2013-05-15

ئازارەكانی مەسيح.. The passion of the Christ


ئەڤین ئیبراھیم فەتاح

سەرەتا
فیلمێکی کۆنە لەساڵی ٢٠٠٤ بەرھەم ھاتووە، بەبۆنەی ھاتنی ساڵی نوێ و ئاھەنگەکانی لەدایکبوونی پێغەمبەری مەسیحیەکان ئەم جارە لەسەری دەوەستم. فیلمەکە لەبەرھەم ھێنان و دەرھێنانی ئەکتەری ھۆڵیوودی بەناوبانگ (میڵ گیبسن)ە. گیبسن تەنانەت بەشداری نووسینی سیناریۆکەشی کردووەو بۆ ئەم مەبەستە رەشنووسی سیناریۆکەی خستوەتە بەردەستی گەورە پیاوانی ئاینی ئەرتۆدۆکسەکان، ئەوانیش بەدەستکاریەوە پێی رازیبوونە. لەکاتی خۆیدا فیلمەکە مقۆمقۆیەکی زۆری ناوەتەوە لەنێوان پشتگیران و ئەوانەی دژایەتیان کردووە. مەسیحیەکان پشتگیریان کردووە، موسڵمان و جووکان دژ بوونە. تا ھەنووکەش لەوڵاتانی عەرەبی جگەلە سوریاو لوبنان پیشاندانی قەدەغەیە، لەئیسرائیلیش ئەوا مەپرسە. سعودیە و ئەزھەر فەتوای قەدەغەکردنی دەرکردووە چونکە پێیان وایە ئەگەر مرۆڤێک بێتە سەر سکرین و رۆڵی پێغەمبەر ببینێت ئەوا کەمکردنەوەیە لەپیرۆزیی ئەو پێغەمبەرە، لەگەگەڵ ئەمیششدا لەمیسریش نمایش کراوە. ھەروەھا ھەندێک لەنووسەرانیان بەرەو بەرز راگرتنی پێغەمبەری ئیسلام چوونە کاتێک وتارەکانیان دەخوێنیتەوە پەیوەندی بەفیلم و ھونەرەکەوە نیە ھێندەی ئەوەی دەڵێن پێغەمبەری ئێمە مەزنترین پیاوی سەر گۆی زەمینە، لەکاتێکدا فیلمەکە بەھیچ شێوەیەک باسی ئیسلام و پێغەمبەرەکەیان ناکات چونکە باسی ماوەیەکی زەمەنی دەکات ھێشتا ئیسلام دەرنەکەوتووە. ھەرچی جووەکانە ئەوا پێیان وایە فیلمەکە دژایەتی رەگەزی سامی دەکات و تەنانەت مێل گیبسنیان بەوە تاوانبار کردووە کە دژە سامیەتە. لەمبارەیەوە وتەبێژی فەرمی بەناوی کۆمپانیای بەرھەمھێنی فیلمەکە (پۆڵ لۆیەر) گوتوویەتی: (گیبسن قێز دەکات لە دژایەتی سامیەت، ھەروەھا باوەڕبوونی ھیچ رقێک یان دەمارگیری یان ئەوەی نیە بەرپرسێتی کوشتنی پێغەمبەر بخاتە ئەستۆی جووەکان). خودی گیبسن لەدیمانەیەکدا لەئاداری ٢٠٠٣ دەڵێ: (فیلمی گاندی سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەست ھێنا کەچی تەنیا بۆھیندۆسەکان نەبوو. ئەم فیلمەش بۆ ھەموو ئیماندارو بێ ئیمانەکانیشە چونکە بێگومان عیسای مەسیح کەسێکە لەمەزنترین کەسایەتیەکانی جیھانە).
 فیلمەکە بەزمانی ئینگلیزی قسە ناکات بەڵکو زمانەکەی زمانی سەردەمی خودی مەسیحە (تێکەڵەیە  لەنێوان ئارامیو لاتینی و عیبری). یەکێکە لەوفیلمانەی کە بەئینگلیزی قسەناکات، زۆر خوێناویە بۆمنداڵ و دڵ ناسکەکان ناشێت، بەڵاَم لەئەمریکا یەکێکەلە فیلمە ھەرە سەرکەوتووەکانی بۆکس ئۆفیس.
کاستی فیلمەکە
