2013-05-16

خوێنەرەکه.. The Reader


 چڵکی شەرەف  و جەستە

ئەڤین  ئیبراھیم فەتاح:

یەکێکە لەو فیلمانەی  ھەرگیز بە جارێک بینین ناتوانی تەواو تێبگەیت چ باسە؟ لەکاتێکدا ئەگەر پتر لەدوو سێ جار بینیت، تێدەگەیت دەرھێنەری فیلمەکە پاڵەوانەکەی (کەیت وینسلێت_  کچەکەی تایتانک) بۆ وروژاندن رووت ناکاتەوە بەڵکو پەیامێکی زۆر بەرزی ھەیە ئەوەیە کەرامەتی مرۆڤ لەھەموو شتێک گرنگترە، ومەرج نیە کەرامەت لەجەستەدا کورت کرابێتەوە.
فیلمەکە لەساڵی ٢٠٠٨ دا لەھۆڵیوود بەرھەم ھاتووە. سێ پاڵەوانی سەرەکی ھەیە، کەیت وینسلێت (ھانا شمیتز)، راڵف فینیس (مایکڵ بیرگ -بەگەورەیی)و داڤید کرووس (مایکڵ بێرگ- بەمنداڵی). سیناریۆکەی لەنووسینی داڤید ھەیر کەلەکتێبی بێرنارد سکێلینک بەھەمان ناونیشانی فیلمەکە وەرگرتووە. ھەروەھا لەدەرھێنانی ستیفن داڵدری. کەیت وینسلێت لەسەر نواندنی رۆڵی ھانا شمیتز ئۆسکاری وەرگرتووە ھەروەھا فیلمەکە چەندین خەڵاتی دیکە کراوە.

