2013-08-31

شەرەفی نەتەوە و شەرەفی ماکەر!

ئەڤین ئیبراھیم فەتاح

چەندین میدیای یەمەنی و عەرەبی ھەواڵێکیان بڵاو کردوەتەوە کە لە ناوچەی (ئاب) لە یەمەن دوو عەشیرەت یەکتریان لە سەر ماکەرێک ھەلا ھەلا کردووە! نێرەکەری ماڵێک لە عەشیرەتی (مەکابس) دەچێتە لای ماکەری ماڵێک لە عەشیرەتی (بەنوو عەباس)، ئەم کارە لای بەنوو عەباس عەیبەیەکی زۆر گەرە بووەو بە ئیھانەی کەرامەت و شەرەفی عەشیرەتەکەیان و غیرەت دەیانگرێت، گوێدرێژەکە دارکاری و لاقە دەکەن، ئینجا خاوەنەکەشی بەھەمان دەرد دەبەن. عەشیرەتی یەکەمیش ئەم تەعەدایە قبووڵ ناکات دەبێتە دەماقاڵێ و پێکدادان تا رادەی چەک ھەڵگرتن، ١٥ کەس لەیەکتری دەکوژن! پرسیار: گوێدرێژ ساڵی یەک جار لە بەھاران ئەو کارە دەکات، پیاوانی عەشیرەت ھەموو رۆژێک، ئایا کامیان گوێدرێژ و چوار پێیەو کامیان دوو پێ و گوێ کورتە؟ ئەوان دەڵێن نێرەکەرەکەی ئەوان تەعەدای لە ماکەرەکەی ئێمە کردووە و لاقەی کردووە! زۆری نەماوە بەردبارانیان بکەن و بێژن ئەمانە زینایان کردووە! ما نێرەکەر دەتوانێت لاقەی ماکەر بکات ئەگەر خۆی رازی نەبێت، بزانە نایداتە بەر لوشکە و باوکی بێنێتە پێش چاوی؟
لای خۆمان و لە زۆربەی کۆمەڵگەکانی دیکە کاتێک وەسفی مرۆڤێک بە ئاژەڵ دەکەین ئەوا بەمەبەستی جنێوو سوکایەتی دەیکەین، لەکاتێکدا ئاژەڵ جگە لە خزمەت و خێرو بێر شتێکی خراوی لێنابینرێت کەچی مرۆڤ بەمەیش ناوەستێت بگرە مرۆڤ و ئاژەڵیش بۆ چێژوەرگرتن دەکوژێت. ئاژەڵ کاتێک برسی دەبێت ئاژەڵی دیکە یان گیا دەخوات کەچی لای ئێمە برسێتی تەنیا شتێکی فیزیکی نیە بەخۆراک سکی خۆمان تێر بکەین، بەڵکو برسێتی خوێنمان ھەیە ئەو شتەی ناومان ناوە شەرەف لە راستیدا ئەداتی یەکتر کوشتنە، دەمێک بەناوی نامووس و تاوێک بەناوی دین و جاران بەناوی ئازادی، بەڵام لەکۆتاییدا ھەمووی کوشتنە بۆ پاراستنی ئەو شەرەفەی کە خۆمانی پێ دەخەڵەتێنین.
کاتێک لەسەر چەمکی شەرەف، ماھیەت و دەلالەتەکانی لەکۆمەڵگەدا گفتوگۆ دەکەین یان دەنووسین خۆمان لە سووچێکدا دەدۆزینەوە بەھای کۆمەڵایەتی و داب و نەریت و دین دەمانبەستنەوە. شەرەف مانایەکی بگۆڕی ھەیە بە پێی کات و شوێن دەگۆڕێت، بۆ نموونە، بیرمە لەھەشتاکانی سەدەی رابوردوو لای خۆمان ناوی پێشمەرگە پیرۆز بوو و پەیوەست بوو بە شەرەفەوە، ناوی جاش لە خیانەتکار و بێشەرەف دەنرا، کەچی ئیمڕۆ ھەموو ماناکانی شەرەف لە جەستەی مێینە کورت کراوەتەوەو جاشەکان لە گۆڕەپاندا تەراتێن دەکەن بێ ئەوەی شەرەفیان لەکەدار بێت پێشمەرگەش لەتاوی کەمی موچەو سەختی ژیان دەناڵێنێت! دۆرکایم باسی دەکات و ئێژێت: ئەگەر ھات و سیستمی کۆمەڵایەتی لەبار یەک چوو ھەڵوەشایەوە ئیدی فەوزایەک دروست دەبێت بەھا رەسەنەکان لادەبات و بەھای گەندەڵ دێتە کایەوە.


