2013-05-29

کۆتا بۆ حاجی ژن!

ئەڤین ئیبراھیم فەتاح

لەپەیجەکەی خۆیدا لەفەیس بووک، مەریوان نەقشبەندی بابەتێکی سەرنجڕاکێشی بڵاو کردوەتەوە. بابەتەکە پەیوەستە بەجێندەر باڵانس لەکوردستان. نەقشبەندی دەڵێ: بەپێی ئەو ژمارانەی دەستم کەوتوون ئەمساڵ لەکۆی ٤٦٥٠ کەس کە خۆیان بۆ حەجکردن تۆمارکردووە کە پشکی ھەرێمی کوردستانە، ژمارەی ئافرەتان تیایدا ناگاتە ١٥٠٠ کەس، لەکاتێکدا ژمارەی ئەو ئافرەتانەی لەھەرێمی کوردستاندا فۆڕمی حەجیان پڕکردوەتەوە پتر لە٦٠ ھەزار کەسە، بەمەیش، رێژەی ٦٣% کەس لەوانەی فۆرمیان پڕ کردوەتەوە ئافرەتن! لەبواری ئیرشادو تیمەکانی سەرپەرشتیاری حاجیان و پزیشکەکان ناگاتە ١٥%ی ئافرەت، واتا جیاکاریەکی جێندەری یەکجار گەورە کراوە لەبابەتەکەدا (تێبینی، بۆ ئەمانەتی وەرگرتنی زانیاری، قسەکان دەقاو دەق ھی نەقشبەندی نین چونکە ئەو چەمکی جێندەری بەکار نەبردوە). یاشێخ دەڵێ: لەھەر بوارێکدا ئەم جیاکاریە کرابایە لەبواری عیبادەتدا نەدەبوو بکرێت چونکە عیبادەت مافێکی یەکسانە، ھەروەھا سەرسوڕمانی خۆی دەردەبڕێت سەبارەت بەنەبوونی ھەڵوێستی حیزب و رێکخراوە ئیسلامیەکان و رێکخراوەکانی ئافرەتان بەرامبەر بەم ناعەدالەتیە!
سەرەتا، دەمێکە ئاشکرام کردووە کەسێکی عەلمانیم و بەھیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەوەدانیم حکومەت مەسرەفی عیبادەت بکات، کەسێک لەخودا دەترسێت و فەرز جێبەجێ دەکات باگیرفانی بتەکێنێت، خۆی لەخۆیدا ئەگەر خۆت مەسرەفت نەکردو حکومەت یان کەسێکی دیکە مەسرەفی عیبادەتی کرد، بەرای من، بەشێکی زۆری دەبێت بەموزایەدەو لەوەش خراوتر، بازڕگانی!
بیرم کردەوە: ئەدی بابەتی بەدەل حەج؟ خۆ ئەو بابەتە بازڕگانیەکی ئاشکرایەو ساڵانە ژن و پیاو دەیکەن لەوانەی سەفاو مەڕوای ماڵی خودا بوەتە کاسبی بۆیان؟ بەپێی ئەوەی کابرا، یان خانم چنگێک پارە لەخوازیاری بەدەل حەج وەردەگرێت و بەپارەی حکومەت حەجەکە دەکات، ئاخر وەکو منشار وایە، بۆ سەرەوە دەخوات و بۆخۆرەوەش ھەر نۆش دەکات! ھمممم ئەم ماستە موویەکی تیادایە! واتا، مەسەلەکە قازانجی مادی تیادایە و وکو ھەر پیشەیەک یان ھەلێکی کار جێندەر باڵانس بۆ لای پیاوان شکاوەتەوە!
کەواتە سەرسوڕمانەکەی کاک مەریوان لەبێدەنگبوونی حیزبە ئیسلامی و رێکخراوەکانی ئافرەتان لەجێی خۆی نیە! واتا، ئەمە بابەتێکی ئاساییە وەکو ھەر بابەتێکی دیکەی پەیوەست بەجێندەر باڵانس: کاکە ئەوان ماڵ و گیرفانیان یەکە ئیدی چ پەیوەدیان بەپیرەژنێکەوە ھەیە بەھەموو کۆڵی دڵیەوە گەرەکیەتی سەردانی ماڵی خودا بکات بۆ ئەوەی لەم دونیایە دەستی ماچ بکەن لەو دونیاش لێی نەپێچنەوە: ماددەم حکومەت پارەی دەدایت بۆچی فەرزەکەت نەکرد خانم؟!

گرفتی بابەتەکە لەوەدایە ئەگەر داوای مافی کۆتا بکەین بۆ حەجی ژنان، دەڵێن کۆتا بۆ بابەتە جەماوەریەکانە کەخەڵکی دەنگی بۆ دەدەن بۆ حەجکردن نابێت! ئەوا وازمان لە مافی کۆتا ھێنا، ئەدی ئەگەر داوای یەکسانیمان کرد بەپێی رێژە و وەکو ئێستا نەیانکرد دەبێ بێژین، کاکە لەسەرەتاوە سەرکردایەتی ئیمان و ئیماندارێتی ھەر لەپیاوە و لەدەستی پیاوان بووە، دەبێ ئەو ژنانە سوپاسگوزەر بن ئەو رێژە کەمەیان ھەیە ھەڵبەت خودا ھەر ئەوەندەی بۆ بڕیونەتەوە!
......................

ھەواڵ ٨٧

خانمی خاوەن پیانۆ!

ئةظين ئيبراهيم فةتاح

ھەفتەی رابوردوو شوان داودی وتارێکی بەناونیشانی (سپۆنسەرەکانی تاوان و ئێوارەیەک بۆ جوانکردنی بکوژێک) نووسیبوو. وتارەکە لەسەر تاوانی کوشتنی لاوێکی کوردی کەرکووکی بوو لەلایەن ھونەرمەندێکی کوردی سلێمانی تەنیا بۆ پارە! ئەمیش بۆ بەعس بەس بوو لاوێکی دیکەی کورد لەسێدارە بدات کە ھونەرمەندەکەیە... گوایە بەعس زۆر شەریفەو حوکمەکەی وا خێرایە!
وتارەکەی داودی بەڕادەیەک خەڵکی توڕە کردبوو، لەمنیشیان دەپێچایەوە، بۆچی لەھەواڵ دەنووسم؟ کاکە ھەواڵ بریتی نیە لەشوان داودی، ھەواڵ دەنگی گەرمیانی بێنازەو ماڵان ئاوەدان دەکاتەوە. ئینجا دێمەوە سەر وتارەکەی شوان، کاکە کوفری نەکردووە ئەگەر وتی بکوژ بکوژەو تەواو بۆچی دەیکەن بەپاڵەوان؟ دەپرسێت بۆچی خوێنی کەرکووکی ئاوە!
بەڵێ کاکە شوان من لەبیرمە لەسەرتای نەوەدەکان کاتێک راپەڕین لەلوتکەی دابوو، لاوانی خانەقین و جەلەولا نازناویان ئەوەبوو (مشروع شھادە) واتا پڕۆژەی کوشتن! باڵانسی جێندەری بابەتەکە ئەوە بوو تەنیا کوڕان دەکوژران، بەڵام کچان، زیندانی و سووکایەتی بۆ کچان دەمایەوە (بڕۆ یادەوەریەکانی مەھاباد قەرەدەغی لە زینداندا بخوێنەوە)! ئەوەی مەھاباد بینیویەتی من نەمدیوە.. ھەڵبەت شتی دیکەم بینیوەو گەرمیانی داخ نەکراو نیە.
دەڵێن داودی دووبەرەکی دەنێتەوە بەو وتارە، لێرەدا منیش دووبەرەکیەکی جێندەری دەنێمەوە!
ئێستاو ئێستا گوێ لە کاروان ئەگرم، دەنگی زۆر خۆش بوو و گۆرانیەکانی خۆشتر. گرفتی بابەتەکە ئەوەیە ئەو زۆر منداڵ بوو. لەتەمەنی بیست سالڕی ئیبداعی کرد! بەپَێی دۆکیۆمێنتەکان نیوەی پارەکەی بەپیانۆیەک داوە بۆ خۆشەویستەکەی! کوا ئەو خۆشەویستە بۆچی دەرناکەوێت؟
کاروانم لا بێتاوان نیە، بەڵام، قوربانیشە، لێرەوە گۆرانی شاعیرم بیر دێتەوە:
گولڕ نەبێ بۆ سەرم
زەرد چەپکێ ئاڵ چەپکێ
نایەم بۆ زەماوەند
نایەم بۆ ھەلڕپەرکێ
کاروان خانمێکی ھەبووە ئەو چەپکانەی لە پیانۆیەک گەرەک بوو.ە..کاروان چوو زەرد چەپک ئاڵ چەپکی ھێناو پیانۆی بۆ خانم ھێنا ...کەچی کەسی کوشت و خۆی کوژا!
دەی دەکرێت ئەم تراژیدایە باس بکەین............لەکۆتاییدا ئەو ھاوڕیەی
گوڵی لە باخچەی پاشا دزی و کوژرا وەکو کاروانە...یان کەمتر...ئەو کەسی نەکوشتوە تەنیا گولڕی دزیوە بۆ خانم...
جێندەر باڵانس لەم بابەتە ئەوەیە ئەڵێن گوایە پیانۆیەکی بە پارەکە کر یوە بۆ نازداۆ حەیران، دواتریش دانی پیاداناوەو پتریش حکومەتی بەعس پیانۆکەی دۆزیوەتەوەو بردوویەتی! واتا، نەکاروان و نەخانم خۆشیان لەو پیانۆیە نەکرد...
کاروانی جوانەمەرگ کە ھێشا تەمەن بیست ساڵ بوو، زۆر کەمە بۆ تاوان! ئەو کەسەی کوژراش ھەر وا لاو بوو بۆ بەعس ھەردوکیان نەیچیری باش بوون بۆکوشتنی کورد ..بەڵام لەکۆتایدا کوشتن کوشتنەو ببڕێتەوە..لەوانەیە کاروان ئەو تاوانەی نەکردبایەو دڵی خانمەکەی بەو پیانۆیە خۆش نەکردبایە عەدنان کەریمێکی ئەمڕۆی لێ دەردەچووو.. بەڵام، کە نەبوو، بوو بەبکوژ و خۆی کوژرا، باوەر ناکەم خۆشی پێی خۆش بێت بکرێت بەپاڵەوان و شوان ئەمرۆ لەسەر کوڕە کەرکووکیەک بیکوژێتەوە؟

شوان کاروانی نەکوکوشتوە بەڵام, ئەوەندەی گوتووە کاروان زۆر منداڵتر بووە لە بکوژ، بەڵام دەستی لەکوشتنی منداڵێکی دیکە ھەبوە.. بۆ کڕینی پیانۆیەک بۆ خانم!! ئەو خانمە کێیە بابیناسین؟ دەیان خانمی دیکەشمان ھەیە کوڕان بۆ ھەڵدێر دەبەن و کەس ناڵێ ماڵتان لەکوێیە؟
..............................
بۆ هەواڵ ژومارە ٨٦

2013-05-27

لێی نازانن یان قیر و سیایه؟

ئەڤین ئیبراهیم فەتاح:


