2013-07-29

ئیخوان و ھاوپەیمانێتی ئیسرائیل

تابوو
ئەڤین ئیبراهیم فەتاح

ئیخوانەکانی لای خۆمان شیوەن و باوکەڕۆیانە بۆ مورسی باوکیان و ھەر کەسێکمان بێژێت: گەل مورسی لابرد، ئیدی ھەزارو یەک جنێوی پێ دەدەن. ئایا خۆیان لە گێلی دەدەن یان خەڵکیان لا گێلە؟ بە ھەر دوو حاڵ فەرموون باسی تابووی ئەم جارە بکەین.
لای ئیسلامیەکان تەعامول لەگەڵ ئیسرائیل حەرامە، واتا تابووە و مورسی گیان ئەم تابوەی لە پێناو دەسەڵات شکاندووە. ئەگەر باوەر ناکەن فەرموو ببینن:
١-      پرسی ئیخوان لە لایەن حەسەن بەننا لەسەر ئەوەیە ئیسرائیل دژی ئیسلامەو زەوی پیرۆزی ئیسلامی داگیر کردووە و بۆ خۆی کردوویەتی بە دەوڵەت بۆیە دەبێت ئەم ئیسرائیلە لە ناو بەرن.
٢-      ئیسرائیلیەکان رقیان لە ناسر بووە لەبەر ئەوەی بە ئەم رێکەوتنە شل نەبوەتەوە.
٣-      سادات لە ١٩٧٩ رێکەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل کرد.. ھەر بۆ ئەم ھۆیەش ئیخوانیەکان کوشتیان.
٤-      کاتێک مورسی ھاتە حوکم ئیسرائیل بە حەزەر مامەڵەیان کرد چونکە دەزانن ئیخوان دژی ئیسرائیلەو گەرەکیەتی لەناوی بەرێت، وایان دەزانی پیاوێکی چەلەنگە!
٥-      ئیسرائیل پەیوەندی نێودەوڵەتی کرد بۆ ئەوەی لایەنی سێیەم بێتە ناوەو مورسی لەناویان نەبات! ئەوە بوو داوای لە کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی کرد بێتە ناو بابەتەوە و داوای لە نەتەنیاھۆ کرد بێتە ناو بابەتەوە. ئەویش نەیکرد بە نامەردی و ھات! وایانکرد کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی داوای کرد ھەر سیستەمێک لە میسر بێتە حوکم دەبێ بەو رێکەوتننامەوە ببەسترێت.
٦-      لە شەشەمین مانگی حوکمی مورسی رێکەوتننامەکەی دووپات کردەوەو تەنیا بۆ مانەوەی حوکمی خۆی و ئیخوان پێی بەسەر دین و باوەڕ ناو لەگەڵ ئیسرائیل پێک ھاتەوە! کەسێکی ئیخوانی نەیپرسی: ئەدی بۆچی ساداتمان کوشت؟ ئەدی ئیسرائیل دژی دینمان نیە؟
٧-      لە میسر ئەم بابەتەیان بەدلڕ نەبوو مورسیان لابرد ... کەچی کوردێکی ئیخوانی نەیپرسی : ئەدی ئیسرائیل دژی ئیسلام نیە؟ ئەی بۆ مورسی رازی بوو بەئاشتی؟
گرفتی بابەتەکە ئەوەیە، کورد گوتەنی کوچک لە ئاگر گەرمتر نابێت، ئیخوانیەکانی خۆمان ئەگەر خۆیان بتەقێننەوە ھەر کوچکن خۆ ئاگرەکە نین .. کۆپین! دەی گەلی میسر ئاگرەکەی مورسیان بەدڵ نەبوو لایان برد، کەچی ئەمان لێرە شیوەنی بۆ دەکەن.
لەوەش واوەتر، نابینن مورسی بۆ مانەوەی دەسەڵاتی خۆی و ئیخوان پەنای بۆ ھاوپەیمانێتی ئیسرائیل برد و پێیان نا بەسەر دین و باوەڕو قودسی موقەدەس!
ئەرێ برالە ئیمڕۆ شەڕی ئیسلامی توندرەوەکانی قاعیدەیە دژ بە براو خوشکەنتان لە رۆژئاوای کوردستان کە بە زۆر ناویان کوردی سوریایە..
خێرە مەلا دڵشاد گەرمیانی پشتیوانیان دەکات؟ و مەلایەک نابینین بیژێت ئەمە گوناھە؟ ئەدی لەبری ئەوەی لە مزگەوتی نوور لە سلێمانی لاوان فریو بدەن و بیانێرن بۆ کوشتنی کوردان بۆچی نابینن ئیخوانیش کاتێک ھاتە حوکم لە میسر بوو بە ھاوپەیمانی کافران لە ئیسرائیل؟

یەک گرفتمان ھەیە ئەوەیە خەڵکمان لا گەورەترە لەخۆمان ئەگینا خودا ھەر خودایە و لە ھەموو دونیا ھەیە، جا با لای ئێمە ئاگر بێت و لای ھیندۆش مانگا بێت و لای بوزی تاژە بەرد بێت... لای ھەموو ھەر نموونەی ھێزێکی ئاسمانین رێک وەک ئەوەی موسڵمانان تەوافی بەردێک دەکەن پێی ئێژن ماڵی خودا!! دەی دینەکانی دیکە ھەر وان بۆ کەسیان نەیگەرەکە مالڕی خەڵکی تاڵان بکات؟

