2013-05-15

سۆپەر تەڵاقی دیجیتاڵ!

ئەڤین ئیبراھیم فەتاح

بەرزنرین رێژەی جیابوونەوەی ھاوسەران (تەڵاق) لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا بەدی دەکرێت (٦٧%)، نزمتریبن رێژەی لەھیندستانە (١١%). گرفتەکە لای خۆشمان دەبینرێت و ساڵ بەساڵ روو لەزیادبوون دەکات.

 لەوڵاتە مۆدیرنەکاندا کەلتووری یاسای فەرمی لەوەی نافەرمی بەھێزترە. لە وڵاتانی خۆرئاوا ھەر ھاوسەرێک بۆی ھەیە نیوەی سامانی ھاوسەرەکەی بەیاسا وەرگرێت ئەگەر ھاتو بەڵگەی خیانەتی ھەبوو، ئەمیش بۆ ھەردوو جێندەر ھاوتایە. بیرمە چەند ساڵێک پێش ئێستا دەزگاکانی راگەیاندن وەک شتێکی سەمەرە باسی جیابوونەوەی ئەکتەری ئەمریکی ھاربسن فۆرد لەھاوسەری، سیناریست میلیسا ماتیسن دەوروژاند، ئەمیش بە بڕی ١١٨ ملیۆن دۆلاری ئەمەریکی بۆ بەرژەوەندی خاتو میلیسا کۆتایی ھاتبوو!
یاساکانی تەڵاق لەھیندستاندا جیاوازن و پێشکەوتنی تەکنۆلۆژی لەچوارچێوەی داب و نەریتی کۆمەڵایەتی سەخت و توندویژو داخراودا جیاوازتری کردووە. بۆ نموونە، تاکو ساڵی ١٩٧٤ لەو وڵاتەدا ژنی تەڵاقدراو ھیچ مافێکی لەسەر پیاو نەبوەو تەنانەت مافی جلەکانیشی نەبووە، ھەر بەجلی بەریەوە لەماڵ دەردەکرا، وێڕای ئەوەی لەرووی کۆمەڵایەتیشەوە نەنگی بووە. پاشان یاساکە گۆڕا، خۆمان ئاسا، یاسای نافەرمی بەسەر کۆمەڵگەدا لەیاسای فەرمی زاڵترە، کەمتر پەنایان بۆ دادگا دەبرد، بەڵام ساڵ بەساڵ و لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیای گرفتەکە قووڵتر بوو!
لەمانگی چواری ئەمساڵدا لەھیندستان دیاردەیەکی نوێ سەری ھەڵداو دیسان ھاواری ژنانی موسڵمانی ھیندی راگەیاندنی ھەژاند تاکۆ یاسادانەر ناچار بوو یاسایەکی نوێ داڕێژێت. پوختەی دیاردەکە ئەوە بوو، پیاوان تاقەتی ئەوەیان نەمابوو رووبەڕوو ژنەکانیان تەڵاق بدەن و شایەد ئامادە بکەن بۆیە ناوی خودایان لێی دەھێناو بەکورتە نامەیەک ژنیان تەڵاق دەداو دەیانبڕیەوە! یاساکەش ئەوە بوو ئەو جۆرە تەڵاقەی پووچەڵ کردو گوتی: کاکە ئێمە موسڵمانین، تا ئێستا گوتوومانە: تەڵاق لەئیسلامدا لەئەم حاڵەتانەدا جایز نیە، سەرخۆشی، توڕەیی، خەواڵوویی، بەبێ شایەد، یان پیاو بۆ ماوی حەوت ساڵ لەژنەوە دوور بێت و نەفەقەی نەکات، لەمەو دوا ئەمیش دەخەینە سەریان: لەرێگەی مۆبایل و ئینتەرنێتیشەوە نابێت!
تەڵاق بەگرفتی کۆمەڵایەتی دادەنرێت لەبەر ئەوەی خێزان ھەڵدەوەشێنێتەوە و منداڵ سەرگەردان دەکات. بۆیە، ھەر کۆمەڵگەیەک بەپێی داب و نەریتی خۆی رێکی دەخات بەڵام سەختیشی دەکات، بۆ نموونە، لەئیسلامدا تەڵاق حەرام نیە، کەچی قێزەونترین حەڵالە. لای ئەمریکیەکان پیاو و ژن لەپێناو ئازادی خۆیان پارە دەبژێرن..تاد.
لای خۆشمان یاسا گۆڕاوەو مۆدێرنتر لەجاران مامەڵە دەکات ئەگەرچی بەبێ ناونان شەرمنانەش بێت. بۆ نموونە، تەڵاقی خولع کە ژن داوای دەکات وەک دیاردەیەک ھەیە و لەدادگاش بەڕێوە دەچێت، واتا، ژن لەمافەکانی خۆی خۆش دەبێت و دەستی پیاوەکە لەیەخەی خۆی دەکاتەوە.
کەناڵەکانی راگەیاندنی خۆمان ھێندە لەھۆکارەکانی تەڵاق دەپرسن کەمێک لەواقیعەکە ناڕوانن. تەڵاق دیاردەو گرفتەو بوونی ھەبووەو ھەیە. ھۆکارەکەشی روونە: دوو مرۆڤ پێکەوە ناگونجێن و ببڕێتە. ئیدی ئەم ھەموو خولانەوە لەدەوری بابەتەکە چیە؟

تا لە دەوری گرفتەکان بخولێینەوە، لەبری چارەسەر و رێکخستن ھەمیشە خەریکی دووبارەکردنەوە شتە گوتراوەکان بین، لەسایەی بیرکردنەوەی زۆرێک رێکخراوو راگەیاندنکاران دەبێ سوپاسی خودا بکەین لەبەر ئەوەی ھێشتا تەڵاقی دیجیتاڵ فراوان نەبووە لامان!