رووداوەکان باسی ئەڵمانیای دوای جەنگی جیھانی دووەم دەکات و ھەر لەبەرلینیش وێنەیان گرتووە. لەساڵی ١٩٩٥ ەوە دەست پێ دەکات و بەفلاش باک بۆ ١٩٥٨ دەگەڕێتەوە. لەیەکەمین دیمەندا مایکڵ شەو لەگەڵ ژنێک بووەوبۆ بەیانی بەرێی دەکات، ئافرەتەکەلێی دەپرسێت، ھیچ ژنێک توانیوەیەتی ئەوەی لە مێشکتدایە تێبگات؟..پاشان دیمەن دەگۆرێت بۆ سالی ١٩٥٨ کاتێک مایکڵ بیر دەکاتەوە.
کوڕێکی ١٥ ساڵان (مایکڵ) لەکەشێکی باراناویدا ھەموولەشی تەڕ بووە، لەتاو نەخۆشی لەناو پاس دادەبەزێت و لەشوێنکدا دادەنشێت دەڕشێتەوە، ئافرەتێکی٣٦ ساڵی بەوێدا تێدەپەڕێت و ھاوکاری دەکات، بەمشێوە یەمایکڵ ھانا دەناسێت. دوکتۆر کەمایکڵ دەبینێت: تووشی سوریژەبووە، دەبێ بۆ ماوەی سێ مانگ جودا بکرێتەوە. دوای چاکبوونەوە بەچەپکێک گوڵەوە دەگەڕێتەوەبۆ لای خانمەکە بۆ سوپاسکردنی. ئیدی رووداوەکان خێرا دەڕۆن و ھانا خۆی بۆ رووت دەکاتەوەو چیرۆکی خۆشەویستی لەنێوان منداڵێکی پانزە ساڵی و ژنێکی ٣٦ سالڕی دەست پێدەکات. ھەموو رۆژێک پاش قوتابخانە مایکڵ دێت و خۆشەویستی لەگەڵ ھانا دەکات ئەویش داوای لێدەکات شتێکی بۆبخوێنێتەوە. ماوەی چەند مانگێک پێکەوەدەبن و کۆمەڵێک کتێبی تایبەتی بۆ دەخوێنێتەوە، لەکتێبی گەشت وچیرۆکی میللی و ئەدەب.
لێرەوە ریتمی رووداوەکان خێراتر دەبن وھانا لەوشوێنە نامێنێت و شوێنی کاری دەگۆرێت، پەیوەندیەکە دەپچرێت.
ئەمجارەیان رووداوەکان بەڕادەیەک دەگۆڕێن بینەر تووشی سەرسورمان دەبێت! مایکڵ بوەتە ٢٣ ساڵ و قوتابی کۆلیژی یاسایە، پرۆفیسۆرەکەی لەگەڵ گرووپێک قوتابی دەیانبات ئامادەی دادگاییکردنێک بن، مایکڵ شۆک دەبێت: تاوانبار ھانا شمیتزی کۆنە یارە! تاوانەکەش بریتیە لەسوتاندن و کوشتنی ٣٠٠ ئافرەتی زیندانی. واتا، رووداوەکان ١٨٠ پلە دەگۆڕێن، لەچیرۆکێکی خۆشەوستیەوە گۆڕا بۆ ھۆڵۆکۆست! بەکورتی، ھانا لەگەڵ ٥ ئافرەتی دیکەدا بەرپرسیاری زیندانیەکی نازیەکان دەبن، لەکاتی جەنگدا زیندانیەکان لەکڵێسایەکەدا کۆ دەکرێنەوە بۆ ماوەی شەوێک تاکو بگوێزرێنەوە بۆ شوێنێکی دیکە، ھەر ئەوشەوە تۆپ و تەیارەی جەنگ شوێنەکە بۆردومان دەکات و ئاگر بەردەبێت. ھاناو ئەوانەی بەرپرسیاری زیندانیەکەن خێرا بڕیار دەدەن و دەرگاکان لەدەرەوە دادەخەن، ئیدی زیندانیەکان ھەموویان دەسووتێن، تەنیا ژنێک و کچێکی چکۆڵە دەربازدەبن. بیست ساڵ پاشتر کچە بچکۆلەکە ئەم بابەتە بە کتێبێک بڵاو دەکاتەوەو پەنجەی تاوان بۆ ھاناو ھاوەڵەکانی بەرز دەکرێتەوە.
دادگاییکردنەکە لەخۆیدا بەشێکی گرنگی فیلمەکەیە. لەدادگادا پێنج ئافرەتەکەی دیکە ھەموو تاوانەکە دەخەنە ئەستۆی ھاناوە گوایە ئەوبەرپرسیار بووەو بڕیاری داوە، ئەویش ھەرچەندە ھاوار دەکات، سوودی نیە! دوای رووداوەکە راپۆرتێک دەنووسن و ھەموویان ئیمزای دەکەن شەرحی حاڵەکەی تیادایە، ئەوراپۆرتە دانپێدانە بەتاوانەکە. کاتێک ھانا دەڵێ، من نەمنووسیوە، دادگا داوای نموونەی دەستخەتی لێدەکات، کەمێک رادەوەستێت و بڕیار دەدات، پێویست ناکات بنووسم، ئەمەدەستخەتی منە! بەشێک لەگرێ کوێرەی فیلمەکە لێرەدا دەکرێتەوە، مایکڵ دیمەنەکانی خۆی وھانای لەشوێنی جیاوازبیر دێتەوە، ئەو  کچەی لەگەڵ دەخەوت لەپێناو ئەوەی شتی بۆ بخوێنێتەوە: ھانا نەخوێندەوارە! بەڵام، کەرامەتی رێگەنادات دان بەنەخوێندەواری خۆی بنێت بۆیە دادوەر حوکمی زیندانیی تاھەتایەی لەسەردا دەسەپێنێت! مایکڵ دەکەوێتە حاڵەتی ترۆما، لەلایەکەوە یاساناسەو دەتوانێ ھانا رزگار بکات، لەلایەکی دیکەوە ناتوانێت ئەم کارەبکات چونکە ھانا ھەست بەشەرمەزاری و تاوانیش دەکات بۆیە باقی ژیانی لەزیندانی بەسەر دەبات و کەسایەتی مایکڵیش تاھەتایە دەگۆڕِێت، کەسێکی دوورە پەرێزی ساردی لێدەردەچێت...