(جیم کاڤیزیڵ ) رۆڵی مەسیح، (مۆنیکا بلوچی) مەریەمی مەجدەلی، و (مایا مۆرگێنسترێن) لەرۆڵی مریەمەی پاکیزە... لەھەواڵێکی کەناڵی بی بی سیدا دەڵێ جیم کاڤێڵزی ئەکتەری رۆڵی مەسیح لەکاتی وێنەگرتنی فلمەکەدا ھەورە تریشقە لێیداوە بەڵام ئازاری ئەوتۆی پێ نەگەیشتووە!! نازانم، کەناڵەکە گەرەیەتی بێژێت خودا پێی ناخۆشە ئەم رۆڵە دەبینێت یان چی؟ ئاخر خودا دەتوانێت ھەورە تریشقەی ھاکەزایی بنێرێت کە ئەژدادی کاڤیزل لێی قیت نەبنەوە. بەھەرحاڵ، بەسە بۆ فیلم و کاستەکەی ٣ جار بۆ ئۆسکار ناونراوەو چەندین خەڵاتی دیکەی وەرگرتووە.
چیرۆک وناونیشان
چیرۆکی فیلمەکە لە ماوەی دواترین ١٢ سەعاتی ژیانی پێغەمبەری مەسیحەکانە لەپاش دوا شیوی لەگەڵ ھاورێکانی (دوا شیو- العشا الاخیرە- الکاس الاخیرە). پوختەی ئەوەیە وەحی بۆ دێت لە باخی زەیتوونەکە و دەزانێت یەکێک لەھاورێکانی خۆی (یەھودا ئەسخەریوتی) بەرامبەر بە ٣٠ لیرەی زیو بەدەستی داوە. دەترسێت، داوا لەھاورێکانی دەکات لەگەڵی ئەشک بگرن و شەو نەنوون. ئەوان شەونخوونی ناکەن و پێغەمبەریان تەنیا دەمێنێتەوە، پاشان بەفیتی یەھودا کە ھاورێیەتی دەدرێت بە دەستی دوژمنەوەو ئەوەکانی دیکەش لەمەینەتددا پشتگیری ناکەن و دوژمنەکان لە خاچی دەدەن لەبەردەم چاوی ھاورێکانی کە کەسیان ورتە ناکات بڵێ ئەم کەسە بێتاوانە!
ناونیشانی فیلمەکە ئازارەکانی  مەسیحە.  Passion بە ئینگلیزی واتا عاتیفە ، سۆز، خۆشەویستی بەلاّم بە زمانی ئارامی کۆن کەزمانی فیلمەکەیە واتا ئازار! پێش ھچ دیمەنێک فیلمەکە بەم رستەیە دەست پێدەکات کە قەسەی مەسیحە: ئەو بە گۆناھەکانی ئێمەوە بریندارە بەھۆی گوناھی ئێمەوە  ئازار دراوە و بەبرینەکانی ئەوتیمار بووین.... واتا لەبەر ئەوەی ھاوریِکانی زۆر خۆشویستووە قەرەبووی گوناھەکانیانی داوەتەوە. لەکاتی دیکەدا دەفەرمێ: ئەگەر کەسێک خۆشی نەویستین دەبێ خۆشمان بۆێت، ئەگەر نا، خێر لە کوێیە کە خۆشەویستیمان تەنیا بۆ ئوانە بێت کە خۆشیان دەوێین، دەبێ ئەوانەی رقیان لێمانە خۆشمان بۆێن. داخم ئەوەیە ئەم فیلمە تەنیا ناونیشانەکەی کراوە بەکوردی، زمانی خۆی زمانی عیسایە تێکەڵاوی عیبری و لاتینی و ئارامی کۆن بەڵام وەرگێراوە بۆ عەرەبی.. پەیژن بە ئینگلیزی واتا عاتیفە یان سۆز.. بەخوا فیلمەکەش ببینی ھەمان مانای ھەیە! ئازارەکانیان ھەڵدەگرێت. واتا خۆشەویستی ئەو بۆ مرۆڤ وادەکات لەسەرەتای فیلمەکە لەخودا داوا دەکات خۆی گوناھیان ھەڵگرێت. فیلمەکە زیاد لەپێویست خوێَناویە خۆم سێ شەو نەنووستمو دیمەنەکانیم دەھاتەوە بەرچاو کەئەو پیاوەیان ئازار دەدا ‘ پاشان میڵ گیبسنم لە چاوکەوت، خوێناویە نابێ منداڵتەماشای بکات.