شەرەف یەکێکە لە سامانە کۆمەڵایەتیەکان کە مرۆڤ جگە لە نازناو و پێگەی کۆمەڵایەتیشی پێوە دەنووسێت. ئەگەر بێرتان بێتەوە چەند ساڵێک پێش ئێستا ھەمان شەڕ لە نێوان دوو عەشیرەتی کوردی لە گوندێکی کوردستان لەسەر شەرەف رویدا، بەھەمان شێوە دوو عەشیرەت خۆیان کردبوو بە نوێنەری شەرفی دوو گوێدرێژ، نێرەکەرو ماکەر، مێنەی ئاژەڵیش دیسان ناسنامەی شەرەفی ئەم کۆمەڵگەیە بۆیە ئاگای لەشەرەفی خۆی نەماوە و رۆژانە لەلایەن دوژمنی جۆراوجۆرەوە لاقە دەکرێت!

2013-08-30

ئەلبرت نۆبز


ئەڤین ئیبراھیم فەتاح

بیرکردنەوەو رەفتاری مرۆڤایەتی ماوەیەکی گەلێک درێژخایەنی دەویست بۆ ئەوەی ئافرەت وەک مرۆڤ ببینێت نەک کائینێکی زیادە، ھەرچەندە لە فرە شوێن تاھەنووکەش ھەر بەمرۆڤی پلەدوو دادەنرێت یان کەم عەقڵ و دین بۆیە لەمێژوودا چەندین شێوازی ئیبداع لەھونەری چەوسانەوەی ئافرەتان دەبینین. فیلمی ئەمجارەمان باسی جۆرێک لەدڕندەترین جۆرەکانی چەوسانەوە دەکات ئەوەیە کاتێک مرۆڤ ناچار بکرێت ناسنامەی رەگەرزیی خۆی بشارێتەوە بۆ ئەوەی پاروە نانێکی دەستکەوێت و پێی بژی.
لەئەوروپای سەدەی نۆزدەیەم کڵێسای کاسۆلیکی کارکردنی ئافرەتانی قەدەغە کردبوو لە دەرەوەی سنووری ماڵەوە و دەبوو تەنیا خزمەتکاری ماڵ و بەخێوکردنی منداڵان بکات، بۆیە ئەو ژنانەی لە خانەوادەی ھەژار بوون دووچاری دەیان چەرمەسەری دەبوون و تەعەداشیان لێ دەکرا چونکە مافی ئەوەیان نەبووە کار بکەن و خۆیان بژیەنن. بەمەیش دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی جەرگبرَ پەیدا بووە ئەوەبووە ژنان جلی پیاویان دەپۆشی و مێیایەتی خۆیان دەمراند و کاری پیاوانەیان بەناوو روخساری پیاوەوە (ھەڵبەت لەرووی روخسارو جل و بەرگەوە نەک لەرووی بایۆلۆژی).

چیرۆکی فیلمەکە لە کورتە چیرۆکی رۆماننوسی ئایرلەندی (جۆرج مۆر) وەرگیراوە و رووداوەکانی لە ئایرلەندای سەدەی نۆزدەیەم روویانداوە. ئەستێرەی ھۆڵیوودی (گڵین کڵۆز) کە شانۆکارو گۆرانیبێژە نزیکەی ٣٠ ساڵ بەر لە دەرھێنانی فیلمەکە ھەمان کورتە چیرۆکی کردووە بە شانۆگەری و لەوکاتەوە بڕیاری داوە بیکات بە فیلمی سینەمایی بۆیە بەشداری نووسینی سیناریۆکەشی کردووە. دەرھێنەری فیلمەکە (رۆدریگۆ گارسیا- کوڕی رۆماننوسی جیھانی گابریل گارسیا مارکیز) بەشێوازێکی جوان بەشداری وردەکاری سیناریۆکەی کردووەو دەمانباتەوە یەکێک لە ھوتێلە ئایرلەندیەکانی سەدەی ١٩، کە رەنگ و مۆزیک و وێنەو جل و بەرگی بەتێکەڵەیەکی زۆر جوانمان نیشان دەدات و ئەم کارە ھونەریە نایابەی لێ بەرھەم بووە.
لەساڵی ٢٠١٠ کاستی فیلمەکە چوونە بۆ ئایرلەنداو لەوێندەر دەستیان بەکار کردووە تاکو ٢٠١١ لەسینەماکانی ھۆڵیوود نمایش کراوەو بۆ سێ ئۆسکار دەستنیشان کراوە. 

