2013-05-15

گۆمەلگەی بەشەرو کۆمەڵگەی سەگ



ئەڤین ئیبراھیم فەتاح

لەساڵی ٢٠٠٣ لەدەرھێنانی (لارس ڤۆن تریەر) و پاڵەوانێتی (نیکۆڵ کیدمان) و (پۆڵ بێتانی) ئەم فیلمەلە ستۆدیۆکانی دانش بۆ دراما لەھۆڵیوود بەرھەم ھێنراوە. خاتو نیکۆڵ کیدمان خەڵاتی باشترین ئەکتەری لەم فیلمە وەرگرتووە. لە راستیدا فیلمەکە ببینیت دەزانی خانم شایەنی خەڵاتەکەیە.

بەبۆچوونی من ناونیشای فیلمەکە (دۆگڤیل_Dogville) کورتکراوی گوندی سەگەکانە (Dog village). بەئینگلیزی دۆگڤیڵ (بەباڵای زانیاری من) دۆگ واتا سەگ ، ڤیل، کورتکراوی ڤیلیجە واتا گوند. لەکۆتایی فیلمەکەش ھەر وای لێدێت. بۆیەناونیشانی فیلمەکە ھەمان ناونیشانی ئەوگوندەیە کە کارەساتەکەی بەسەر دێت. جا نازانم رەفتاری گوندی گوند و گوندنشینەکە کارەسات بوو یان ئەوەی بەسەریاندا ھات یانیش ھەردوکیان بەکارەسات کۆتاییان ھات؟
سەرەتا کە ئەم فیلمە دەبینیت زۆر ساردو سڕ دیارە چونکە دەرھێنانەکەی شێوازێکی سەیرە بەدەگمەن لەسینەما کراوە. وەکو شانۆیەک وایە تەنسا شاخێکی دروستکراو دیارە لەگەڵ نەخشەیەک لەسەر ئەرزەکە بەتەباشیر کراوە ئیدی گۆڕەپانەکە ھەمووی لەبینەرەوە دیارە لەھەر ژوورێک یان ھەرمالێک چیی روو بدات دەبینیت بەڵام، دەبێ لەسنوورەکان وریا بیت و بیانناسیتەوە. ئەم جۆرە دەرھێنانەبۆ چیرۆکی سیمبولی دەکرێت، چیرۆکی فیلمەکەش لەکتێبێکەوە وەرگیراوە بریتیەلەپێشەکی و نۆ بەش. فیلمەکە رەخنەی زۆری لێگیراوە لەبەر ئەوەی ئەمریکای ساڵانی ١٩٣٠ سیمبولی چیرۆکەکەیەو باسی نامرۆیی کۆمەڵگەی ئەوکات دەکات.

چیرۆکەکە
تۆم کورێکە خۆی بەفەیلەسووفی گوند دەزانێت و ھەفتەی جارێک خەڵکی گوند لە شوێنی پەرستگا (ماڵی خودا) کۆ دەکاتەوە و باسی ئەخلاقیان بۆ دەکات. لەکاتی درەنگی شەوێک خانمێکی پۆشتەی زۆر جوان دەبینێت دوای ئەوەی گوێی بە دەنگی فیشەک دەبێت. خانمەکە دەشارێتەوەو فیشەکوانەکان بەڕێ دەکات و کارتێک وەردەگرێت ئەگەرخانمی بینی پەیوەندی بکات. پاشان کچەکە رازی دەکات بەوەی ئەگەرھاوکاریی گوندنشینەکان بکات لەوانەیە شوێنی بکەنەوە، ئەویش قایل دەبێت. گوندنشینەکان ١٥ کەسن، خانم کەناوی گرەیسە، رۆژانە کاتژمێرێک خزمەتی ھەموو مالێک دەکات! پاشان داوای کاری زیاتری لێدەکەن!ئینجا ھەوڵ دەدات ھەڵبێت و بروات تۆمەتی دزیکردن دەخنە پاڵی و ئاسنێکی گەورەی لەمل دەبەستن بەو ئاسنە دەسوورێتەوەو خزمەتیان دەکات.. ئەمجارە پاوانی گوندیەک بەیەک سەردانی شەوانەیان دەبێت بۆی و لەبەر ئەوەی بەئاسن و زنجیر بەستراوەتەوە ناتوانێت بەرەنگاریان ببێتەوە ھەموویان بەنۆرە تەعەدای لێدەکەن ...بۆ ئەوەی فیلمەکە لەکەس نەسووتێنم چیتر رووداو باس ناکەم بەڵکو باسی ھەندێ وردەکاری کۆمەڵایەتی دەکەم.
١-    کچەکە لەبارێکی کۆمەلایەتی –سیاسی ھەڵاتبوو کە بەئارەزووی خۆ خۆی خەڵکی دکوشت (زۆر لەمافیا دەچێت بەڵام فیلمەکەئاشکرای ناکات)_ لای من باوکی مافیا بێت یان نا، ئیدی کچی دەوڵەمەندێکی دەسەڵاتدارە رازی نیەبەکارەکانی باوکی و بەدوای مرڤایەتی دەگەرێت. لەتۆڵەی ئەم کارەدا باوکی ئامادەیە فیشەکی لێدات! واتا گرەیس (نیکۆڵ کیدمان) کەسایتیەکی مرۆڤدۆستە و رەفتارەکانی بەخزمەتکردنی گوندنشینەکان شایەتی ئەمەن. کارەکانیشی باری کۆمەڵایەتی گوندەکە لەچەندین لاوە دەگۆڕێت بۆ باشی. سەرەتا، تۆم (پۆڵ بێتانی) رازی دەکات بەوەی بەرامبەر بە قبوڵکردنی گوندنشینەکان بۆ مانەوەی کاری فیزیکیان بۆ بکات، ئەویش بەدڵفراوانیەوە دەیکات و کە دەڵێن کارمان پێت نیە، دەڵێ: ئەو کارانەتان بۆ دەکەم کەبرتان لێی نەکردوەتەوە ئیدی وردەوردە ورۆژانە کار لەھەموو ماڵەکان دەکات تا ئەو رۆژەی پۆلیس دێتەگوندو وێنەی گرەیس بڵاودەکاتەوەو بۆ دەستگیرکردنی! تا ئێرە گرەیس ھێشتا زۆر مرۆڤدۆستانەلەخزمەتدایە.