رەھەندەکۆمەڵایەتیەکانی
١-    دوو رویی وکەووتنە دوای دەسەڵات لەھەموو شوێنیکدا ھەیە، بەڵام، ئەم کارە زۆر جار بەناوی خودا بۆخودا دەکرێت. لەراستیدا بۆ بەرژەوەندی دەسەلاتی ھەندێکە. لەم فیلمەدا دەسەلات دەسەڵاتی پیاوانی ئاینی جوو بوو کە دڕندانە رێگەیان بەنیشاندانی دڕندایەتی مرۆڤ دابوو لە ئەشکەنجەدانی جەستەیی ومرۆیی. میڵ گیبسنم خۆش گەرەکە، کەسێکە لە ئەستێرە نەمرەکانی ھۆڵیوود، بەلام لەم فیلمە گەرەکیەتی بێژێت چی جگە لە بەھرەو جوانی دەرھێنان؟ ئاخر کۆمەڵگەی جوو زۆر دڕندە نیشان  دەدات. لەو دیمەنانەی کە چاوم دەنوقاند شێوازی ئەشکەنجەدانی جۆراو جۆر ھەبوون، بەڵام، ئەوەی ئازاری دەدایت رەزامەندیبوونی خەڵکی بوو لەسەر ئەکەشکەنجە! مەسیحیش لەشوێنێنی خۆیەوە ھاوار دەکات: خودایە لێیان مەگرە ئاگایان لە خۆیان نیە چ دەکەن....جگە لە کاسۆلیک و دژایەتی ئاینیدیکە گیبسن چی دەکات؟
٢-    پاش ھەموو ئازارەکانی و لەخاچدانی مەسیح: مەسیحیەکان سەرو خاچ لەمل وەک ملوانکە دەبەستن و ساڵانە بە ئاھەنگ یادی دەکەنەوە! لەمەش واوەتر، ھێندە بەتواناو ئازاو زیرەکن یادەکەیان کردووە بەجیھانی و ساڵیادی ئەوان نوکە ساڵیادە و ھەموو جیھان لە ساڵیادی پێغەمبەرەکەیانەوە پیرۆزبایی لەیەکتردەکەن بە  جیاوازی ئاینەکاندا. لەراستیدا، ئەم ستراتیژە باشترە لە زنجیر لەخۆدانی ساڵانەی شیعەکان! دەی ئەمانیش خۆیان حەسەن و حوسەینیان کوشتبو. واتا، ئەوان بە ئاھەنگ قەرەبوو دەدەنەوە و ئەمان بەزنجیر لەخۆدان.

ئافرەت لەرووداوو لەفیلمەکە
رووداوەکان لەساڵی ٣٠ ی زاینی رویانداوە، ئاخر پێغەمبەری مەسیحیەکان بە٣٠ ساڵی لەخاچ دراوە. بەڵام، لەرووداوەکانی فیلمەکە ژن دەبینیت، خۆ گاڵتەنیە، لە کۆتاییدا میڵ گیبسنە. ژن لەوفیلمەدا فریشتەیە! ئایا فریشتە ھەست بەئازار ناکات؟ خانمی پاکیزەکە کوڕی خۆی و خودا دەبینێت ئەو ئەشکەنجەیە دەکات، کەم کەم فرمێسکی ھەیە، ھەرگیز وەک ئەو دیمەنە نیە خەیالڕ دەەکات بەمنداڵی بەربوەتەوە و ئەم دەستی لەھەویر دەرکردوە بەھانایەوە بچێت! ئاخر کەس بەھانای نەچوو بۆ؟ جاریێک خانمی مەریەم لەفیلمە بەھانای کوڕ نەچوو ، کوڕ خۆی بڕیاڕی دابوو...
ساڵی تازەتان پیرۆز بێت
سەرچاوەکان

تەماشای ئەم فیلمە زۆر سەختە پتر لەوە نووسین لەسەری بۆ ئەم نووسینە سوودم لەزۆر سەر چاوە بینینیوە سەرەکیتریان ئەمانەن: