2013-06-01

خێری پارک!


ئەڤین ئیبراھیم فەتاح

کچێک وکوڕێک رێکدەکەون ودەچن بۆ یەکێک لەپارکەکانی پایتەخت. کارمەندێکی بەتاوانی ماچکردن دەیانگرێت! ناسنامەکانیان لێوەردەگرێت و دەڵێ: ئێستا تەلەفۆن بۆ پۆلیس دەکەم چونکە ئێوە ژن و مێرد نین و تاد. کچەکە دەست بەگریان و پاڕانەوە دەکات: دەخیلتانم کەسوکارم دەمکوژن، کوڕەش پاسەوانەکە جودا دەکاتەوە: ھەرچیت دەوێت لەخزمەتدام، پاسەوان شل نابێتەوەو لەو تاوانە گەورەیە خۆش نابێت بەمەرجێک نەبێت: خۆم شوێنتان بۆ ئامادە دەکەم بەڵام دەبێ شەریک بم!! کچ دەشڵەژێ و زیاتر دەترسێت و دەگری، کوڕ بەکچ دەڵێ ھەرچۆنێک بێت دەبێ رازی بیت بۆ ئەوەی وازمان لێبێنێت.. کچ خۆی بەدەستەوە نادات: باشتر وایە لێرە بمکوژن..سەرتان نەیەشێنم لەکۆتاییدا پاسەوان بەزەیی بەکچ دێت بەسەلامەتی ئازادیان دەکات. ئەم کەینوبەینە نزیکەی دوو کاتژمێر گریان و پاڕانەوە دەخایەنێت، بەڵام، دڵی کچەکە لەکوڕەکەش دەشکێت: ئامادە بووی تەسلیمی پیاوێکی دیکەم بکەیت؟ لەکۆتاییدا لەپێناو ماچێک خۆشەویستیەکەیان دەکەوێتە ژێر پرسیارەوەو ھەر دوکیان بەدڵشکاوی دەگەڕێنەوە ھەرکەس بۆ ماڵ و قاوغی خۆی.

کورتە چیرۆکەکەی مامۆستا شێرزاد حەسەنم وەبیر دێنێتەوە: ماچی سوێر، لەچیرۆکەکە کوڕ داوای ماچ لەکچ دەکات، کچیش ماچ نادات، کوڕ دەپاڕێتەوەو شەرحی حاڵ دەکات تا کچ قایل بێت، لەم نێوەندەدا کچ بەگریان ماچەکە دەدات، ئیدی ماچەکە تامی فرمێسکی ھەبووە بۆیە سوێر دەرچووە! ئەم دوو برادەرەش نەک تەنیا ماچەکەیان لێبوو بەقوزەڵقورد بگرە  کەرامەتیشیان شکێنراو کابرای پاسەوان دەیویست ئەوکەمە دەسەڵاتەی ھەیەتی لەوەدا بەکار بێنێت و کچێکی نەگبەت  بکات بە نەیچیر و لەو پارکەدا خێروبێری بۆی ھەبێت!
 دیکتاتۆریەت لەم کۆمەڵگەیە بەشێوازێک رەگی داکوتاوە بچووکترین دەسەڵات ھەبێت بۆ مەرامی کەسی و سەپاندنی ئیرادەدا بەسەر یەکتر بەکار دەبرێت، ئاخر پاسەوانی پارک بەشە ماچ و باوەشی کچ و ژنەکانی گەرەکە؟ لەوانەیە کەسێک بێژێت: کچ و کورەکە ھەڵە بوون و نەدەبوو لەشوێنێکی گشتی کارێکی لەو شێوەیە بکەن. دیسان ئەو نوکتەیەم بیر ھاتەوە: کچ و کور لە کەلاوەیەکدا یەکتر ماچ دەکەن، پۆلیس دێتە سەریان و بەکوڕەکە دەڵێ: عەیب ناکەی لەخۆت، خوشک و دایک و شەرەف و نامووست نیە؟ کوڕە: بەرەوەڵا ھەمووم ھەیە، تەنیا شوێنم نیە!
ئەم زەمانە ھەولێر پڕِ پارک و شوێنی خۆش و دڵرفێن بووە، بەڵام لەرووی کۆمەڵایەتی ھەست  بەخۆشی و ئاسایش و ئارامی ناکەیت. بەکورتی شوێنێکت دەست ناکەوێت ئازاد بیت و چاوی چنۆکت لەسەر نەبێت.
بیرمە ساڵی ١٩٩٠ تەلەبەی زانکۆ بووم، کارێکم لە بازاڕ ھەبو، لەگۆشەیەکی بازاڕ چاخانەیەک ھەبوو، کەبەپێشدا تێپەریم، ھەستم کرد ھەر ھەموو چاوەکان لە سەر من! کە ھێشتا بیست ساڵ نەبووم، زۆر شەرمم کرد قاچەکانم تێک ئاڵان، لەبەردەمی چاخانەکە رێک کەوتمە ناوچڵکاوەکەوە، ئەو کچەی لەگەڵم بوو لەبری ئەوەی دەستم بگرێت دای لەتریقەی پێکەنین، بە پەلە ھەڵسام و بە تاکسیەک گەڕامەوە!


ئەوکات کەس لەخەتی ماچ نەیگرتبووم، لەباوەشی کەسیش نەبووم، بەڵام، چاوی پیاوەکان وا ترساندمی تاکەوتم! بۆیە ئەم کچ و کوڕەی پارکیش ھەر لەترسی چاوی برسی لەوانەیە سەریان لێشێواوبێت، لەم کۆمەڵگەیە ھەر ئەوەندەت چنگ دەکەوێت، یان ماچی سوێر، یان پارکی پڕ خێر و بێر!