2013-07-27

دیموکراسی لەو دونیا

ئەڤین ئیبراھیم فەتاح

لەم دونیایەش باسی دیموکراتی و یەکسانی و ئازادی دەکەن! کاکە چاوەکەم وازم ھێنا لە یەکێتی و پارتی و موعارەزەو مالیکی و شیعەو سوننە..ھەمووی بۆ خۆیان.. دەی لەو دونیا دیموکراتی و یەکسانی ژن و پیاو چۆنە؟
دەستم لە ژنی ئەم دونیا شۆردووە، لە پەیجەکەم پرسیارێکم دانا و نووسیم تەنیا بۆ ژنە، کەچی تەنیا پیاو وەڵامی دامەوە!
بابڕۆینە سەر باسی ئەو دونیا...
لە یەکێک لە خوتبە ئاگرینە نازدارەکانی مەلا مەزھەری خۆراسانی فرە ورد باسی بەھەشت دەکات: ئەو حۆریە چاو جوانانە چاوەڕوانی ئێمەن، پیاو لەم دونیایە ئامانەتە لای ژنەکەی، تەنانەت ئەگەر ژنێک ئەزیەتی پیاوەکەی دا یان شەو تاقەتی سەر جێگەی نەبوو ئەوا حۆریەکان تا بەیانی نەعلەتی بۆ دەنێرن: بەنەعلەت بیت وا مەکە پیاوەکەت ئەمانەتی ئێمەیە لات! 
چوار پێنج جار لێمداوە لە یوتیوب زۆر باسی رووباری شەراب و شیرو ئاوی پاکی دەکات. کەچی جگە لە نەعلەتی مەلائیکەتەکان، بەھەشت ھیچی بۆ ژن تیا نەبوو!
قسەکەی ئەبو حەیان ئەلتەوحیدیم وەبیر ھاتەوە لە پەرتووکی (الامتاع و الموانسە) ئێژێت: بەھەشت تەنیا شوێنی خواردن و خواردنەوەو سێکسە ئەگینا عەقڵی تێدا نیە! خوا ھەڵناگرێت منیش ئەمەم خستە سەر قسەکە: ئەم خواردن و خواردنەوەو شتی تریش تەنیا بۆ پیاوە و ژن ئەگەر فرە فرە روو سپی بوو ئەوا دەبێت بە دانەیەک لە حۆریەکانی پیاوەکەی!
 پرسیارەکەم بۆ ژنان ئەمە بوو: پیاوی بە ئیمان لەو دونیا ٧٢ یان ٧٧ حۆری ھەیە ھەروەھا غیلمانیشی ھەیە. دەی جیھادی بۆ دەکات بەرۆژو دەبێ و نوێژی بۆ دەکات. ئەی ژن بۆچی نوێژ و رۆژوو دەکات؟ نە حۆری ھەیەو نەتەڕەماش، ئەگەر فرە موھیم بێت دەبێت بە یەک لە ٧٧ حۆری پیاو.. جا وەرە سەرە بگرە.. بەڕاست بەڕاست مایەی پرسیارە: بۆچی ژن نوێژ دەکاو بەرۆژوو دەبێت؟! لەو دونیا چی گەرەکە کە زۆربەی ئەھلی دۆزەخ ژنن؟ بۆ زانیاری: لای من دۆزەخی بە کەرامەت زۆر باشترە لە بەھەشتی بێ کەرامەت و سەرەی ٧٧ حۆری!

دوێنێ ئێوارە ژنێکی دراوسێمان زۆر بەپەلەو شڵەژاوی کلیلی ماڵی خۆی دایە دەستم و وتی ئاگات لە تانکی بێت کە پڕ بوو موزەخە بکوژێنەوە، ھێندە شڵەژابوو چاوەڕوانی نەکرد بیژم باشە یان پێم ناکرێت، لەوسەرەوە بەخێرا گوتی: ئەچم بۆ تەراویح!!! کە تانکیەکەی پڕ ئاو بوو موزخەکەم بۆی کوژاندەوە و لە پارچە کاغەزێک نووسیم: تکایە جارێکی تر ئەم حەرەسیاتەم پێ مەکە، ئەگەر تۆ لەبەر خاتری چوونت بۆ بەھەشت تەراویح دەکەیت من ئەو بەھەشتەم بە فلسێکی قەڵب نەگەرەکە تێگەیشتیت؟! دواتر ھاتەوە بەخوتبەیەک قەرزاری کردمەوە.... ئەوەی مەلا مەزھەر وتبووی بۆی دووبارە کردمەوە ... لەکۆتاییا دیسان پرسیم: ئەرێ خوشکێ ئەو بەھەشتەی تۆ باسی دەکەیت تەنیا بۆ پیاوە.. من و تۆ ھیچمان تیا نیە .. بۆچی من و خۆتت بە فیدای کردووە؟؟ دیسان دەستی بە خوتبەکە کردەوە ..... ناچار گوتم : ببورە ئەچم نوێژی عیشا ئەکەم!!

2013-07-25

ئەگەر ئاسمان ئازادی باران هەندێ کۆیلە دەبینم سەیوان هەڵگرن .....ئەفلاتۆن

2013-07-20

ئافرەت فرە عەقڵی فرە دینە!

