2013-05-12

لینکۆڵن ... خەبات14


ئەڤین ئیبراھیم فەتاح

لەساڵی ٢٠١٢ دەرھێنەری ئەمەریکی بەناوبانگ ستیڤن سپیلبیرگ بە داھێنانێکی تازەوە ھاتەوە بەر دیدی بینەران. فیلمی لینکۆڵین کە ئەمساڵ دوو ئۆسکاری وەدەست ھێنا بەرھەم و دەرھێنانی سپیلبیرگ بوو. ئۆسکاری یەکەم بۆ پاڵەوانی فیلمەکە دانیاڵ دیلویس بوو کە رۆڵی سەرۆکی شانزەیەمی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئەبراھام لینکۆڵن دەبینی، بە باشترین ئەکتەری سەرەکی دانرا. ئۆسکاری دووەمیش بۆ باشترین دیزان بوو. فیلمەکە لە ساڵی ٢٠١٣ بۆ دوانزە خەڵات دەستنیشان کراوە.


ئەم فیلمە یەکێکە لە شاکارەکانی سیپلبیرگ کە شایەنی بینینی زیاتر لە جارێکە. ماوەیەک پێش ئێستا لە سینەمای رۆیاڵ مۆڵ نمایش کرا و خۆشبەختانە لەوێش بینیم.
ستیڤن سیپلبیرگ ناسراوە بەوەی دەرھێنەرێکی جیھانییە زۆر جار فیلمی خەیاڵی زانستی دەرھێناوە وەکو تیرمینەیتەری ئارنۆڵد، ئیتی، ئیندیانا جۆنز، (الفک المفترس)، بەڵام لەفیلمی لیستی شاندلەر یەکەمین ئۆسکاری وەرگرتووە. دەبوو لەسەر ئەم فیلمەش ئۆسکاری باشترین دەرھێنەر وەرگرێت وەکو رەخنەگران پێشبینیان دەکرد، کەچی نەبوو.
فیلمەکە مێژووییە و باسی دوایەمین چوار مانگی تەمەنی شانزەیەمین سەرۆکی ئەمەریکایی ئابراھام لینکۆڵن دەکات. کاتێ ساڵی ١٨٦٥ لە ئەمەریکا جەنگی مەدەنی لە لوتکەدا بوو، لینکۆڵن ھەوڵی راگرتنی دەدات. لەمەش گرنگتر فیلمەکە ئەوە نیشان دەدات چۆن ئەم سەرۆکە ھەوڵی گۆڕینی یاسا و نەھێشتنی سیستەمی کۆیلەداری دەدات. کە بە قەدەغەکردنی سیستەمی کۆیلەداری ناسراوەو بە ھەموارکردنی یاسای ژمارە سیانزە لە مێژووی ئەنجوومەنی سیناتۆرەکانی (مجلس النواب)ی ئەمەریکا کە تایبەتە بە قەدەغەکردنی کۆیلایەتی. یاساکە تێپەڕی و بۆ یەکەمجار لە ھەموو دونیا نەھێشتنی کۆیلایەتی لەسەر دەستی لینکۆڵن بوو، کەچی خۆی بوو بە قوربانی و کوژرا !

