2013-05-27

لێی نازانن یان قیر و سیایه؟

ئەڤین ئیبراهیم فەتاح:


وێڕای ئەوەی راگەیاندنی کوردی وێرانەیە، راگەیاندنی بەناو ئەھلی و رای ئازاد بەرامبەر بە ژن و مندالاَن کارەساتە! کارەسات دوو جۆری ھەیە: سروشتی و دەستکرد. سروشتیبوونی کارەساتی میدیا نەزانیە، واتە بەپێ خواستی تێدەکەون، ناسروشتیش ئەوەیە بەبەرنامە بکرێت. ئیدی نازانم بەرژەوەندی داڕوخانی مرۆڤ بۆ کێ مەبەستە بۆ ئەوەی بەرنامەی بێ بەرنامەیی بۆ داڕێژێت؟

مانشێتی سەرەکی یەکەم رۆژنامەی ئاوێنە لە ژمارە ٣٤٣دا دەڵێ: لەفڵانە شوێن کچێکی ١٢ سالاَن بەسێ کوڕ ئەتک کراوەو کراوە بەژن. پاشان بەگلەییەوە دەفەرمێت: ئەفسەری پۆلیسی شوێنەکە ئامادە نەبووە زانیاری بدات لەبەر ئەوەی بابەتەکە لەلێکۆڵینەوە دایە! وەللە خودا خێری ئەفسەرەکە بنووسێت کە زانیاری نەداوە! کاتێک باسی گرفتێکی بەمشێوەیە دەکەن قەت شتێک بۆ ئەو کچە نەگبەتە دانانێن؟ ئاخر چارەسەری بابەتەکە چیە؟ ئەگەر ئەوە بێت لەدادگا بڕیاری مارەکردنی بدەن، بێزەحمەت بۆ کام لەو سیَ کوڕە دەبێت؟ ئاخر ئەگەر بەو شێوەیە بڵاو نەکرێتەوە ئەگەری چاکبوونەوەی ھەیە، بەڵام، ئایا ئەو کچە قیروسیا بوو یان راگەیاندن نەزان بوو؟ (بۆ زانیاری، لەبەر ئەوەی کچەکە لە خوار ١٨ ساڵە کەسوکاری دەتوانن ئاوێنە بەبڵاو کردنەوەی زانیاری بەبێ پرسی خۆی بداتە دادگا)

مانشێتی ژمارە ٢٢٩ی رووداو دەڵێ: لەفڵانە شار پێاوێک دەستدرێژی سێکسی دەکاتە سەر چوار کوڕی خۆی! دیسان خوا خێری زەیتۆ تەوفیق بدات کە بڕێوبەری چاودێری منداڵانەو توێژەیرێکی دەروونی زۆر لێھاتوە کە زانیاری لەسەر تەمەنیان نەداوە. ئایا رووداو بایی ئەوە بەزەیی نیە واز لەو منداڵانە بێنێت و چی تر برینیان نەکولێنێتەوە؟ (بۆ زانیاری: چاودێری منداڵان لەخوار ھەژدە ساڵ دەگرێتەوە، واتا، تەمەنێکە لەڕووی یاساییەوە کەس بۆی نیە بۆ راگەیاندن توخنی بکەوێت، واتا، کاک زەیتۆ دەتوانێت منداڵەکان تێگەیەنێت بەوەی رووداو و ئەو بنکەی پۆلیسەی زانیاری پێداون بدەن بەدادگا(
ماوەیەک پێش ئێستا لەکەناڵی ئاسمانی موبارەکی ئێن ئاڕ تی راپۆرتێکم بەرچاو کەوت_لەیوتیوب بەناونیشانی شەڕی ناوخۆ بڵاو بوەتەوە_ گوایە بەخێری گیانیانەوە ئاسەواری خراپی شەڕی ناوخۆ تۆمار دەکەن! منداڵێکی ھێناوەتە سەر شاشەی سەتەلایت لەپێش چاوانی ھەموو دونیا منداڵەکە دایکی زیندووی دەمرێنێت و تەنانەت رەحمەتیشی بۆ نانێرێت.. بۆچی؟ لەبەر ئەوەی لەشەری ناوخۆ باوکی کوژراوەو دایکی شووی کردوەتەوە!! بۆچی باوکەکەم تاوانی کردووە؟ یان شتێکی دژی شەرع و ئاین؟ ئەدی ئەگەر کەسوکاری باوکی منداڵەکە لەدژی دایکی گۆشیان کردبێت و وایان لێکردبێت ئەو رایانەی بەرامبەر بەدایکی ھەبووبێت، ئایا کە منداڵەکە گەورە بوو و تێگەیشت کە دایکی ھەڵەیەکی نەکردووەو کۆمەڵگەیەکی دڕندە لە دژی بوونە، ئایا ئەو منداڵە چۆن لەخۆی خۆش دەبێت و دڵی ئارام دەگرێت؟ (دیسان بۆ زانیاری، ئەم منداڵەش دەتوانێت داوای یاسایی لەسەر کەناڵ و پەیامنێرەکە بنووسێت و دڵنیام پتر لە پەنجا ھەزاری پەیامنێرەکەی چنگ دەکەوێت کە بەنەزانی کارێکی نامرۆیی کردووە.(


ماوە بزانین، ئەم کارانە بەنەزانی دەکرێن یان خەڵکی لاتان قیروسیان؟ ھەرکامیان بێت مایەی پرسیارو تێرامانە، بۆچی ھەموو داخوازی مافەکانی مرڤین و مرۆڤ لەمیدیا ھیچی بۆ دانرێت؟