ئەڤین ئیبراھیم فەتاح

لە١٩٩٨ و ١٩٩٩ لە رێکخراوێکی ژنان کارم دەکرد. جارێکیان ئافرەتێکی رازاوەی بەکێشی قەڵەوی خۆی زێڕی پێوە بوو بینیم ئەندامی سکرتاریەتی گەورەترین رێکخراوی ئافرەتان بوو کە بودجەو دەسەڵاتیان لە ھی وەزارەتێک پترە. زێَو ماکیاژو زەوقی ناشیرینی جلەکانی سەرنجی رانەکێشام بەڵکو رایە نەستەق و باخداروەکانی رایان کێشام.
وێنەی ھەمان ئافرەتم پاش ھەفتەیەک لەدوالاپەڕەی گۆڤارەکەی خۆیان بینی لەگەڵ وتارێکدا ناونیشانەکەیم لەبیر نەماوە بەڵام ناوەڕۆکەکەی ئەوەبوو بەڵگەی دەھێنایەوە بۆ ئەوەی ئیقناعمان بکات کە بەراستی قسەی پێغەمبەری موسڵمانان راستەو ژن کەم عەقَڵ و کەم دینە!
ئیدی بەڵگەکانی (زانستیانە) بوون، ئەوە بوو ئەوکات ئیقناع بووم بەوەی ئیرادەی خوایەو ئێمەی کەم عەقڵ ھەر بۆ کوشتن باشین..وازم ھێنا لەکاری رێکخراوەیی و چوارمشقی لێی دانیشتم!
ئەمڕۆ ئەم بابەتەم بیر ھاتەوە کاتێک ئەو ھەواڵەم خوێندەوە کە ئەمساڵیش یەکەمەکانی مەکتەبەکان لە خوێندن کچۆڵەن! بیرم دەکردەوە وتارێکیان لەسەر بنووسم و بێژم دەستە ناسکەکانتان خۆش بێت سەرتان بەرز کردین. کەچی تەلفۆنێک زنجیرەی بیرەکانی پچڕاندم و بابەتەکەی بۆ ئاقارێکی دیکە برد.
گەنجێک ھەیە دەموچاویم نەبینیوە بەڵام خۆی دەڵێ پلەیەکی بەرزم ھەیە لەحکومەت، واتا لەنزیکەوە نایناسم، جار جار تەلەفۆنم بۆ دەکات دەستخۆشی بابەتەکانم لێ دەکات کە دڵنیام بەقەد پەنجەی دەستێک وتارەکانمی نەخوێندوەتەوە! ئەمشەو تەلەفۆنی کرد و پرسی: بۆچی بەرۆژوو نابیت؟
-        بابەتێکە پەیوەندی بە خۆم و خواوە ھەیە گرینگ ئەوەیە بەدرۆ نایەژم بەرۆژووم و بەدیم بۆ کەس نەبووە!
-        دەستگیرانەکەم گەرەکیەتی قسەت لەگەڵ بکات،
-        سەرچاوم فەرموو
دەستگیران خان:
-        تۆ چۆن بەم شێوەیە بیر دەکەیتەوە عەقڵت زۆر سنووردارەو بیعەقڵیت.... ورێژنەیەک جنێو!
-        خانم بێ زەحمەت ناوت چیە؟
-        ناوی خۆی وت
-        فڵانێ خان تۆ من ناناسیت و نەتدیوم چۆن رێگە بەخۆت دەدەیت جنێوم پێ بدەیت و بەئاگری جەھەنەم ھەڕەشەم بکەیت و بمکوفرێنیت، ئەی لەبەر خاتری من نا ئەوە من ملم ئەشکێنم و بەتەنیا ئەچمە ناو گۆڕەوە، بەڵام تۆ دەمت بەرۆژووە بەجنێو رۆژووەکەت سووک دەبێت؟
گفتوگۆکە فرە درێژ بوو و لەبازنەیەکی داخراودا دەخوولایەوەو ھەردوکیان بەنۆرە جنێویان دەدا لەپێناوی ئەوەی من عاقڵ ببمەوە! زانیم فرە دڵسۆزن بۆم بەڕادەیەک ئەوە ناچێتە عەقڵیانەوە کە مرۆڤی جیاواز ھەیە، لای ئەوان ئەو کەسەی وەک ئەوان بیر نەکاتەوە بێعەقڵە!
ئەم سێ چیرۆکە بردمی بۆ ناو بابەتێکی بێ ئەنجام:
-        بەقسەی پێغەمبەر بێت من و ئەو ھەموو خانمەکانی ناو ئەم وتارە کەم عەقڵ و کەم دینین.
-        خانمی یەکەم و خانمی کۆتایی خۆیانیان پێ عاقڵە لەبەر ئەوەی خودا ھیدایەتیانی داوە عەقڵی داونەتێ
-        خانمە یەکەمەکانیش ھەموویان خانمی عاقڵی فرە دینن

-        دەی تەنیا من کەمینەی بێ عەقڵم، کەواتە بەپێچەوانەوە زۆرینە، ژن نە کەم عەقڵەو نە کەم دین..بەڵام ئەگەر ئەم راستیەمان درکاند دەبینەوە بە کەم عەقل و کەم دین!! من سەرم لەم ھاوکێشەیە دەرناچێت!

2013-07-15

مەی خواردنەوە

ئەڤین ئیبراھیم فەتاح

کچێک ئەم شیعرەی لەسەر دیواری فەیس بوکی خۆی دانا، لەگەڵ ناوی و شاعیرو وێنەی بوتڵێک شەراب:
دەرمانی خەفەت مەیە، مەیە، مەی
خەفەتبار ھەرگیز نەکەی تەرکی کەی
ھەرچی سەعاتێک خەم بڕەوێنێ
ھەموو گەنجینەی سەر زەوی دێنێ
گەر لە ھەموو عاسمانان  نیتە ئەستێرە
خۆت بە پیاوەتی ئارەق بسپێرە
مامۆستا "ھەژاری موکریانی"

دەی قیامەت لە ھێرۆ مەولوودی ھەڵساو نەنیشتەوە!! ئەوە دەخۆیتەوە؟ چۆن دەبێت ژن بخواتەوە؟ وەرە پێکێکم لەگەل ھەڵە؟ دەی رەمەزانیشە!! دەی ھێرۆ پێش رەمەزان شەکری مامۆستا ھەژاری شکاند!
پرسیار ئەوەیە بۆچی درۆ دەکەن؟
مەی خواردنەوە لە ئیسلامدا تابوویەکی شکاوەیە زۆر لەمێژە شکاوە. ئیدی بۆچی لە رەمەزان دوکانی مەی فرۆشتن دادەخەن؟ خۆ ھەموومان دەزانین داخراویش نین و دوای بەربانگ بڕۆ بە ئارەزووی خۆت بکڕە... یان ھیچ نەبێت مەیخۆرەکان پەکیان ناکەوێت... داخی من درۆکەیە درۆ!

