2013-05-15

ياخيبوون باجی گەڕەکەکه

میریل ستریپ.. ژنی مولازیمە فەرەنسایەکە


ئەڤین ئیبراھیم فەتاح

فیلمی ژنی مولازیمە فەرەنسایەکە ١٩٨١ دوو فیلمە لە ناو فیلمێک، دوو چیرۆکی خۆشەویستیە تەعبیر لە دوو زەمەنی جیاواز دەکات کە بینەر ھیچی بۆ نامێنێتەوە جگە لە چەپڵەو دەستخۆشی بۆ پاڵەوانەکانی میریل ستریپ و جێرمی ئایرۆنز و دەرھێنەرەکەی کاریل رایز. فیلمەکە خەڵاتی باشترین ژنە ئەکتەری وەرگرتووە لەھەردوو ئەکادیمیای بەریتانی و گۆلدَن گلۆَپ (تۆپی زێرین)ی ئەمەریکی. میریل ستریپ کەیەکێکە لە نایابەکانی سینەمای ئەمەریکی لەسەر رۆلڕی لەم فیلمەدا تەنیا یەک ملیۆن دۆلاری وەرگرتووە! بەڵام، فیلمەکە ببینیت، ئەزانیت ھەموو ئەو پارەیە لەستریپ خان حەڵالە!
بەکورتی، فیلمەکە دوو چیرۆکی خۆشەویستی تیادایە لە دوو زەمەنی جیاوازدا، بەشێوازێک ھەردوک تێکەڵاو دەکات بینەری یەکەم جار سەریلێدەشێوێت. سەرەتای فیلمەکە پێت  نیشان دەدات ئەمە تەمسیلە بۆ سینەما: میریل ستریپ (سارا) ئافرەتێکی نەگبەت لە سەدەی نۆزدەی بەریتانیا لەگوندێکدا خزمەتی پزیشکی مولازمێکی فەرەنسی کردووە، ھەموو کۆمەڵگە لەعنەتی لێ دەکەن و ناوی بەدی پێ دەلڕَێن: ژنی مولازمە فەرنساییەکە. ئیدی سارا بوە بە کەسێکی گۆشەگیر و ئاسان کاری دەستناکەوێت، لەبەر ئەوەی وای بۆ دانراوە کچێنی لەگەڵ ئەو ئەفسەرە لەدەستداوەو ئەفسەرەکەش بەجێی ھێشتووە. کاتێک چارلس ھنری سمسۆن لەسەر رۆخی دەریا دەیبینێت ھەردوو عاشقی یەکتر دەبن، ئیدی پیاوەکە ھاوکاری دەکات لەو شوێنە دەرچێت بەرەو لەندەن. وەختێک لەگەڵی ئەخەوێت، ئەبینێت: سارا کچەو خۆی ئەو پیاوەیە کە کردی بە ژن! ئوووووە  ئەدی ئەم ھەموو قسەیە لەسەر تۆ چیبوون؟ درۆ؟ ئەمجارە سارا خۆی لە پیاوەکە ون دەکات بۆ ماوەی چەند سالێک و دواتر نامەی بۆ دەنووسێت و  پیاوەکەش کە دونیای خۆی بەجێھێشت لەپێناوی سارا (زانای جیولۆجی بوو و کچی گەورەترین دەوڵەمەند دەستگیرانی بوو، ھەمووی بەجێھێشت) دەگەڕێتەوەبۆ لای و بەدیمەنێکی زۆر جوان یەکەم جار توڕە دەبێت لەسارا کە خۆی شاردبووەوە.............سارا دەڵێ: ئاخر من بەدوای ئازادی دەگەرام، دەمویست خۆم بدۆزمەوە ئینجا خۆشم بوێی...پێکەوە دەرۆن.............تەواو .. ئەمە فیلمی ناو فیلمەکەیە بەڵام، کارەسات لەدەرەوەیە!
ئەکتەرەکان یەکتریان خۆش دەوێت و چەندین جار پێکەوە دەبن، ھەردوکیشیان ھاوسەریان ھەیە. مایک (جێرمی ئایرۆنز) ئانا(میریل ستریپ) ی خۆش گەرەکە و ئۆقرەی نامێنێت، ئاناش ھەر وا.. لەکۆتایی ئانا وەھۆش دێتەوەو دەرواتەوە بۆ ژیانی خۆی بۆ ئەوەی مایک لەناو ژن و مناڵەکانی بمێننەوە. بەڵام، مایک کە بانگی دەکات دەڵێ: سارا! واتا، ئەو لەبارودۆخی فیلمەکە تاوابووەوە ھەر سارای لەخەیاڵدا بووە نەک ئانا کەرۆڵی سارای دەبینی! بابەتێکی ئاڵۆزەو دەبێت بینەر پتر لەجارێک فیلمەکە ببینێت بۆ ئەوەی بزانێت چ باسە.
لەوەتەی ئەم لاپەڕەیە لەھزرو ھونەری خەبات دەنووسم زۆر سەرنج و نامەم بۆ دێت، تۆ زیاتر لەسەر چیرۆک و رووداوەکان دەنووسیت نەک وەکو نەقدی سینەمایی. وەڵام: کاکە من نەقدی سینەمایی ناکەم، بەڵکو کاری توێژەری کۆمەڵایەتی دەکەم ، لەفیلمەکاندا پرسە کۆمەڵایەتیەکان دەبینم و باسیان دکەم.