باگراوندو دەلالەتە کۆمەڵایەتیەکان:
١-      دەسەڵاتی ئاین
زەمەنی رووداوەکانی فیلمەکە باسی سەدەکانی ناوەڕاست دەکات کە بەسەدە تاریکەکان ناوزەد کراوە. لەو زەمادا کاسۆلیک باڵادەست بووەو کڵێسا بڕیای داوە ئافرەت بۆی نیە کار بکات جگە لەکاری ماڵەوە. ئەم بڕیارە دیاردەی کۆمەڵایەتی خراوی لێکەوتوەتەوە بۆ نموونە، (ئەلبێرت نۆبز) لەفیلمەکە باسی منداڵی خۆی دەکات کە لەخێزانی ھەژار بووەو گرووپێک پیاو بەنۆرە تەعەدایان لێَی کردووە، بۆیە نەوێراوە بگەڕێتەوە ماڵەوە و ھەڵاتووە. پاشان بەتەنیا ناچار بووە مێیایەتی خۆی بسڕێتەوە جلی پیاو بپۆشێت بۆئەوەی قووتی رۆژانەی پەیدا بکات. ئەلبەرت نۆبز ناوی پیاوانەو لەسەرتای فیلمەکە نازانیت ئەمە ژنە چونکە گڵین کڵۆز ھێندە نایاب رۆڵەکە دەگێڕێت، کە ماوەی سی ساڵ بەو ناوو جلەوە دەبێت، ناوی راستەقینەی خۆی بیردەچێتەوە، ھەروەھا شێوازی رۆیشتن و قسەکردن و ھەڵسوکەوتی ژنانەی بیر چوەتەوە ھەمووی ھەر پیاوانەیە. ئەلبەرت نۆبز بەڕادەیەک خۆی پیاواندووە کاری سەرۆکی خزمەتکارەکان وەردەگرێت و لەکارەکەشیدا سەرکەوتووە و کەسایەتیشی کەسایەتی پیاوێکی بەسامی سەنگینە بۆیە یەکێک لە کچە خزمەتکارەکان عاشقی دەبێت و پەیوەندی لەگەڵ دادەنێت. ئەمیش دەچێتە ناو دونیایەکی دیکەوەو بیری چوە خۆیشی ژنە! لێرەدا بینەر دیمەنێکی دڵتەزێن دەبینێت کاتێک دوای چەند جارێک چوونەدەرەوەو پیاسەکردن لەگەڵ کچەکە، لای کچەکە سەیر دەبێت کە نۆبز وەکو پیاو ھەڵسوکەوت ناکات و ھەوڵ نادات دەستی بگرێت، ماچی بکات یان لەباوەشی بکات. ئەو رووداوە نۆبز لەخەونەکەی وەخەوەر دێنێت و تێبینی دەکات: ٣٠ ساڵە جگە لەئەندامە بایۆلۆژیەکانی جەستەی، مێیایەتی نەماوە.
لێرەوە لای بینەر پرسیار دروست دەبێت: ئاین بابەتێکی نەگۆڕە لەناو کۆمەڵگەیەکی بگۆڕ و فرانبوو بەھێزترین دەسەڵاتی ھەبێت، دەبێ بەچ شێوەیەک مرۆڤ سەقەت بکات؟ ئەدی لەوە تاوانتر ھەیە مرۆڤ لەمومارەسەی سروشتی رەگەزیی خۆی بێبەش بێت و لێی تێک بچێت ژنە یان پیاو؟