٢-    گوندنیشینەکان کەخۆیان بەنەرمومرۆڤدۆست و لەواترس نیشان دەدەن ھێواش ھێواش دەمامکەکان لادەچن و کەڵبەی دڕندانەیان دەردەکەوێت، سەرەتا بەھاتنی پۆلیس و بڵاوکردنەوەیوێنەی گرەیس بۆ دەستگیرکردنی دەست بە ئیپتیزازی دەکەن و داوای کاری پتری لێدەکەن ئەویش ھێشتا نەرمەو کارەکان ئەنجام دەدات. بەڵام، ئەوان پتریان گەرەکە و ملی بەئاسنێکی گەورە دەبەستنەوە.
٣-    ئاسنەکە لەبەر چاوم وەک داب و نەریتی کۆمەڵایەتی دێتە نیگا، لەلایەکەوە ئازادی جوڵە نامێت، ولەلایەکی دیکەوە دەبێ ئەرکەکان جێ بەجێ بکات بۆیە ماندوو شەکەت دەکەوێت. ئەمجارە تەعەدای لێدەکرێت. لەفیلمەکە تەعەدای سێکسی بوەتەھێمای ھەموو جۆرێکی دیکەیتوندوتیژی. پیرو گەنج و کوێرو چاوساخی گوندەکە شەوانە سەردانی دەکەن بۆ ئەممەبەستە.

٤-    تۆم، فەیلەسوفی گوند، ئەگەر چی ھیچیشی نەنووسیوە خۆی بەنووسەر دەزانێت و ئەو خاوەنی بیرۆکەکانە، سەرەتا وا نیشان گرەیسی خۆش گەرەکەو تاقە کەسە کەتەعەدای سێکسی لەگرەیس ناکات. بەڵام، داوی لێدەکات: لەھێمایەکی زۆرجواندا گرەیس حەقیقەتی درۆکانی دەردەخات کاتێک پێی بەئاسن وزنجیرەکەی ملیەوە رەدی دەکاتەوە دەڵێ: خۆشەویستی لەئازیدا دەکرێت بەڵام، ئەگەر گەرەکتە وکو گوندنیشینەکان تەعەدام لێ بکەیت، فەرموو بیکە. تۆم حەقیقەتی پۆخڵی خۆی دەبینێت و بەرگەی راستی ناگرێت خیانەتێکیگەورەتر دەکات لەگرەیس، تەلەفۆن بۆ سەرۆکی باندەکە دەکات بۆ دەستگیرکردنی و پارە وەرگرتن. ئازادی لەھەموو دونیا باجی گرانە، بەڵام، ئەم فیلمە پێمان دەڵێ: دەسەڵات ھەردەسەڵاتە ئیدی ھی باخچەوانێک یان شوفێرێک یان گوندنشێنێک بێت یان مافیا، ھەموویان بۆیان بلوێت ئازادی زەوت دەکەن!