وێڕای ئەوەی راگەیاندنی کوردی وێرانەیە، راگەیاندنی بەناو ئەھلی و رای ئازاد بەرامبەر بە ژن و مندالاَن کارەساتە! کارەسات دوو جۆری ھەیە: سروشتی و دەستکرد. سروشتیبوونی کارەساتی میدیا نەزانیە، واتە بەپێ خواستی تێدەکەون، ناسروشتیش ئەوەیە بەبەرنامە بکرێت. ئیدی نازانم بەرژەوەندی داڕوخانی مرۆڤ بۆ کێ مەبەستە بۆ ئەوەی بەرنامەی بێ بەرنامەیی بۆ داڕێژێت؟

مانشێتی سەرەکی یەکەم رۆژنامەی ئاوێنە لە ژمارە ٣٤٣دا دەڵێ: لەفڵانە شوێن کچێکی ١٢ سالاَن بەسێ کوڕ ئەتک کراوەو کراوە بەژن. پاشان بەگلەییەوە دەفەرمێت: ئەفسەری پۆلیسی شوێنەکە ئامادە نەبووە زانیاری بدات لەبەر ئەوەی بابەتەکە لەلێکۆڵینەوە دایە! وەللە خودا خێری ئەفسەرەکە بنووسێت کە زانیاری نەداوە! کاتێک باسی گرفتێکی بەمشێوەیە دەکەن قەت شتێک بۆ ئەو کچە نەگبەتە دانانێن؟ ئاخر چارەسەری بابەتەکە چیە؟ ئەگەر ئەوە بێت لەدادگا بڕیاری مارەکردنی بدەن، بێزەحمەت بۆ کام لەو سیَ کوڕە دەبێت؟ ئاخر ئەگەر بەو شێوەیە بڵاو نەکرێتەوە ئەگەری چاکبوونەوەی ھەیە، بەڵام، ئایا ئەو کچە قیروسیا بوو یان راگەیاندن نەزان بوو؟ (بۆ زانیاری، لەبەر ئەوەی کچەکە لە خوار ١٨ ساڵە کەسوکاری دەتوانن ئاوێنە بەبڵاو کردنەوەی زانیاری بەبێ پرسی خۆی بداتە دادگا)

مانشێتی ژمارە ٢٢٩ی رووداو دەڵێ: لەفڵانە شار پێاوێک دەستدرێژی سێکسی دەکاتە سەر چوار کوڕی خۆی! دیسان خوا خێری زەیتۆ تەوفیق بدات کە بڕێوبەری چاودێری منداڵانەو توێژەیرێکی دەروونی زۆر لێھاتوە کە زانیاری لەسەر تەمەنیان نەداوە. ئایا رووداو بایی ئەوە بەزەیی نیە واز لەو منداڵانە بێنێت و چی تر برینیان نەکولێنێتەوە؟ (بۆ زانیاری: چاودێری منداڵان لەخوار ھەژدە ساڵ دەگرێتەوە، واتا، تەمەنێکە لەڕووی یاساییەوە کەس بۆی نیە بۆ راگەیاندن توخنی بکەوێت، واتا، کاک زەیتۆ دەتوانێت منداڵەکان تێگەیەنێت بەوەی رووداو و ئەو بنکەی پۆلیسەی زانیاری پێداون بدەن بەدادگا(
ماوەیەک پێش ئێستا لەکەناڵی ئاسمانی موبارەکی ئێن ئاڕ تی راپۆرتێکم بەرچاو کەوت_لەیوتیوب بەناونیشانی شەڕی ناوخۆ بڵاو بوەتەوە_ گوایە بەخێری گیانیانەوە ئاسەواری خراپی شەڕی ناوخۆ تۆمار دەکەن! منداڵێکی ھێناوەتە سەر شاشەی سەتەلایت لەپێش چاوانی ھەموو دونیا منداڵەکە دایکی زیندووی دەمرێنێت و تەنانەت رەحمەتیشی بۆ نانێرێت.. بۆچی؟ لەبەر ئەوەی لەشەری ناوخۆ باوکی کوژراوەو دایکی شووی کردوەتەوە!! بۆچی باوکەکەم تاوانی کردووە؟ یان شتێکی دژی شەرع و ئاین؟ ئەدی ئەگەر کەسوکاری باوکی منداڵەکە لەدژی دایکی گۆشیان کردبێت و وایان لێکردبێت ئەو رایانەی بەرامبەر بەدایکی ھەبووبێت، ئایا کە منداڵەکە گەورە بوو و تێگەیشت کە دایکی ھەڵەیەکی نەکردووەو کۆمەڵگەیەکی دڕندە لە دژی بوونە، ئایا ئەو منداڵە چۆن لەخۆی خۆش دەبێت و دڵی ئارام دەگرێت؟ (دیسان بۆ زانیاری، ئەم منداڵەش دەتوانێت داوای یاسایی لەسەر کەناڵ و پەیامنێرەکە بنووسێت و دڵنیام پتر لە پەنجا ھەزاری پەیامنێرەکەی چنگ دەکەوێت کە بەنەزانی کارێکی نامرۆیی کردووە.(


ماوە بزانین، ئەم کارانە بەنەزانی دەکرێن یان خەڵکی لاتان قیروسیان؟ ھەرکامیان بێت مایەی پرسیارو تێرامانە، بۆچی ھەموو داخوازی مافەکانی مرڤین و مرۆڤ لەمیدیا ھیچی بۆ دانرێت؟


بەڵێ بۆ ئەنجیلینا جولی


ئەڤین ئیبراھیم فەتاح

چەند رۆژێکە ھەواڵی سەردانەکانی ئەستێرەی شۆخ و شەنگ و مرۆڤ دۆستی ھۆڵیوود ئەنجیلینا جوولی میدیای ناوخۆیی و ھەرێمی و جیھانیشی پڕ کردووە. خاتو جولی لەدووەمین سەردارنی مەیدانیدا بۆ کامپی پەنابەرانی بەسیفەتی باڵیۆزی UNHCR. لەو وڵاتانەش لەئاستی سەرۆک و سەرەک وەزیران بەفەرمی پێشوازی لێکراوەو سوپاسی ھەوڵ و کۆششی کراوە. بۆ نموونە، لەرۆژی ١٦/٩/٢٠١٢ دا سەرۆک وەزیرانی خۆمان، کاک نەیچیروانی پێشوازی لێکردو لەگفتگۆکەدا باسی ئەوەی کرد کە پتر لە بیست و چوار ھەزار پەنابەری سوریا لەکوردو عەرەب پەنایان بۆ ھەرێمی کوردستان بردووەو حکومەتی ھەرێم بەبڕی دوو ملیۆن دۆلار ھاوکاری کردوون.

سەردانەکەی خاتوو جولی (جگە لەدەستخۆشیکردن) دوو کاردانەوەی سەیرم لێبینی، یەکەم، ھەندێک لەو کەسانەی بەناوی ئیسلامەوە دەدوێن، دەڵێن، گرفتی نێوان(موسڵمانان دەقۆزێتەوەو کار بۆ فراوانکردنی پانتایی ناوبانگی خۆی دەکات). دووەم، لەپەیجێک لەوانەی بەناوی ھونەرمەندێکی ناسراو لەفەیس بووک کراوەتەوە دوو رخنەم بینی: یەکەم، ئەدی بۆچی حکومەتی ھەرێم ئەو جۆرە پێشوازیە لەھونەرمەندانی خۆمان ناکات؟ دووەم، لەپێشوازیەکەدا نەئافرەتان و نەژنان و ... دیار نەبوون، رێک نووسیویەتی، بۆچی ئافرەتانتان لەو ئەرکە بێبەش کردووە؟
یەکەم، کەسایەتییەک پێگەی باڵیۆزی نیازە باشەکان لەنەتوەوە یەکگرتووەکان وەردەگرێت نازناوو ناوبانگ و کاریگەری خۆی لەسەر حکومەت و جەماوەرو رای گشتی لەسەر بابەتێکی مرۆیی بەکار دێنێت، نەک پێچەوانەکەی. واتا، کاتێک خاتو ئەنجیلینا جولی لەگیرفانی خۆی دووسەد ھەزار دۆلار دەبەخشێت و ژیانی خۆی دەخاتە مەترسیەوە بۆ بڵاوکردنەوەی ھوشیاری سەبارەت بەپرسێک جگە لەرەوشتی بەرزی مرۆڤایەتی ھیچی دیکە ناچێتە گیرفانیەوە چونکە خۆی لەبنەڕەتدا دەوڵەمەندە ھەم بەعەقڵ ھەمیش بەناوبانگ و گیرفان، ئیدی موزایەدە بەناو ھەر دین و سیاسەتێکەوە لەسەری بکرێت زیادەیە.
بۆ نموونە، ماوەی پتر لەساڵ و نیوێکە گەلی سوریا دووچاری کوشتن و برَین و ئەتککردن بوون بەدەستی شوبەیحەکانی ئەسەدەوە. راپۆرتە ھەواڵیەکانی دەڵێن نزیکەی ملێۆن و نیوێک ھاوڵاتی ئەو وڵاتە بەرەو وڵاتەکانی دراوسێ پەنایان بردووە کەنیوەیان منداڵن. وڵاتانی لوبنان، تورکیا، ئەردەن و عێراق سنوورەکانیان بۆ قۆربانیانی ئەسەد واڵاکردووە. راپۆرتەکان دووپاتی دەکەن، پتر لەپانزە ھەزار ژن ئەتککراوەو، ھەندێکیان کوژراون، کوژراو ھەندێَکی دیکە وا لەپرۆسەی چارەسەردان، بەڵام کوشتن و بڕین و ئەتککردن بەردەوامە. ئەم ھەواڵانە لەو ماوەیەدا زۆر بڵاوکرانەوە بەڵام ماوەی ئەم چەند رۆژەی سەردانەکەی ئەستێرەی ھۆڵیوود بڵاوکردنەوەو کۆکردنەوەی سۆزو ھاوکاری چەندین جار بەرابەر کرد.
دووم، رێزم بۆ ھونەرو ھونەرمەندانی کورد ھەیە، بەڵام پێشوازیکردنی ئەستێرەیەکی جیھانی بۆ ھاتنی بەمەبەستی پشتگیری قوربانیانی دەسەڵاتی دیکتاتۆری دڕندەی وڵاتێک کەزۆربەی قوربانیان کوردن، ھەق وایە ھونەرمەندانی ێمە ھاندات پتر کار بۆ بەرژەوەندی قوربانیان بکەن نەک ئەوکات گلەیی پێشوازینەکردنیان بکەن!
 مێنە بەھەموو نازناوەکانیە لەکۆمەڵگەی ئێمەدا بزرەو نازانم لەکەیەوە لەخەمی ئەوەدان خانمێک بەشداری پێشوازی جولی بکات؟
گرفتی بابەتەکە ئەوەیە کۆمەڵگەی ئێمە ھێندە توڕەیە لەحکومەت و دەسەڵات تەنانەت ھەوڵی خێرخوازی خێرخوازانیش بەگومانەوە دەبینێت، دەواز بێنن، مادەم ئێمە نایزانین، بادیانەکان خێری خۆیان بکەن!
 .................................

بۆ ھەواڵ ژومارەی ٨٤


یەکیەتی پیاوانی کوردستان، به یارمەتیتان!