ئەگەرچی شەو درەنگە ساقی بۆم تێکە کەمێکی تر
کەوا ئەمشەو سەری ھەڵدا لە ناخمدا خەمێکی تر
لەبادە ئەم ژەمەم تێر کە منی تینووی جگەر سووتاوو
بەچی دیارە کە دەیبینم شەوێکی تر ژەمێکی تر
شیعری "ھێمن"ی نەمرو دەنگی "مەرزیە" خانی نەمر قوربانی دەنگ و ھەناسەی بم

گەرەکمە بێژم مەی خواردنەوە تابوویەکی شکێنراوە ، کەچی ئیسلام خۆی دەخەڵەتێنێت بەوەی رەمەزانان قەدەغەی دەکات!! قەدەغەی چی؟؟ تەنیا بازاری گران دەکەن! ئەمیش بازڕگانیە بە ئیسلام و رەمەزان........... دەی ئەگەر وا نیە گوێ لە ئیبداعی تێکەڵاوی مامۆستا ھێمن و کورەکەی خۆمان بگرن، مەبەستم عەدنان کەریم:
ساقیا وا بادەوە وا بادەوە
روو لە لای من کە بە جامی بادەوە
موشتەری وەک من لە مەیخانە کەمن
زۆربەیان شادو بە کەیف و بێخەمن

پرسیار: لەمانە زیاتر چیت گەرەکە بۆ ئەوەی بزانیت تابووی مەی خواردنەوەت سەرو مل و قاچیشی شکاوە؟
پرسیار: ئەی بۆچی حەڵاڵی نەکەین؟
پرسیار: تاکەی بەدزی بیکەین؟
رۆژێک حەزم لە مەی خواردن بوو. چووم بۆ دوکانێک و نەمویرا بیکڕم تەنیا چارەکێک ئاوم کڕی لە ترسا. پیاوێکی لێبوو زۆر تەماشای دەکردم. زۆریش شەپڕێوو ناشیرین بوو، ئەویش چارەکێک ئۆزۆی کڕی. دەی ھاتمە دەرەوە ماوەیەکی باش بە پێ رۆیشتم، ئینجا تاکسیم گرت. کەمێکی پێچوو سایەق تاکسی خۆی کڤ و شەریف کردەوە: خوشکە ئەگەر مەشرووبت لایە من ناتبەم!! ئەو سایەق تاکسیە ئیشارەی بۆ کردووم کە مەشرووبت لایە!
دەی من لە دوکانەکە نەمویرابوو مەشروب بکرم تەنیا ئاوم کڕیبوو، چاوە حیزەکانی ئەو نەفەرە گرتبوومی........... دەرکەوت بەدوامەوەیە تا ناو تاکسی... گوتم : راگرە من لەگەڵ تۆ نایەم...بە تاکسیەکی دیکە چوومەوە.
لە ھەولێر قسەیەکی باو ھەیە: بەیانی نانی دەخۆم ، نیوەرۆ دەچمە مزگەوت ودواتر بێمنەتە(واتا نانی ماڵ) دوای نیوەڕۆ لە پشت سەیتەرە دەخۆینەوە!!

دەی کە ھەموو ھەر دەخۆنەوە .............ئیدی بۆ تابووە یان حەرام؟ تەنیا درۆیه و بمبورن منیش درۆم کەشف کردوە!!

وڵامی د.خالد مونتەسەر بۆ عەمرو حەمزاوی

ن: د. خالید مونتەسەر
و: ئەڤین ئیبراهیم فەتاح

تێبینیئەم بابەتەم لە پەیجی "عەلمانیو سیلینترۆ" وەرگرتوە بۆ زانیاری بەرێزتان د. خالید مونتەسەر یەکێکە لە رۆشنبیر عەلمانیەکانی میسرەو چەندین کتێبی لەسەر مافی ژنان و ئازادی ھەیە و لە سایتی ئەلاف بەشەکی تایبەتی لە رۆژنامەی ئەلیکترۆنی ئەیلاف لەسەر رۆشنبیری و تەندروستی سیکسی ھەیە ھەروەھا کەسێکە لە دژی دیکتاتۆریەتی و گەندەڵی دەنوسیت. عەمرو حەمزاویش پرۆفیسۆری زانستە سیاسیەکانەو ئەندام پەرلەمان بو ئیخوانیە ... ئەم باسە کاتیک کراوە. حەمزاوی بەمدوایانە ئەو لێدوانەی وەک پاساو بۆ مانەوەی ئیخوانیەکان داوە. ئارەزومە وەبیرت بێنمەوە ئەم پاساوەی کە دەڵێی (تازە ئیخوانەکان ھەنەو قابیلە چیان لێ بکەین؟) وڵامەکەی فرە ئاسانە. ئەوەیە تاوانبار و سایکۆپاتیەکانیش ھەن بەلام مانای ئاوە نیە لێیگەریین تاوانبار پلانی ژیانمان بۆ دارێژەت و کەسی سایکۆپات منداڵانمان بۆ پەروەردە بکات.

