2013-05-21

زۆربای یۆنانی


ئەڤین ئیبراھیم فەتاح
لەرۆمانی جیھانی رۆماننوس نیکۆس کازنتزاکی لە ساڵی ١٩٤٦ نووسیویەتی بەھەمان ناونیشانەوە وەرگیراوە، کەرۆمانەکە دەخوێنیتەوە جیاوازی ھەیە لەگەلڕ فیلمەکە، بەڵام مانای ئەوە نیە بەھای فیلمەکە لەبەھای رۆمانەکە کەمتر بێت. لەساڵی ١٩٦٤ لەستۆدیۆکانی  ھۆڵیوود ئەم فیلمە بەرھەم ھاتووە بەیەکێک لەکارە نایابەکانی ئەنتۆنی کوین و دەرھێنەری یۆنانی میخیلیس کاکۆگیانیس دادەننرێت.  نواندنی ئەنتۆنی کوین (زۆربای یۆنانی) ئالان باتەس(باسیل) ئایرین پایاس (بێوەژن) لیلا کیردرۆڤا (مەدام ھۆرتینسە). سێ ئۆسکار و چوار خەڵاتی دیکەی وەرگرتووە، لیلا کیردرڤا بۆ باشترین پاڵەوەنی دووەم، ڤیزیلیس فۆتۆپۆڵەس بۆ باشترین دیکۆرو وێنەی فیلمی رەش  و سپی، ھەروەھا واڵتەر لیسالی بۆ باشترین سینەماتۆگۆافی رەش و سپی.

مۆزیکی فیلمەکە زۆر گرنگەو ناوبانگی لەھەموو جیھان بە سەماو مۆزیکی زۆربا دەرکردووەو وەک مۆرکێک بۆ یۆنان دادەنرێت. ئەم مۆزیکە لەلایەن مۆزیکوانی یۆنانی میکسیس تیودۆراکیس کە لەساڵی ١٩٨٨ بالێیەکی بەناونیشانی (ئەلیکسس زۆربا) داھێَناوە.
زۆربای پڕ لەژیان زۆر قسەو شتی جوانی تیادایە بەرادەیەک مرۆ ناتوانێت دەستی لێ ھەڵگرێت و ھەرگیز کۆن نابێت. بۆیە باشتر وایە لەکاراکتەری زۆرباوە بچمە ناو کارەکتەرەکانی چیرۆکەکەوە و کاریگەری زۆربا بەسەریانەوە بچمەناو بابەتەکەوە.

پوختەی چیرۆکی فیلمەکە:
لاوێکی بەریتانی (باسیل) ھەندێک پارەو مەنجەمێکی خەڵوزی لەباوکی بۆ ماووەتەوە لەگوندی (کریت)ی یۆنانی. ژیانی لاوەکە پڕ کتێب و خوێندەوەیە بەڵام بڕیار دەدات بچێت بۆگوندەکەو مەنجەمەکە ببوژێنێتەوە بەڵکو ئیلھامی نووسینی بۆ بێت. لەسەر کەشتیەکە پیاوێک دێت بۆ لای، خۆی پێ دەناسێنێت و وای لێدەکات قایل بێت بەوەی بیکات بەیاریدەدەری خۆی گوایە لەکاری خەڵووز تێدەگات. ئەم پیاوە پیرە زۆربای یۆنانیە (ئەلیکسس زۆربا). پێکەوە لەکریت دەچنە موتێلێک و دەبن بە دووھاوڕێی گیان بەگیانی. گرێ کوێرەی چیرۆکی فیلمەکە لەکەسایەتی زۆربای نەخوێندەوارە کە باوەری بەخوێندن و کتێب نیە، بەباسیل دەڵێ: ھەموو فەلسەفەی دونیا لەناو کتێبەکانی تۆدا نیەو من دەتوانم شتی دیکەت فێر بکەم لەژیاندا ھەیە و لەناو کتێبدا نیە!