٢-      چینایەتی و کۆمەڵایەتی
سەرەتا، ھیچ ئاینێک نەیتوانیوە جیاوازیی چینایەتی لەناو بەرێت. بۆ نموونە، ماکس ڤیبەر لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا (ئەخلاقی سەرمایەداری و رۆحی پرۆتستانتی)دا مەبەستی ئەوەیە بێژێت: لای پرۆتستانتەکان وا باوە ئەگەر خودا لەکەسێک رازی بێت ئەوا لەکاروکاسبیدا سەرکەوتووی دەکات، ئەگەر سەرکەوتوو بوو ئەوا قازانج داکات، کەڵەکە بوونی قازانجیش سەرمایە دروست دەکات. ئەخلاقی سەرمایەداریش ئەوەیە پارە بنێتە یەکەوە. مادەم سەرمایەدارو موڵکداریش ھەبێت، دەبێ چینی کرێکاریش ھەبن. ئەم دو چینە گەلێک جیاوازی لەشێوەی ژیان و گوزەرانیان ھەیە کە لەم فیلمەدا بەروونی دیارە چیاواوی چینایەتی لەسەدەی نۆزدەیەم لەئەوروپا و بەتایبەت لە ئایرلەندا لە لوتکەیدا بووە.
کەسایەتی (ھیربرت پەیج کە جانێت مەکتیر رۆڵەکەی دەگێڕێت). کاتێک بۆڕی و بۆیلەری ھوتێلەکە تێک دەچێت، بۆڕیچیەک دەھێنن بۆ ماوەیەکی کاتی لەھوتێلەکە بێت تا ئەو کاتەی کارەکانی تەواو دەکات، کە شوێنی بەتاڵ نەماوە بەناچاری شوێنی حەوانەوەی پەیج لە ژوورەکەی نۆبز دەکەنەوە. بەمەیان سەرەتا ژیانی نۆبز سەختتر دەبێت و خەوتنی شەوانی لێ دەڕوات نەبادا نھێنیەکەی ئاشکرا بێت چونکە پیاوێک لە ژوورەکەی دەخەوێت، و ھەر ئاشکراش دەبێت.کەئاشکرا دەبێت، بۆ ئەوەی نەترسێت، پەیج سینگی خۆی بۆ دەکاتەوە و لای نۆبزو بینەر دەبێت بەبابەتێکی سەیر: پەیج ژنە پیاو نیە! ئیدی لەوکاتەوە دەبن بەھاورَێ و نۆبز دەچێت بۆ ماڵیان و لەوێ شتی سەیرتر دەبینێت: پەیج کە ژنە، ژنیشی ھەیە!
لەم فیلمەدا پەیوەندیە چینایەتی و کۆمەڵایەتی و ئاینیەکان تێکەڵەیەکی وەھامان نیشان دەدات کە مرۆڤ دەخاتە دۆخێکی ژیانی تاڵەوە ئازارەکانی کەمتر نیە لەئازاری کەوڵکردن بەزیندوویی. نۆبزو پەیج لەبەر ھۆکاری سێکسی نەبوو رەگەزی خۆیان گۆڕیبوو، بەڵکو لەبەر ھەژاری و یاسا کۆمەڵایەتی و ئاینیەکان بوو. نۆبز مێیایەتی خۆی بیر چوو بوو تا ئەو کاتەی کچەکە داوای ماچی لێیکرد. لەگەڵ ئەمەیش، ساڵانێک بوو پوولی کۆدەکردەوە بۆ ئەوەی پرۆژەی سەربەخۆو تایبەتی ھەبێت، ئەم پرۆژانەی بەشێوەیەک بۆ کچەکە باس دەکرد کە لەبیری چووبوو خۆیشی ئافرەتە!

ھاوسەرەکەی پەیج ئەیزانی پەیج پیاو نیە، کەچی تەنانەت لەماڵەوە وەکو دوو ھاوڕێ بوون و نەیدەتوانی ژنانە بپۆشێت نەبادا دراوسێکان ھەستی پێ بکەن. پەیج کچبوونی خۆی وەکو نۆبز لەبیر نەکردبوو بەڵام باوەڕی وابوو، دەکرێت خێزانی ھەبێت و ئاسوودەش بێت، مادەم کۆمەڵگە وای لێکردبوو رەگەزی خۆی بشارێتەوە، بەڵام ھێشتا مرۆڤایەتی لەدەست نەداوە...کۆتایی فیلمەکە دیمەنێکی مرۆیی زۆر جوان نیشان دەدات نەمگەرەکە لە خوێنەری بسووتێَنم. لەگەڵ ئەمەیشدا فیلمەکە کۆمەڵێک پرسیارو بابەتی حەساس دەوروژێنێت کە ئارەزوو دەکەیت پتر لە جارێک بیبینیت.
ئەم فیلمە کە باسی سەدەکانی ناوەڕاستی ئەوروپا دەکات بەشێوەیەک لەشێوەکان کۆمەڵگەی خۆمانم بیر دێنێتەوە. تا ھەنووکەش زۆر کار ھەیە ژن بۆی نیە توخنی بکەوێت، ئەگەر کریشی دەبێ مێیایەتی خۆی بشارێتەوەو وەک پیاو رەفتار بکات! لەگەڵ ئەمەشدا، کوشتنی جەستەیی ئاسانترە لەکوشتنی دەروونی و ناچاکردنی مرۆڤ لەژیانێکی پڕ درۆدا بژی.
…………….
تێبینی: زانیاریەکانی دەربارەی فیلمەکەم لە شوێنی جیاوازی ئینتەرنێت وەرگرتووەو تەنیا وەسف و شیکردنەوەکان وشەی خۆمن.