..........................
ئارەزومە وەبیرت بێنمەوە ئەم پاساوەی کە دەڵێی (تازە ئیخوانەکان ھەنەو قابیلە چیان لێ بکەین؟) وڵامەکەی فرە ئاسانە. ئەوەیە تاوانبار و سایکۆپاتیەکانیش ھەن بەلام مانای ئاوە نیە لێیگەریین تاوانبار پلانی ژیانمان بۆ دارێژەت و کەسی سایکۆپات منداڵانمان بۆ پەروەردە بکات.
ئەمیش مانای ئەوە نیە زیندانی و نەخۆشخانەی دەرونی دابخەین بەو پاساوەی ئێتر ئەمانە ھەن و چیان لێ بکەین؟ بەداخەوە ئەمانە خەڵکانی نیشتیمان پەروەر نین و مێژویان ئەم راستیە دوپات دەکاتەوە و پێویست ناکات وەبیرت بینمەوە تۆ مامۆستای زانستە سیاسیەکانیت میژوو بارودۆخی پەیدابون و گەشە کردن و پێکھاتەی داخراویان لە من خاستر دەزانیت. دەزانیت تەنیا ئێندامانی گروپەی خۆیان ئیسلامی راستەقینەن تاقە گروپی رزگاربون و خەڵکی دیکەی دەرەوەی ئەوان کافر یان ھەڵگەراوە یانیش لانی کەم سەرلێشێواون. ھەروەھا تۆ دەزانیت ھەموو گروپەکانی تیرۆر لە منداڵدانی ھێلکەوە لەدایک بوونە. کە واتە تۆ دەزانیت ئەمانە جۆریک نین بەڵکو باندن و رێکخراوی نھێنیان ھەیە تەنانەت کە گەیشتنە حوکمیش ھەر سەرکەوتو نەبون چونکە عەقڵیەتی ئەشکەوت و کاری نھینی و پیلان گیڕان بەریوەیان دەبات.

ئەم جۆرە نیشتیمان پەروەر نیە چونکە ئەوان نازانن نیشتیمان چییە؟ ئەوان تەنیا خەلافەت و رێکخستن بە یەکەم ئەزانن و نیشتیمان لایان بە دەیەم دێت. ھەروەھا لام وایە بەمدوایە کۆمەڵێک بەڵگە کەوتنە دەست لەسەر سیخوری و پەیوەندیکردن لەگەل حەماس و داواکردنی تەداخولی نێودەوڵەتی و زەمینەخۆشکردنی تیرۆر لە سیناو ھەرزانکردنی سنوری وڵاتیک و ئاسایشی نیشتیمانی، نیشتیمانیک... تا کۆتایی ھەموو ئەم تاوانانەی گروپە ئێیخوانیەکان ئەنجامیان داوە..

د. حەمزاوی! وەبیرت دینمەوە تۆ ئەندازیاری یاسای ھەڵپەساردنی سیاسی پارتی نیشتیمانی بویت لە پەرلەمان و ئەوکاتە چ گوێمان لی نەبو باسی باڵندەی تاریکی و شۆڤینی نەبو !! لەگەل ئەوە دەکری دز و گەندەڵکار تیکەڵاو دەبن پاش دادگایی کردن بەڵام خیانەتکار خیانەتەکەی وەکو پەلە تا ھەتایە لە نێو چاوانی دەمێنیتەوە ھەروەھا لەتەک ئەوەی کاری تیرۆر و سیخوری لای ئیخوان باوەرە نەک گۆشەنیگا.
تۆ لەپێناو ھەڵپەساردنی نیشتیمانی خەباتی بێوچانت کرد کەچی ئێستا بە ھەمان توندی خەبات بۆ بەردەوامی ئیخوان دەکەیت. تۆ نەتگەرەکە تەنانەت یەکسان بیت لەنیوان حیسام بەردراوی و بەلتاجی بکەیت. بەلتاجی دەکەیت بە جۆریکی ئازاد و حیسامیش تاڵی تێھەڵدراو!! وەبیری خۆت و خوێنەران دێنمەوە لەکاتی ھەڵپەساردنی پارتی نیشتیمانی چت گوت چونکە بیرەوەری بۆ ئیمانداران باشە:
لە لێدوانیکدا بۆ گۆڤاری (ئاڵجلە) گە یۆنیۆی ٢٠١٢ گوتت: بەشدار بوم لە دان و سەرکەوتنی یاسای ھەڵپەساردنی سیاسی، لەبەر ئەوەی باوەرم وایە سیاسەت شانۆیەک نیە بۆ بیری زایدیال بۆ ئەوەی خۆمان بە دور بگرین لەوەی یاسایەک دانیین کەسانی بەشداربو لە گەندەڵی و دیکتاتۆریەت و تاکرەوی بێنینەوە گۆرەپانی سیاسی و با لێگەریین دەنگدەر بریار بدات. پێشتریش ھەندیک دەوڵەتی ئەوروپای خۆرھەلات و ئەمریکای لاتین بریاری لەم شێوەیان داوە لەو کاتەی بەرەوە دیموکراتی ھەنگاویان دەنا بەو مەبەستەی رێگە بە کۆمەلگە بدەن خۆی لە پاشماوەی دیکتاتۆریەت و گەندەڵی پاک بکاتەوە ........
لە ٨ی یۆنیۆ ی ٢٠١٢ بە ھەمان مانا لە رۆژنامەی "وەتەن" نوسیوتە: سیاسەت پانتای بیرۆکە ئایدیالیەکان نیە و زۆر جار کاری دڵرەقانە دەکرێت بۆ ئەوەی ئەنجامی پۆزەتیڤ وەدەست بێت.
چۆنە ئێستا حالەکە گۆرا بۆ ئەوەی سیاسیەت پانتایی شتە نمونەییەکان و یاریگەی فریشتە و یۆتۆپیای پیاوە ئاینیەکانی بێت؟
................................

