2013-08-03

رۆژ باش کچە گەریلا

ئەڤین ئیبراھیم فەتاح

نەورۆزی ئەمساڵم لەقەندیل کردو راپۆرتەکەشم ھەر لە ھەواڵ بڵاو کردەوە. لەوێ و فرە نزیک چاوم بە کچە گەریلا شاد بوو.
کاتێک لەکچە گەریلایەکی شۆخ و شەنگ دەپرسیت: بۆچی ھاوسەرگیری ناکەیت و خێزان و ماڵ و مناڵ پێکناھێنیت؟ بە شێنەیی وەڵامت دەداتەوە: ھەڤاڵ، باڵندە تا ھێلانەی نەبێت، ھێلکە ناکات!
 کوردستان بەش بەشە، لەبەشێک کچان و ژنان خەریکی دروستکردنی ھێلانەن، ژیان و جوانی خۆیان بۆ ئەو مەبەستە تەرخان کردووە، کەچی لەبەشەکانی دیکە، لەسەر بچوکترین شت و بەناوی ناموسەوە دەکوژرێن!
 بۆچی حیزبی پ.ک.ک لە ھەموو حیزبە کوردیەکانی دیکە ژنی زیاتر تیایەو بۆچی ژنانی ئەوان بەو شێوەیە قارەمانن کە دوژمنەکانیان لە خودا دەپاڕێنەوە: خودایە ئەگەر تووشی شەڕی گەریلا بوین، گەریلای کوڕ بن نەک کچ! ئەمیش مانای ئەوە نیە گەریلای کوڕ ئازاو بوێر نین، بەڵام کچە گەریلا ناسراوە بەوەی لەجەنگداو بەرامبەر بەدوژمن دڕن.
کۆمەڵگەی کوردی بەگشتی کۆمەڵگەیەکی داخراوی توندوتیژە بەرامبەر بە ژن. باکووری کوردستان لەبەشەکانی دیکەش داخراوترە بۆیە کچ یان ژن:
-        لەماڵەوە دەستبەسەر، لە ناو گەریلا ئازادە.
-        لەماڵەوە بێدەسەڵات، لەناو گەریلا خاوەن دەسەڵات
-        لەماڵەوە خزماتکارو فیداکاری ماڵ و منداڵ و کەس و کار، لە ناو گەریلا فیداکاری نیشتیمان
-        لەماڵەوە ژێر چەپۆک، لەناو گەریلا دوژمنی گەل و نیشتیمانی لە بن چەپۆک ناوە
-        لە ماڵەوە ئەمری بەسەر دەکرێت، لەناو گەریلا ئیرادەی ھەیەو خۆی بەرپرسی خۆیەتی
-        لە ماڵەوە، ترسنۆک، پاشکۆ، تەنانەت لەتەنیایی و تاریکیش دەترسێت، لە ناو گەریلا شەو و تەنیایی لێی دەترسن
-        لە ماڵەوە عەورەت و مایەی شەرمەزاری و رووشانی شەرفی خێزان، لەناو گەریلا مایەی شانازی و پارێزەری شەرفی میللەتێک و خاک و نیشتیمانەکەی نەک تەنیا یەک خێزان.
واتا ھەمان مرۆڤ لە دوو ستایلی جیاوزای ژیان، کۆیلەو ئازاد.
دوای ھەموو ئەمانە دەپرسن بۆ چی ئەو کچە نازدارانە مێیایەتی خۆیان لەدەستداوەو لەبری ئاوریشم و تافتەو قەدیفە جلی زبری پێشمەرگەیان پۆشیوە؟! ئاخر لای ھەندێ کەس وایە کچە گەریلا مێیایەتی خۆی لەدەست داوەو لەش و لارو باسک و دەموچاوی ناسکی مێینەی پێوە نەماوە.
ھەر میللەتێک لە دونیا تا وڵاتی داگیر کرابێت وەکو کۆیلەی داگیرکەرە، واتا، کچی کورد کۆیلەی کۆیلەیە. بەمەیش کچە گەریلا، کچە کوردێکە قایل نیە بەوەی کۆیلەی کۆیلە بێت، بە شێوازی ژیانی گەریلایەتی و مەشق و راھێنان کەسایەتی و جەستەی ئەم کچانە ١٠٠% گۆڕاون لە ستایلەکەی مالەوە بۆ ئەوەی ناو گەریلا.
کچە گەریلا مێیایەتی لەدەست نەداوە بگرە بۆ ماوەیەکی کاتی لە ناسکی لەش و لارو روخساری مێینە خۆش بووەو خۆی کردووە بە فیداکاری کەرامەتی نەوەی دیکە بۆ ئەوەی وەکو ھەر مرۆڤێکی ئازاد و خاوەن وڵات و ھێلانە بژین و سەقامگیر بن.
کچە گەریلا جوانترین و بەھادارترین نموونەی کچە کوردە کە میژوو و داھاتووش ستایشی بۆ دەکات و ھەموومان قەرزارین.