ئەڤین ئیبراھیم فەتاح

لەئاژانسی پەیامنێر لەرۆژی ٢١\مانگی ئاب، لەراپۆرتێکدا سەرۆکی یەکێتی پیاوانی کوردستان دەڵێ: کردنەوەی بەڕێوبەرایەتی نەھێشتنی توندوتیژی لەدژی ئافرەتان جیاوازی رەگەزی بووە (مەبەستی: جیاکاری جێندەری). ھەروەھا یاسای بەرنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزان ئیدانە دەکات: زۆر بەئەستەم لەیاساکەدا رێگە کراوەتەوە بۆ رەگەزی بەرامبەرو منداڵ لەخێزانەکەدا، کاتێک توندوتیژی بەرامبەر دەکرێت. کاتێک یاساکەش بەکردار کاری پێناکرێت، ئایا، ئاگایان لەوە نیە یاسایەک نیە رێگە لەپیاو بگرێت سکاڵا لەسەر ژنەکەی تۆمار بکات ئەگەر توندوتیژی بەرامبەر کرد ئیدی توندوتیژی لەقسەی ناشایستەوو رێزنەگرتنەوە دەستپێدەکات تاسەرو گوێلاک شکاندن و کوشتن یانیش ھاندان بۆ کوشتن!
یەکێتی پیاوانی کوردستان رێکخراوێکە لەسەر بنەمای ھەلچوون و توڕەی و سۆزەوە دامەزراوە نەک بنەمایەکی مەعریفی تۆکمەی باوەڕپێکراو. بۆ نموونە:


١-     توندوتیژی دژ بەژن و منداڵ گرفتێکی کۆمەڵایەتی جیھانیەو نەتەوەیەکگرتوەکان جاڕنامەی جیھانی و رۆژی جیھانیی بەرەنگاربوونەوەیان بۆ سازداون، ئەم راستیە لەسەر بنەمای پێداچوونەوە بەکەلتووری پیاو سالاری دامەزراوە، ئەمیش کەلتوورێکی جیھانی کۆنی خاوەن رەگ و ریشەیە.
توندوتیژی دژ بەژن و منداڵ لەناو سیستمە کۆمەڵایەتیەکەدایە و داخیلی بازنەی بیرکردنەوەی گشتی بووە، واتا، بابەتەکە گشتیەو بەرەنگاربوونەوەی لەلایەن تاکانێک دەکرێت کەتوانیویانە لەبازنەی بیرکردنەوەی باو دەرباز بن و مرۆڤانە بیر بکەنەوەو رەفتار بکەن. ھەرچی ئەوەی یەکێتی پیاوان باسی دەکات رێک پێچەوانەیە، واتا، تاک و تەرا ژنی توندوتیژ پەیدا بن، ئەوا ئەو ژنانەن لەکەلتووری باو دەرچوونە نەک بەرەو کەلتووری مرڤ سالاری بەڵکو بەرەو پیاوسالاری باو، واتا، بەھەمان لۆژیکی پیاو مامەڵە دەکەن، بەڵام حاڵەتەکان دەگمەن و تایبەتن، بۆ نموونە، نەمانبیستوە خوشکێک براکەی خۆی لەسەر کورتە نامەیەکی مۆبایل بکوژێت! یاخود، نەبووە دایکێک کوڕەکەی خۆی خەڵتانی خۆێن بکات بۆ ئەوەی نامووسی غەسل بکات!
یەکێتی پیاوان چما ئێوە دەزانن توندوتیژی کاتێک داخیلی سیستم بوو، ئیدی دارو بەرد دەبن بەدوژمنی ئەو جێنەدەرەو ھەمیشە لەھەنجەت دەبن لەبچووکترین ھەڵسوکەوتی؟
یەکێتی پیاوانی کوردستان نالۆژیکیانە وادەزانن باسکردنی توندوتیژی دژ بەژنان دەستکەوتێکەو ئەوان لێی بێبەشن، ھەرچەندە ھیواناخۆازم ھیچ رەگەزێک توندوتیژی بەرامبەر بکرێت، بەڵام بمبورن یەکێتی پیاوان بۆ ئەوەی کەیسەکانتان لەحاڵەتی تاک و تەراو دەگمەن و توڕەبوونەوە بگات بەراستی و لۆژیکی و پاشان نەتەوە یەکگرتووەکان جاڕنامەی جیھانیتان بۆ راگەیەنێت، پێویستە ھەندێک (ئیمتیازاتی!) ژنانەتان تێدا بەدی بکرێت:
بۆ نموونە، ئەو پیاوانەی ئاشکرا دەڵێن: ئەگەر ژنەکەم لەگەڵ خۆم ببەم بۆ تورکیاو لوبنان وەک ئەوەیە یاپراخ لەگەڵ خۆم ببەم بۆ ریستورانت، دەبێ لەسەر نامووس کوژرابن.
مەرجەکان قەوامەو مارەیی و فرەژنی، ھەمووی پێچەوانەکەی ھەبێت.
دوو پیاو لە مەحکەمە بۆ شایەدی بەرابەر بەژنێک دانرێت!
چەند نموونەیەکمان نیشان بدەن بەوەی ژن تەحەروشی سێکسی بەپیاو کردووەو بوەتە ھۆکاری لابردنی (کوڕێنی!) واتا، بەزۆر بوخچەکەی کردوەتەوە.
یەک دوو پیاومان نیشان بدەن لەشوێنی کار سووکایەتیان پێکرابێت و لەپۆست وپلەو پایە دوور خرابێتنەوە، تەنیا لەبەر ئەوەی (پیاون(


کورد (ئیبداعی) گەلێک زۆرە یەکێتی پیاوان کۆتاییان نیە، بۆیە خێرێکیان پێ بکەن و بەکوردی لەیاساکەدا بنووسن: پیاوانیش بۆیان ھەیە داکۆکی لەخۆیان بکەن ئەگەر ھاتو توندوتیژیان بەرامبەر کرا.

هۆ نیشتمانەکەم، چۆن بێ تۆ گرێی بدەم؟


ئەڤین ئیبراھیم فەتاح

لە ژیاندا، ھەندێکمان مەحکوومین بەوەی شایەدی کۆچی ئازیزانمان بین و نزا بکەین: خودایە لەدووریان سەبووریمان بدە. بیرمە پتر لە ٢٥ ساڵ پێش ئێستا باوکم کۆچی کرد، ئەوکات و ئێستاش برینەکەی ھەمان برینەو ھەرگیز تێر نازی باوک نەبووم. نزیکەی پێنج ساڵ لەمەوبەر، کوڕەکەم باوکی لەدەست داو منیش ھاوڕێ و ھاوسەری ژیانم، ئەمجارەیان، نازو نووزم نەما! بگرە لەو رۆژەوە ژیانم سەرتاپا تێک چوو گۆڕا..
پتر لەدە رۆژ پێش ئێستا و رێک لەسێیەمین رۆژی جەژنی رەمەزانی ئەمساڵ، کاتژمێر نۆی بەیانی خوشکەزاکەم بەدەنگێکی پچڕای گریاناوی تەلەفۆنی کرد: میمی دایکم مرد!! یەکەم جار بوو لەژیاندا ھەست بکەم ئیدی گوریسەکانی ژیان گرێدانیان ئەستەمە!
مەرگی باوکم لەکۆتایی زستان و سەرەتای بەھار بوو (٢٥\٢) ئەوکات وامدەزانی چیدی دونیا کۆتایی ھاتووە، سەیر بوو لام کاتێک درەخت و گوڵەکانی ناو باخچەکەمان ئامێزیان بۆ بەھارێکی نوێ کردووەتەوە، زۆر توڕە بووم لێیان بێ باکانە چرۆیان دابوو! بەھاران ھاتن و چوون کەچی ھەموو گوڵو گوڵزاری دونیا تامی چرکەیەکی ئامێزی باوکی بۆمان نەبوو..
کۆچی خالید لەسەرتای پایز بوو، پایزێک بوو زستانی سەختی بەدوای خۆیدا ھێنا، سەرمایەکی سەخت ژیانی خۆم و کوڕەکەمانی تەنی، نازانم کۆتایی دێت یان نا!
مەرگ وازی نەھێناو ھاوینی گەرمی ئەمساڵی لێکردین بەدۆزەخێک قرچەی جگەرمان بەمەرگی ناوادەی نیشتمانی خوشک و دایک ھات. نیشتیمان خوشکێکم بوو چەند ساڵێک لەمن گەورەتر بوو بەتەمەن، بەڵام، دڵێکی گەورەو میھرەبانی ھەبوو، ھێندەی ھەموو نیشتیمانەکانی دونیا پڕ سۆز بوو..
سۆزو میھرەبانی و دڵفراوانی نیشتیمانەکەم وایکردبوو لەناو خێزانەکەماندا نازناوی "دایکی دووەم"ی پێ بەخشرێت، بەبێ کۆبوونەوەو بڕیارو بیرکردنەوە ئەو دایکی دووەمی ھەموومان بوو بەگەورەو بچووک. گەڕان بەدوای سۆزو خۆشەویستی وای لەلاوێن و من کرد ماڵ و حاڵمان بپێچینەوەو نزیک ماڵی نیشتیمان نیشتەجێ بین، ئەویش نەیدەھێشت چاوەڕوان بین، ھەمیشە تێر نازو سۆزی دەکردین تا ئەو رۆژەی ماڵئاوایی کرد زەردەخەنەی ھیوابەخشی سەر لێوانی ئاسۆی تاریکی لێ روون دەکردینەوە.
لەمەرگی ناوادەی باوکی لاوێن نووسیم، نەمگەرەکە باسی مەرگی بکەم، بەڵکو دەمەوێت لەژیانی کورتی بدوێم.. ئەمڕۆش ھەرچی دەکەم زردەخەنەو ئیرادە بەھێزەکەی نیشتیمانم لەبەر چاو ون نابێت.
نیشتیمانی ئازیزی جوانەمەرگم بەدرێژایی تەمەنی کورتی یەک دروشمی ھەبوو: لەکۆێ پچرا، لەوێ گرێی بدەو خێرا ھەڵسەوەو بەردەوام بە.. ئەو نموونەی ژنی کوردی سەرکەوتوو بوو لە ژیاندا لەبەر ئەوەی ھەمیشە لەقوربانیدان دەوڵەمەند بوو. ژنێکی روخسار جوانی روو بەخەندە، گوێڕاڵ و دڵسۆز بۆ دایک و کەس و کار، پاک و خاوێن و میوان دۆست، خزمەتگوزەر بەھەموو مانایەکی مرۆیی گەورە، میھرو سۆزی بەھەموو لایەکدا پەخش دەکرد.. نیشتیمان کەسایەتی دایکی کوردی نموونەیی ھەبوو، خۆی بۆ ئاسوودەیی دەوروپشتی بەخت کردبوو...واتا، سەرچاوەیەکی لەبن نەھاتووی ھێزو ئارامی بوو بۆ دەوروپشتی.

نیشتانە گیان، مەرگی ناوادەی تۆ زۆر سەخت بوو، کەچی، لەمەرگیشدا تەنیات نەکردین؟ لەھەوارێکدا، پەیامێکی پڕ میھرو جوانیت بەجێ ھێشتووە.. بڕۆ رۆحت ئاسوودە بێت و پەیام و ھەوارت خۆش.
...........................