٥-    لەھەمووی گرنگتر ئەوەیە گرەیس لە سەرەتاوە تاکۆتایی فیلمەکە سەری بەرزەو کار دەکات. تەنانەت کە گوندی دۆگڤیل بەزنجیر دەیبەستنەوە سەری دانانوێنێت، بۆ خۆی بەسەربەرزی زنجیرو ئاسنی قورس رادەکییێشێت. جوانیی گرەیس ئەوەیە سەر دانانەوێنی. زۆر جار لەسەربەرزی و جوانی و بەردەوامی گرەیس خەڵکی دۆگڤیلڕ توڕەو قەڵس دەبن، دەمێک بەقورس کردنەوەی کاری و تاوێک بەئاسن کردنە ملی و بارگرانکردنی و لەکۆتاییدا بەتەعەدا لێکردنی، کەچی، گرەیس ھێشتا سەری بەرزەو لەکارو جوانیەکانی ناوەستێت! ئەمیان ژنی کوردم بیردێنێتەوە، ئاخر کۆمەڵگە ھەموو ئەوبەزمانەی پێدەکات، کەچی سەربەرزانە بەردەوامە لەمانەوە.

٦-    کۆتایی فیلمەکە موفاجەئەیە. ئەوھەموو نەھامەتیەی بەسەر گرەیسدا ھات لەبەر ئەوە بوو سەرەتا گوندنشینەکان شوێنی ئافرەتێکی ھەڵاتوویان لەنێوان خۆیاندا کردەوە گوایە ژیانی دەپارێزن. پاشان کاتێک پۆلیس وێنەی بڵاو دەکاتەوە ئەمجارە دەبێ باجی ئەوە بدات کە بوونی لەناویان گوندەکە دەخاتە مەترسیەوە.. بەڵام لەپێناوی پارە دەیدەن بەدەستەوە! دەستی سەرۆک باند!

٧-    فیلمەکە بە دیمەنی ھەڵاتن وخۆشاردنەوەی گرەیسەوە دەست پێ دەکات، لەبرسان ئێَسقانی بەر دەمی سەگەکە دەبات بیخوات و دەڵێ: ئەمە یەکەمین جارمەدزی بکەم بۆیەدەبێ خۆم سزا بدەم! ئەو سەگە لەو کاتەوە کەگوند دەمامک لەسەر دەموچاوی قێزەونی لادەبات و کەڵبەکانی نیشان دەدات، سەگەکە بزر دەبێت و چیتر نایەتەوە گوند. یەکێک لەھێما جوانەکانی فیلمەکە ئەوەیە، لەکۆتیی فیلمەکە و لەسەر کەلاوەی سووتاوی گوندەکە سەگەکەپەیدا دەبێتەوە و تەنیا ئەو دەمێنێتەوە، گرەیس دەڵێ: وازی لێبینن توڕەیە لێم چونکە ئێسقانەکەم لێی بردووە!

فیلمێکی زۆرجوانە شایەنی بینین و لێوردبوونەوەیە لای ئەمریکاییەکان قێزەونی کۆەڵگەی خۆیان  نیشان دەدات، بەڵام، لای خەڵکی دیکە کۆمەڵێک ھێماو ئاماژەی تێادایە. لای من پاراگرافێک کورت دەبێتەوە: کۆمەڵگە دڕندەیەکە خوا نەکات خاڵێکی لاوازت لەبەر دەستی ھەبێت، تا پێی دەکرێت خوێنت دەمژێت بەناوی داب نەریت، بەھا یان ئاین. دەسەڵاتیش ھەر دەسەڵاتە ئیدی دەسەڵاتی باخچەوانێک بێت بەسەر ژنێکی بێدەسەڵاتەوە(باخچەوانەکە یەکەم کەس بوو تەعەدای لەگرەیس کرد) یان دەسەڵاتی ژنێک بەسەر ژنێکی بێ وەی (ژنی باخچەوانەکەلەسەر ئەوەی گرەیس لەگەڵ ھاوسەرەکەی بووە تەعەدای لە گرەیس کرد بەوەی تاقەی خۆەویستی لەتەنیاییدا کوشت کەکۆمەڵێک وردە پەیکەر بوون، دانە دانە شکاندنی) یانیش دەسەڵاتی سەرۆک مافیا بێت کە دەتوانێت گوندەکەتەفروتونا بکات... لەکۆتاییدا دەسەڵات ھەردەسەڵاتەو ھەیە. دەسەڵات دەتوانێت تەنانەت جوانی و ناسکی و مرۆڤایەتیش بکات بە بکوژ و درندە...