2013-05-13

مالينا.. Malena

ئەڤین ئیبراهیم فەتاح


فیلمێکی ئیتاڵیە لە ساڵی ٢٠٠٠ لە ئیتاڵیا بەرھەم ھاتووەو پەخش کراوە. پاشان لەھەمان ساڵ لەویلایەتەکانی لۆس ئەنجلس و نیویۆرک لەئەمەریکا پەخش کراوە. دوابەدوای ئەمانە پەخشی فیلمەکە لەھەموو ئەورپا کراوە، دوو جار بۆ خەڵاتی ئۆسکار دەستنیشان کراوەو چەندین خەڵاتی ئیتاڵی و ئەوروپی بەدەست ھێناوە.
فیلمەکە لەدەرھێنان و سیناریۆی گیوسپی تۆرینتۆرێ، سیناریۆکەی لەنووسەری رۆمانی مالینا  لوسیانۆ ڤیسینزۆنی وەرگرتووە. ھەروەھا لە نواندنی مۆنیکا بلووچی (مالینا سکۆردیا) و گیوسپی سەلفارۆ (ریتانۆ ئەمۆرۆسۆ). ماوەی فیلمەکە ١٠٩ خولەکە.
رووداوەکانی فیلمەکە لەشارۆچکەی سیسیلی (عەرەب کردوویانە بەسقلیە) یی ئیتاڵی روودەدەن لەسەرەتای چلەکانی سەدەی رابوردوو لەکاتی جەنگی جیھانیی دووەم. مالینا سکۆریا ژنێکی ٢٤ ساڵی یەکجار جوانە، ھاوسەرەکەی رۆیشتووە بۆ جەنگ و نەھاتوەتەوە، بۆحۆشی باوکێکی پیری ھەیە خزمەتی دەکات و بێکارە، بەڵکو بەرامبەر بەچێژوەرگرتن لەجەستەی و پێشێلکردنی مۆڤایەتی و مێیاتی لەلایەکەوە خواردنی دەدەنێ و لەلایەکی دیکەوە دەیان بوختانی بۆ ھەڵدەبەستن. لەم کارەدا پیاوەکان گورگ ئاسا گۆشتی ھەنجن ھەنجن دەکەن و توندوتیژی ژنەکانیش کەمتر نیە لەبەر ئەوەی دەرەقەتی پیاوەکانیان نایەن کەچاویان بڕیوەتە مالینا. لەم نێوەندەدا، تەنیا ھەرزەکارەکان دەمێنن دەست و زمانیان بۆ مالینای شۆخ و شەنگ بوەشێنن، ئیدی ئەوانیش بەیانیان و لەکاتی چوونە دەرەوەی مالینا لەشوێنێک ریز دەبن و بەچاوو و قسەکانیان تیربارانی دەکەن. یەکێک لەو مێردمنداڵانە (ریتانۆ ئەمۆرۆسۆ) بەپاکی و بەرائەتی منداڵ عاشقی مالینا دەبێت و بەپاسکیلەکەی دوای دەکەوێت...
رەنگ و رووناکیی و جل و بەرگ و ئیکسسوارو مۆدێلەکانی بڕینی قژ و تەنانەت مۆزیکی فیلمەکەش دەمانگێڕێتەوە بۆ ساڵانی جەنگی جیھانیی دووەم. فیلمەکە بریتیە لەتێکەڵەیەکی سیحراوی لەنێوان سیاسەت و عەشق و جوانی کەپارچەیەکی ھارمۆنی جوان و راستگۆ نیشاندەدات لەبارودۆخی ئافرەتی ئەوکات لەوشوێنداو لەلایەکی دیکەوە وێرانی ئیتاڵیا لەنێوان جەنگ و سیستمی فاشی نیشان دەدات. تراژیدیایەکە ژنی کۆمەڵگەی خۆمان ورد ھەستی پێدەکات، بەتایبەتی ئەو ژنانەی بەھەر ھۆیەکەوە بێت لەگەڵ ھاوسەریاندا ژیان بەسەر نابەن.