ھەواڵ ٨٢

نیگاری گەرمیان و نیگاری بەریتانیا!

ئەڤین ئیبراھیم فەتاح


میدیا: لەکابینەی پێنجەم بەڕێوبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دەمەزراوەو لەکابینەی شەشەمیش ئەنجومەنی خانمان دامەزرا، کەچی کێرڤی توندوتیژی و ژنکوژی لەبەرزبوونەوەدایە!
کارەساتە نامرۆییەکەی نیگار رەحیم لەگەرمیان وەک تەقینەوەی دوومەڵێکی کۆن و گەورە وابوو لەپڕێکا جەستەی کۆمەڵگەی خەڵتانی چڵک و خوێن کرد. رێکخراوە حکومی و ناحکومی و میدیا قیژەی ناڕەزایی دەربڕین و پڕۆتستۆکردنی تاوانەکەو داواکردنی سزادانی تاوانبارانیان کرد. ئاخر ئەو کچە پانزە ساڵیە ھەم منداڵە، ھەم برایەکی تەعەدای لێکردووە، ھەمیش برایەکی دیکەی بۆ شۆردنی نامووس دوای ئەوەی بەڵێننامەی بۆ حکومەت نووسیوە کەئەزیەتی نەدات کچەکەی کوشتووە، واتا، کچەکە سێ جار تاوانیلێکراوە!


چەند ساڵێک پێش ئێستا چیرۆکێکی ھاوشێوە کۆمەڵگەی بەریتانی ھەژان: کچێکی ١١ ساڵی لەلایەن برای گەورەی تەعەدای لێدەکرێت و سکی پڕ دەبێت! ناڵێم لەو وڵاتانە توندوتیژ بەرامبەر بەئافرەت ناکرێت و ئەو کچۆڵەیە زۆر خراپی لێقەوما، تەنانەت جورئەتی ئەوەی نەکردبوو بڵێ: برای گەورەم وای لێکردووم. کچەکە بۆ شوێنێکی تایبەت دەبەن چارەسەری دەروونی بۆ خۆی و منداڵەکەی وەرگرێت.. بەھەرحاڵ کچەکە دوای چەند ساڵێک زۆر بیری دایک و ماڵی خۆیان دەکات دەچێتەوە، ئەمجارە ھەمان برای کە خاڵی کچەکەیەتی زۆری لێدکات و دووبارە زۆری بۆ دێنێت و تەعەدای لێدەکات. ئەمجارە کچەکە ناوەستێت و ھەمان چەکی راگەیاندن بەکار دێنێت و بڵاوی دەکاتەوە: برای گەورەم وایکردووەو لەترسی دایکم بڵاوم نەکردوەتەوە! ئەمجارەیان کۆمەڵگەی بەریتانی دەھەژێنێت و خودی تۆنی بلێر کەئەوکات سەرەک وەزیران بووە تەداخول دەکات. شوێنێکی ئارام بۆ کچەکە دابین دەکەن و منداڵەکەشی دەسپێرن بەخێزانێک تەبەننای دەکەن و ژیانێکی باشتر لەژیانی دایکی دەگوزەرێت.
خاڵی ھاوبەشی نێوان کچە بەریتانی و کچە کوردە گەرمیانیەکە ئەوەیە بەتوندوتیژی نەیانھێشتووە قۆناغی منداڵیان بەسەر بەرن.
جیاوازیان ئەوەیە نیگاری خۆمان ریسوا کراو کوژرا، پاش کوشتنی رێکخراوو حکومەت خەبەریان بووەوە، واتا، وەک تاوانکار بینرا لەکاتێکدا خۆی قوربانیە! نیگاری وان قوربانی بوو، چارەسەری کۆمەڵایەتی و دەروونی بۆ دنرا.
لەھەردوو حاڵەت ئەوەی بەریتانیاو ئەوەی خۆمانیش سەرەک وەزیران قسەی لەسەر کرد، ئەوەی خۆمان دوای کوژرانی بوو، کەچی ئەوەی ئەوان بۆ رزگاری و چارەسەر بوو!
لەھەمووی خۆشتر ئەوە بوو، لای خۆمان بابەتەکە ھێندە کاریگەر بوو بەڕێوبەری گشتیی بەڕێوبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی (کوردە خان) نامەیەکی کراواوەی بۆ ھەر سێ سەرۆک نووسیوەو رەخنە لە سستیی ئەنجومەنی خانمان دەکات (دوور لە خۆیان کە نیگار لە ژێر دەستی ئەوان دەرکراوەو کوژراوە)! خاتوون داوا دەکات لە سەرۆکەکان گرنگی بەبابەتی توندوتیژی بدەن و چارەی بکەن! دەی تا کۆتایی خوێندەمە چاوەڕوان بووم شتێک بێژی کە نەیگوتبوو. بەداخەوە کوردە خان ئەگەر تۆ یان ئەنجومەنی خانمان ھەڵوێستتان ھەبێت ئەوەیە دەست لەکار کێشانەوەی خۆتان راگەیەنن بەرامبەر بەوەی دەزگاکانتان لاوزەو حکومەت پشتیوانی ناکات و ژنان دەکوژرێن... ئەگینا، عەیب نەبێت، نامەیەکی وەک ئەوەی تۆ زۆر لاوازەو تەنیا خۆڵ لەچاوکردنە بۆ ئەوەی دەسەڵات و ئیمتیازاتی بەڕێوبەری گشتی لەدەست نەدەیت، ئەمیش ژنان ناخەڵەتێنێت!

 ...............................

Hewall; ٨١


کوشتنی پیاوانه و کوشتنی ژنانه!

ئەڤین ئیبراهیم فەتاح

ماوەیەک پێش ئێستا لەچەمچەمال ژنێَک ھاوسەرەکەی کوشت و حوکمی لەسێدارەدانی لەسەر درا.  دڵی خۆمان بەوە خۆش دەکەین لەم ھەرێمەدا حوکمی ئیعدام تەنیا حوکمەو جێبەحی ناکرێت! ھەر ئەم ماوەیەش کورێک خوشکەکەی خۆی لەسەر کورتە نامەیەکی مۆبیل پارچە پارچە کردو سووتاندیشی...  نازانم یەکەم جار کوشتووی پاشان پارچەی کردووە یانیش پێچەوانەکەی! گرنگی بابەتەکە  ئەوەیە ئەگەر ژن پیاو بکوژێت یان پیاو ژن بکوژێت.. بۆچی کوشتن بەمشێوەیە ئاسان بووە؟!
کاتی خۆی ھاوسەری خوالێخۆشبووم ھاندەدا ببێت بە حاکم...من گاڵتەم دەکرد: پیاوەکە حەز دەکەم ببم بە ژنی حاکم! ھەموو جارێک دەیگوت: کاری حاکم ئاسان نیە بۆ کەسێکی مرۆڤ دۆست و ھەڵگری بیروباوەڕی ناتوندوتیژی. دەیگوت جگە لەوەی کەلتووری کۆمەڵگەی ئێمە تژی یاسای نافەرمیەو تاوانبارو کەسوکاری دەبن بە دوژمن، حاکم و منداڵەکانی ھەمیشە لەمەترسیدا دەبن.... بەڵام، لەخۆیدا ئاسان نیە حوکم لەسەر خەڵکیدا بسەپێنیت...منیش دەمزانی، ئەوکات و ئەمێساش دەسەڵاتەکانی تەشریعی و تەنفیزی و دادگاو تەنانەت راگەیاندنیش لەم دەڤەرەدا لەحیزب جودا نەکراونەتەوە، بۆیە کاری حاکم دوورە لە رۆحی یاساو تەنانەت ھەندێک جار ویژدانیش.
حوکمی لەسێدارەدان ئاسان نیە، ئەی عەجەب بۆ کچێکی لەدایکبووی ١٩٨١ و بەزۆر گەورە بەکچکە کراو دراوە؟ ئەم کچە ساڵانێکە لە رێگای دادگاو رێکخراوە ناموبارەکەکان بووە بۆ دەربازکردنی لەژیانی سووکایەتی و لێدان و ھەموو نەھامەتیەک! ئەمە پاساو نیە بۆ کوشتنی ھاوسەرەکەی ھێندەی ئەوەی پرسیارێکە لە یاسا و کۆمەڵگە: چی دەبوو ئەگەر ئەو ژنەتان لەو پیاوە جودا کردبایەوە؟ ئایا ئاسانتر نەبوو لەمەرگی پیاوەکەو حوکمی لەسێدارەدانی ژنەکە؟ بۆچی ئاساییە لامان ژنێک بەزۆر بەشوو بدرێت، لێدرێت، سووکایەتی پێبکرێت، کەچی ئاسان نیە لەو بارە دەرباز کرێت؟ خۆ رێکخراوەکانیش ھیچیان بۆ نەکرد تا بەرەو ھەڵدێر چوو گەیشت بە ئیمڕۆ!
لەلایەکی دیکەوە ئەو پیاوەی خوشکەکەی خۆی کوشتوە، پارچەی کردووەو سووتاندووی و دانیشی پێداناوە، تاکو ھەنوکە حوکمی لەسەر دیار نیە.. ئەدی بۆچی حوکمی لەسێدارەدانی ژنەکە وا سووک و ئاسان بوو؟
ھەر لەم ماوەیەدا لەگەرمیان پیاوێک تەعەدا لەخوشکی خۆی دەکات، ئەتکی دەکات و سکی پڕ دەکات و ژنەکە منداڵیشی دەبێت کەتەمەنی ١٥ ساڵە! پاشان لەرێگەی حکومەتەوە بەڵێننامە لەکەسوکاری وەردەگرن کە توندوتیژی بەرامبەر نەکەن...کەچی کوشتیان...پرسیار ئەوەیە بۆچی ئەو ھەموو ژنە دەکوژرێن و کەس نازانێ بکوژەکانیان چیان بەسەردا حوکم دەدرێت، کەچی ژنێک بەتاوانی کوشتن حوکمی لەسێدارەدان دەدرێت؟

جیاکاری جێندەری لەکۆمەڵگەی ئێمەدا ھێندە توندوتیژو دڕندەیە تەنانەت لەتاوانیشدا جیاکاری دەکات، جۆرێک جیاکاری ناراستەوخۆ دەستخۆشی لەکوشتنی ژن دەکات و دەست بەسەر سەری بکوژەکەدا دەھێنێت، بەڵام ئەگەر ژنێک ئەم کارەی کرد ئەوا قیامەت ھەڵدەستێت و نانیشێتەوە، چیە، ژنێک پەنجەی بۆ ئاسمان درێژ کردووەو مێردە موبارەکەکەی کوشتووە! پێم ناڵێن بۆچی ژنیش فێری تووندوتیژی نەبێت؟ خۆ ئەگەر بەمرۆڤی پلە دووش دانرێت، بەڵام لەکۆتاییدا، ئەندامی کۆمەڵگەیە. کەخودی کۆمەڵگە توندوتیژی قبووڵ بکات، ئیدی بۆچی بۆ جێندەرێک حەڵاڵەو بۆ ئەوی دیکە حەرام؟
............................