2013-08-24

کۆنگرەی نەتەوەی بێ ژن!

ئەڤین ئیبراھیم فەتاح

بەگوێرەی ھەواڵ و وێنەکانی کۆبوونەوەو کۆنفرانسەکانی ئامادەکاری بۆ کۆنگرەی نەتەوەیی کورد کە بڕیارە لە ١٥\٩\٢٠١٣ ببەسترێت، ئەوا کۆنگرەیەکی فرە پیاوانە دەبێت. ئاخر لەگەڵ ئەوەی بڕیارە ٤٠% ئەندامانی کۆنگرە ژن بن کەچی تاک و تەرا نەبێت بوون و چالاکی ژن نابینرێت. لەکاتێکدا مافی کۆتا بووەتە مۆدێل لەناو حیزبەکان و پەیتا پەیتا لەکۆنگرەکانیاندا ژن دەکەن بە ئەندامی سەرکردایەتی و ئەندامی پەرلەمان و لەدەسەڵاتی حکومەتیش پشکی دەدەنێ، کەچی لەناو ھەندێک حیزب نەبێت بەشداری فیعلی ژن لەبڕیارو کرداردا نابینین! ئەمجارە بابپرسین خەتای خۆمانە یان پیاو؟

دوێنێ خەریکی نووسینی وتارێک بووم لەسەر فیلمی ئەلبرت نۆبز. فیلمەکە باسی ئایرلەندا بەتایبەتی و ئەوروپا بەگشتی لەسەدەی نۆزدەیەم لەو کاتەی کڵێسای کاسۆلیک خاوەن دەسەڵات بوو. ئەو زەمانە کڵێسا بڕیارێکی دابوو، ئافرەت بۆی نیە کار بکات جگە لە خزمەتی ماڵەوە. کۆمەڵگەی ئەوکات کۆمەڵگەیەکی چینایەتی بووە بۆیە ئەو ژنانەی ھەژار بوون و ناچاری کار کردن بوونە بۆ دابین کردنی بژێویان ناچار دەبوون قیان ببڕن و مەمکیان بشارنەوە و جلی پیاو بپۆشن و ناوی پیاو لەخۆیان بنێن بۆ ئەوەی بژین! ئەلبرت نۆبز ژنێکە ماوەی سی ساڵ بەناوو جلی پیاوەوە دەژیەت، تاڕادەیەک بیری دەچێتەوە خۆی ژنە..
گرفتی بابەتەکە ئەوەیە لە ھەموو کات و ھەموو شوێنێک ھێزی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئاینی و ئابووری ھەنە مرۆڤ ناچار دەکەن سروشت و بیرو ھەست و رەفتاری راستەقینەی خۆی بشارێتەوەو ماسکێک لەسەر دەموچاوی دانێت بەو شێوەیە نیشانی بدات کە ئەو ھێزانە گەرەکیانە. بۆ نموونە لەزەمانی ئەلبرت نۆبز ناچاریان کرد لەسادەترین مافی خۆش بێت و ماوەی سی سالڕ لەکاراکتەری پیاودا ژیا تا لەبیری چووەو خۆی ژنە. بەڵام، بەشێوەیەک لەشێوەکان ئەمڕۆ ھەمان شت لەگەڵ ژنی کورد دەکرێت. ئەوان بەناوی خوداو ئاینەوە دەیانکرد بەفەرمانی خودایی، کەچی ئەوانەی ئێمە بەناوی ھەردوک ئاین و نەتەوە. بەناوی ئاین کاتێک تا ھەنووکە ژن ئەگەر لەیاسا دوکتۆرای ھەبێت لەدادگا و بەئارەزووی دادوەر بۆ شایەدی جووتێک ژن بەرامبەر پیاوێکە تەنانەت ئەگەر ژنەکە پەرلەمانتاریش بێت کە کارەکەی یاسادانانە!