زۆربا جوامێرە
ھەندێک کەس پێی وایە نیکۆس کازنتزاکی لەیەکێک لە گەشتەکانیدا پیاوێکی جووتیاری بینیوە ناوو کەسایەتی زۆربای ھەبووە، ھێندە پێی سەرسام بووە بۆیە ژیان و کەسایەتی ئەو پیاوەی کردووە بەرۆمان. زۆربا جوتیارێکی نەخوێندەوارە بەڵام فەلسەفەیەکیتایبەت بەخۆی ھەیە بۆ ژیان. زۆربا ژنی خۆش دەوێت و وەک خۆی دەڵێ: بەقەدەر مووی سەری ژنی ناسیوە، بەڵام، دڵی کەسیانی نەشکاندووە. زۆربا خەم لەھیچ  ناخوات، لەخۆشی و ناخۆشیدا سەما دەکات. سەماکەشی تایبەتە بەخۆی (سەمای زۆربا). لەم سەمایەدا خۆی بەرز دەکاتەوە ھەوا ھەڵدەمژێت و توند پێ بەزەویدا دەدات. لەیوتیوب بگەڕێی سەماکەی زۆربا بەھەزاران شێوە دووبارە کراوەتەوە وەک پێناسە بۆ یۆنانیەکان دانراوە. یەکێک لەڤیدیۆ نایابەکان ئەنتۆنی کوین لەگەڵ ئاوازدانەرەکە میکیس تیۆدۆراکسیس سەمای زۆربا دەکەن. لەکۆتایی ڤیدیۆکە ئەنتۆنی کوین دەڵێَ: سەمای زۆربا سەمای ژیانە وایلێکردم ھەموو شتێکم خۆش بوێت، ئێستا من تۆم خۆش گەرەکە، ئینجا باوەش بەیەکتری دەکەن!
خاوەنی موتێلەکە بێوەژنێکی پیرە، حەز دەکات باسی جوانی خۆی بکات بەلاوێتی کە چەندین پیاو عاشقی بوونە لەجەنەراڵ و پیاوی مەزن. لەسەرەتاوە (باسیل) لاوە دەوڵەمەندە موحافزکارەکە بەبزەی لێو گاڵتەی دەکات، ژنەکەش ھەستی پێدەکات و نیگەران دەبێت. لێرەدا جوامێری زۆربا دەردەکەوێت کە زۆر گرنگی بەقسەکانی ژنەکە دەدات بۆ ئەوەی دڵی خۆشش بکات، بەباسیل دەڵێ: ھەڵسە سەمای لەتەک بکە، کە نایکات، بۆیە خۆی ھەڵدەستێت دەستی ژنەکە دەگرێت و سەمای لەگەڵ دەکات، ئیدی ژنەکە عاشقی جوامێری و نەرمی زۆربا دەبێت.
لەگەڵ ئەوەی زۆر یارمەتیان دەدات و موتێلەکەی بوەتە مایەی داھات بۆ گوندەکە، کەچی خەڵکی کریت بێوەژنە فرەنساییەکەیان خۆش نەگەرەکە. کاتێک زۆربا بۆ کڕینی کەلوپەل بۆ سازدانی مەنجەمەکە دەچێت بۆ شار ھەموو سەرمایەکەی باسیل لەژن و مەیخواردنەوە خەرج دەکات و نامەیەکی بۆ دەنوسێت دەڵێ: داکۆکیم لەپیاوەتی کرد! لەبەر ئەوەی لەمەیخانەکە کچێک دەیششکێنێتەوە، ئەمیش پارەکەی پێ نیشاندەدات ئینجا کچەکە ئەباەتەوە لەگەڵ خۆی! کە باسیل ئەمە دەزانێت بەبێوەژنە پیرەکە دەڵێت: زۆربا نووسیویەتی مەدام ھۆرتینسە دەھێنم بۆ ئەوەی تووشی بکات! ئیدی مەدام ھۆرتینسە لەخۆشیا قاچی زەوی ناگرێت. جوامێری زۆربا لەوەدایە دیسان دڵی خانمەکە ناشکێنێت و پێی دەڵێ: راستە وا ئاھەنگەکە ئامادە دەکەم ناردوومە جلی بووکێنیت بۆ بێت.
لێرەدا کازنتزاکی و کاکۆگیانیس دیمەنێکی پڕ حەسرەتمان لە دڕندەیی گوندنشینەکان پیشان دەدەن، کاتێک مەدام ھۆرتینسە نەخۆش دەکەوێت، ژنەکان وەکو قەلەرەش دین و لەدیاری دادەنیشن چاوەڕوان دەبن بمرێت تاکو ماڵەکەی تاڵان بکەن! جوامێری زۆربا لەوەیە تامردن لەدیاری دەبێت و دڵی دەداتەوە. ئەویش کەچاوی بەقەلەرەشەکان دەکەوێت و دەزانێ چاوەڕوانی چین دەترسێت و دەست بەگریان دەکات، زۆرباش ھەر دڵی