بۆ ھەواڵ ژومارە ٨٠


2013-05-26

له‌نێوان سه‌له‌فی و ناسیونالیسته‌كاندا

ئه‌ڤین ئیبراهیم فه‌تاح 

 سه‌له‌فیه‌كان وێنه‌یه‌كی (په‌رواز حسێن) یان بڵاو كردووه‌ته‌وه‌ عه‌زیه‌یه‌كی ره‌شی كورتی له‌به‌ردایه‌ قیچه‌ك رانی ده‌ركه‌وتووه‌. بازنه‌یه‌كیان له‌ده‌وری قیچه‌ رانه‌كه‌ كردووه‌و نووسیویانه‌: ئایا ئه‌مه‌ كه‌لتووری ئێمه‌یه‌؟! نووسیم: به‌ڵێ كه‌لتووری ئێوه‌یه‌ كه‌ له‌جل پۆشین و جێگای نووستن و حه‌مام و سه‌راویش خۆتان له‌خه‌ڵكی هه‌ڵده‌قورتێنن! مه‌پرسه‌، هه‌زارو یه‌ك جنێووم ئه‌فواجه‌ن ئه‌فواجه‌ن بۆ هات!

 هه‌مان وێنه‌ به‌ناو عه‌لمانیه‌كان دایانناوه‌ و له ‌سه‌ریان نوسیوه‌: ئایا په‌رواز خزمه‌تی كوردی پتر كردووه‌ یان حیزبه‌ كوردیه‌كان؟! ئه‌مجاره‌ نه‌موێرا بنووسم چونكه‌ ته‌وژمێكی زۆر به‌هێز هه‌یه‌ پرسی گه‌یشتنی په‌روازی به‌ نازناوی عه‌ره‌ب ئایدۆڵی گرێداوه‌ته‌ پرسی نه‌ته‌وه‌ی كوردو راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌ته‌ی كوردی. ئه‌م خه‌ڵكه‌ به‌شێوه‌یه‌ك ده‌فع بوونه‌، كه‌سێكم بینی له‌سه‌ردانی وڵاتێكی عه‌ره‌بی هاتبووه‌وه‌ ده‌یوت: بارزانی و تاڵه‌بانی هێنده‌ی په‌روازیان بۆ كورد نه‌كردووه‌، ئه‌و وڵاتانه‌ به‌ په‌رواز كوردیان ناسی! وتم: تیتكزا، راستت فه‌رمووه‌، ئاخر كورد نه‌بوو جینۆساید كرا، به‌ڵكو نه‌وه‌ی جنۆكه‌ بوو!

 كه‌چی، په‌رواز حوسێن بریتیه‌ له‌ كچه‌ لاوێكی كوردی به‌تواناویه‌ ئاره‌زووی خۆی به‌شداری كردووه‌ له‌ به‌رنامه‌یه‌كی عه‌ره‌بان. له‌كۆتاییدا ئه‌گه‌ر نازناوه‌كه‌ش وه‌رگرێت، به‌هه‌زار ملوانكه‌ی نه‌خشه‌ی كوردستان و دوو هه‌زار گۆرانی كوردی و ته‌نانه‌ت ده‌ركه‌وتنیش به‌جلی كوردیه‌وه‌، ناوی نابێت به‌ كورد ئایدۆڵ و هه‌ر هی عه‌ره‌بانه‌! هه‌روه‌ها له‌مه‌یان گله‌یی له‌عه‌ره‌ب ناكرێت، بۆچی كورد بۆ خۆی به‌رنامه‌ی له‌وشێوه‌یه‌ ناكات و به‌ناوی خۆی؟ (ئێستا له‌ ئێن ئار تی 2 به‌رنامه‌ی خۆشترین ده‌نگ ده‌ستی پێكردووه‌) به‌ڵام، بۆچی ده‌بێ كورد هه‌میشه‌ خۆ هه‌ڵقورتێنێت؟ 

له‌ بابه‌تی په‌رواز دوو دیمه‌نی كه‌سایه‌تی كۆمه‌ڵكه‌ی خۆمانی پێ نیشانداین، سه‌له‌فی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان. لای سه‌له‌فیه‌كان هیچ شتێك گرنگ نیه‌ به‌ ئه‌ندازه‌ی ئه‌وه‌ی ته‌داخولی هه‌موو شتێك بكه‌ن به‌ناوی داب و نه‌ریته‌وه‌. ئه‌وان ئاگایان له‌وه‌ نیه‌ ئازادی جل پۆشین كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی كوردستان ده‌كرێت بوه‌ته‌ شتێكی ئاسایی و داخڵی داب و نه‌ریت بووه‌. بۆنموونه‌، ئاساییه‌ كچه‌ كوردێك له‌ده‌ره‌وه‌ی كوردستان شۆرت له‌به‌رو ناوك به‌ده‌ر بێت و وێنه‌شی بڵاو بكاته‌وه‌، به‌ڵام كه‌ هاته‌وه‌ بۆ كوردوستان بۆ هه‌فته‌یه‌ك دوو ده‌سته‌ جلی ته‌قلیدی ده‌كڕێت و گرنگیشه‌ لای پێش چوونه‌وه‌ی بیبه‌خشێته‌ كه‌سوكاری چونكه‌ به‌كه‌ڵكی خۆرئاوا نایه‌ن!

زۆر كه‌س ئه‌م نه‌ریته‌ تازه‌یه‌ نابینن، به‌ڵام، هه‌شه‌!

 دووه‌م، به‌ناو عه‌لمانی یان ناسیونالیسته‌كان، مرۆڤ كۆكه‌یه‌ك بكات ده‌یكه‌ن به‌ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ی و كوردستانی گه‌وره‌. بۆ نموونه‌، په‌روازو هاوسه‌ره‌كه‌ی بۆ كاری هونه‌ری خۆیان چووبوون بۆ به‌رنامه‌كه‌ كه‌چی به‌ره‌و ئاراسته‌یه‌كی دیكه‌ هانیان دان تا وای لێهات خه‌می گه‌وره‌ی ئه‌وان بوو به‌ناوهێنانی كوردستان و هاندانی عه‌ره‌بان گۆرانی كوردی بچڕن نه‌ك خودی هونه‌ره‌كه‌ بۆیه‌ش چه‌ند جارێك شپرزه‌یی به‌په‌رواز خانه‌وه‌ ده‌بینرا كاتێك تێكه‌ڵه‌ی ده‌كرد له‌نێوان گۆرانی عه‌ره‌بی و كوردی.

 پیاوێك هه‌بوو له‌ جه‌له‌ولا ناسرابوو به‌وه‌ی درۆی گه‌وره‌ زۆر ده‌كات، به‌ڵام كه‌ رۆح سوك بوو درۆكانی بێمزه‌ڕه‌ت بوون، كه‌س له‌رووی نه‌ده‌دا، جارێكیان وتبووی: به‌شه‌ره‌فم بیست ساڵ له‌ به‌سرا پێشمه‌رگه‌ بوومه‌!
 بۆیه‌ له‌نێوان سه‌له‌فی عه‌لمانیه‌ ناسیونالیته‌كاندا، نوكه‌، به‌شه‌ره‌ف په‌روازو گۆران له‌ناو عه‌ره‌ب ئایدوڵ، ناچار كوردایه‌تی ده‌كه‌ن؟!