دووەم بەناوی نەتەوایەتی بیرو ھۆش و عەقڵی مێیایەتیمان لێدەسەنن، بۆ ئەوەی نەتەوەیەکی مەدەنی دەرکەوین لەبەردەم چاوی خەڵکی نەک ژنکوژ، مافی کۆتامان دەدەنێ و راپێچی حیزبەکانمان دەکەن بەمەرجێک وەک پیاو بیر بکەینەوە. لەم نێوەندەدا وەک ئەلبرت نۆبزمان لێ ھاتووە نازانین خۆمان ژنین یان پیاو چونکە شکڵمان ژنەو رەفتار پیاو. بۆ نموونە، ٤٠%ی ئەندامانی کۆنگرەی نەتەوەیی ژنن کەچی ناو و وێنەی چەند ئەندامێکی ژن دەبینین، ئەدی ئەو ژنانە چی دەکەن؟ ئەگەر چالاکیان ھەیە بۆچی وەکو پیاوەکان دیار نین، ئەگەر چالاکیان نیە بۆچی رازین وەک داھۆڵ دابنرێن و تەنیا بۆ دیمەنی مەدەنی کۆنگرە؟!

ئەلبرت نۆبز تاقە ژن نیە ئەمەی بەسەر ھاتبێت بگرە ئەم دیاردەیە تا ھەنوکەش ماوە تەنیا ئەوەیە جاران ژن نیشانەکانی مێینەی لەجەستەی دەشاردەوە، ئەمڕۆ جەستەو قیافەتی ژنە بەڵام دیسان ناچارە عەقڵی بکات بە عەقڵی پیاو ئینجا دەگات بەدەسەڵات.

2013-08-19

کۆمەڵ ویەکگرتووه‌ش تابووشكێنن..



ئه‌ڤین ئیبراهیم فه‌تاح

رۆژی 17\8\2013 له‌ پایته‌ختی هه‌رێم، کۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان و یەکگرتووی ئیسلامی كوردستان خۆپیشاندانیان ساز دا بۆ پشتیوانی له‌ ئیخوانیه‌كانی میسر و گێڕانه‌وه‌ی مورسی بۆ حوكم. جاشایه‌تی به‌ ئاشكراش تابوو شكاندنه‌، خۆ تابووی نه‌ته‌وه‌یش هه‌یه‌ جگه‌ له‌ تابووی ئاینی.

به‌ ڕواڵه‌ت كاری حیزبه‌ ئیسلامیه‌كان ئه‌وه‌یه‌ په‌یامی خودای موسڵمانان بگه‌یه‌نن، جا بۆ گه‌یاندنی ئه‌م په‌یامه‌ گه‌ره‌كیانه‌ كاری سیاسی بكه‌ن! با بزانین چۆن سیاسه‌ت ئه‌كه‌ن؟
ئه‌وانه‌ی له‌ مه‌یدانی عه‌ده‌ویه‌ مانیان گرتبوو هاتنه‌وه‌ ناو جاده‌ به‌ خۆو چه‌كه‌وه‌ و له‌ به‌رامبه‌ردا هێزی چه‌كداری میسر لێی دان و سه‌دان كوژراوی لێ كه‌وته‌وه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به ‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ كوشتن و چه‌ك نیم. پرسیار ئه‌وه‌یه‌ له‌م كه‌ین و به‌ینه‌دا‌ حیزبه‌ ئیسلامیه‌كانی كوردستان چییان هه‌یه‌؟ مانای چیه‌ خۆپێشاندان ده‌كه‌ن بۆ بابه‌تی ئیخوانی میسر؟ و له‌م هه‌رێمه‌ ده‌یان گرفت هه‌یه‌ نوقه‌یان لێوه‌ نایه‌ت؟ ده‌ی بۆچی له‌ دژی گه‌نده‌ڵی و كه‌میی خزمه‌ته‌كانی ئاو و كاره‌با خۆپێشاندن ناكه‌ن؟

