. ئەمەیش لە ساڵێکدا کە قات و قڕی فیلمی باش نەبووە بەڵکو فیلمی زۆر باشتریش ھاتوونەتە بەرھەم وەکو لینکۆڵن (کە جاری پێشوو لەسەرم نووسیبوو) و زۆر پێشبینی دەکرا ئۆسکاری باشترین فیلم بۆ ئەو بێت، کەچی بۆ ئارگۆ بوو!
فیلمی ئارگۆ چەند ھەڵەیەکی مێژوویی و ھونەری بەخۆیەوە دەگرێت. بۆنموونە، لە دەسپێکی فیلمەکە دەقێک دەخاتە روو باسی مێژووی ئێران دەکات. لەم دەقەدا گوایا بەریتانیاو ئەمەریکا کوودەتایان لە دوکتۆر موسەددەق کردووە وەک سەرۆک وەزیرانی ھەڵبژاردەی خەڵکی.  دواتر رەزا شای پالەویان ھێناوەتە سەرکار. کەچی شتی وەھا لە مێژووی ئێراندا نەبووە، دوکتۆر موسەدەق بە دەستی موحەمەد رەزا شای پالەوی لەسەر کار لابراوەو ھەڵبژاردەی خەڵکی نەبووە. ئەو کۆدەتایەش کە باسی لێوە دەکرێت لەزەمانی موحەمەد رەزا شای پالەوی کوڕی رەزا شا کراوە، ھەروەھا ئەو دەمەیش  نزیکەی یەک دەیە کوڕی رەزا شا دەسەڵات بەدەست بووە. ھەبوونی ئەم ھەڵانە بوونە بەھۆی ئەوەی وەک فیلمی (سێسەد) کۆمەڵێک لە ئێرانیەکان رەخنەی لێبگرن و دەوڵەت ھەڵوێست وەرگرێت. لە فیلمی ئارگۆدا ئێرانیەکان وەک وەحشی و جەردە نیشان دەدرێن. سەربازەکانی یۆنان وەک سەربازی ئازاو لە خۆبردوو دەنوێنێت. ئەم کار کاریگەریەکی وەھای ھەبوو ئێرانیەکان بەفەرمی و نافەرمی لێی وەجواو ھاتن، ناڕەزایی خۆیان دەربڕی.
فیلمی ئارگۆ پاڵێوراوی حەوت خەڵاتی ھەشتاو پێنجەمین خولی ئۆسکار بووە. لە ئاکامدا توانی سێ خڵات وەرگرێت. ھەروەھا دوو خەڵاتی گۆڵدن گڵۆپی وەرگرتووە. لە لایەکی دیکەوە بەکارھێنەرانی ئینتەرنێت ٩٣% لەماڵپەری راتن تۆمیوس وەک دەنگ تۆمار کردووە. ئەمە نیشاندەری سەرنج راکێشبوونی ئەو فیلمەیە. بینینی ئەم فیلمە بۆ بینەری غەیرە ئێرانی تایبەتمەندی خۆی ھەیە لەبەر ئەوەی سیناریۆیەکی وەھا سەرنج راکێشی ھەیە بینەر بە تەواوەتی رادەکێشێت ئەگەر ئێۆانی نەبێت (تێبینی: بۆ نووسینی ئەم وتارە سوودم لە ھاورێیەک وەرگرتووە کە نافەرمی کوردی رۆژھەڵاتی ئازیزە، بەڵام، بەفەرمی چەندە من عێراقیم، ئەویش بەو رادەیە ئێرانیە!(
لەفیلمی ئارگۆ کۆمەڵێک تیشکی کۆمەڵایەتیم بینی:
١-    لای من گرنگ نیە ئەگەر بەھۆی ھۆکاری سیاسی ئۆسکاری ھێناوەتەوە. دەی ھەموو پوژبنێکیونیا سیاسەتەو ئەم فیلمەش ھۆڵیودە واتا، ھەم پیشەسازیە ھەمیش سیاسەت. ھەردوکیان بابەتی کۆمەڵایەتین.
٢-    ئەم تۆنی مندیزە رۆحێکی کۆمەڵایەتی زۆر جوان نیشان ئەدات. ئەو سەرەتا دەست بەکارێکی زۆر ترسناک دەکات ک مەترسی ژیانی خۆی و گرووپەکەی ھەیە. ھەروەھا ئێف بی ئای کارەکەی پێ دەکات. جگە لەوەی نابیت بەکۆیلەی ئێف بی ئای و خۆی کارەکە دەکات، دەی ئەمیش لوتکەی ئازایەتیە چونکە پێَی دەڵێن مەیکە.......... کەچی ھەر دەیکات..

٣-    ئەوەی لەھەمووی گرنگتر بوو لام و تامزرۆیم.. ماری تیم بوو. واتا لە تیمەکە ھەر کەس کاری ھەیەو ھەر کەس بەرپرسیارە. ئێمە ئەوەمان نیە. نەتیم ئەزانین نە بەرپرسیارێتی! ئەمیش دەمباتەوە بۆ لای ڤیبەر و کاردابەشبوون کە ئێمە نیمانە ............. فیلمی ئارگۆ لای من گرنگ نیە ئۆسکاری وەرگرتووە یان رەخنەی لێ دەگرن! کەچی گرنگە باسی رووداوێکی زۆر ترسناکی مێژوویی دەکات بە پسپۆڕی و کار دابەشبوون چارە دەبێت. خۆزگە جارێک پسپۆری و کار دابەشبوونم لەم وڵاتە دەبینی!
........................................................
لینکی ئەم بابەتە له ماڵپەڕی رۆژنامەی خەبات