بۆ نموونە، لەفیلمی ژنی ئەفسەرە فەرەنساییەکە کۆمەڵێک پرسی ژنانەی گرنگی تیایە،
١-   بۆچی سەرەتا سارا (میریل ستریپ) لە چارلس ھنری سمسۆن (جێرمی ئایرۆنز) وا نیشان دەدات کە کچ نیەو ئەفسەرە فەرەنساییەکە زەفەری پێ بردووە و لەبەرچاوی ھەموو کۆمەڵگا کەسێکی سووکە! دواتر دەردەکەوێت ئیتر کچیشەو نێر دەستی لێ نەداوە!!
بۆ؟ لەبەر ئەوەی سارا لە ژیانی خۆی و کۆمەڵگاکەی رازی نەبوو، دەیویست گۆران بکات، جا با ئەو گۆرانە لەسەر ئەوە بێت ھەرچی خزم و کەسوکار ھەیە حاشای لێ بکەن. ئەمە سارایەو لەکۆتاییدا ئەوەی خۆی ویستی کردی و خۆشەویستەکەشی گێرایەوە.
کورد دەڵێ بەرد لەجێگەی خۆی سەنگینە، ئەدی بۆچی ساراو من لەشوێنی خۆمان نەک سەنگین نین، بگرە بەرد و قسە باران دەکرێین؟ بۆچی؟ خۆ سارا زۆر جوان بوو و پەردەی کچێنیشی مابوو و تەنیا کاری خزمەتکردنی پزیشکی ئەو ئەفسەری کردبوو(کەئەفسەرەکە ھیچ رۆڵێکی لە فیلمەکەدا نیە) واتا، ھیچ! کۆمەڵگایەک لەھیچەوە ھەڵات بۆبکەن، کەسوکارو حکومەت حاشات لێ بکەن، تەەنیا لەبەر ئەوەی ئەڵێی: بێزەحمەت من مرۆڤم و ھەم! سارا کاری باشی کرد، ھەمووی ئیھمال کردو رۆیشت.
٢-   ئانا کە لەفیلمەکەدا ئەکتەرەو رۆڵی سارا دەبینێت، زۆر ئازاد ھەموو شەوێک لەباوەشی مایک دەخەوێت کە خۆی و مایک خێزانداری یەکتر نین بەڵکو ئەو ژنی ھەیەو ئەم پیاوی دیکەی ھەیە! واتا، بابەتی خیانەتی ھاوسەری دەھێنێتە ئاراوە! بێ زەحمەت ئەم بابەتە لای خۆمان شایەنی باس نیە؟ ئەگەر ئانا خان مێردی ھەبوو ئەم کارەی دەکرد، بڕۆ لە بێوەژنەکان بپرسە لای پیاوە ژندارەکان چ باسە؟؟؟
ئەم فیلمە تیۆریەکی کۆمەلناسیم وەبیر دێنێتەوە: فڕین لەدەرەوەی پۆل. فڕینی لەدەرەوەی پۆل مەترسیدارە چونکە وەک باڵندە لەناوپۆلدا حەشار دراوەو لەلایەن ھاوڕێکانی پارێزراوە، بەڵام، لەدەرەوە بێت تەنیاو رووتەڵەو ھەمیشە لەمەترسیدایە. ئەو کەسەی لەداب و نەریت دەرچێت وەکو باڵندە تەنیاکەی دەرەوەی رەوە بالندە وایە. تەنیاو رەق و رووت! سەرماو گەرما، باوتۆزو باران، رشەەباو رەھێڵ، ھەر بەتەنیا رووبەروویان دەبێتەوە. ئەوەی زیاترە لەکۆمەڵگەی بەشەر نەک باڵندە، ئەومرۆڤە جگە لەوەی تەنیا رووبەڕووی نەھامەتیەکان دەبێت، ئەمان کۆسپیشی بۆ دادەنێن.
لەم فیلمەدا، سارا نموونەی کچێکی یاخییمان نیشان دەدەات لەسەدەی نۆزدەمی بەریتانیا. ئەوان بەفیزیکی نایکوژن، بەڵام ھێندە دژایەتی دەکەن لەڕووی دەروونیەوە دایدەروخێنن و بۆ خۆی دەزانێت دەردەکە لەکوێیە! بۆ نموونە، کاتێک لەگەلڕ چارلس ھمری سمسۆن رێَک دەکەوێت دەربازی بکات، تۆوی خۆشەویستی عیشق لەنێوانیان دەنرێت، لای ئەو ناڵێ پیاوە فەڕەنساییەکە دەستی لێ نەداوم! ئەمیش کە خۆشی گەرەکە جارێک لەگەڵی دەبێت و دەزانێت ئەم کچە پیاو توخنی نەکەوتووە ئەمە کۆمەڵگەیە بوختانی بۆ دەچنێت!
ئێ بۆچی؟
لەبەر ئەوەی سارا خۆی ئەم رێگایەی ھەڵبژاردووەو رێگاکە بەدڵی کۆمەڵگا نیە واتا سارا یاخی بووە لەکۆمەڵگەیەکی ترادیسیۆنی توند.

