2013-05-21

جی ئای جەین / دێمی مۆڕ

ئەڤین ئیبراھیم فەتاح

جی ئای جەین فیلمێکی ئەکشنە، زۆریش رەخنەی لێگیراوە، تەنانەت ئەستێرە قەشەنگەکەی ھۆڵیوود، دێمی مۆڕ، کە پاڵەوانی فیلمەکەیە رەخنەیەکی زۆری لێگیراوە وتەنانەت لەسەر نواندنەکەی خەڵاتی خراپترین ئەکتەری وەرگرتووە، کە وانەبوو نواندنێکی ئێجگار جوانی کردبوو.
جی ئای جەین فیلمێکی ئەمریکیە لەساڵی ١٩٩٧ لەستۆدیۆکانی ھۆڵیوود بەرھەم ھاتووە. لەدەرھێنانی ۆیدڵی سکۆت، نووسین و سیناریۆی دانیلڕ ئەلیخاندراو داڤید تۆی. ئەستێرەی دیاری ھۆڵیوود دێمی مۆڕ پاڵەوانێتی کردووە لەگەڵ ڤیگۆ مۆرتێنسن.

پوختەی چیرۆکی فیلمەکە ئەوەیە، دوو دەسڵاتدار بۆمانەوەیان لەسەر کورسی حوکم پێشنیاری گوڕان دەکەن لەسیستم و یاسای ھێزی دەریایی سوپای ئەمریکی بەوەی ئافرەت رابھێنن و بیھێننە ناو بوارەکەوە. بۆ ئەم مەبەستەش کچێک دەستەبژێر دکەن بۆ بەشداریکردن لە قورسترین راھێنانی چەکی دەریایی میلیتاری ئەمریکی کە ٦٠% پیاو لێی دەرباز دەبن. سیناتۆرە ژنەکە (لیلیان دیھاڤین  کە ئانی بانکرۆفت رۆڵەکە دەگێرَێت) بۆ مانەوەی خۆی لەو شوێنە بانگەشەی مافەکانی یەکسانی ئافرەت لەگەڵ پیاو لەچەکی دەریایی دەکات بۆیە سەرکەوتوو دەبێت بەوەی ژنێک بنێرێت ھەمان راھێنانەکانی پیاوان لەناو پیاوان بکات. خانم ژنێِک دەستنیشان دەکات توانای جەستەیی و عەقڵی و ئامادەبوونی جوانیی مێیایەتی ھەبێت، بۆیە خاتوو جۆردان ئۆنیڵ_ دێمی مۆڕ دەستنیشان دەکات ...ئۆنێلڕ سەرکەوتوو دەبێت لە دووشت: یەکەم: ماوەی راھێنانەکە تەواو دەکات لەگەڵ تەشقەڵەی پیاوەکان و سوکایەتی پێکردنی لەبەر ئەوەی ژنە. دووەم: ھەر لە مەشقەکە و بۆ سووکایەتی پێکردنی دەیکەن بەرێبەری فەوجێک کە بەقسەی ناکەن.. بەڵام، ئەو سەرکەوتوو دەردەچێت بەرادەیەک بەھەردوو دەستی بەستراوەوە کۆماندۆرەکە تێر شەق دەکات ونھێنی کاری تیمەکەی خۆی نادرکێنێت.
گرنگی فیلمەکە ئەوەیە ژنان بۆ خۆیان بزانن ھەموو شتێکیان وەک پیاو پێدەکرێت بە بێ ئەوەی مێیایەتی خۆیان لەدەست بدەن. ئەم فیلمە گەریلا ژنەکانی PKK دێنێتەوە یاد لەو پرسیارانەی مولازم جۆرادان ئۆنێلڕ (دێمی مۆڕ) پاڵەوانی فیلمەکە دیانخاتە روومان: ئایا ژن لە پیاو بەنرخترە بۆ ئەوەی لەپێناو خاک و نیشتیمناندا نەکوژرێت؟ پرسیارێکی سەختە بەتایبەت  کە ژنە سیناتۆرەکە وەلڕامی دەداتەوە: من چاوەڕوانی ئەوە بووم تۆ فەشەل بێنیت بۆیە تۆم نارد شێوازت لە ژنە بەتواناکانی  مێینە زۆر جوان و ژنانەنەیت،  ئیتر ئەوەبوو بۆیە ھەڵمبژاردیت، دامنەنابوو کە سەرکەوتوو دبیت. واتا خانمی سیناتۆر لە دڵی خۆیەوە داینابوو ئۆنێڵ نموونەی ئافرەتی سەرکەوتوو بێ لەوکارەدا سەرنەکەوێت بۆ ئەوەی خانم قاچ لەسەر قاچ دانێ وبڵێ: فەرموو ھەلیشمان بۆ ئافرەت رەخساند کەچی نەیتوانی شان بەشانی پیاو خولی مەشقەکە تەواو بکات!ئەم قسانە ئونێڵ بێ ورە ناکات و بوو بە یەکەم ژن لەھێزی میلیتاری دەریای ئەمریکی سەرکەوت لەسەر گەمەی سیاسی خاتوونێکی دیکە کە ویستی ئۆنێلڕ بۆ مانەوەی خۆی لەوشوێنە وەک کارتێک بەکار بێنێت.