ناونیشانی فیلمەکە و رووداوەکانی
فیلمەکە بەدەنگی مێردمنداڵەکە دەست پێدەکات (ریتانۆ) کەزۆری سەبارەت بەمالینا بیستبوو، بەڵام یەکەم جار بوو بیبینێت ئەو رۆژە بوو کەدەبێت بەخاوەنی پاسکیل و لەریزی ھەرەزەکارەکاندا لەسەر رێگای خانم دەوەستن. دیمەنکە ئەو کاتە نیشاندەدات کەمۆسۆلینی جەنگی لەدژی فەرەنساو ئەڵمانیاو بەریتانیای مەزنی راگەیاندبوو، خەڵکی لەگۆڕپانی شارۆچکەدا راوەستابوون گوێیان لەدەنگی بەرزی رادیۆ دەگرت و خۆشیان بۆ ئازایی دۆچی و جەنگ ھەڵکیرساندن دەنواند. لەم کاتەدا مالینا خۆی دەگۆڕێت و لەماڵدا بەدەردەکەوێت، مێردمنداڵان بەپاسکیلەوە ریزیان گرتووە و یەکیکیان دەچڕێت: مالینا ھات! ئالێرەوە ھەستێی شەھوانی پیاوانە لەناخی ریتانۆ پەیدا دەبێت و ھەست دەکات زۆر حەزی بەجەستەی ناسک و تەڕی مالینا دەکات و چیتر ئەو گەورەبووەو بووە بەپیاو!
ناونیشانی فیلمەکە لەناوی خانمی پاڵەوانەکەیەوە ھاتووە کەلەیەکەم دیمەنەوە دەرھێنەر نیشانمان دەدات: مێردمنداڵەکان لەقوتابخانەدا باسیان باسی لەشولاری مالینایەو گاڵتە بەباوکی دەکەن کەکچەکەی بەرەلڵایە. بۆ ئێوارە دیمەنی مالینا خەڵی ریتانۆ دەتەنێو ھەست دەکات شەوق و ئارەزوویەکی یەکجار زۆری بۆی ھەیەو چەندین دیمەنی دواندنی لەبیرکردنەوەی بێتاوانی منداڵی خۆی لەگەڵ خانمەکە دروست دەکات.
لەلایەکی دیکەوە شەرتاشخانەی شارۆچکەکە نیشاندەدات باس باسی مالینایە، ئەو ژنە شۆخ و شەنگەیە ھاوسەرەکەی بەتەنیا بەجێی ھێشتووەو چووە بۆ جەنگ، ریتانۆ تێبینی دەکات چۆن ھەموو پیاوەکان شەیدای جەستەو جوانی مالینا بوون و چۆن چیرۆکی گەرموگوڕی لەدەوردا دەھۆننەوە و نیگەران دەبێت.
کاریگەریی مالینا لەسەر ریتانۆ پەرەدەستێنێت و چیتر رۆژانە بەوردی چاودێری دەکات، چ لەدەرەوەی ماڵ یان لەناو ماڵەوە کەکونێک لەدیواری ماڵەکەی دەکات و بەنھێنی تەماشای دەکات، لێرەوە بینەر لەگەڵ ریتانۆ لەنزیکەوە ئاشنای کەسایەتی مالیناو گرفت و ئازارەکانی دەبێت.
مالینا بەجلێکی تەنکە دانیشتووە گوێ لەھەواڵ جەنگ دەگرێت، وێنەی ھاوسەرەکەی بەجلی سەربازیەوە لەپشتی ھەڵواسراوە، لەتەنیشتیشی وێنەی  ئاھەنگی بووکێنی.
لەدیمەنێکی دیکەدا شکانەوەو شەوقی مالینا بۆ ھاوسەرەکەی نیشاندەدات کاتێک ریتانۆ بەدووربینێک تەماشای دەکات، لەناو باخچەکە دانیشتووەو نامەی ھاوسەرەکەی دەخوێنێتەوەو ماچی دەکات. جارێکی دیکە باوەش بەوێنەی ھاوسەرەکەیدا دەکات و لەسەر ئاوازی مۆزیک لەگەڵ وێنەکەدا سەما دەکات.
لەگەڵ گەڕان و سوڕانی مالینا پیاوان فیتەی بۆ دەکێشن و قسەی نالەباری پێ دەڵێن و ریتانۆش بەپاسکیلەوە بەدواوەیەتی تاکو دەچێتە ناو ماڵێکەوە، کوڕەکە وادازێنێت عەشیقێکی نھێنی ھەیە، کەچی دەردەکەوێت باوکە نەخۆشەکەیەتی و خزمەتی دەکات.
ھەواڵی کوژرانی ھاوسەری مالینا دەگەڕێتەوە، ھەموو خەڵکی شارۆچکە کۆدەبنەوە کەچی مالینا لەسووچی ماڵەکەی خۆیدا دڵتەنگەو نەچوەتە دەرەوە. پیاوو ژنی شارۆچکە دەیان چیرۆکی لەسەر ھەڵدەبستن و لەبەر ئەوەی جوانترین ژنی شارۆچکەیەو  نادەدەت بەدەستی پیاوانی تەماحکارەوە.
