2013-05-21

جمهوري ئيسلامي و سزاي ئيسلامي

ئەڤین ئیبراھیم فەتاح

لەماوەی چەند ھەفتەیەکی رابوردوودا جمھوری ئیسلامی ئێران و لەشاری کوردیی مەریوان سزای پیاوێکی دا بەوەی بەجلی کوردی ژنانی سوورەوە لەناو شاردا بیسوڕێننەوە. ئەم کردارە ژنانی مەریوانی ھەژاند و ناڕەزایی خۆیان دەبڕی. پاشان لە کردەوەیەکی مەدەنی زۆر نوێدا لاوانی مەریوان و دواتر لاوانی شوێنی دیکەی کوردستان پشتیوانی خۆیان بۆ ژنانی کورد بەگشتی ژنانی مەریوان بەتایبەتی دەربڕی، ئەوە بوو پیاوان جلی ژنانیان پۆشی، بەراستی مایەی شانازی بوون.

 لەتەک ئەمانە، ھەفتەی رابوردوو ژنان لە سلێمانی خۆنیشاندانیان لەدژی کردەوەکەی جمھوری ئیسلامی سازدا. لەبەر ئەوەی پشتیوانیانم و بەھۆی کارو شوێنی ژیان و نیشتەجێم نەمتوانی بەشداری خۆنیشاندانەکە بم بڕیارە بەم وتارە پشتگیری خۆم دەربڕم.
لەکۆمەڵناسیدا بابەتی کۆنترۆڵی کۆمەڵایەتی ھەیە. دوو جۆرە: فەرمی: واتا یاسای نووسراو، و نافەرمی واتا داب ونەریت، ئاینیش دەچێتە ناو ھەردوکیانەوە. ئەم کۆنترۆڵی کۆمەڵایەتیە بۆ ئەوەیە مرۆ فێر بکات چۆن کەسێک بێت لەناو کۆمەڵگادا بژیت بە شێوازێک شیرازەی کۆمەڵگاکە تێک نەدات. بەمەیش کۆمەڵگا یەکگرتوو دەمێنێت و بەردەوام دەبێت.
چەمکەکانی مرۆو مرۆڤایەتی پێشکەوتن بابەتی کۆنترۆڵ لە چەمکی سزاوە گۆران بۆ چەمکی چاکسازی. جیاوازی چاکسازی لەگەڵ سزا ئەوەیە لەگەڵ ئەوەی ھەمان مەبەستیان ھەیە بەڵام ئالیەتی جیاواز. سزا تاوانبار سزا دەدات و کۆمەڵگە دپارێزێت، کەچی چاکسازی تاوانبار بەشێوەیەک وێنا دەکات تاوانەکەی بزانێتو بگەڕێتەوە ئەندامی کۆمەڵگا.
بۆنموونە، پڕنسیپی سزا لەکۆمەڵگا کۆنەکاندا ھەبووە. لای بابلیەکان ئەگەر کوڕ لە قسەی باوکی دەرچووبا قژیان دەبری و دەستیان دەبەستەوەو وەکو کۆیلە دەیانفرۆشت. دەرچوون لە یاسا لە چین دەبووەھۆکاری نەخۆشی و مردن! واتا ئەو کەسەیان دەردەکرد تا تووشی نەخۆشی و مردن دەبوو. لەعەرەبی جاھیلی سزا ئەوە بوو لەعەشیرت حاشا لەو کەسە دەکراو بێ عەشیرەت دەمایەوە کەس رێزی نەدەگرت. لەیۆنانی دێرین ھەم دەردەکراو ھەمیش سامانی لێ دەبرا بەوەی خوداوەندەکەیان نەیپارێزێت. لە ئیسلام دەستبرین و جەلدە ھەیە. تەنانەت ئەبو بەکری سدیق ئەوانەی دوای پێغەمبەر لەدین وەرگەڕان بە زیندووی کەوڵی کردن!
جاری واھەبووە لەوکۆمەڵگانە مرۆڤیان ناچار کردووە زاری بخاتەناو ئاوی گوڵاو یان سەر ئاسنی داخکراو و ئەگەر نەسووتا کەسەکە تاوانبار نیە!
لە ئیسلامدا ھاتووە خۆشوبھاندنی ژنان بەپیاوان یان پێچەوانەکەی نەک حەرامە  بگرە لەعنەتیشە. واتا پۆشینی جلی ژنان لەلایەن پیاوەوە یان پێچەوانەکەی حەرامەو و لەعنەتیە. ئێ لە یاساو دینی کۆن و نوێ نەبووە سزایەک ھەبێت تاوانبار لەدین دەرکات و لەعنەتی بکات! ئەدی مانای چیە جمھوری ئیسلامی ئەو سزایە دەدات کە لە ئاینی فەرمی جمھوری حەرامە؟

دوو مانای ھەیە، یەکەم ئیسلام بۆ ئەوان تەنیا قەباغێکە بۆ ئەوەی دەسەلاتی خۆیان ھەبێت و خەڵکی پێ بچەوسێننەوە. دووەم، لەکۆمارە ئیسلامیە ژن و بەتایبەت کورد بابەتێکی ھیچ نیە! لەم دژە کارانەی خۆیاندا جمھوری ئسلامی کەوتنە دژە خۆ، لەلایەک کارەکەیان کردبوو و لەلایەک دوای ھەلڕوێستی ژنان و لاوانی کورد دەیانگوت نەمانکردووە...کەچی ئابڕوویان چوو و دونیا زانی کارێکیان کردووە لەکۆمەڵگەو ئاینە ھەرەکۆنەنەکاندا نەکراوەو لای خۆشیان حەرامە.