بایەتەکە دەمانخاتە پرسیارێکەوە؟ پیاو دەجەنگن بۆ خاک وڵات.. ئایا ژن ئەوکارە ناکەن یان رێگەیان پێنەدراوە؟؟
ئونێلڕ وەڵام دەداتەوە کە بەدوو دەستی بەستراوەوە سەرکردەکەی تێر شەق دەکات، وادەکات تیمەکە کەمیک پێشتر لەدژی بوون یەک بەخۆ ھاوار بکەن ئونێلڕ.. ئونێلڕ...
ئونێلڕ بردیەوەو یەکەمین ژنی ئەمریکایی میلتار بووە کەوەکو پیاو داکۆکی لە باوەڕەکانیان دەکەن.  ئەو بۆ ئەو مەبەستە نەک تەنیا شەو نخووونی، قژی درێژی خۆی بری و سەری سفر کرد! دێمی مۆڕِ لەراستیدا بۆ نواندنی ئەم فیلمە قژە درێژە جوانەکەی خۆی بڕی بە رادەیەک ھاوڕێیی موسەقەفی خۆم کاتێک گوتم لەسەر ئەم فیلمە دەنووسم گوتی ھا ژنە کەچەڵەکە؟ (دووبارە لە ژیانی راستیدا دێمی مۆڕ پێمان دەڵێ ئەگەر چی ئافرەت بەقژەوە جوانە بەڵاَم زەحمەتنیە لەپێناوی سەرکەوتن لەکاردا ئەگەر قژ بۆ بەکۆسپ، ئەوا ئەیبرَم) تاواننەوەیەکی سەیر دەبینرێت لەنێوان ھەردوو کەسایەتی: مۆڕی ئەستێرەی ھۆڵیوودی و ئۆنێڵی ئافرەتێکی ئەمریکی کەچۆن سوورنلەسەر یەکسانی بوونیان بە پیاو.
بە ھاوڕێکەم گوت: ئازیز یەکەم ژنەکە کەچەلڕ نیە خۆی سەری سفر دەکات بۆئەوەی بتوانێت یەکسان بێت لەگەڵ پیاوان و قژە درێژەکەی لەمەشقدا رێگر نەبێت بۆی. دووەم: پیاو بە ئارەزووی خۆیان ئەسلەع و کەچەڵ دەبن بۆچی ژن نایکەن بە تاوان بۆیان و سادە خۆشیانیان گەرەکەو ژیانیان  لەگەڵ بەسەر دەبەن(لەگەڵ ئەوەیخودی ئەوبرادەرە سەریرووتابووەو کەبۆ پیاوبەعەیب ناچێت).
گرفتی بابەتکە ئەوەیە ئافرەت ھەیە ئامادەیە قژی ببرێت، خۆی بەکوشتن بدات و ئامادەیە ھەموو قوربانیەک بۆ خاک و ولات بدات، کەچی دواتر ھەر ھەر ژنەو مافەکانی کەمترن و ئەرکەکانی قورسترن!!
تەوەری سەرەکیی فیلمەکە جیاکاریە لەئەرک و مافەکان لەسەر بنەمای جێندەری، بەڵام، چەندین دیمەنی کاریگەری ھەیە وات لێدەکات رامێنی بیر بکەیتەوە. لەوانە، جارێکیان دەچن بۆ مەشقی ناو دەریا، لەشوێنێک دوور لەکەنارەوە لەسەریانە مەلەوانی بکەن کارێک ئەنجام بدەن و خێرا بگەڕێنەوە ناو پاپۆڕِەکە. ئۆنێڵ کەمێک دوا دەکەوێت، ئیدی کۆماندۆرەکە بەگرووپەکەی دەڵێت: لەجەنگدا نابێت تیم سەرباز بەجێ بھێڵێت، کاتێک تیم دەچن بەدوایدا کۆماندۆر لەناوەڕاستی دەریا بەجێیان دەھێڵێت ناچار دەبن