سەرچاوە:علمانیو سیلنترو

2013-07-13

ئای فەلەک..

ئەڤین ئیبراھیم فەتاح

کچێکی جوانکیلەی چاو شینی قژ زەردی ٢٧ ساڵیم لە ماڵی ناسیاوێکم بینی، کاری پاکردنەوەی ماڵی دەکرد. پرسیارم کرد لە خانمەکە، ئەمە کێیەو چی دەکات لێرە؟
- کوردی رۆژئاوایە خەڵکی عەفرینە، خۆی و کەسوکاری لێرە ئاوارەن، ھەشت خێزانن بە ١٩ کەسەوە لەناو خانوویەک ١٠٠ مەتر دووجاردا دەژین. کچ و ژنەکانیان کاری خزمەتکاری ماڵان دەکەن و پیاوەکانیشیان کریکاری. ھیچیان نیە، دوو مانگە لێرەن تەنانەت پانکەیەکیشیان نیە، حکومەتی خۆمان و یو ئێن ھەندێک شڕوشیتاڵی داونەتێ کە سوودێکی ئەوتۆی نیە، مەگەر بەخێری خەڵکی بژین!
زۆر جار لەناو جادە و لە ترافیک لایتەکان ئەو کچە کوردە رۆژئاواییانە دەبینم سواڵ دەکەن، تەنانەت شەوانی درەنگیش بینومن لەناو جادەکاندا دەسووڕێنەوە لەپێناو پارەیەکی کەم! جاری واش ھەبووە لەبەر سەختی ژیانی ئاوارەیی لە ھەرێمێکی پیاوسالاری دڵڕەقدا ئەو کچانە بە ٢٥ ھەزارو ١٥ھەزار لەشفرۆشیان پێ کراوە.. بەکورتی ھەندێکیان بەرگە دەگرن و بۆ ئەوەی کەرامەتی خۆیان بپارێزن وەکو ئەو کچەی لەسەرەوە باسم کرد سەختترین کار دەکەن، ھەشیانە بەچاوی خۆیان دەبینن کەرامەتیان وردو خاش دەبێت لە پێناو پارووە نانێک. بەڵام لە کۆتاییدا و بەگشتی، نازانم بۆچی، قوربانیانی جەنگی پیاوان فرەیان ژن و منداڵن، ئەوان لە پێناو دەسەڵاتدا دەجەنگن، ئەمانیش زووخاوی جەنگەکان ژەقنەبووت دەکەن.
کوردانی رۆژئاوای کوردستان (کوردی سوریا) لە شەستەکانی سەدەی رابوردووەوە دووچاری تەعریب و تەبعیس و بێبەش کردن لە ناسنامەو مافی مەدەنی ھاوڵاتیبوون دەبنەوە. لەساڵی ٢٠٠٤ قەسابخانەکەی قامیشلۆمان وەبیر دێتەوە کە لەو شوێنە دەسەڵاتی سووری تەقەی زیندووی لە خۆپیشاندەری مەدەنی کردو ٦٥ کەسی کوشت و ١٦٠ برینداری لێکەوتەوە.
بەمەیش نەوەستا و لە٢٠١١دا خەباتگێڕی کورد مشعل تەمۆی لە ماڵەکەی خۆی تیرۆر کردو بۆ رۆژی دواتر تەقەی لە جەماوەری ٥٠٠٠ ھەزار کەس کرد کە بۆ ناشتنی تەمۆ گردبونەوەو لەوێش ٥ کەسی دیکەی کوشت... ئەم رووداوانەو فرە زۆرداری و ئەشکەنجەی زیندانی و سڕینەوەی ناسنامەو ..تاد ھۆکاری ئەوە بوون لە ٢٠٠٤ ەوە تا ئیمڕۆش کوردەکان بەلێشاو روو لە ھەرێمی کوردستانی ئارام دەکەن بەتایبەتی پاش شۆڕشەکانی میسر و لیبیاو تونس کە لە سوریاش جەنگ لەنێوان موجاھیدینی ئیسلامی و ھێزەکانی سیستمی بەشار ئەسەد بەرپابوو.
گرفتی بابەتەکە ئەوەیە ئایا بارودۆخی کوردانی رۆژئاوا لە باشوری کوردستان چۆنە؟
رۆژانە چەندین راپۆرت بڵاو دەبێتەوە لە سەر خراوی بارودۆخیان لە کەمپی دومێز کە نزیکەی ٣ ھەزار پەنابەری لێیە، کەچی زیاتر لە ١١ پەنابەری کوردی سوریا لە ھەرێمدا بە فەرمی تۆمار کراون کە "فەلەک" (ئەو کچەی لەسەرەوە باسم کردووە دانەیەکیانە).
بیرمە کاتێک سەرۆک بەرزانی سەردانی دومێزی کرد بەڵێنی دا کە بەوردی بەدواداچوونی بارودۆخ و گوزەرەانیان بکات .... کەچی ئیمڕۆ ئەمە حاڵیانە!

شەرمم کرد چاوم بخەمە ناو چاوی "فەلەک" خان و لە دڵی خۆمەوە گوتم: ئای فەلەک ھەرێمێک پەنابەر وەرگرێت و پاشان سەختی ژیان بیکات بە سواڵکەرو شتی دیکەی خراو، بۆچی پەنابەر وەردەگرێت؟!

2013-07-06

تەنانەت ئێوەش کۆمۆنیست؟!

