2013-05-27

هۆ نیشتمانەکەم، چۆن بێ تۆ گرێی بدەم؟


ئەڤین ئیبراھیم فەتاح

لە ژیاندا، ھەندێکمان مەحکوومین بەوەی شایەدی کۆچی ئازیزانمان بین و نزا بکەین: خودایە لەدووریان سەبووریمان بدە. بیرمە پتر لە ٢٥ ساڵ پێش ئێستا باوکم کۆچی کرد، ئەوکات و ئێستاش برینەکەی ھەمان برینەو ھەرگیز تێر نازی باوک نەبووم. نزیکەی پێنج ساڵ لەمەوبەر، کوڕەکەم باوکی لەدەست داو منیش ھاوڕێ و ھاوسەری ژیانم، ئەمجارەیان، نازو نووزم نەما! بگرە لەو رۆژەوە ژیانم سەرتاپا تێک چوو گۆڕا..
پتر لەدە رۆژ پێش ئێستا و رێک لەسێیەمین رۆژی جەژنی رەمەزانی ئەمساڵ، کاتژمێر نۆی بەیانی خوشکەزاکەم بەدەنگێکی پچڕای گریاناوی تەلەفۆنی کرد: میمی دایکم مرد!! یەکەم جار بوو لەژیاندا ھەست بکەم ئیدی گوریسەکانی ژیان گرێدانیان ئەستەمە!
مەرگی باوکم لەکۆتایی زستان و سەرەتای بەھار بوو (٢٥\٢) ئەوکات وامدەزانی چیدی دونیا کۆتایی ھاتووە، سەیر بوو لام کاتێک درەخت و گوڵەکانی ناو باخچەکەمان ئامێزیان بۆ بەھارێکی نوێ کردووەتەوە، زۆر توڕە بووم لێیان بێ باکانە چرۆیان دابوو! بەھاران ھاتن و چوون کەچی ھەموو گوڵو گوڵزاری دونیا تامی چرکەیەکی ئامێزی باوکی بۆمان نەبوو..
کۆچی خالید لەسەرتای پایز بوو، پایزێک بوو زستانی سەختی بەدوای خۆیدا ھێنا، سەرمایەکی سەخت ژیانی خۆم و کوڕەکەمانی تەنی، نازانم کۆتایی دێت یان نا!
مەرگ وازی نەھێناو ھاوینی گەرمی ئەمساڵی لێکردین بەدۆزەخێک قرچەی جگەرمان بەمەرگی ناوادەی نیشتمانی خوشک و دایک ھات. نیشتیمان خوشکێکم بوو چەند ساڵێک لەمن گەورەتر بوو بەتەمەن، بەڵام، دڵێکی گەورەو میھرەبانی ھەبوو، ھێندەی ھەموو نیشتیمانەکانی دونیا پڕ سۆز بوو..
سۆزو میھرەبانی و دڵفراوانی نیشتیمانەکەم وایکردبوو لەناو خێزانەکەماندا نازناوی "دایکی دووەم"ی پێ بەخشرێت، بەبێ کۆبوونەوەو بڕیارو بیرکردنەوە ئەو دایکی دووەمی ھەموومان بوو بەگەورەو بچووک. گەڕان بەدوای سۆزو خۆشەویستی وای لەلاوێن و من کرد ماڵ و حاڵمان بپێچینەوەو نزیک ماڵی نیشتیمان نیشتەجێ بین، ئەویش نەیدەھێشت چاوەڕوان بین، ھەمیشە تێر نازو سۆزی دەکردین تا ئەو رۆژەی ماڵئاوایی کرد زەردەخەنەی ھیوابەخشی سەر لێوانی ئاسۆی تاریکی لێ روون دەکردینەوە.
لەمەرگی ناوادەی باوکی لاوێن نووسیم، نەمگەرەکە باسی مەرگی بکەم، بەڵکو دەمەوێت لەژیانی کورتی بدوێم.. ئەمڕۆش ھەرچی دەکەم زردەخەنەو ئیرادە بەھێزەکەی نیشتیمانم لەبەر چاو ون نابێت.
نیشتیمانی ئازیزی جوانەمەرگم بەدرێژایی تەمەنی کورتی یەک دروشمی ھەبوو: لەکۆێ پچرا، لەوێ گرێی بدەو خێرا ھەڵسەوەو بەردەوام بە.. ئەو نموونەی ژنی کوردی سەرکەوتوو بوو لە ژیاندا لەبەر ئەوەی ھەمیشە لەقوربانیدان دەوڵەمەند بوو. ژنێکی روخسار جوانی روو بەخەندە، گوێڕاڵ و دڵسۆز بۆ دایک و کەس و کار، پاک و خاوێن و میوان دۆست، خزمەتگوزەر بەھەموو مانایەکی مرۆیی گەورە، میھرو سۆزی بەھەموو لایەکدا پەخش دەکرد.. نیشتیمان کەسایەتی دایکی کوردی نموونەیی ھەبوو، خۆی بۆ ئاسوودەیی دەوروپشتی بەخت کردبوو...واتا، سەرچاوەیەکی لەبن نەھاتووی ھێزو ئارامی بوو بۆ دەوروپشتی.

نیشتانە گیان، مەرگی ناوادەی تۆ زۆر سەخت بوو، کەچی، لەمەرگیشدا تەنیات نەکردین؟ لەھەوارێکدا، پەیامێکی پڕ میھرو جوانیت بەجێ ھێشتووە.. بڕۆ رۆحت ئاسوودە بێت و پەیام و ھەوارت خۆش.
...........................

ھەواڵ ٨٢