ناکۆکی لەنێوان مولازم کادی و پزیشکی ددان لەسەر مالینا روو دەدات و بەدەست لەیەکتری دەدەن، ئەمە بەس بوو بۆ ئەوەی ناوێکی دیکە بێتە پاڵ ناتۆرەکانی مالینا: ماڵ کاولکەرە! ئەمجارە دەچێت بۆ خزمەتی باوکی بۆ ئەوەی ببینێت ئەویش لێی توڕەیەو قسەکانی خەڵکی بیستووە کەمالینا ھیچ تاوانێکی نەکردووە!
لەیەکەمین ھەنگاویدا لەسەر ئەو رێگایەی کۆمەڵگە بۆی دەنەخشێت، پزیشکی ددان داوایەکی یاسایی لەسەر خۆی و مولازم کادی تۆمار دەکات، بەھۆی پارێزەری داکۆکیکار مالینا داواکە دەباتەوە، بەڵام باجەکەی بەزۆری و ناچاری لەمرۆڤایەتی و جەستەی دەدات!  ریتانۆش ھەموو ئەم رووداوانە دەبینێت و جگە لەوەی جار بەجار دەچێت بۆ کڵێساو بەدڵپاکیی خۆی گلەیی لەخودا دەکات: بۆچی مالینا لەدەستی ئەم دڕندانە ناپارێزیت؟!
بارودۆخی ئابووری وڵات بەھۆی جەنگەوە خراپ دەبێت و مالینا ھێشتا بێکارەو لەبۆردومانی ھێزەکانی ھاوپەیمانی باوکیشی دەکوژرێت. واتا، ژنێکی جوانی بێ باوک و ھاوسەر لەشارۆچکەێکدا بەتەنیا و بێ کارونان ھەموو چاوێان لێی بڕیوە، دەبێ چی لێبێت؟ لێرەوە دەکەوێتە بازنەی نەھامەتیەوە. قژە رەشە درێژەکەی دەبڕێت و ھاوڕێتی ژنێکی لەشفرۆشی ناسراو لەشارۆچکەەکە دەکات وبڕیار دەدات لەبەرچاوی ھەموان ئەو کارە بکات وەک بڵێ: ھیچم نەکردبوو بەبرسێتی و تەنیایی ژیام نەکەس رەحمی پێکردم و نەزمانتان وازی لێھێنام، ئیتر باسی بەھای چی دەکەن؟
درۆوو دووڕویی شارۆچکەنشینەکان دەستی پێکردەوە و کەس نەدەوێرا توخنی بکەوێت یان ناوی بھێنێت لەبەر ئەوەی ھاوڕێتی سەربازە ئاڵمانەکانی دەکرد کەبراوەی جەنگ بوون. بەڵام ھەمان خەڵکی دووڕوو بەدۆڕانی ئاڵمانەکان لەجەنگ، کۆمەڵێک ئافرەتی نابووتی داخ لەدڵ لەدیمەنێکی ھەرە توندوتیژی فیلمەکە، مالینا بەقژ رادەکێشنە دەرەوە قژی دەبڕن و بەجنێوو وقسەی سووک ریسوای دەکەن و جلەکانی لەبەردا دەدڕێنن شارۆچکەبەدەر دەبێت... ئەم دیمەنە لەبیرەوەری ریتانۆ دچەسپێت و ھەرگیز بیری ناچێتەوە.
لەپێشھاتێکی دیکەی چاوەڕوان نەکراودا، ھاوسەرەکەی مالینا، مولازم نینۆ سکۆردیا دەگەڕێتەوەو دەردەکەوێت ئەو نەکوژراوەو تەنیا دەستێکی لەدەست داوە. ئەمجارەیان خەڵکی شارۆچکەەکە وێڕای گاڵتەکردنیان بەقارەمانێک کەژیانی خۆی بۆ وڵات بەخت کردبوو، تانەیان لێدەدا: ژنەکەت لەشفرۆشی و خیانەتی کردووەو لەگەڵ سەربازی ئاڵمانی نووستووە!
فیلمەکە ھیوایەکی سەیر بەمالینا دەبەخشێت (کەدوور لەھۆڵی سینەماکان ئەگەری زۆر دوورە) ریتانۆ نامەیەک بۆ ھاوسەرەکەی دەنووسێت وردو درشتی بێتاوانی مالینا دەگێڕێتەوە چۆنێتی مامەڵەکردنی لەلایەن شارۆچکەنشینەکانەوە، و چۆن بەزۆری زۆرداری پاڵیان پێوە ناوە بۆ ئەو شوێنەو پاشان شارۆچکەبەدەریان کردووە، لەکۆتایشدا ناونیشانی شوێنەکەی بۆ دەنووسێت.