ئەڤین ئیبراھیم فەتاح
تەلەبەی قۆناغی چواری کۆلیژی پەروەردە بووم بەشی بایۆلۆژی تەمەنم ٢١ ساڵان بوو. لەسەرمان بوو توێژینەوەیەکی زانستیی مەیدانی وەکو داخۆزیەک بۆ دەرچوون ئەنجام بدەین. بۆ نەگبەتی، توێژینەوەکەی من لەسەر ژمارەی چینەکانی پێستی مرۆڤ بوو. بەمەبەستی ئەنجامدانی دەبوو نموونەم ھەبێت لە شوێنی جیاوازی پێستی لەشی مرۆڤی جیاواز. واتا، دەبوو لە پێنج شوینی جیاوازی پێستی ١٠ کەس نموونەم ھەبێت. دەی کێ لێدەگەڕێت تۆ لە پێستی مردووی بکەیتەوەبۆ توێژینەوەی خۆت؟! تەنیا ئەوانەی کوژراون تەرمەکانیان بێ خاوەنەو لە پزیشکی دادوەری کەوتووە و تەلەبەی کۆلیژی پزیشکی خۆیانی پێوە فێر دەکەن! ئیدی ماوەیەک ھاتوچۆی ئەوێندەرم دەکرد تا رۆژێک وتیان کچێک لەسەر نامووس کوژراوە. دوکتۆرو تەلەبە لەدەوری تەرمەکە کۆببۆنەوە, منیش لەدیاریان.

 دوکتۆر دەیگوت و ئەوان دەیاننوسی: کچێکی تەمەن ١٩ ساڵە باڵای ١٧٥ سم و کێشی ٦٢ کیلۆیە, گەنم رەنگی, قژ رەشی، چاو رەشی چاو گەورەی زۆر جوان. ھۆکاری کوشتنەکەی چەقۆیەکی ٢٥سم لە سکی دراوە ھەروەھا خنکێنراوەو بڕبڕەی ملی شکێنراوە. دوکتۆر بەدەمی قسەکانەوە لەشی کچەکەی شەق دەکرد و بابەتەکەی بۆ تەلەبە شرۆڤە دەکرد, منیش چاوم ئەبڵەق ببوو وقوڕگم گیرابوو! لەکۆتاییا گوتی: لەگەڵ ئەوەی ئەمە کوشتنی نامووس پارێزیە, بەڵام ئەمە کچەوپەردەی کچێنی ماوە!ئیدی ئەوەندەمزانی لەشوێنێکم مامۆستاو تەلەبەو دوکتۆرو ھەمووی لە دیاری سەرمن, لەھۆش خۆم چووبووم!! مامۆستاکە توێژینەوەی بۆ گۆڕیم. ئەوجارە یەکەم جارم بوو تەرمی مردوو ببینم ھەروەھا یەکەم جارم بوو چەمکی کوشتنی ناموسپارێزی ببیستم, بەڵام، تاماوم وێنەی ئەو کچە لەبەر چاوم لاناچێت بەتایبەتی لەتەمەنی خۆم بوو و زۆر بێناز جەستەیان دەپشکنی تەنانەت ناویشیان نەدەزانی.
خنکاندنی ھەڵاڵە خزری لەناوەڕاستی مانگی شەش لەنۆرویژ ئەوکچەی وەبیر ھێنامەوەو لەو رۆژەوە چاوە نوقاوەکانی و ملی شکاوو برینەکەی سکی سینەی ھەڵدڕاوی میوانی خەیاڵمن.
ھەڵاڵە خزری ٣٥ ساڵان کوردی رۆژھەڵاتەو خەڵکی ناوچەی برادۆستە. ماوەی ١٠ ساڵە ھاوسەرگیری لەگەڵ پیاوێکدا کردووە کە ١٢ ساڵ لەخۆی بەتەمەنترەو دوومنداڵیشی لێی ھەیە، لەنۆرویژ دەژیا. راپۆرتە ھەواڵیەکان ئێژن ھەر لەسەرەتاوە پیاوەکە دڵی لێی پیس بووە چونکە جوان و گەنجتر بووە لەخۆی. بەڵاَم, بەپێچەوانەی کچەکەی لەسەرەوە باسم کرد، پیاوەکە دەستگیر کراوەو کێشەکە لەژێر لێکۆڵینەوە دایە.
گرفتی ئەم بابەتە تەنیا کوشتنی ژن نیە، گرفتێکی دیکەی ئەوەیە پیاوە بکوژەکەی ھاوسەری ئەندامی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێران بووە. ئاخر کۆمۆنیستەکان لەھەموو دونیا خۆیان بە داکۆکی کاری ژمارە یەکی عەیار ٢٤ی ماف و یەکسانی و ئازادی ژنان دادەنێن. کەس ھێندەی ئەوان چەمکی یەکسانی بەکار ناھێنێت, کەسیش ھێندەی وان چەمکەکانی جەھل و جەھالەت و جاھیل ناخاتە پاڵ کۆمەڵگاوە, کەچی ئەمەیش حاڵیانە!
ئەم کەیسە مانای ئەوە دەگەیەنێت کەلتووری توندوتیژی دژ بەژنان لەم کۆمەڵگەیە بەشێوەیەک رەگی داکوتاوە تەنانەت بەناو مەدەنی خوازەکایش نەیانتوانیوە خۆیانی بەرامبەر ساخ بکەنەوە.

کورد ئێژێت: ئەگەر بای بێت یان باران ھەرعومری بەفر کەم دەکاتەوە. لای ئێمەش بەمەدەنی خوازو عەشایەر و سەلەفی .. ھەر ژن ئەکوژرێت!

