2013-05-27

بەڵێ بۆ ئەنجیلینا جولی


ئەڤین ئیبراھیم فەتاح

چەند رۆژێکە ھەواڵی سەردانەکانی ئەستێرەی شۆخ و شەنگ و مرۆڤ دۆستی ھۆڵیوود ئەنجیلینا جوولی میدیای ناوخۆیی و ھەرێمی و جیھانیشی پڕ کردووە. خاتو جولی لەدووەمین سەردارنی مەیدانیدا بۆ کامپی پەنابەرانی بەسیفەتی باڵیۆزی UNHCR. لەو وڵاتانەش لەئاستی سەرۆک و سەرەک وەزیران بەفەرمی پێشوازی لێکراوەو سوپاسی ھەوڵ و کۆششی کراوە. بۆ نموونە، لەرۆژی ١٦/٩/٢٠١٢ دا سەرۆک وەزیرانی خۆمان، کاک نەیچیروانی پێشوازی لێکردو لەگفتگۆکەدا باسی ئەوەی کرد کە پتر لە بیست و چوار ھەزار پەنابەری سوریا لەکوردو عەرەب پەنایان بۆ ھەرێمی کوردستان بردووەو حکومەتی ھەرێم بەبڕی دوو ملیۆن دۆلار ھاوکاری کردوون.

سەردانەکەی خاتوو جولی (جگە لەدەستخۆشیکردن) دوو کاردانەوەی سەیرم لێبینی، یەکەم، ھەندێک لەو کەسانەی بەناوی ئیسلامەوە دەدوێن، دەڵێن، گرفتی نێوان(موسڵمانان دەقۆزێتەوەو کار بۆ فراوانکردنی پانتایی ناوبانگی خۆی دەکات). دووەم، لەپەیجێک لەوانەی بەناوی ھونەرمەندێکی ناسراو لەفەیس بووک کراوەتەوە دوو رخنەم بینی: یەکەم، ئەدی بۆچی حکومەتی ھەرێم ئەو جۆرە پێشوازیە لەھونەرمەندانی خۆمان ناکات؟ دووەم، لەپێشوازیەکەدا نەئافرەتان و نەژنان و ... دیار نەبوون، رێک نووسیویەتی، بۆچی ئافرەتانتان لەو ئەرکە بێبەش کردووە؟
یەکەم، کەسایەتییەک پێگەی باڵیۆزی نیازە باشەکان لەنەتوەوە یەکگرتووەکان وەردەگرێت نازناوو ناوبانگ و کاریگەری خۆی لەسەر حکومەت و جەماوەرو رای گشتی لەسەر بابەتێکی مرۆیی بەکار دێنێت، نەک پێچەوانەکەی. واتا، کاتێک خاتو ئەنجیلینا جولی لەگیرفانی خۆی دووسەد ھەزار دۆلار دەبەخشێت و ژیانی خۆی دەخاتە مەترسیەوە بۆ بڵاوکردنەوەی ھوشیاری سەبارەت بەپرسێک جگە لەرەوشتی بەرزی مرۆڤایەتی ھیچی دیکە ناچێتە گیرفانیەوە چونکە خۆی لەبنەڕەتدا دەوڵەمەندە ھەم بەعەقڵ ھەمیش بەناوبانگ و گیرفان، ئیدی موزایەدە بەناو ھەر دین و سیاسەتێکەوە لەسەری بکرێت زیادەیە.
بۆ نموونە، ماوەی پتر لەساڵ و نیوێکە گەلی سوریا دووچاری کوشتن و برَین و ئەتککردن بوون بەدەستی شوبەیحەکانی ئەسەدەوە. راپۆرتە ھەواڵیەکانی دەڵێن نزیکەی ملێۆن و نیوێک ھاوڵاتی ئەو وڵاتە بەرەو وڵاتەکانی دراوسێ پەنایان بردووە کەنیوەیان منداڵن. وڵاتانی لوبنان، تورکیا، ئەردەن و عێراق سنوورەکانیان بۆ قۆربانیانی ئەسەد واڵاکردووە. راپۆرتەکان دووپاتی دەکەن، پتر لەپانزە ھەزار ژن ئەتککراوەو، ھەندێکیان کوژراون، کوژراو ھەندێَکی دیکە وا لەپرۆسەی چارەسەردان، بەڵام کوشتن و بڕین و ئەتککردن بەردەوامە. ئەم ھەواڵانە لەو ماوەیەدا زۆر بڵاوکرانەوە بەڵام ماوەی ئەم چەند رۆژەی سەردانەکەی ئەستێرەی ھۆڵیوود بڵاوکردنەوەو کۆکردنەوەی سۆزو ھاوکاری چەندین جار بەرابەر کرد.
دووم، رێزم بۆ ھونەرو ھونەرمەندانی کورد ھەیە، بەڵام پێشوازیکردنی ئەستێرەیەکی جیھانی بۆ ھاتنی بەمەبەستی پشتگیری قوربانیانی دەسەڵاتی دیکتاتۆری دڕندەی وڵاتێک کەزۆربەی قوربانیان کوردن، ھەق وایە ھونەرمەندانی ێمە ھاندات پتر کار بۆ بەرژەوەندی قوربانیان بکەن نەک ئەوکات گلەیی پێشوازینەکردنیان بکەن!
 مێنە بەھەموو نازناوەکانیە لەکۆمەڵگەی ئێمەدا بزرەو نازانم لەکەیەوە لەخەمی ئەوەدان خانمێک بەشداری پێشوازی جولی بکات؟
گرفتی بابەتەکە ئەوەیە کۆمەڵگەی ئێمە ھێندە توڕەیە لەحکومەت و دەسەڵات تەنانەت ھەوڵی خێرخوازی خێرخوازانیش بەگومانەوە دەبینێت، دەواز بێنن، مادەم ئێمە نایزانین، بادیانەکان خێری خۆیان بکەن!
 .................................

بۆ ھەواڵ ژومارەی ٨٤