ئارگۆ.. Argo

ئەڤین ئیبراھیم فەتاح

ئارگۆ فیلمێکی سینەمایی ھۆڵیودی ئاکشنە لەبەرھەمی ٢٠١٢ یە. ئەمساڵ ٢٠١٣ ئۆسکاری باشترین فیلمی ساڵی وەرگرتووە. ھەروەھا کۆمەڵێک خەڵاتی دیکەشی وەدەست ھێناوە. رۆڵگێڕانی فیلمەکە بریتین لە بێن ئەفڵەک، ئالین ئارگین، جان گودمێن، برایان کرانستۆن و ئومێد ئەبتەحی.
فیلمەکە لە رووداوەکانی بارمتەکردنی دیپلۆماتە ئەمریکیەکان لە ئێران لە ساڵی١٩٧٩ دوای ئەوەی ئەمریکا شوێنی شای ئێرانی بەزیو دەکاتەوە. ئێرانی و ئیسلامیەکان داردەستەکەی خومەینی ئەم کارەیان بەدڵ نەبوو بۆیە تۆڵەیان لە دیپلۆماتکارە ئەمریکیەکان کردەوە. ئەوەبوو، لەرووداوی ئاکشنی گەرمدا و لە رێگەی سی ئای ئەی ئەمەریکیەوە (تۆنی مندیز) پلانێکی ورد دادەنێت و بۆ باڵیۆزخانەی کەنەدی رزگاریان دەکات پاشان فرمانی دەرکردنیان لەئێران دەردەچێت. فیلمەکە چیرۆکێکی راستەقینەو لە تاکتیکی سیاسیەوە دوور نیە.
سەرەڕۆیی لە بزووتنەوە و شۆڕشەکاندا وا لە رووداوەکان دەکات کە ھیچ شتێک لە رێگای لۆژیکی و دیمۆکراسیانە بەڕێوە نەچێت. رۆژ دەبێت بە رۆژی تاڵان و بەتایبەت تۆڵە سەندنەوە. لەو کاتەی ئێران چەپەکان دەیانویست تۆڵە ئەمریکای کاپیتاڵیست بکەنەوە ھەروەھا ئیسلامیەکانی ئیمامی خومەینیش.
رووداوە راستەقینەکەی فیلمەکە لەساڵ١٩٧٩ و دوای ١٠ مانگ لە شۆرشی گەلانی ئێران لەدژی سیستمی پاشایەتی  موحەمەد رەزا شای پالەوی روویداوە. ھەندێک لە رەخنەگران پێیان وابوو بەرھەمھێنانی ئەم فیلمە لەم کاتەدا بۆنی سیاسەتی لێوە دێت بەتایبەتی بۆ وروژاندنی رای گشتی ئەمەریکاوە وەبیرھێنانەوەی رووداوەکان لەکاتێکدا ئێران خەریکی پیتاندنی یۆرانیۆمەو فشاری دەرەکی لەسەرە و گیرۆدەی گەمارۆی نێودوڵەتی بووە و ھەوڵی لایەنەکان لە ھەوڵی ئەوەدان گرفتەکان بە دیپلۆماتی و ئاشتیانە چارەسەر بکەن. سەرەڕای ئەم رەخنانە خانمی یەکەمی ئەمریکا میشێل ئۆباما خۆی سەرکەوتنی فیلمەکەی راگەیاند و گوتیشی : ھەڵبژارنێکی باشە.
لە چواری ئەیلوولی ١٩٧٩ و لەسەروبەندی دوای پێکھاتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران، گرووپێک بەناوی قوتابیانی دارودەستی ئیمامی خومەینی، ھەڵدەکوتنە سەر باڵوێزخانەی ئەمەریکا لە تاران و دەستی بەرسەردا دەگرن. و لەم نێوەندەدا شەش کەسیان لە دەرگای دواوە ھەڵدێن و وەک لە فیلمەکە دیارە ئەم شەش دیپلۆماتە سەر لە ماڵی باڵیۆزی کەنەدی دەردەکەن. دواتر کۆبوونەوە تایبەتەکانی (سی ئای ئەی) بۆ رزگارکردنیان بەرێوە دەچێت لەکۆتاییدا بریار دەدەن بەپلانێکی تۆکمەرزگاریان بکەن بەوەی پاسپۆرت و دۆکیومێنتی تەزویر ئامادە دەکەن گوایە ئەمانە تیمێکی ئەکتەری کەنەدین و بۆ وێنەگرتنی فیلمێکی خەیاڵی زانستی ھاتوونەتە ئێران و دیپلۆماتکارەکان تێکەڵی تیمەکە دەکەن و رزگاریان دەکەن. دانانی پلان و جێبەجێکردنی لە ئەستۆی تۆنی میندز دەبێت. بێن ئافڵەک ئەم رۆڵە دەگێڕێت وھەر بۆ خۆشی دەرھێنەری کارەکەیە. بێگومان وردە رووداوی سەرنج راکێش و نادیار روودەدەن وەکو ھەر فیلمێکی ھۆڵیوودی بەلڕام لێرەدا نامەوێت لە خوێنەری بسووتێنم.
بەڵام، ئایا پێوەرە ھونەری و سینەماییەکانی دستنیشان کردنی فیلمەکە بۆ خەڵاتی باشترین فیلمی ٢٠١٣ چی بوون؟
زۆربەی پسپۆڕانی بواری سینەما ئەم ھەڵبژاردنەیان بە خراوترین ھەڵبژاردن لەمێژووی ئۆسکار داناوە. ئەمەیش لە ساڵێکدا کە قات و قڕی فیلمی باش نەبووە بەڵکو فیلمی زۆر باشتریش ھاتوونەتە بەرھەم وەکو لینکۆڵن (کە جاری پێشوو لەسەرم نووسیبوو) و زۆر پێشبینی دەکرا ئۆسکاری باشترین فیلم بۆ ئەو بێت، کەچی بۆ ئارگۆ بوو!
فیلمی ئارگۆ چەند ھەڵەیەکی مێژوویی و ھونەری بەخۆیەوە دەگرێت. بۆنموونە، لە دەسپێکی فیلمەکە دەقێک دەخاتە روو باسی مێژووی ئێران دەکات. لەم دەقەدا گوایا بەریتانیاو ئەمەریکا کوودەتایان لە دوکتۆر موسەددەق کردووە وەک سەرۆک وەزیرانی ھەڵبژاردەی خەڵکی.  دواتر رەزا شای پالەویان ھێناوەتە سەرکار. کەچی شتی وەھا لە مێژووی ئێراندا نەبووە، دوکتۆر موسەدەق بە دەستی موحەمەد رەزا شای پالەوی لەسەر کار لابراوەو ھەڵبژاردەی خەڵکی نەبووە. ئەو کۆدەتایەش کە باسی لێوە دەکرێت لەزەمانی موحەمەد رەزا شای پالەوی کوڕی رەزا شا کراوە، ھەروەھا ئەو دەمەیش  نزیکەی یەک دەیە کوڕی رەزا شا دەسەڵات بەدەست بووە. ھەبوونی ئەم ھەڵانە بوونە بەھۆی ئەوەی وەک فیلمی (سێسەد) کۆمەڵێک لە ئێرانیەکان رەخنەی لێبگرن و دەوڵەت ھەڵوێست وەرگرێت. لە فیلمی ئارگۆدا ئێرانیەکان وەک وەحشی و جەردە نیشان دەدرێن. سەربازەکانی یۆنان وەک سەربازی ئازاو لە خۆبردوو دەنوێنێت. ئەم کار کاریگەریەکی وەھای ھەبوو ئێرانیەکان بەفەرمی و نافەرمی لێی وەجواو ھاتن، ناڕەزایی خۆیان دەربڕی.
فیلمی ئارگۆ پاڵێوراوی حەوت خەڵاتی ھەشتاو پێنجەمین خولی ئۆسکار بووە. لە ئاکامدا توانی سێ خڵات وەرگرێت. ھەروەھا دوو خەڵاتی گۆڵدن گڵۆپی وەرگرتووە. لە لایەکی دیکەوە بەکارھێنەرانی ئینتەرنێت ٩٣% لەماڵپەری راتن تۆمیوس وەک دەنگ تۆمار کردووە. ئەمە نیشاندەری سەرنج راکێشبوونی ئەو فیلمەیە. بینینی ئەم فیلمە بۆ بینەری غەیرە ئێرانی تایبەتمەندی خۆی ھەیە لەبەر ئەوەی سیناریۆیەکی وەھا سەرنج راکێشی ھەیە بینەر بە تەواوەتی رادەکێشێت ئەگەر ئێۆانی نەبێت (تێبینی: بۆ نووسینی ئەم وتارە سوودم لە ھاورێیەک وەرگرتووە کە نافەرمی کوردی رۆژھەڵاتی ئازیزە، بەڵام، بەفەرمی چەندە من عێراقیم، ئەویش بەو رادەیە ئێرانیە!(
لەفیلمی ئارگۆ کۆمەڵێک تیشکی کۆمەڵایەتیم بینی:
١-    لای من گرنگ نیە ئەگەر بەھۆی ھۆکاری سیاسی ئۆسکاری ھێناوەتەوە. دەی ھەموو پوژبنێکیونیا سیاسەتەو ئەم فیلمەش ھۆڵیودە واتا، ھەم پیشەسازیە ھەمیش سیاسەت. ھەردوکیان بابەتی کۆمەڵایەتین.
٢-    ئەم تۆنی مندیزە رۆحێکی کۆمەڵایەتی زۆر جوان نیشان ئەدات. ئەو سەرەتا دەست بەکارێکی زۆر ترسناک دەکات ک مەترسی ژیانی خۆی و گرووپەکەی ھەیە. ھەروەھا ئێف بی ئای کارەکەی پێ دەکات. جگە لەوەی نابیت بەکۆیلەی ئێف بی ئای و خۆی کارەکە دەکات، دەی ئەمیش لوتکەی ئازایەتیە چونکە پێَی دەڵێن مەیکە.......... کەچی ھەر دەیکات..

٣-    ئەوەی لەھەمووی گرنگتر بوو لام و تامزرۆیم.. ماری تیم بوو. واتا لە تیمەکە ھەر کەس کاری ھەیەو ھەر کەس بەرپرسیارە. ئێمە ئەوەمان نیە. نەتیم ئەزانین نە بەرپرسیارێتی! ئەمیش دەمباتەوە بۆ لای ڤیبەر و کاردابەشبوون کە ئێمە نیمانە ............. فیلمی ئارگۆ لای من گرنگ نیە ئۆسکاری وەرگرتووە یان رەخنەی لێ دەگرن! کەچی گرنگە باسی رووداوێکی زۆر ترسناکی مێژوویی دەکات بە پسپۆڕی و کار دابەشبوون چارە دەبێت. خۆزگە جارێک پسپۆری و کار دابەشبوونم لەم وڵاتە دەبینی!
........................................................
لینکی ئەم بابەتە له ماڵپەڕی رۆژنامەی خەبات

2013-05-21

جی ئای جەین / دێمی مۆڕ

ئەڤین ئیبراھیم فەتاح

جی ئای جەین فیلمێکی ئەکشنە، زۆریش رەخنەی لێگیراوە، تەنانەت ئەستێرە قەشەنگەکەی ھۆڵیوود، دێمی مۆڕ، کە پاڵەوانی فیلمەکەیە رەخنەیەکی زۆری لێگیراوە وتەنانەت لەسەر نواندنەکەی خەڵاتی خراپترین ئەکتەری وەرگرتووە، کە وانەبوو نواندنێکی ئێجگار جوانی کردبوو.
جی ئای جەین فیلمێکی ئەمریکیە لەساڵی ١٩٩٧ لەستۆدیۆکانی ھۆڵیوود بەرھەم ھاتووە. لەدەرھێنانی ۆیدڵی سکۆت، نووسین و سیناریۆی دانیلڕ ئەلیخاندراو داڤید تۆی. ئەستێرەی دیاری ھۆڵیوود دێمی مۆڕ پاڵەوانێتی کردووە لەگەڵ ڤیگۆ مۆرتێنسن.