ماوه‌یه‌كی فره‌یه‌ كوردی ڕۆژئاوامان ئه‌نفال و جینۆساید ده‌كرێن، ژن و مناڵه‌كانیان ده‌كرێن به‌ غه‌نیمه‌ و سه‌بیه‌ و كۆیله‌، ته‌نانه‌ت ڕێكخراوه‌ جیهانیه‌كان و حكومه‌تی جۆراوجۆر به‌ده‌نگ هاتن بۆ فریاكه‌وتنیان، كه‌چی ئیسلامیه‌كانی لای خۆمان له‌م لاوه‌ش كورد بۆ جیهاد ده‌نێرن! حكومه‌تیشمان خوا نه‌كات هه‌ڵوێستی هه‌بێت، هیچ نه‌بێت ڕێگه‌ له‌ كورد بگرن بۆ كوردكوژی، نه‌خێر ڕێگریی نه‌كرد! ئیدی كورد لایان قیروسیایه‌ و سندانی لێ بدات و بژی ئیسلام!!

به‌ڵگه‌ بڵاو بوه‌ته‌وه‌ له‌ مزگه‌وتی نوور له‌ سلێمانی كورد بۆ جیهاد ده‌نێردرێن، جیهاده‌كه‌ش له‌ دژی كورده‌!
گرفتی بابه‌ته‌كه‌ پرسیارێكه‌: ئایا ئه‌وه‌ی حیزبه‌ ئیسلامیه‌كان ده‌یكه‌ن؛ جیهاده‌ له‌ پێناوی خودا، یان به‌كارهێنانی خودایه له ‌پێناوی ده‌سه‌ڵات و مه‌رامی سیاسی؟
ئه‌م حیزبانه‌ له‌ دامه‌زراندنیانه‌وه نموونه‌ی پرسیاری دووه‌میان نیشانداوین، بۆ نموونه‌ رۆڵیان له‌ ئۆپۆزیسیۆنی ده‌سه‌ڵات زه‌قترین نموونه‌یه‌ كه‌ ئه‌وه‌ی خه‌می ده‌سه‌ڵاتیانه‌ خه‌می په‌یامی خوداییان نه‌بووه‌! به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ ئه‌نجامی ده‌ده‌ن و خۆپێشاندان بۆ خاتری چاوی مورسی و جاشایه‌تی.
تابوو واتا حه‌رامی ئاینی، به‌ڵام، تابووی كۆمه‌ڵایه‌تییش هه‌یه‌ كه‌ نه‌ته‌وه‌و و كۆمه‌ڵگا خیانه‌ت و خۆفرۆشتن حه‌رام ده‌كات. كه‌چی یەکگرتووی ئیسلامی و كۆمه‌ڵی ئیسلامیی ـ هه‌ردووك ـ كوردستان؛ شه‌رم ناكه‌ن به‌ ڕۆژی نیوه‌ڕۆ خیانه‌ت ده‌كه‌ن و بۆ ئیخوانی میسر خۆپێشاندان ده‌كه‌ن؟ ئه‌مه‌یش جۆریكی دیكه‌ی تابوو شكاندن.. لای كوردان ئاساییه‌ تابووی كورد كوشتن بشكێنن!!
سه‌یری ئه‌مه‌ بكه‌ وه‌ك ئۆپۆزیسیۆن ئێژن پارتی ڕێگه‌ی خۆپێشاندان ناده‌ن، هه‌ر خۆشیان خۆپێشاندان له‌ پایته‌ختی هه‌رێم بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی مورسی ده‌كه‌ن؟ ئه‌ی بۆ ئێستا پارتی هێنده‌ زه‌ریف بوون ڕێگه‌یان به‌  خۆپێشاندان دا؟
ده‌ی گریمان پارتی ڕێگه‌ی به‌م كاره دا چونكه‌ ڕه‌خنه‌ له‌ خۆی نیه‌... ئه‌دی ئه‌ی ئیسلامیه‌ موعاره‌زه‌كان؟! 