مولازم سکۆردیا دەچێت و دوای ساڵێک مالینا دەگێڕێتەوەو دەست لەناو دەستی دێتەوە بۆ شارۆچکەەکە، ئەمجارە شارۆچکەنیشینەکان واز لەدووڕووی خۆیان ناھێنن، ئەمجارە رووی خۆش و خواردن و میوەی بەخۆڕایی و رێز و ریایی دونیای بۆ دەکەن!

پرسیارو رەخنەو پەیامەکان:
لەسەرتای فیلمەکە گرووپی مێردمنداڵەکان لەدیمەنێکدا نیشاندەدات پارچە شووشەیەک (زووم_عەدەسە) کەتیشکی ھەتاو چڕ دەکاتەوە بەدەستی دانەیەکیانەوەیەو لەسەر مێروولەیەکی تەنیاو ئارام رادەگرێت تا دەسووتێت و دووکەڵی لێدەردەچێت، ئەوەکانی دیکەش بەخۆشی و دەشتخۆشیەوە چەپڵەی بۆ لێدەدەن لەنێوان ژینگەیەک لەدووبارەکردنەوەی دوعاو نزای ئاینی! بارودۆخی مالینا لەمێروولەکە باشتر نەدەبوو ئەکەر ریتانۆ فریای نەکەوتباو چیرۆکەکەی بۆ ھاوسەرەکەی نەگَیڕابایەوە. ئەم دیمەنە دڕەندەی رەفتارو داڕوخانی ئەخلاق و بەھا کۆمەڵایەتیەکانی کۆمەڵگەیەک کەسیاسەتی حیزبی فاشیی دیکتاتۆر و جەنگ وێرانی کردووە. کۆمەڵگەیەک بوون لەترسی مۆسۆلینی و حیزبی فاشی و داگیرکەر کڕنووشیان دەبرد، بەلام ئەوپەڕی نائەخلاقی و دڕندەیی خۆیان بەرامبەر بەمەخلووقێکی جوانی بێ وەی دەردەبڕی!
لای ریتانۆ، مالینا تەنیا ژنێکی شۆخ و شەنگ نەبوو بوختانی بۆکرابێت و پاشان سوکایەتی و شار بەدەر بکرێت، بەڵکو، ھێمایەکیش بوو بۆ دیمەنی ئیتالیای ئەو کاتە کەلەژێر دەستی داگیرکەرو جەنگ لەلایەک و لەلایەکی دیکەشەوە حوکمی مۆسۆلینی فاشی بەتەواوەتی داڕوخابوو. وڵاتێک بوو بەبێ تاوان ئەتک دەکراو پاشان سووکایەتیشی پێوە دەکرا. پیاوەکانی ئەو کۆمەڵگەیە بەرامبەر بەفاشیزیم و بێدەنگ دەبوون و نەیاندەوێرا ورتەیان لێوە بێت، بەڵام بەرامبەر بەمالینا، یان منداڵەکانیان بەدڕندەترین شێواز رەفتار دەنوێنن. بۆ نموونە، لەدیمەنێکدا، باوکی ریتانۆ توڕە دەبێت و لێیدەدات، ئەویش دەڵێ: ئەگەر وازم لێنەھێنیت ئەوا دەڵێم باوکم نایەڵێت بچمە ناو حیزبی فاشیەوە، لێرەدا باوککە کڕو بێدەنگ دەبێت!
فیلمی مالینا ئەمڕۆی لەزۆر رووەوە باروودۆخی کۆمەڵایەتی خۆمانم دێنێتەوە بەرچاو. لەکۆمەڵناسیدا ھاتووە، یەکێک لەئەنجامەکانی جەنگی درێژخایەن ئەوەیە سیستمی بەھاکان تێک دەچن. واتا، ئەوەی جاران پیرۆز بوو و خەڵکی داکۆکیان لێدەکرد دەگۆڕێت ئیدی بەھای نوێ دێتەکایەوە، بەھا نوێکانیش ماوەی زۆریان گەرەکە تاشوێنی خۆیان بگرنەوە بۆیە ھەموو جۆرە رەفتارێکی دڕندەو خراپ دەبینرێن. ھەروەھا جۆرەھا دووڕووی و نەخۆشی کۆمەڵایەتی دەردەکەون.

ئەگەر لەزۆر ئەدەبیاتی دونیا ئافرەت ھێمای وڵات و زەوی بێت، واتا، لەھەر کۆمەڵگەیەکدا ئافرەت سووک بکرێت، وڵاتیش سەنگین نابێت.