پوختەی چیرۆکی فیلمەکە ئەوەیە، دوو دەسڵاتدار بۆمانەوەیان لەسەر کورسی حوکم پێشنیاری گوڕان دەکەن لەسیستم و یاسای ھێزی دەریایی سوپای ئەمریکی بەوەی ئافرەت رابھێنن و بیھێننە ناو بوارەکەوە. بۆ ئەم مەبەستەش کچێک دەستەبژێر دکەن بۆ بەشداریکردن لە قورسترین راھێنانی چەکی دەریایی میلیتاری ئەمریکی کە ٦٠% پیاو لێی دەرباز دەبن. سیناتۆرە ژنەکە (لیلیان دیھاڤین  کە ئانی بانکرۆفت رۆڵەکە دەگێرَێت) بۆ مانەوەی خۆی لەو شوێنە بانگەشەی مافەکانی یەکسانی ئافرەت لەگەڵ پیاو لەچەکی دەریایی دەکات بۆیە سەرکەوتوو دەبێت بەوەی ژنێک بنێرێت ھەمان راھێنانەکانی پیاوان لەناو پیاوان بکات. خانم ژنێِک دەستنیشان دەکات توانای جەستەیی و عەقڵی و ئامادەبوونی جوانیی مێیایەتی ھەبێت، بۆیە خاتوو جۆردان ئۆنیڵ_ دێمی مۆڕ دەستنیشان دەکات ...ئۆنێلڕ سەرکەوتوو دەبێت لە دووشت: یەکەم: ماوەی راھێنانەکە تەواو دەکات لەگەڵ تەشقەڵەی پیاوەکان و سوکایەتی پێکردنی لەبەر ئەوەی ژنە. دووەم: ھەر لە مەشقەکە و بۆ سووکایەتی پێکردنی دەیکەن بەرێبەری فەوجێک کە بەقسەی ناکەن.. بەڵام، ئەو سەرکەوتوو دەردەچێت بەرادەیەک بەھەردوو دەستی بەستراوەوە کۆماندۆرەکە تێر شەق دەکات ونھێنی کاری تیمەکەی خۆی نادرکێنێت.
گرنگی فیلمەکە ئەوەیە ژنان بۆ خۆیان بزانن ھەموو شتێکیان وەک پیاو پێدەکرێت بە بێ ئەوەی مێیایەتی خۆیان لەدەست بدەن. ئەم فیلمە گەریلا ژنەکانی PKK دێنێتەوە یاد لەو پرسیارانەی مولازم جۆرادان ئۆنێلڕ (دێمی مۆڕ) پاڵەوانی فیلمەکە دیانخاتە روومان: ئایا ژن لە پیاو بەنرخترە بۆ ئەوەی لەپێناو خاک و نیشتیمناندا نەکوژرێت؟ پرسیارێکی سەختە بەتایبەت  کە ژنە سیناتۆرەکە وەلڕامی دەداتەوە: من چاوەڕوانی ئەوە بووم تۆ فەشەل بێنیت بۆیە تۆم نارد شێوازت لە ژنە بەتواناکانی  مێینە زۆر جوان و ژنانەنەیت،  ئیتر ئەوەبوو بۆیە ھەڵمبژاردیت، دامنەنابوو کە سەرکەوتوو دبیت. واتا خانمی سیناتۆر لە دڵی خۆیەوە داینابوو ئۆنێڵ نموونەی ئافرەتی سەرکەوتوو بێ لەوکارەدا سەرنەکەوێت بۆ ئەوەی خانم قاچ لەسەر قاچ دانێ وبڵێ: فەرموو ھەلیشمان بۆ ئافرەت رەخساند کەچی نەیتوانی شان بەشانی پیاو خولی مەشقەکە تەواو بکات!ئەم قسانە ئونێڵ بێ ورە ناکات و بوو بە یەکەم ژن لەھێزی میلیتاری دەریای ئەمریکی سەرکەوت لەسەر گەمەی سیاسی خاتوونێکی دیکە کە ویستی ئۆنێلڕ بۆ مانەوەی خۆی لەوشوێنە وەک کارتێک بەکار بێنێت.
بایەتەکە دەمانخاتە پرسیارێکەوە؟ پیاو دەجەنگن بۆ خاک وڵات.. ئایا ژن ئەوکارە ناکەن یان رێگەیان پێنەدراوە؟؟
ئونێلڕ وەڵام دەداتەوە کە بەدوو دەستی بەستراوەوە سەرکردەکەی تێر شەق دەکات، وادەکات تیمەکە کەمیک پێشتر لەدژی بوون یەک بەخۆ ھاوار بکەن ئونێلڕ.. ئونێلڕ...
ئونێلڕ بردیەوەو یەکەمین ژنی ئەمریکایی میلتار بووە کەوەکو پیاو داکۆکی لە باوەڕەکانیان دەکەن.  ئەو بۆ ئەو مەبەستە نەک تەنیا شەو نخووونی، قژی درێژی خۆی بری و سەری سفر کرد! دێمی مۆڕِ لەراستیدا بۆ نواندنی ئەم فیلمە قژە درێژە جوانەکەی خۆی بڕی بە رادەیەک ھاوڕێیی موسەقەفی خۆم کاتێک گوتم لەسەر ئەم فیلمە دەنووسم گوتی ھا ژنە کەچەڵەکە؟ (دووبارە لە ژیانی راستیدا دێمی مۆڕ پێمان دەڵێ ئەگەر چی ئافرەت بەقژەوە جوانە بەڵاَم زەحمەتنیە لەپێناوی سەرکەوتن لەکاردا ئەگەر قژ بۆ بەکۆسپ، ئەوا ئەیبرَم) تاواننەوەیەکی سەیر دەبینرێت لەنێوان ھەردوو کەسایەتی: مۆڕی ئەستێرەی ھۆڵیوودی و ئۆنێڵی ئافرەتێکی ئەمریکی کەچۆن سوورنلەسەر یەکسانی بوونیان بە پیاو.
بە ھاوڕێکەم گوت: ئازیز یەکەم ژنەکە کەچەلڕ نیە خۆی سەری سفر دەکات بۆئەوەی بتوانێت یەکسان بێت لەگەڵ پیاوان و قژە درێژەکەی لەمەشقدا رێگر نەبێت بۆی. دووەم: پیاو بە ئارەزووی خۆیان ئەسلەع و کەچەڵ دەبن بۆچی ژن نایکەن بە تاوان بۆیان و سادە خۆشیانیان گەرەکەو ژیانیان  لەگەڵ بەسەر دەبەن(لەگەڵ ئەوەیخودی ئەوبرادەرە سەریرووتابووەو کەبۆ پیاوبەعەیب ناچێت).
گرفتی بابەتکە ئەوەیە ئافرەت ھەیە ئامادەیە قژی ببرێت، خۆی بەکوشتن بدات و ئامادەیە ھەموو قوربانیەک بۆ خاک و ولات بدات، کەچی دواتر ھەر ھەر ژنەو مافەکانی کەمترن و ئەرکەکانی قورسترن!!
تەوەری سەرەکیی فیلمەکە جیاکاریە لەئەرک و مافەکان لەسەر بنەمای جێندەری، بەڵام، چەندین دیمەنی کاریگەری ھەیە وات لێدەکات رامێنی بیر بکەیتەوە. لەوانە، جارێکیان دەچن بۆ مەشقی ناو دەریا، لەشوێنێک دوور لەکەنارەوە لەسەریانە مەلەوانی بکەن کارێک ئەنجام بدەن و خێرا بگەڕێنەوە ناو پاپۆڕِەکە. ئۆنێڵ کەمێک دوا دەکەوێت، ئیدی کۆماندۆرەکە بەگرووپەکەی دەڵێت: لەجەنگدا نابێت تیم سەرباز بەجێ بھێڵێت، کاتێک تیم دەچن بەدوایدا کۆماندۆر لەناوەڕاستی دەریا بەجێیان دەھێڵێت ناچار دەبن تاکەنار بەمەلەوانی بگەڕێنەوە. لەوکاتەدا کەتیمەکە چوار کەس دەبن، دوو پیاوی سپی پێست، پیاوێکی رەشپێست و ئۆنێڵ. پیاوە سپی پێستەکان سەرکۆنەی ئۆنێڵ دەکەن گوایە ئەو بوەتە ھۆکاری ئەم سزایەو شوێنی ئەو ماڵێکی گەرموگوڕە نەک ئەم مەشقە سەختە. رەشپێستەکە چیرۆکی باپیرەی خۆیان بۆ دەگێڕێتەوە کەئارەزووی بووە ببێت بەسەرباز، بەڵام، لەسەربازیدا تەنیا کاری چێشت لێنانیان پێی سپاردووە، ھەرچەندە تەقەللای کردووە رێگەیان نەداوەتێ کاری مەشق و راھێنانی سەربازی و بەشداری جەنگ بکات لەبەر ئەوەی رەشپێستە. سەربازە سپیەکان دەڵێن: جا تۆ باسی چلەکان دەکەیت ئێستا کەی لەئەمریکا جیاکاری رەگەزی ماوە ئەوە نیە تۆ وەک ئێمە یەکسانیت؟ لەوەڵامدا دەڵێ: لە ئۆنێڵ بپرسن ئایا راستە جیاکاری نەماوە؟؟
بەراوردرێکی زۆر جوانە لەنێوان جیاکاری نەژادی و جیاکاری جێندەری. جیاکاری ھەرجیاکاریە و دەکرێ لە پێشکەوتووترین وڵاتدا بەدەموچاوی جیاواز خۆی بنوێنێت.
لەدیمەنێکی دیکەدا کاتێک لەسەرەتای فیلمەکەوە تاکۆتایی کۆماندۆرەکە دژایەەتی سەختی ئۆنێڵ دەکات بۆ ئەوەی خولی مەشقەکەی پێ تەواو نەکرێت، بەسەربازەکان دەڵێت: لەبەر ئێوەمە ئافرەت لەمیلیتاری بێت ھەڕەشەیە بۆ پیاو. بەڵام کە ئۆنێڵ کۆڵنادات و سەردەکەوێت ھەمان کۆماندۆر دەڵێ: گرفتەکە لەودا نیە لەئێمەیە کە ناتوانین قبوڵی بکەین.
لەساڵی ٢٠٠٢ لەرۆژنامەی برایەتی پەیامنێر بووم. یەکێتی ئافرەتانی کوردستان چەند خولێَکی مەشقی سەربازیان بۆ ئەندامەکانیان کردبوو. وەکو چالاکیەک وێنەکانیان ناردبوو بۆ بڵاو کردنەوە. ئەوکات کاک عەبدوسەلام بەرواری سەرنووسەر بوو. لەبیرمە گوتی ئاخر ئافرەت و مەشقی سەربازیان گوتووە؟ ھەموو جارێک ئەم قسەیەم بیر دێتەوە کاتێک وێنەی کچە گەریللایەکی کورد دەبینم و بەڕاستی سیمای ناسکیی مێینەیان پێوە نەماوە. بابەتەکە دەمباتە ئاقارێکەوە بڕیار بدەم: ئایا لەگەڵ ئەوەم ئافرەت ئەم کارە سەختە بکات یان نا؟  لەبینینی ئەم فیلمەش ھەمان قسەی بەرواریم بیر دەھاتەوە: وەکو ژنێک ئایا دەتوانم ئەم کارە بکەم یان نا؟ ئەیا گەرەکمە بیکەم یان نا؟؟

لە کۆتاییدا گەیشتم بەئەنجامێک: لەکاتی پێویستیدا ھەندێک سنوور ھەیە ناچاریت بیبەزێنیت. کچە گەریلاکان بەخۆشی خۆیان روویان لەشاخ نەکردووە. ئافرەتانی کوردی لای خۆشمان بەدرێژایی مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەرلی کوردستان بەشداریان کردووە. واتا، فەلسەفەی یەکسانی لەوەدا نیەتۆ یان من لەگەڵ ئەوەبین یان دژی بین ئافرەت ئەوکارە بکات بەڵکو لەوەدایە، کەئارەزوویەتی وتوانای ھەیە وازی لێبێنە بابیکات بەیەکسانی و وڵات لەبەھرەکانی بێبەش مەکە.

زۆربای یۆنانی


ئەڤین ئیبراھیم فەتاح
لەرۆمانی جیھانی رۆماننوس نیکۆس کازنتزاکی لە ساڵی ١٩٤٦ نووسیویەتی بەھەمان ناونیشانەوە وەرگیراوە، کەرۆمانەکە دەخوێنیتەوە جیاوازی ھەیە لەگەلڕ فیلمەکە، بەڵام مانای ئەوە نیە بەھای فیلمەکە لەبەھای رۆمانەکە کەمتر بێت. لەساڵی ١٩٦٤ لەستۆدیۆکانی  ھۆڵیوود ئەم فیلمە بەرھەم ھاتووە بەیەکێک لەکارە نایابەکانی ئەنتۆنی کوین و دەرھێنەری یۆنانی میخیلیس کاکۆگیانیس دادەننرێت.  نواندنی ئەنتۆنی کوین (زۆربای یۆنانی) ئالان باتەس(باسیل) ئایرین پایاس (بێوەژن) لیلا کیردرۆڤا (مەدام ھۆرتینسە). سێ ئۆسکار و چوار خەڵاتی دیکەی وەرگرتووە، لیلا کیردرڤا بۆ باشترین پاڵەوەنی دووەم، ڤیزیلیس فۆتۆپۆڵەس بۆ باشترین دیکۆرو وێنەی فیلمی رەش  و سپی، ھەروەھا واڵتەر لیسالی بۆ باشترین سینەماتۆگۆافی رەش و سپی.

مۆزیکی فیلمەکە زۆر گرنگەو ناوبانگی لەھەموو جیھان بە سەماو مۆزیکی زۆربا دەرکردووەو وەک مۆرکێک بۆ یۆنان دادەنرێت. ئەم مۆزیکە لەلایەن مۆزیکوانی یۆنانی میکسیس تیودۆراکیس کە لەساڵی ١٩٨٨ بالێیەکی بەناونیشانی (ئەلیکسس زۆربا) داھێَناوە.
زۆربای پڕ لەژیان زۆر قسەو شتی جوانی تیادایە بەرادەیەک مرۆ ناتوانێت دەستی لێ ھەڵگرێت و ھەرگیز کۆن نابێت. بۆیە باشتر وایە لەکاراکتەری زۆرباوە بچمە ناو کارەکتەرەکانی چیرۆکەکەوە و کاریگەری زۆربا بەسەریانەوە بچمەناو بابەتەکەوە.