2013-07-01

بازاڕی حەج و عومرە

ئەڤین ئیبراھیم فەتاح

ھەواڵێکم لەوەزارەتی ئەوقاف خوێندەوە: ئەو کۆمپانیانەی حەج ئەگەر پارەی زێتر لەخەڵکی وەربگرن سزا دەدرێن و دەبێ خەڵکی خۆیان لەوبارەیەو داوا تۆمار بکەن؟! دەی ئەمان خواپەرستی دەکەن یان بازرگانی؟!بۆنموونە، ھەوالەکە ئێژێت: نرخی عومرە لەمانگی شەعباندا ١٠٠٠ دۆلارەو لە سەرەتای رەمەزان تا نیوەی بایی ١٢٥٠ دۆلار و لەولاوە تا جەژن بە ١٥٥٠ دۆرلارە. بێ زەحمەت بۆ ئەم نرخانە وان؟ بۆچی دەگۆڕێن؟ بۆچی حەج و عومرە عیبادەتن یان بازڕگانی؟
مەریوان نەقشبەندی بەڕێوبەرو وتبێژی فەرمی راگەیاندنی وەزارەتی ئەوقافە دەڵێ: داھاتی مەملەکەتی عەربی سعودیە بە حەج ساڵانە نزیکەی ٨٠ ملیۆن دۆلارە, ئەمە بەپیِی وەزارەتی حەجی وان!
ھەر نەقشبەندی ئێژێت: لەھەرێمی کوردستاندا ساڵانە نزیکەی ٥٠ ھەزار کەس سەفەری عومرە دەکەن, ھەر یەکێکیان نزیکەی ٢٠٠٠ دۆرلا خەرج دەکات واتا ساڵانە سەد ھەزار دۆلار بۆ عومرە خەرج دەکرێت. ھەروەھا نزیکە ٤٥٠٠ کەس حەج دەکەن و ھەر یەکێکیان نزیکەی ٤٠٠٠ دۆلار خەرج دەکات واتا ساڵانە ١٨ ملیۆن دۆلار بۆ حەج خەرج دەکرێت! حاجی و عومرەوانان ساڵانە بایی دوو ملیۆن دۆلار ئاوی زمزم دەھێننەوە بۆ کوردستان جگە لە دەیان ھەزار تەسبیح و مرواری و جل و بەرگی خەلیجی و سەرپۆش و...تاد. کورد ھێندە دەوڵەمەندە ساڵانە پتر لە٢٥ ملیۆن دەخاتە مستی ئالی سعوود بۆ حەج و عومرەو ئاوی حەیاتی زمزم! لەکاتێکدا دەزگاکانی راگەیاندن ھەفتەی رابوردوو بڵاویان کردەوە سەنگەری ٢٣ ساڵە بەھۆی ھەژاری لە ھەولێری پایتەخت خۆی سووتاندووە! جا حاجی و عومرەوانان کەلەوڵاتی خۆتان ھەژی ھەبێت، خێری حەج و عومرەکانتان تا کوێ بڕ دەکات؟!
میمکێکم ھەیە زۆر رەزیلە, کاتی خۆی بە گەنجی ھەفتەی جارێ مێردەکەی تێرو پڕی دەکوتاو دەھاتەوە ماڵی ئێمە کە خوشکی باوکم بوو. کە باوکم بەتوڕەی ئەچوو بۆ لای مێردەکەی توڕەتر دەھاتەوەو لێی نەدەدا، بەڵام بۆی دەرکەوتبوو پیاوی قوڕبەسەر نەوسنەو گۆشت و مامر دەکڕێت، خانمیش لەبەر رەزیلی لێنانێت و لەناو فرێزەر بۆگەنی دەبێت، مێردیش لێیدەدات! باوکم زۆری بۆی دەگوت و دەیناردەوە. چەند ساڵێک پێش ئێستا میمی فاتمە ھاتبوو بۆ ھەولێر بۆ دوکتۆر، ئیدی لەناو پیرەژنان قسە کرابوو، میمی زۆر توڕە بووە!! چی بووەمیمی؟ لەکەلار ئەوەنە پارەم داوە لە بەدەل حەج، کەچی ئەو ژنانە ئێژن لەھەولێر ھەرزانترە!! گوتم: میمی گیان خۆت تێک مەدە ئەمجارە ویستت، بە خۆم بێژە ھەرزانترین حەجت بۆ دەکڕم! بەچاوی بوغزەوە سەیری کردم!ئەمیش بەدەل حەج!
ھەفتەی رابوردوو خەڵکی زۆر تورە ببون لەحکومەت گوایە تاوانی حکومەتە گەنجێک لەبەر ھەژاری خۆی سووتاندووە. منیش توڕەم لەحکومەت نەک لەبەر ئەوەی پێم وابێت دەبێ مەسرەفی خەڵکی بکات, بەپێچەوانەوە، گەرەکمە حکومەت دەرگای بازڕگانی حەج و عومرە بۆ گیرفانی ئالی سعوود راگرێت. ئاخر کورد گووتوویەتی تا ماڵ راوەستابێت مزگەوت حەرامە، خێر بەخوێش نەک بەدەروێش. ھەر بۆ زانیاری ئەمساڵ ١٠٠٠ کەس بەشداری دەنگدان ناکەن چونکە خریکی حەجن!

وەزارەتی ئەوقاف لەبری ئەوەی پارە سەرف بکات بۆ حەج، پارە لەحاجیان وەرگرێت وبیکات بە پرۆژە بۆ ھەژاران و بە حاجیان بێژێت: فەرموو دەربازکردنی مرۆڤێک لەنەھامەتی حەجەکەتە!
.....................
چاودێر: ٤