ئاماژە سیاسییەکانی فیلمەکە:
لینکۆڵن بەرچاوترین سەرۆکی ئەمەریکا بووە، چونکە لە سەردەمی سەرۆکایەتی ئەو (١٨٦١ بۆ ١٨٦٥) لەو وڵاتە جەنگی مەدەنی روویداوە. یانزە ویلایەت سەربەخۆیی خۆیان و دەوڵەتێکی جودایان راگەیاندووە، کەچی ئەم سەرۆکە ھەموویانی گێڕایەوەو توانیویەتی کۆیلەداریش بەپێی یاسا قەدەغە بکات.
ئەوکات ئەمەریکا دوو بەش بوو باکوور و باشوور. باکوورییەکان کۆیلەداریان نەھێشبوو و پشتیان بە پیشەسازی بەستبوو. ھەرچی باشوورییەکانە ئەوا ئابووریان لەسەر کشتوکاڵی لۆکە بوو، بۆیە پێویستیان بە کۆیلە ھەبووەو بۆخۆیان یاسایان سازداوە نەوەی کۆیلەکانیش ھەرکۆیلەیان بن. کۆیلەکانیان رەشپێستی ئەفەریقا بوونەو تەنانەت بۆیان نەبووە لەجەنگی بەرگریکردن لەخاک و نیشتیماندا، بەشدار بن.
ھەڵمەتی راگەیاندنی لینکۆڵن گرەوی کەمکردنەوەی کۆیلایەتی بووە و ھەر بەوەش بە سەرۆک ھەڵبژێردراوە. بەڵام، دواتر ململانێی سیاسی و بەرژەوەندی ئابووری بارەکەیان ئاڵۆز کردووە، کەچی سەیر لەوە دابووە ئەو سەرۆکە مەزنە لەسەر ھەڵوێستی خۆی سوور دەبێت بۆ ھەردوو بابەت. قەدەغەکردنی کۆیلایەتی و گێڕانەوەی باشوور بۆ کۆنتڕۆڵی دەوڵەتی سەنتەر.
ھەرچەندە ئەم زانیارییە پەیوەندی بە فیلمەکەوە نییە، بەڵام گرنگە بۆ ئەوەی بینەر باشتر لێی تێبگات. ئەوکات دوو حیزبی سەرەکی ململانێیان لەسەر سەرۆکایەتی ئەمەریکا دەکرد، کۆماری(جمھوری) و دیموکرات (موحافیزکاران). لینکۆڵن کاندیدی حیزبی کۆماری بوو، نوێنەری نوێخوازەکان بووە و بەرنامەی نەھێشتنی کۆیلەداری بووە. حیزبی دیموکرات نوێنەری دەوڵەمەند و ئۆرستۆکرات و ئەوانەی پشتیوانی مانەوەی کۆیلایەتیان دەکرد بووە. لە دووەمجاری کاندیدکردنی ھەرچەندە ٤٠%ی دەنگی ھێناوە، بەڵام دەرچووە لەبەر ئەوەی دەنگەکانی لایەنەکەی دیکە پەرتو بڵاو بوونە. ئەمەش یەکەمجار بوو لە مێژووی ئەمەریکا حیزبی کۆماری سەرۆکایەتیەکە بباتەوە، گرنگی بابەتەکەش لەوەدایە، فیلمەکە ئەوە نیشان دەدات، لینکۆڵن باوەڕی قووڵ و توندی بە دوو شت ھەبوو و ئەنجامدانیان سەرکەوتوو بووە.
ئاماژە ئاینییەکانی فیلمەکە:
بینەر لە فیلمەکەدا بە روونی دەبینێت دیموکراتەکان (موحافیزکاران) کاتێک دژایەتی نەھێشتنی کۆیلایەتیان دەکرد بیانووەکەیان بە ئاین و خوداوە گرێدابوو. لە دیمەنی شەڕەکانی ناو ئەنجوومەنی نوێنەران یەکێکیان ھەڵدەستێتەوە سەرپێ و ھاوار دەکات: ئەمەی ئێوە دەیکەن دژایەتی ئیرادەی خودایە، خودا رەشەکانی بە سروشت کردووە بە کوێلە و ئێوە گەرەکتانە یاسای خودا بگۆڕن؟ ئەم دیمەنە تێروانینی سۆسیۆلۆژیای بۆ سروشت و کولتوور وەبیر ھێنامەوە. سروشت نەگۆڕە و کولتوور بگۆڕ. لەکۆندا بابەتەکانی پەیوەست بەمافەکان گرێبەستی سروشت کرابوون و سروشتی کردەی دەستی خودایەو وەکو تابۆ (تاپۆ) دەستلێدانیان قەدەغەیە، چونکە مرۆڤ بۆی نییە دەستکاری کاری خودا بکات. فیلمەکە ئەم بابەتە زەق دەکاتەوە کەوا کۆیلایەتی بابەتێکی ئابووری و سیاسییەو پەیوەندی بە سروشت و ئەمری خوداوە نییە.
واتا، ھەموو داھێنانەکانی مرۆڤایەتی بە شکاندنی تابۆیەک دەستی پێکردووە و دەبینین ئەوانەی لە ئەمەریکا دوێنێ بە سروشت خۆیان و نەوەکانیان بەئەمری خودا کۆیلە بوون، ئەمڕۆ یەکێکیان سەرۆکی زلھێزترین دەوڵەتی جیھانە و خودای خۆشی دەپەرستێت!