پوختەی چیرۆکی فیلمەکە:
لاوێکی بەریتانی (باسیل) ھەندێک پارەو مەنجەمێکی خەڵوزی لەباوکی بۆ ماووەتەوە لەگوندی (کریت)ی یۆنانی. ژیانی لاوەکە پڕ کتێب و خوێندەوەیە بەڵام بڕیار دەدات بچێت بۆگوندەکەو مەنجەمەکە ببوژێنێتەوە بەڵکو ئیلھامی نووسینی بۆ بێت. لەسەر کەشتیەکە پیاوێک دێت بۆ لای، خۆی پێ دەناسێنێت و وای لێدەکات قایل بێت بەوەی بیکات بەیاریدەدەری خۆی گوایە لەکاری خەڵووز تێدەگات. ئەم پیاوە پیرە زۆربای یۆنانیە (ئەلیکسس زۆربا). پێکەوە لەکریت دەچنە موتێلێک و دەبن بە دووھاوڕێی گیان بەگیانی. گرێ کوێرەی چیرۆکی فیلمەکە لەکەسایەتی زۆربای نەخوێندەوارە کە باوەری بەخوێندن و کتێب نیە، بەباسیل دەڵێ: ھەموو فەلسەفەی دونیا لەناو کتێبەکانی تۆدا نیەو من دەتوانم شتی دیکەت فێر بکەم لەژیاندا ھەیە و لەناو کتێبدا نیە!

زۆربا جوامێرە
ھەندێک کەس پێی وایە نیکۆس کازنتزاکی لەیەکێک لە گەشتەکانیدا پیاوێکی جووتیاری بینیوە ناوو کەسایەتی زۆربای ھەبووە، ھێندە پێی سەرسام بووە بۆیە ژیان و کەسایەتی ئەو پیاوەی کردووە بەرۆمان. زۆربا جوتیارێکی نەخوێندەوارە بەڵام فەلسەفەیەکیتایبەت بەخۆی ھەیە بۆ ژیان. زۆربا ژنی خۆش دەوێت و وەک خۆی دەڵێ: بەقەدەر مووی سەری ژنی ناسیوە، بەڵام، دڵی کەسیانی نەشکاندووە. زۆربا خەم لەھیچ  ناخوات، لەخۆشی و ناخۆشیدا سەما دەکات. سەماکەشی تایبەتە بەخۆی (سەمای زۆربا). لەم سەمایەدا خۆی بەرز دەکاتەوە ھەوا ھەڵدەمژێت و توند پێ بەزەویدا دەدات. لەیوتیوب بگەڕێی سەماکەی زۆربا بەھەزاران شێوە دووبارە کراوەتەوە وەک پێناسە بۆ یۆنانیەکان دانراوە. یەکێک لەڤیدیۆ نایابەکان ئەنتۆنی کوین لەگەڵ ئاوازدانەرەکە میکیس تیۆدۆراکسیس سەمای زۆربا دەکەن. لەکۆتایی ڤیدیۆکە ئەنتۆنی کوین دەڵێَ: سەمای زۆربا سەمای ژیانە وایلێکردم ھەموو شتێکم خۆش بوێت، ئێستا من تۆم خۆش گەرەکە، ئینجا باوەش بەیەکتری دەکەن!
خاوەنی موتێلەکە بێوەژنێکی پیرە، حەز دەکات باسی جوانی خۆی بکات بەلاوێتی کە چەندین پیاو عاشقی بوونە لەجەنەراڵ و پیاوی مەزن. لەسەرەتاوە (باسیل) لاوە دەوڵەمەندە موحافزکارەکە بەبزەی لێو گاڵتەی دەکات، ژنەکەش ھەستی پێدەکات و نیگەران دەبێت. لێرەدا جوامێری زۆربا دەردەکەوێت کە زۆر گرنگی بەقسەکانی ژنەکە دەدات بۆ ئەوەی دڵی خۆشش بکات، بەباسیل دەڵێ: ھەڵسە سەمای لەتەک بکە، کە نایکات، بۆیە خۆی ھەڵدەستێت دەستی ژنەکە دەگرێت و سەمای لەگەڵ دەکات، ئیدی ژنەکە عاشقی جوامێری و نەرمی زۆربا دەبێت.
لەگەڵ ئەوەی زۆر یارمەتیان دەدات و موتێلەکەی بوەتە مایەی داھات بۆ گوندەکە، کەچی خەڵکی کریت بێوەژنە فرەنساییەکەیان خۆش نەگەرەکە. کاتێک زۆربا بۆ کڕینی کەلوپەل بۆ سازدانی مەنجەمەکە دەچێت بۆ شار ھەموو سەرمایەکەی باسیل لەژن و مەیخواردنەوە خەرج دەکات و نامەیەکی بۆ دەنوسێت دەڵێ: داکۆکیم لەپیاوەتی کرد! لەبەر ئەوەی لەمەیخانەکە کچێک دەیششکێنێتەوە، ئەمیش پارەکەی پێ نیشاندەدات ئینجا کچەکە ئەباەتەوە لەگەڵ خۆی! کە باسیل ئەمە دەزانێت بەبێوەژنە پیرەکە دەڵێت: زۆربا نووسیویەتی مەدام ھۆرتینسە دەھێنم بۆ ئەوەی تووشی بکات! ئیدی مەدام ھۆرتینسە لەخۆشیا قاچی زەوی ناگرێت. جوامێری زۆربا لەوەدایە دیسان دڵی خانمەکە ناشکێنێت و پێی دەڵێ: راستە وا ئاھەنگەکە ئامادە دەکەم ناردوومە جلی بووکێنیت بۆ بێت.
لێرەدا کازنتزاکی و کاکۆگیانیس دیمەنێکی پڕ حەسرەتمان لە دڕندەیی گوندنشینەکان پیشان دەدەن، کاتێک مەدام ھۆرتینسە نەخۆش دەکەوێت، ژنەکان وەکو قەلەرەش دین و لەدیاری دادەنیشن چاوەڕوان دەبن بمرێت تاکو ماڵەکەی تاڵان بکەن! جوامێری زۆربا لەوەیە تامردن لەدیاری دەبێت و دڵی دەداتەوە. ئەویش کەچاوی بەقەلەرەشەکان دەکەوێت و دەزانێ چاوەڕوانی چین دەترسێت و دەست بەگریان دەکات، زۆرباش ھەر دڵی دەداتەوەو دەزانێت دەرەقەتی ئەو وەحشیانە نایەت، ئیدی لەگەڵ مردنی ژنەکە بەچاو تروکانێک تاڵانی دەکەن و ماڵەکەی دەڕووتێننەوە و کەس پرسەی بۆ دانانێت! ئەم دیمەنە میمی نەعیمەم بیر دەھێنێتەوە، لای خۆمان بوو لەگەرمیان. میمی نەعیمە بێوەژنێک بوو بەتەنیا دەژیا تا پیر بوو، کەسوکاری نەھاوکاریان دەکرد نەسەردان. پارچە زەویەکی چکۆڵەی ھەبوو خانویەکی قوڕینی تیا کردبوو و کاری جوتیاری دەکرد لەزەویەکەی و پێی دەژیا. کاتێک مرد، کەسوکاری دونیای بۆ پەیدابوو ماڵەکەیان  تاڵان کرد! بەڵام ئەو بەتەنیا مرد، زۆربایەک نەبوو لەدوا ساتەکانی بەدیاریەوە بێت. ئەم دیمەنە وەک ئاوێنەک دەخەنە بەردەستی کۆمەڵگا بۆ ئەوەی ناشیرینی خۆی ببینێت.
زۆربا ئازایە
لەگوندەکە بێوەژنێکی گەنجی زۆر جوان ھەیە، تەنانەت ناویشی ناھێنن و پێی دەڵێن بێوەژنەکە٠ ھەموو پیاوانی گوند تەماعی دەکەن، و ھەموو ژنە قەلەرەشەکان رقیان لێ دەبێتەوە و یەفیتنەی دادەنێن لەسەر پیاوەکانیان. ئەمیش بۆ کەسیان شل نابێتەوە. کوڕێکی لاو زۆر حەزی لێی دەبێت وازی لێ ناھێنێت ھەمیشە بەدواوەیەتی، ئەمیش رووی ناداتێ. بێوەژنە لاوەکە حەز بەباسیل دەکات و شەوێک لەگەڵی دەنوێت، کوڕە لاوەکە بەمە دەزانێت، جگە لەوەی بڵاوی دەکاتەوە خۆشی دەکوژێت.. ئەمیش دەبێت بەنەھامەتی بۆ بێوەژن و جەژن بۆ گوندنشینەکان. لەدیمەنێکی وەحشیی ترسناکدا بەژن و بەپیاو رێگەی لێدەگرن و بەردبارانی دەکەن. ئازایی زۆریا ئەوە بوو کە تاکە کەس بوو داکۆکی لێ دەکات و نایەڵێ لێیدەن. تەنانەت باسیل کە گوایا خۆشی گەرەک بوو وەکو بینەر تەماشای دەکات و ھیچ ناکات، لێرەدا نەخوێندن و نەسەقافەت و نەپارە ئەو پیاوە ناکەن بەمرۆڤ چونکە ترسنۆکە. کەچی زۆربا ئەمجارەش نەیتوانی بێوەژنەکە لەخوێن مژەکان یپارێزێت و باوکی کوڕە خۆکوژەکە بەخەنجەرێک لەژێر دەستی زۆرباوە دەکوژێت. جارێکی دیکە دڕەندەیی کۆمەڵگەی کریتمان نیشاندەدات. لای خۆشمان ھەروایە کاتێک کۆمەڵگە بڕیاری بەکۆمەڵ دەدات، ئیدی ھێز نیە بتوانێت ئەو کەسە رزگار بکات. کاراکتەری ئەو بێوەژنە گەنجە زوڵم لێکراوە لەکۆمەڵگەدا زۆرەو لەسینەماشدا بوو بەنموونەیەک چەندین فیلمی سەرکەوتووی لێکەوتەوە وەکو مالێنای مۆنیکا بلووچی و پۆستەچیەکەی سوھێر مورشدی لەسینەمای میسری.

زۆربا نائومێدی نازانێت

جوانترین دیمەنی فیلمەکە ئەوەیە کەمەنجەمەکە دەرووخێت، سەرمایەکەیباسیل و ماندووبوونی شەونخوونی زۆربا بەچاوتروکانێک دەروات. زۆربا پێدەکەنێت وھیچی تر، بەڵام، باسیل داوای لێدەکات فێرە سەمای بکات و پێکەوە دەست بەسەماکەیزۆربا دەکەن..واتا، باسیل بەھەمو عیلم و مەعریفەتی دونیاوە کەوتە ژێر کاریگەری زۆرباوە! پارساڵ کە ئوتومبێلم لەرێگای زانکۆی کۆیە وەرگەرا، جگەلە تەندروستیم رەنجی ژیانم بەچەقەنەیەک رۆیشت و تاھەنووکەش بەرێگای دوکتۆرەوەم دونیا تەڵخ بووبوو لەبەر چاوم، ئەگەر زۆربا لام دەبوو، دەمگوت: فێرە سەمام بکە نایزانم!