2013-05-29

کۆتا بۆ حاجی ژن!

ئەڤین ئیبراھیم فەتاح

لەپەیجەکەی خۆیدا لەفەیس بووک، مەریوان نەقشبەندی بابەتێکی سەرنجڕاکێشی بڵاو کردوەتەوە. بابەتەکە پەیوەستە بەجێندەر باڵانس لەکوردستان. نەقشبەندی دەڵێ: بەپێی ئەو ژمارانەی دەستم کەوتوون ئەمساڵ لەکۆی ٤٦٥٠ کەس کە خۆیان بۆ حەجکردن تۆمارکردووە کە پشکی ھەرێمی کوردستانە، ژمارەی ئافرەتان تیایدا ناگاتە ١٥٠٠ کەس، لەکاتێکدا ژمارەی ئەو ئافرەتانەی لەھەرێمی کوردستاندا فۆڕمی حەجیان پڕکردوەتەوە پتر لە٦٠ ھەزار کەسە، بەمەیش، رێژەی ٦٣% کەس لەوانەی فۆرمیان پڕ کردوەتەوە ئافرەتن! لەبواری ئیرشادو تیمەکانی سەرپەرشتیاری حاجیان و پزیشکەکان ناگاتە ١٥%ی ئافرەت، واتا جیاکاریەکی جێندەری یەکجار گەورە کراوە لەبابەتەکەدا (تێبینی، بۆ ئەمانەتی وەرگرتنی زانیاری، قسەکان دەقاو دەق ھی نەقشبەندی نین چونکە ئەو چەمکی جێندەری بەکار نەبردوە). یاشێخ دەڵێ: لەھەر بوارێکدا ئەم جیاکاریە کرابایە لەبواری عیبادەتدا نەدەبوو بکرێت چونکە عیبادەت مافێکی یەکسانە، ھەروەھا سەرسوڕمانی خۆی دەردەبڕێت سەبارەت بەنەبوونی ھەڵوێستی حیزب و رێکخراوە ئیسلامیەکان و رێکخراوەکانی ئافرەتان بەرامبەر بەم ناعەدالەتیە!
سەرەتا، دەمێکە ئاشکرام کردووە کەسێکی عەلمانیم و بەھیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەوەدانیم حکومەت مەسرەفی عیبادەت بکات، کەسێک لەخودا دەترسێت و فەرز جێبەجێ دەکات باگیرفانی بتەکێنێت، خۆی لەخۆیدا ئەگەر خۆت مەسرەفت نەکردو حکومەت یان کەسێکی دیکە مەسرەفی عیبادەتی کرد، بەرای من، بەشێکی زۆری دەبێت بەموزایەدەو لەوەش خراوتر، بازڕگانی!
بیرم کردەوە: ئەدی بابەتی بەدەل حەج؟ خۆ ئەو بابەتە بازڕگانیەکی ئاشکرایەو ساڵانە ژن و پیاو دەیکەن لەوانەی سەفاو مەڕوای ماڵی خودا بوەتە کاسبی بۆیان؟ بەپێی ئەوەی کابرا، یان خانم چنگێک پارە لەخوازیاری بەدەل حەج وەردەگرێت و بەپارەی حکومەت حەجەکە دەکات، ئاخر وەکو منشار وایە، بۆ سەرەوە دەخوات و بۆخۆرەوەش ھەر نۆش دەکات! ھمممم ئەم ماستە موویەکی تیادایە! واتا، مەسەلەکە قازانجی مادی تیادایە و وکو ھەر پیشەیەک یان ھەلێکی کار جێندەر باڵانس بۆ لای پیاوان شکاوەتەوە!
کەواتە سەرسوڕمانەکەی کاک مەریوان لەبێدەنگبوونی حیزبە ئیسلامی و رێکخراوەکانی ئافرەتان لەجێی خۆی نیە! واتا، ئەمە بابەتێکی ئاساییە وەکو ھەر بابەتێکی دیکەی پەیوەست بەجێندەر باڵانس: کاکە ئەوان ماڵ و گیرفانیان یەکە ئیدی چ پەیوەدیان بەپیرەژنێکەوە ھەیە بەھەموو کۆڵی دڵیەوە گەرەکیەتی سەردانی ماڵی خودا بکات بۆ ئەوەی لەم دونیایە دەستی ماچ بکەن لەو دونیاش لێی نەپێچنەوە: ماددەم حکومەت پارەی دەدایت بۆچی فەرزەکەت نەکرد خانم؟!

گرفتی بابەتەکە لەوەدایە ئەگەر داوای مافی کۆتا بکەین بۆ حەجی ژنان، دەڵێن کۆتا بۆ بابەتە جەماوەریەکانە کەخەڵکی دەنگی بۆ دەدەن بۆ حەجکردن نابێت! ئەوا وازمان لە مافی کۆتا ھێنا، ئەدی ئەگەر داوای یەکسانیمان کرد بەپێی رێژە و وەکو ئێستا نەیانکرد دەبێ بێژین، کاکە لەسەرەتاوە سەرکردایەتی ئیمان و ئیماندارێتی ھەر لەپیاوە و لەدەستی پیاوان بووە، دەبێ ئەو ژنانە سوپاسگوزەر بن ئەو رێژە کەمەیان ھەیە ھەڵبەت خودا ھەر ئەوەندەی بۆ بڕیونەتەوە!
......................

ھەواڵ ٨٧