2013-05-15

دەسەڵاتی پیاوانه و دەسەڵاتی ژنانه!

ئەڤین ئیبراھیم فەتاح


قسەکەی جیھادالخازن توڕەی نەکردم ھێندەی ئەو بەڕێزانەی خۆمان دەیجوونەوەو دەیکەن بە شایەنی باس! دەڵێ: ژن وەکو ئەمریکا وایە، یان ئەوەیە وەک برا گەورە بێت بەگوێی بکەیت لە ھەموو شتێک، یانیش تیرۆریستیت و ماڵوێرانت دەکات. دەی بۆ خازنی عەرەبی شۆڤێنی قەیدی نیە خۆی لە گێلی بدات کە ئەمریکا زلھێزی جیھانەو بە ئەقڵ و توانای خۆی دونیای کۆنترۆڵ کردووە نەک بە جیھاد!
 
ئەگەر جیھادی خازن کەمێک ئەقڵی خەزن کردبا دەیزانی ھەموو دیکتاتۆرەکانی دونیا پیاون. ھەروەھا ئەگەر ژن شتێکی لەدەست با ئەوھەموو شەڕو کوشتارە نەدەبوو. نەگبەتی لەخازن نیە لەو پیاوانەیە کە قسەکەیان وەرگرتووە.
زۆر جار پیاو وادەزانن ئازایەتی دەکەن ئەگەر سووکایەتیان بە ژن کرد، بۆیە ھەر دوو پیاو کەوتنە یەک خێرا دەست بەگلەیی دەکەن، ھەروەھا ئەو پیاوانەی ژنیان ھەیە و گەرەکیانە لەگەلڕ ژنێکی دیکە شەکل بکەن زۆر جار لەو درزە دەست پێ دەکەن کە گلەیی لە دەستی ژنەکانیان دەکەن:
-       بۆشایی فکریی لە نێوانماندا ھەیە!
-       دوژمنی کتێبە
-       رۆشنبیری سێکسی نیە (گوایە خۆی فرە فرەی ھەس)!
-       لەماڵەوە خۆی ناڕازێنێتەوەو ھەمیشە بۆنی رۆن و پیازی لێدێت.
-       بەھیچ رازی نیە!
-       لەبەر مندالڕ ئاگای لەمن نیە..
-       ھەمیشە گرژو مۆنە..
-       ھەر کە پریاسکەی  بەسەریەوە پێچایەوە ئیدی تەواو ئەو ماڵە دەکات بەدۆزەخ..
-       منی کوشتووە بەزنجیرەی کۆری و تورکی دۆبلاژ  کراو..
-       بابەتی نیە جگە لەوەی فڵان ئەوەندە ئاڵتوونی ھەیەو فیسار مێردەکەی ئەمەو ئەوەی بۆی کردووە..
-       ناو دڵی خواردووم بەمنەت و بۆڵە بۆڵ....
-       ھەڵەی ژیانم بوو کە ژنم ھێنا بەڵام ئاخ تازە کار لەکاار ترازا!
لەراستیدا ژنیش لەنێوان خۆیاندا باسی پیاوەکانیان دەکەن:
-       لەدایک و خوشکی دەترسێت!
-       داواکانی تەواو نابن
-       بەم تەمەنەوە عەیب ناکات لەخۆی لەولای مناڵەکانەوە ھەر داوای ھین ئەکات!!
-       دڵی پیسە
-       رەزیلە
-       تەنیا ئەزانێت ماڵ پیس بکات
-       دەبێ گۆرەویشی بۆ بشۆرم
-       قەدرم نازانێت..
-       ئەگەر من نەبام کەس پێی رازی نەدەبوو..
گرفتی بابەتەکە ئەوەیە ھەردوو لا تاڕِادەیەک راست ئەکەن! لەساڵی ١٩٩٢ دوکتۆرێکی دەروونی ئەمەریکی کتێبێکی بڵاو کردەوە بەناونیشانی (پیاوان خەڵکی مەریخ و ژنان خەڵکی زوھرەن). پەرتووکەکە زۆر سەرکەوتوو بوو خێرا بۆ چەندین زمان وەرگێڕدرا و بە ملێۆن کۆپی لێ فرۆشرا لەبەر ئەوەی باسی وردەکاری جیاوازی نێوان بیرکردنەوەو دەروون و رەفتاری ژن و پیاو دەکات کە دەبێتە ھۆی گرفت لە نێوانیاندا!
رستەکەی جیھادی خازن وەکوو نووسینەکانیەتی کە پڕە لە توڕەیی وھەڵچوون و زۆر جاریش نالۆژیکی. چونکە لەکۆمەڵگەی پیاوسالاریدا ژن نە براگەورەیەو نەکەسیش گوێی لێدەگرێت بۆیەش ئەم جۆرەنووسینانە تەنیا گاڵتەجاڕی و سووکایەتیە بۆ ژن.

 بۆچی پیاوەکان زۆر دڵیان بەو رستەیە خۆش بوو جیھاد دەکەن بۆ بڵاوکردنەوەی؟ بەھەموو عەقڵتانەوە باوەڕتان کرد ژن دەسەڵاتی ھەیە؟ ئەگەر ژن کەمێک دەسەڵاتی ھەبا، نەدەھێشت پیاو، پیاو ژن بکوژێت!