ھەرجارێک نیازی نووسینم ھەبێت لەسەرفیلمێک دەگەڕێم بەدوای نووسینی خەڵکی دیکەلەسەری بەو سێ زمانەی  ئاشنام. سەرەتا، بەکوردی ھیچم نەدۆزیەوە، بەئینگلیزی پترلە سەر ھۆڵۆکۆست و بارودۆخی ئەڵمانیای دوای جەنگ وەستاون و کاریگەری جەنگ لەسەرکەسایەتی وگرفتەدەروونی و کۆمەڵایەتیەکانی ئاڵمانەکان. بەڵام، ئەوەی بەعەرەبی نووسراوە، ئەگەرمرۆڤ خۆی فیلمەکە نەبینێت ئەوا بەرەوئاقارێکی دیکە ئاراستەی دەکات کەپەیوەندی بەبابەتەکەوەنیە! بۆ نموونە، ئەوان جەخت لەسەر دوو شت دەکەن: ھۆڵۆکۆست و نەبوونی بەڵگە لەسەر ئەو مێژووە، ھەروەھا رەخنەی توند لەدیمەنە رووتەکان دەگرن وەکو ئەوەی بیانەوێ سینەمای جیھانیش کۆنترۆڵ بکەن!
لەھەمان لاپەڕەی فیلمەکە لەوسایتە ئەلیکترۆنیەی زانیاریەکانم وەرگرتووە، پرێس کۆنفرانسێک بڵاو بوەتەوەبۆ ھەرسێ پاڵەوان و دوو نووسەرو دەرھێنەری فیلمەکە. لەھەموو وڵاتەکانی جیھانەوە رۆژنامەنووس و رەخنەگری ھونەری ھاتوون پرسیاریان ئاراستە دەکەن تەنیا ئێمەو عەرەب نەبین!
پرسیار ئاراستەی وینسلێت دەکرێت: قورسترین شت لەئەدای رۆڵی کەسایەتی ھانا شمیتز بۆتۆ چی بوو؟ دەڵێ: (ئەو کەسایەتیەکی زۆرئاڵۆزی ھەبووە، تێکەڵەیەکی سەیری لەھەستکردن بەشەرمەزاری لەلایەک و تاوان لەلایەکی دیکە، ھەروەھا چالنجێکم لەپێش بوو دەبوو لایەنەمرۆییەکەشی دەربخەم، چونکە، راستە ئەوتاوانباری جەنگە،بەڵام لەکۆتاییدا مرۆڤەو تارادەیەکیش قوربانی جەنگە)  وێنسلێت راست دەکات سەرەتا تاکۆتایی فیلمەکە نازانیت ھانا شمیتزت خۆش بوێ یان رقت لێ بێتەوە؟.
راڵف فینیس (مایکڵ بێرگ بەگەورەیی):بۆچی مایکڵ تا کۆتایی فیلمەکەیەک تاقە نامەشی بۆ ھانا نەنووسی، لەکاتێکدا ھانا لەزیندانداو بەھۆی کاسێتەکانی ئەوەوەفێری خوێندەواری بوو ونامەی کورتیشی بۆی دەنارد؟ گوتی: دەبێ لەفیلمەکە  تێبگەیت ئەوکوڕە ترۆما بووە واتا تووشی سەدمە بووەو بەکورتیەکەی نەدەتوانێت جارێکی دیکەلەگەلڕ ھانا بێت نەھەر کەسێکی دیکە! ئەو تەواو دوورەپەرێز بووە، ئەمکەسایەتیە نووسەر گەرەکیەتی نیشانمان بدات لە ئەلڕمانیاو لەدوای جەنگ! بریندارو نادیارو دووورەپەرێز.
لەم فیلمەدا کەسایەتی ھانا شمیتز لە لایەک ژنێکی کاملڕ منداڵێک دەھێنێتەوە ناو جێگای خۆی خۆشەویستی لەتەک دەکات تەنیا بۆ ئەوەی شتی بۆ بخوێنێتەوە، لەلایەکی دیکە دان بەتاوانێکدا دەنێت کە تاوانی ئەونیە بەتەنیا، بەڵام، تاھەایی زیندانی دەبێت، دیسان لەبەر ئەوەی نەیگەرەکە ددان بەنەخوێندەوریبوونی خۆی بدات. واتا لای ھانا شمیتز نەخوێندەواری شەرمەندەییە نەک رووتی جەستەی رووتی لەبەر دەستی منداڵێک. تا کۆتایی فیلمەکە کەھانا پیر دەبێت و مایکڵ گەورە دەبێت، ھانا ھەر پێی دەڵێ: منداڵەکە.

لەئاینەکاندا بەکارھێنانی جەستە بەمشێوەیە رێگە پێنەدراوە، لە ئیسلام حەرامە، لەمەسیحی و جوو گوناھێکی گەورەیە. لەھەموو حاڵەتێک مرۆ دەبێ خۆی لەگوناھەکاندا بشۆرێت. لەم فیلمەدا دیمەنی ئاوو خۆشۆردن زۆر دەبینین. بەڵام، گەر فیکرەی تاوان و پیسی گەیشتە ناو بازنەی  فکری مرۆڤەوە ئیدی ھیچ جۆرە خۆشۆردنێک لای نابێتە مایەی پاککردنەوە..ئەمە دیمەنی کۆتایی کۆمەلگەو مرۆی دوای جەنگە...