2013-08-17

بۆ حەزرەتی شێرکۆ بێکەس


ئەڤین ئیبراھیم فەتاح

بۆ شاردنەوەی نەنگی خۆمان
دەلاقەی گەورەی درۆمان
بۆ ئەوەی خۆمان تەفرەدەین
وەک لەوەو بەر ھیچمان نەکرد!
ھەر ھیچ نەکەین
ھاتین گەڕاین
کەوتینە دزی گزی و فزی
لە قوژبنی مێژووی کۆندا
خوێندەوارمان کەوتنە دزی
کەسانی تر، مایەو مووری گەلانی تر
ھەموو دنیایان کرد بە کورد!
پێغەمبەریان کرد بە کورد!
ھەتا ئادەم و حەواشیان ھەر کرد بە کورد!
نەیان پرسی:
ئەی بۆچی کورد
دوو ھەزارو پێنج سەد ساڵە
بۆ خۆی ھیچی بەھیچ نەکرد؟
شێرکۆ بێکەس ١٩٦٩
ھەفتەی رابوردوو ھەواڵی فرەناخۆشی کۆچی دوایی شاعیری نەمر شێرکۆ بێکەسمان بۆھات. ھەر ئەو ھەفتەیەش فرە وتارو قسەو فەرمایشتەمان لەسەر شێرکۆ و وەسیەتنامەکەی خوێندەوە و بیست. ئاخر بێکەس لەمردنیشدا لە رەَچە شکاندن و یاخیبوون و داھێنان نەوەستا. وەسیەتی کرد لە پارکی ئازادی بنێژرێت.
قوربان مەپرسە، ئەم وەسیەت نامەیە شایلۆغانی نایەوە، بەھەزار حاڵ تا ھاتە دی، دەتگوت تەواوی کورد ئەوەیان گرفتە و ھیچی تر!
خەڵکی ببونە دوو بەرەوە یەک لەگەڵ یەک دژ. تا شارەوانی رازی بوو ملی شەیتان بشکێنێت و وەسیەت نامەی گەورە شاعیر بێنێتە دی، ھەزار ویەک بت شکا!
 ئیسلامیەکی سەلەفی ساڵح نوسیبووی: پێم باشە وەسیەتەکەی بێننە دی و لە پارکی ئازادی بینێژن چونکە بێکەس کەسێکی موسڵمان نەبووەو شوێنی لە گۆڕستانی موسڵمانان نابێتەوە. ھاوڕێکەشم بۆی نووسیبوو: بیکەس کوردەو پێویستی بە گۆڕستانی موسڵمانان نیە! منیش پرسیم: بۆچی پارکی ئازادی کە پڕە لە گۆڕی شەھیدو ئەو سەلەفیە وا لەسایەی خوێنی شەھیداندا لە ھەرێمێکی نیمچە ئازاددا دەژی، پێی وایە ئەو شەھیدانە کافر بوونە؟ ئەگەر وایە کاکی سەلەفی بێکەس راستی پرسی: ئەی بۆچی کورد
دوو ھەزارو پێنج سەد ساڵە
بۆ خۆی ھیچی بەھیچ نەکرد؟

جێندەر باڵانس لەم بابەتەدا لە نێوان بێکەسی شاعیرو رۆشنبیرو داکۆکیکاری مافی یەکسانیی ژن و پیاو و ئیسلامیی سەلەفیە. یەکەمیان بەرەو پێشکەوتن و ھاتنە دەرەوە لە زیندانی و کار و داھێنان ھانی دەدات، لای دووەمیش ئاساییە ببێت غەنیمەو ئەنفال و سەبیەو کویلەی موجاھیدین چونکە کوردە، ئەگەر نا ئەوا جیھادی نیکاح باشترین چارەسەرە بۆمان؟!
لەکاتی نووسینی ئەم وتارە بیرم دەکردەوە: مامۆستا شێرکۆ بێکەس، بەگەورەیی خۆت ئیزن وەردەگرم و وەک ژنێکی کورد و تەنیا بەناوی خۆم وەسیەت دەکەم ئەگەر مردم مەمبەن بۆ گۆڕستانی موسڵمانان، ھەر مەمنێژن، بەلکو تەرمەکەم بسووتێنن و سوتماکەکەی بپروێننە ناو ئاوی سیروان بەڵکو لەوێ تێر ئاو بم کە عەرەب و ئیسلامی نەیانھێشت لەژیاندا تێر ئاوی لێ بخۆمەوە و ھیچ کارم بە گۆڕستانی داگیرکەرانم نیە...
دوای ئەم وڕێنەیە بیرم ھاتەوە لەکۆمەڵگەی نەریتی کەس گوێ بە وەسیەتنامە نادات، ھەر ھاوسەرم کە کۆچی کردووە دەیگوت کەس پرسەم بۆ دانەنات، کەچی لەپرسەکەیدا من تووشی ھەزار ناوو ناتۆرە بووم چونکە قایل نەبووم مەلا ژنەی بازنگ لەدەست بێنم و پارەی قورعان خوێندنەوەی بدەمێ.. ئاخر مۆدێلی مەلاژنەیە لە پرسەکانی ژنان!