تاکەنار بەمەلەوانی بگەڕێنەوە. لەوکاتەدا کەتیمەکە چوار کەس دەبن، دوو پیاوی سپی پێست، پیاوێکی رەشپێست و ئۆنێڵ. پیاوە سپی پێستەکان سەرکۆنەی ئۆنێڵ دەکەن گوایە ئەو بوەتە ھۆکاری ئەم سزایەو شوێنی ئەو ماڵێکی گەرموگوڕە نەک ئەم مەشقە سەختە. رەشپێستەکە چیرۆکی باپیرەی خۆیان بۆ دەگێڕێتەوە کەئارەزووی بووە ببێت بەسەرباز، بەڵام، لەسەربازیدا تەنیا کاری چێشت لێنانیان پێی سپاردووە، ھەرچەندە تەقەللای کردووە رێگەیان نەداوەتێ کاری مەشق و راھێنانی سەربازی و بەشداری جەنگ بکات لەبەر ئەوەی رەشپێستە. سەربازە سپیەکان دەڵێن: جا تۆ باسی چلەکان دەکەیت ئێستا کەی لەئەمریکا جیاکاری رەگەزی ماوە ئەوە نیە تۆ وەک ئێمە یەکسانیت؟ لەوەڵامدا دەڵێ: لە ئۆنێڵ بپرسن ئایا راستە جیاکاری نەماوە؟؟
بەراوردرێکی زۆر جوانە لەنێوان جیاکاری نەژادی و جیاکاری جێندەری. جیاکاری ھەرجیاکاریە و دەکرێ لە پێشکەوتووترین وڵاتدا بەدەموچاوی جیاواز خۆی بنوێنێت.
لەدیمەنێکی دیکەدا کاتێک لەسەرەتای فیلمەکەوە تاکۆتایی کۆماندۆرەکە دژایەەتی سەختی ئۆنێڵ دەکات بۆ ئەوەی خولی مەشقەکەی پێ تەواو نەکرێت، بەسەربازەکان دەڵێت: لەبەر ئێوەمە ئافرەت لەمیلیتاری بێت ھەڕەشەیە بۆ پیاو. بەڵام کە ئۆنێڵ کۆڵنادات و سەردەکەوێت ھەمان کۆماندۆر دەڵێ: گرفتەکە لەودا نیە لەئێمەیە کە ناتوانین قبوڵی بکەین.
لەساڵی ٢٠٠٢ لەرۆژنامەی برایەتی پەیامنێر بووم. یەکێتی ئافرەتانی کوردستان چەند خولێَکی مەشقی سەربازیان بۆ ئەندامەکانیان کردبوو. وەکو چالاکیەک وێنەکانیان ناردبوو بۆ بڵاو کردنەوە. ئەوکات کاک عەبدوسەلام بەرواری سەرنووسەر بوو. لەبیرمە گوتی ئاخر ئافرەت و مەشقی سەربازیان گوتووە؟ ھەموو جارێک ئەم قسەیەم بیر دێتەوە کاتێک وێنەی کچە گەریللایەکی کورد دەبینم و بەڕاستی سیمای ناسکیی مێینەیان پێوە نەماوە. بابەتەکە دەمباتە ئاقارێکەوە بڕیار بدەم: ئایا لەگەڵ ئەوەم ئافرەت ئەم کارە سەختە بکات یان نا؟  لەبینینی ئەم فیلمەش ھەمان قسەی بەرواریم بیر دەھاتەوە: وەکو ژنێک ئایا دەتوانم ئەم کارە بکەم یان نا؟ ئەیا گەرەکمە بیکەم یان نا؟؟

لە کۆتاییدا گەیشتم بەئەنجامێک: لەکاتی پێویستیدا ھەندێک سنوور ھەیە ناچاریت بیبەزێنیت. کچە گەریلاکان بەخۆشی خۆیان روویان لەشاخ نەکردووە. ئافرەتانی کوردی لای خۆشمان بەدرێژایی مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەرلی کوردستان بەشداریان کردووە. واتا، فەلسەفەی یەکسانی لەوەدا نیەتۆ یان من لەگەڵ ئەوەبین یان دژی بین ئافرەت ئەوکارە بکات بەڵکو لەوەدایە، کەئارەزوویەتی وتوانای ھەیە وازی لێبێنە بابیکات بەیەکسانی و وڵات لەبەھرەکانی بێبەش مەکە.