خۆشی فیلمەکە لەوەدایە لەکۆمەڵگەیەکی بەرێژەیی وەک ئەوەی ئێستای خۆمان تەقلیدی توندڕەو دوو نموونەمان نیشان دەدات یەک چارلّس کە زانایەکی جیولۆجیە خەریکی گەرانە لەنێوان چینەکانی زەوی_ واتا یاخیەکی زانستیە ھەوڵ دەدات لەخورافەی کۆمەڵگا دەرباز بێت. لەولاوەش سارا لەو یاخیبووترە، ئەمیان رووبەرووی کۆمەڵگا بوەتەوە و تەنانەت لەخۆشەویستەکەشی ٣ ساڵ دادەبڕێت ولە کۆتاییدا دەڵێ: بەدوای ئازادیدا دەگەرام. ئەو ئازادیەی ئەو باسی دەکات ئازادیەک نیە بە وشەی تەقلیدی. مرۆ ھەست دەکات تەننانەت خودی سارای فیلمەکەش نەیدەزانی باسی چ ئازادیەک دەکات. بەڵام، بینەر بەتایبەتی ئافرەتی کورد ئەگەر ببینێت دەزانێت کەر لەکوێ کەوتووەو کوندە لەکوێ دڕاوە، سارا بەوە ئازادی خۆی دەست کەوت کە بوە خاوەن کارو کیانی خۆی. ئەمجارە بەسانایی ناردی بەوای خۆشەویستەکەی و یەکیان گرتەوە. بەڵام، دەرھێنەرە زیرەکەکە دیسان وەچاومان ئەداتەوە: ژیان ھەر وا ئاسان نیە، ھەمان دوو خۆشەویست لەسەر ئەرزی واقیع ناتوانن بگەن بە یەکتر! دوو فیلم لەفیلمێکدا. رابوردوو و ئیٍَستاش ھەر یەک گرفتی خۆیان ھەر ھەیە.