2013-05-27

کوشتنی پیاوانه و کوشتنی ژنانه!

ئەڤین ئیبراهیم فەتاح

ماوەیەک پێش ئێستا لەچەمچەمال ژنێَک ھاوسەرەکەی کوشت و حوکمی لەسێدارەدانی لەسەر درا.  دڵی خۆمان بەوە خۆش دەکەین لەم ھەرێمەدا حوکمی ئیعدام تەنیا حوکمەو جێبەحی ناکرێت! ھەر ئەم ماوەیەش کورێک خوشکەکەی خۆی لەسەر کورتە نامەیەکی مۆبیل پارچە پارچە کردو سووتاندیشی...  نازانم یەکەم جار کوشتووی پاشان پارچەی کردووە یانیش پێچەوانەکەی! گرنگی بابەتەکە  ئەوەیە ئەگەر ژن پیاو بکوژێت یان پیاو ژن بکوژێت.. بۆچی کوشتن بەمشێوەیە ئاسان بووە؟!
کاتی خۆی ھاوسەری خوالێخۆشبووم ھاندەدا ببێت بە حاکم...من گاڵتەم دەکرد: پیاوەکە حەز دەکەم ببم بە ژنی حاکم! ھەموو جارێک دەیگوت: کاری حاکم ئاسان نیە بۆ کەسێکی مرۆڤ دۆست و ھەڵگری بیروباوەڕی ناتوندوتیژی. دەیگوت جگە لەوەی کەلتووری کۆمەڵگەی ئێمە تژی یاسای نافەرمیەو تاوانبارو کەسوکاری دەبن بە دوژمن، حاکم و منداڵەکانی ھەمیشە لەمەترسیدا دەبن.... بەڵام، لەخۆیدا ئاسان نیە حوکم لەسەر خەڵکیدا بسەپێنیت...منیش دەمزانی، ئەوکات و ئەمێساش دەسەڵاتەکانی تەشریعی و تەنفیزی و دادگاو تەنانەت راگەیاندنیش لەم دەڤەرەدا لەحیزب جودا نەکراونەتەوە، بۆیە کاری حاکم دوورە لە رۆحی یاساو تەنانەت ھەندێک جار ویژدانیش.
حوکمی لەسێدارەدان ئاسان نیە، ئەی عەجەب بۆ کچێکی لەدایکبووی ١٩٨١ و بەزۆر گەورە بەکچکە کراو دراوە؟ ئەم کچە ساڵانێکە لە رێگای دادگاو رێکخراوە ناموبارەکەکان بووە بۆ دەربازکردنی لەژیانی سووکایەتی و لێدان و ھەموو نەھامەتیەک! ئەمە پاساو نیە بۆ کوشتنی ھاوسەرەکەی ھێندەی ئەوەی پرسیارێکە لە یاسا و کۆمەڵگە: چی دەبوو ئەگەر ئەو ژنەتان لەو پیاوە جودا کردبایەوە؟ ئایا ئاسانتر نەبوو لەمەرگی پیاوەکەو حوکمی لەسێدارەدانی ژنەکە؟ بۆچی ئاساییە لامان ژنێک بەزۆر بەشوو بدرێت، لێدرێت، سووکایەتی پێبکرێت، کەچی ئاسان نیە لەو بارە دەرباز کرێت؟ خۆ رێکخراوەکانیش ھیچیان بۆ نەکرد تا بەرەو ھەڵدێر چوو گەیشت بە ئیمڕۆ!
لەلایەکی دیکەوە ئەو پیاوەی خوشکەکەی خۆی کوشتوە، پارچەی کردووەو سووتاندووی و دانیشی پێداناوە، تاکو ھەنوکە حوکمی لەسەر دیار نیە.. ئەدی بۆچی حوکمی لەسێدارەدانی ژنەکە وا سووک و ئاسان بوو؟
ھەر لەم ماوەیەدا لەگەرمیان پیاوێک تەعەدا لەخوشکی خۆی دەکات، ئەتکی دەکات و سکی پڕ دەکات و ژنەکە منداڵیشی دەبێت کەتەمەنی ١٥ ساڵە! پاشان لەرێگەی حکومەتەوە بەڵێننامە لەکەسوکاری وەردەگرن کە توندوتیژی بەرامبەر نەکەن...کەچی کوشتیان...پرسیار ئەوەیە بۆچی ئەو ھەموو ژنە دەکوژرێن و کەس نازانێ بکوژەکانیان چیان بەسەردا حوکم دەدرێت، کەچی ژنێک بەتاوانی کوشتن حوکمی لەسێدارەدان دەدرێت؟

جیاکاری جێندەری لەکۆمەڵگەی ئێمەدا ھێندە توندوتیژو دڕندەیە تەنانەت لەتاوانیشدا جیاکاری دەکات، جۆرێک جیاکاری ناراستەوخۆ دەستخۆشی لەکوشتنی ژن دەکات و دەست بەسەر سەری بکوژەکەدا دەھێنێت، بەڵام ئەگەر ژنێک ئەم کارەی کرد ئەوا قیامەت ھەڵدەستێت و نانیشێتەوە، چیە، ژنێک پەنجەی بۆ ئاسمان درێژ کردووەو مێردە موبارەکەکەی کوشتووە! پێم ناڵێن بۆچی ژنیش فێری تووندوتیژی نەبێت؟ خۆ ئەگەر بەمرۆڤی پلە دووش دانرێت، بەڵام لەکۆتاییدا، ئەندامی کۆمەڵگەیە. کەخودی کۆمەڵگە توندوتیژی قبووڵ بکات، ئیدی بۆچی بۆ جێندەرێک حەڵاڵەو بۆ ئەوی دیکە حەرام؟
............................

بۆ ھەواڵ ژومارە ٨٠