2013-05-21

موو و شوو

 ئەڤین ئیبراھیم فەتاح:

 فەرمانبەرێک لە ھاوسەرەکەی جودا بوەتەوە لەبەر ئەوەی دوای ئەوەی منداڵیان دەبێت کابرا داوای لێدەکات واز لەکار بھێنێت و لەماڵەوە دانیشێت لەدیار مندالڕ، کەچی خانمیش قایل نابێت و مەردانە لێی جودا دەبێتەوە. خەڵکی دەڵێن:
-       دەبوو ئەو ژنە قوربانی بدات لە پێناو مناڵەکانی واز لەکار بێنێت.
-       ئەگەر بڕیار بێت یەکێکیان واز لەکار بێنن، بێگومان دەبێ ژنەکە بێت...تاد.
-       ژنەکە خۆپەرستە ماڵی خۆی وێران کردووە.
ھەفتەی رابوردوو ھەواڵی گەرمی راگەیاندن لەسەر ژنھێنانی دووەمی بەڕێوبەری کەناڵی سپێدەی ئاسمانی. ھەڵبەت خانمی ھاوسەری بەمە قایل نەبووەو سکاڵای لەسەری تۆمار کردووەو پۆلیسیش ئەمری گرتنی فەرمووە. خانمی ئەندازیار بەمەش نەوەستاوەو لەراگەیاندن دەموچاوی راستەقینەی کابراو براو باوکیشی نیشانداوە گوایە بۆ ئەم خیانەت و ژنھێنانی بەنھێنی ھاوکاریان کردووە. خانم لە ئاوێنە پەیامەکەی خۆی بڵاو کردوەتەوە ھەروەھا لەپەیجەکەی خۆی لە فەیس بووک، دیسان خەڵکی ھەرکەس بە شەکری خۆیەوە ھاتوەتە مەیدانێ:
-       خوشکی ئیماندار، خێزان پیرۆزەو نھێنی خۆی ھەیە نەدەبوو بەو شێوەیە بڵاوی بکەیتەوە.
-       خوشکی موسڵمان دەبوو لەبەر خاتری منداڵ و خێزان دان بەخۆتدا بنێییت و دوعا نزا بۆخۆا بکەیت.
-       خوشکی بەڕێز دەبوو نوێژی ئیستیخارە بکەیت پێش ئەم بڕیارە!
-       خوشکی موسڵمان دەبێت بە یاساو ئیرادەی خودا رازی و شوکور بیت خوا و پێغەمبەری موسڵمانان ئەمریان فەرمووە پیاو بۆی ھەیە دوای ھێنانی ئەم خانمە دوانی دیکەش بێنێت... ئەمیش حیمەتی خۆی تیادایە سوبحانە اللە!
ئەرێ بۆچی دەبێت پیاو کەتن بکات و ژن بۆی داپۆشێت؟ (تێبینی: مەبەستم لەکەتن بەمانا کۆمەڵایەتیەکەیەتی نەک مانا یاساییەکەی). بۆچی دەبێت پیاو منداڵی ھەبێت ژن بۆخاتری ئەو واز لە بەرھەمی ساڵانی خوێندن و شەونخوونی بێنێت؟ تاکەی خەڵکی کۆمەڵگەی ئێمە لووتی خۆی دەخاتە ناو ژیانی کەسیی خەڵکەوە؟
ژنێک دەناسم ماستەری ھەیەو مامۆستای زانکۆیە بەدوو منداڵ و ھاوسەرێکی ئەندازیارەوە. ژنەکە زۆر زیرەکە و ئارەزووی دوکتۆرای ھەیە. لەبەر ئەوەی سیتسمی تازەی دوکتۆرا دەخوازێت ماوەی ساڵێک لەدەرەوەی وڵات بیت، ھاوسەرەکەی قایل نیە خوێندنەکەی تەواو بکات. کاتێک باسی بابەتەکەی کرد، مامۆستایان کەوتنە ویزەی:
-       ئەگەر فرە حەزت بە خوێندن بوو شووت نەکردبا.
-       بەقسەی شووەکەت بکە باشیرازەی خێزانت تێک نەچێت.
-       جا خۆ پیاو ناکەوێتە شوێنت بۆ ھەندەران.
-       ئەدی چی لەمناڵەکانت دەکەیت؟...تاد
دیسان پرسیم ئەگەر بارودۆخەکە پێچەوانە بوایا چی دەبوو؟ بێ سێ و دوو گوتی، بێگومان دەبوو واز لەھەموو شتێک بێنم ببم بە بنەوانی شووەکەم ئەگینا ھەر کەسوکارم پەت پەتیان دەکردم!

نەخۆشیەک ھەیە لەگەرمیان پێی ئێژن موو، ئەم موو لەپەنجە بێت نەخۆشەکە بەقوربانی مردن دەکات و پەنجەکەش خوار دەکات. جا ئەگەر لەزار بێت ئیدی ئەو کەسە لاڵ دەبێت. چەمکی شوو واتا ژن پاشکەوتی پیاو بێت نەک ھاوسەرو ھەڤژین بۆیە لەم کۆمەڵگەیەدا حاڵی زۆر ژن وایە مووی لەزار بێت باشترە لەو زارەی فەرمووی: بەڵێ بۆ شوو!