2013-10-05

کورسیی ھێلکە زێڕین!

ئەڤین ئیبراھیم فەتاح

ناترسم لەوەی ئەگەر ڕەخنەم لە ژنێک گرت بڵێن حەسوودی پێ بردووە، با بڵێن تا دەھرێک، خۆ ئەوان بیر لەوە ناکەنەوە، بەم کارەیان وا دەکەن ژنان لەسەرەوەی ڕەخنەی ژنان ڕادەگرن، بۆیە ھەموو جارێک ڕەخنەکانم بۆ ژن و پیاو و کۆمەڵگە وەک یەکن بێ جیاکاری.


حیزبی شیوعی ٧٥ ساڵە خەبات دەکات کەچی تەنیا یەک تاقە کورسی بەدەست دێنێت، بەڵام، کورسیەکەی وەک مریشکی ھێلکە زێڕینە بە فەزڵی ململانێی نێوان یەکێتی و پارتی. چیرۆکی ئەم کورسیە فرە خۆشە، ھەموو جارێک ئەو یەک کورسیە یەکسان دەبێت بە وەزیر و وەکیل وەزیر، مودیر عام...تاد.
ھاوڵاتی ڕاپۆرتێکی بڵاو کردوەتەوە مرۆ چاوی پێی ئەبڵەق دەبێت. خاتو پەخشان زەنگەنە کارێکی بە حیزبی شیوعی کردووە، نەک با، ڕەشەباش بە دەواری شڕی نەکردبێت. ئاخر، زەنگەنە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حیزبی ناوبراوە و ساڵانێکە خێرو بیری وەک حەلوا دەخوات. تا ئەندام پەرلەمان بوو، خێر عەلا خێر، و ئەو ھەموو ئیمتیازاتەی وەردەگرت بە خێری کورسیە سیحراویەکەی حیزبی شیوعی، موچەی شاھانەی پەرلەمانی و تەقاعودی پەرلەمانی، سەفەر و ئیفاد و شوقە و سەیارە و.. ھەروەھا ئەوانەی کە ئێمەمانان نایزانین. لە خولی پێشووی پەرلەمان خۆی ھەڵبژارد و گەرمیانیەکان دەنگیان نەدایە و دەرنەچوو. کەچی حیزبی شیوعی نەیھێشت خانمە تاقانەکەی نیگەران بێت، ئەمجارە کردی بە وەکیل وەزیر!
من تێناگەم لە ھەموو دونیا مرۆڤ کە تەقاعود بوو واته تەواو. بوار بۆ دەموچاوێکی دیکە دەڕەخسێت، کەچی لای ئێمە لە حیزبە بچووکەکانەوە بگرە تا گەورەکان ھەمان مۆدێل ھەیە، کاتێک بە دەموچاوێکەوە نووسان و ئەو زاتە نووسا بە کورسیەوە ئیدی بە کۆسەرەش لێی نابێتەوە!

قوربان دوای ھەموو ئەم ناز و نیعمەتەی شیوعی بۆ ئەم خانمە زێڕینەی پەخشان کرد، دوای ئەوە بڕیار و ڕەفتاری ئەم حیزبە بۆ ساڵانێک وەھا بوو وەکو ئەوەی یەک زەعیفەی دیکەیان نەبێت، زەنگەنە نەیکرد بە نامەردی ڕێک دەنگی نەدا نە بە ژن و نە بەپیاو لە حیزبەکەی خۆی کە ھاوسەرەکەی سکرتێریەتی! ئەمیش بە بەڵگەوە کەشف بوو و ڕۆژنامە و سایتەکان بڵاویان کردەوە. نازانم ھەڵوێستی حیزبی شیوعی چی بووە یان دەبێت بەرامبەر بەم تاوانە گەورەیە، بەڵام، کەمێک ئیرادەیان ھەبێت و تۆسقاڵێک ئازادی ئەوا نەک تەنیا دووری دەخەنەوە بگرە ھەموو پارە و ئیمتیازاتەکانی کورسیە سیحریەکەی چەند ساڵە لێدەسەننەوە بە دادگا، بۆ ئەوەی بزانێت خەڵکی گێل نین کار بکەن و ئەو بیخوات!
لەم بابەتەدا، شیوەنەکەم بۆ حیزبی شیوعی نیە، بگرە خەمی ناھۆشیاریی ژنی کورد و ناعەدالەتیی کۆمەڵگە و حیزبەکانمە. ناھۆشیاریی ژنی کورد لەوە دایە کە ناتوانن فێر بن ئەگەر بە ئایدیۆلۆژیاش دەنگ دەدەیت ئەوا بیدە بە ژنی لیستی ئایدیۆلۆژیاکەت، ئیدی ڕەزالەتی کۆتا نامێنێت، ھەروەھا پێویستت بە دەزگایەک نامێنێت ناوی ئەنجومەنی باڵای خانمان بێت، ھێلکەکەی بۆ پەخشان و ئەمسالی بێت ـ کە ٤ ساڵە دەخۆن و بەرھەمیان نیە ـ و ڕیقنەکەشی بۆ ئێمە!
ئەمما ناعەدالەتی حیزبەکان، ئەوا ھەر باس ناکرێت.
...................
بۆ رۆژنامەی هەواڵ ژومارە ١٢٩