ئاماژە کۆمەڵایەتییەکانی فیلمەکە
جەنگەکە بووە ھۆی کوژرانی پتر لە شەش سەد ھەزار کەس، بەڵام ئەمە تاقە کارەسات نەبوو.
 فیلمەکە لە سەر خاڵی نایەکسانی بوونی رەشپێست و سپی پێستەکان دەوەستێت، لینکۆڵن بەوە تۆمەتبار دەکرێت گوایە یەکسانیخوازە بۆ رەشپێستەکان تەنانەت لە ناو حیزبەکەی خۆیشی لەسەر ئەم بابەتە دژایەتی دەکرێت. بۆیە ھێوریان دەکاتەوە و دەڵێ: نەخێر باوەڕم بە یەکسانیبوونیان نییەو ئەو کۆیلانەی ئازاد دەکرێن جودایان دەکەینەوەو بەرەو دوورگەی کاریبی دەیانێرین! واتا، خودی خۆی باوەڕی بە یەکسانی رەشپێستەکان نەبووە و بابەتی ئازادکرنیان بۆ ئەوە بووە کوێلەکان لە ژێر دەستی خاوەنەکانیان دەرچن و کە کرێکاریان نەمێنێت ئیدی ئابووری باشوور وێرانتر دەبێت و دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی باکوورەوە و ھەر واش بوو.
خاڵێکی دیکەی کۆمەڵایەتی- سیاسی گرینگ ھەیە، ئەویش ئەوەیە لە گەرمەی جەنگدا کاتێک سەرۆک سەربازی بۆ ھەموو پیاوەکان کردبوو بە زۆر، کوڕەکەی خۆشی ناردبوو بۆ خۆێندنی یاسا. کوڕەکەش لە دیمەنێکی زۆر کاریگەردا دەگەڕێتەوە و داوا دەکات وەکو ھەر ھاووڵاتیەک بەشداری بکات، بەڵام دایک و باوکی رێگەی نادەن! وەکو ئەوەی کوڕی خەڵکی بۆ کوشتن بنێرن و کوڕی خۆیان بۆ خوێندن. ئەم کارە لەزۆر شوێنی دیکە کراوە.
لەفیلمەکەدا سالی فیڵد رۆڵی گێڕاوە، باشووری بووەو زۆر جار لەسەر بابەتەکە لەگەڵی ناکۆک بووە. سالی فیڵد زۆر جوان رۆڵەکەی دەگێڕێت وەک ئافرەتێکی دەموچاو مۆنی رەزا قورس دێتە بەرچاوی کە ھەمیشە گرفتی ھەیەو پشتیوانی ئەو پیاوە ناکات کە بە گرنگترین سەرۆکی ئەمەریکایی وەسف دەکرێت.

کۆتایی
کاتێکی فیلمی لینکۆڵن دەبینیت دەنگ و دیکۆر و رووناکی و ئیکسسوار و جلوبەرگ دەمانباتەوە بۆ ئەمەریکای ١٨٠٠ەکان، بەڵام رووداوەکانی تا رادەیەکی زۆر بارودۆخی ئیمڕۆی خۆمان دێنێتەوە یاد. بۆ نموونە ململانێی کورد لەسەر دەستوور لە پەرلەمانی عێراق. یانیش باسی پۆستی سەرۆکایەتی و بوونی چەندین کاندید کە بەرنامەی جیاوازیان بۆ خۆکاندید کردن ھەیە. دوو جیاوازی سەرەکی ھەیە، یەکەم ئەوان مێژوو بوون و ئیمڕۆ زلھێزترین دەوڵەتی جیھانن، کەچی ئێمە لەمڕۆدا ئەوگرفتانەمان ھەیە بە بێ ئەوەی دەوڵەت بین. بارودۆخە سیاسییەکەی ئەوان بە پێچەوانەی ئێمەیە، ئەوان یەکگرتوو بوون و گرووپی جوداخواز دەجەنگین بۆ سەربەخۆیی، ئێمە وەکو کورد پارچە کراوین وەکو عێراقیش لکێنراوین. فیلمێکی تا بڵێی سەرنجراکێشە دەبوو ئۆسکاری باشترین فیلمیش وەرگرێت، ھەروەھا شایەنی پتر لەجارێک بینینە بەتایبەتی بۆ سیاسەتوانان.