دەداتەوەو دەزانێت دەرەقەتی ئەو وەحشیانە نایەت، ئیدی لەگەڵ مردنی ژنەکە بەچاو تروکانێک تاڵانی دەکەن و ماڵەکەی دەڕووتێننەوە و کەس پرسەی بۆ دانانێت! ئەم دیمەنە میمی نەعیمەم بیر دەھێنێتەوە، لای خۆمان بوو لەگەرمیان. میمی نەعیمە بێوەژنێک بوو بەتەنیا دەژیا تا پیر بوو، کەسوکاری نەھاوکاریان دەکرد نەسەردان. پارچە زەویەکی چکۆڵەی ھەبوو خانویەکی قوڕینی تیا کردبوو و کاری جوتیاری دەکرد لەزەویەکەی و پێی دەژیا. کاتێک مرد، کەسوکاری دونیای بۆ پەیدابوو ماڵەکەیان  تاڵان کرد! بەڵام ئەو بەتەنیا مرد، زۆربایەک نەبوو لەدوا ساتەکانی بەدیاریەوە بێت. ئەم دیمەنە وەک ئاوێنەک دەخەنە بەردەستی کۆمەڵگا بۆ ئەوەی ناشیرینی خۆی ببینێت.
زۆربا ئازایە
لەگوندەکە بێوەژنێکی گەنجی زۆر جوان ھەیە، تەنانەت ناویشی ناھێنن و پێی دەڵێن بێوەژنەکە٠ ھەموو پیاوانی گوند تەماعی دەکەن، و ھەموو ژنە قەلەرەشەکان رقیان لێ دەبێتەوە و یەفیتنەی دادەنێن لەسەر پیاوەکانیان. ئەمیش بۆ کەسیان شل نابێتەوە. کوڕێکی لاو زۆر حەزی لێی دەبێت وازی لێ ناھێنێت ھەمیشە بەدواوەیەتی، ئەمیش رووی ناداتێ. بێوەژنە لاوەکە حەز بەباسیل دەکات و شەوێک لەگەڵی دەنوێت، کوڕە لاوەکە بەمە دەزانێت، جگە لەوەی بڵاوی دەکاتەوە خۆشی دەکوژێت.. ئەمیش دەبێت بەنەھامەتی بۆ بێوەژن و جەژن بۆ گوندنشینەکان. لەدیمەنێکی وەحشیی ترسناکدا بەژن و بەپیاو رێگەی لێدەگرن و بەردبارانی دەکەن. ئازایی زۆریا ئەوە بوو کە تاکە کەس بوو داکۆکی لێ دەکات و نایەڵێ لێیدەن. تەنانەت باسیل کە گوایا خۆشی گەرەک بوو وەکو بینەر تەماشای دەکات و ھیچ ناکات، لێرەدا نەخوێندن و نەسەقافەت و نەپارە ئەو پیاوە ناکەن بەمرۆڤ چونکە ترسنۆکە. کەچی زۆربا ئەمجارەش نەیتوانی بێوەژنەکە لەخوێن مژەکان یپارێزێت و باوکی کوڕە خۆکوژەکە بەخەنجەرێک لەژێر دەستی زۆرباوە دەکوژێت. جارێکی دیکە دڕەندەیی کۆمەڵگەی کریتمان نیشاندەدات. لای خۆشمان ھەروایە کاتێک کۆمەڵگە بڕیاری بەکۆمەڵ دەدات، ئیدی ھێز نیە بتوانێت ئەو کەسە رزگار بکات. کاراکتەری ئەو بێوەژنە گەنجە زوڵم لێکراوە لەکۆمەڵگەدا زۆرەو لەسینەماشدا بوو بەنموونەیەک چەندین فیلمی سەرکەوتووی لێکەوتەوە وەکو مالێنای مۆنیکا بلووچی و پۆستەچیەکەی سوھێر مورشدی لەسینەمای میسری.

زۆربا نائومێدی نازانێت

جوانترین دیمەنی فیلمەکە ئەوەیە کەمەنجەمەکە دەرووخێت، سەرمایەکەیباسیل و ماندووبوونی شەونخوونی زۆربا بەچاوتروکانێک دەروات. زۆربا پێدەکەنێت وھیچی تر، بەڵام، باسیل داوای لێدەکات فێرە سەمای بکات و پێکەوە دەست بەسەماکەیزۆربا دەکەن..واتا، باسیل بەھەمو عیلم و مەعریفەتی دونیاوە کەوتە ژێر کاریگەری زۆرباوە! پارساڵ کە ئوتومبێلم لەرێگای زانکۆی کۆیە وەرگەرا، جگەلە تەندروستیم رەنجی ژیانم بەچەقەنەیەک رۆیشت و تاھەنووکەش بەرێگای دوکتۆرەوەم دونیا تەڵخ بووبوو لەبەر چاوم، ئەگەر زۆربا لام دەبوو، دەمگوت: فێرە سەمام بکە نایزانم!