2013-10-31

دلۆڤانیی ئیسلام بەرامبەر بە ژن!

ئەڤین ئیبراھیم فەتاح

کاتێک قسە لەگەڵ ھەر موسڵمانێک دەکەیت سەبارەت بەژن- بە تایبەتی ئەوانەی پشت بە خویان نابەستن و بخوێننەوە بەلکو گوێ لە قسەی ئەملاو ئەولا دەگرن و وەک تووتی بە بێ بیرکردنەوە دەیڵێنەوە- بەبێ بیرکردنەوە پێت ئێژێت: ئیسلام گەورەترین رێزی بۆ ژن داناوە، تۆی ژن ئەگەر ئیسلام نەبوایە زیندە بەچاڵ دەکرایت! ئاخر ئەوان ئاگایان لەوە نیە چیرۆکی زیندە بەچاڵکردنی کچان بەمنداڵی، تەنیا لە ھەندێ قەبیلەی جزیرەی عەرەبی ھەبووە نەک ھەمویان، جارێ لای کورد، کە ئەوکات زەردەشتی بوونە، ھەر نەبووە، ئیدی ئەم منەتە چیە لەسەرمان دەیکەن؟
ئەمجارە باسی فرە ژنی و میرات و شایەدی و مارە بەجاش و جۆرەکانی ھاوسەرگیری لە شیعە و سوننە ناکەم، بەڵکو باسی دوو نموونەی (نایاب) دەکەم لە (دلۆڤانی) ئیسلام بەرامبەر بە ژن ھەم لە شیعە (کە سوننە بەکافریان دادەنێت) ھەمیش لە سوننە (کە شیعە بەکافریان لەقەڵەم دەدات) مرۆڤ سەری لێدەشێوێت لەنێوانیاندا!
لەبۆنەیەکدا لەھەشتاکانی سەدەی رابوردوو، رەفسنجانی وتارێک دەخوێنێتەوە بەناونیشانی: دلۆڤانی ئیسلام بەرامبەر بە ژن، تیایدا باسی چیرۆکێک دەکات دەڵێ:
گرووپێک ژن حوکمی سێدارەیان لەسەر بوو، (بەھەر ھۆیەک)، لەم گرووپەدا ١٠ دانەییان پەردەی کچێنیان مابوو، ئێمەش نەمانزانی چی بکەین، پرسم بە ئیمامی خومەینی کرد: ئایا حوکمی شەرع چیە لەسەریان؟ لەوەڵامدا فەرمووی: بەپێی حوکمی شەرع دەبێ لاقە بکرێن پەردەکانیان لابرێن، پاشان ئیعدامیان بکەن! پاسدارانیش دەستیان بە واجبی شەرعی خۆیان کردو دانە دانە لاقەیان دەکردن. دانەیەک لەم کچانە فرە بەرگری کردو گەزەی لەدەستی پاسدارەکە داو برینداری کرد، ئیمام فەرمووی لەبەر ئەوەی گەزە لەئیسلامدا حەرامە، ئەو کچە پاش لاقەکردن و لەسێدارەدانی، دەبێ کەسوکاری کچەکە جزیە بدەنەوە بە پاسدارە لاقەکارەکە!
 ئەمە سەیر نیە بۆ خومەینی چونکە ئاگام لە فتوا بەناوبانگەکەی ھەیە کە پیاوی موسڵمان بۆی ھەیە کچی دوو ساڵی مارە بکات، بەمەرجێک لەگەلی نەخەوێت، بۆ رەحەتبوونی خۆی بیخاتە سەر ڕانی و بیخشێنێت تا رەحەت دەبێت (بەعەرەبی بەمە دەوترێت المفاخزە)
لەوانەیە سوننەکان بێژن، جا ئەمانە شیعەن و بەموسڵمان حساو نین، بابێنە سەر سوننەو دوو نموونە: یەکەم جایزبوونی نیکاحی کچ و تەڵاقدانی پێش ئەوەی بالغ بێت، واتا ھەشت و نۆ ساڵی، ئەم دیاردەیە لە یەمەن زۆر بڵاوە. دووەم، فەتوا یەک لەدوای یەکەکانی عورەیفی و ئەھلی سوننە، وەکو جیھادی نیکاح، کە سەدان کارەساتی لێکەوتوەتەوە و چەندین ژن سکیان پڕ بووە بێ ئەوەی خۆشیان بزانن لە کێیە... ئەم جیھادی موناکەحەیە ئیسَتاش بەردەوامەو بەپێی ھەواڵ و راپۆرتەکان کچە کوردیش ھەیە بۆ ئەو جیھادە نێردراوە..ئینجا روحمێک بە ئالی بەیت دەکەم، باسی فەتوای مەمکدانی گەورە کە لە ئەزھەرەوە دەرچووە ناکەم!
 ئایا ئەمانە دلۆڤانیی ئیسلامن بەرامبەر بە ژن، یان ئیسلام ژن وەکو بابەتی چێژ و مەرامی پیاو دەبینێت و ھەرچی پیاو حەزیان لێبوو دەشەرعێنن بۆ خۆیان؟ یان ئەوەی ئیسلام پێناسەی تایبەتی بۆ رێز دلۆڤانی ھەیە!یان، ئەگەر شیعە بێت یان سونە، ھەر نیکاحی ژن مەبەستە؟
...............................
بۆ هەواڵ: ١٣٢

2013-10-26

فەتحەکەی دادوەری گشتی

ئەڤین ئیبراھیم فەتاح

(ساڵح حەیدەری سەرۆکی وەقفی دیوانی شیعەی عێراق کە ئێستا لەمەککەیە پێی راگەیاندم لە وەرزی حەجی ئەمساڵدا زیاتر لە(٧٠٠) حاجی شیعە لە شارەکانی مەککەو مەدینە دزیان لێکراوە و بەھەموویانەوە بڕی (٣٥٠٠٠٠) سێسەدو پەنجا ھەزار دۆلاریان لێدزراوە یان بزر کردووەو ئێمەش وەک دیوانی وەقفی شیعە قەرەبوومان کردوونەتەوە. ھەروەھا (٢٠) بیست حاجی کوردیش دزی لێ کراوە). لە ئەکاونتی مەریوان نەقشبەندی وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بووک ٢٠\١٠\٢٠٣٣١
یوتیوبیش ڤیدیۆیەکی بڵاو کردوەتەوە لەسەر دزینی گۆشتی قوربانی لە وەرزی حەجی ئەمساڵ لەلایەن حاجیانەوە مرۆڤ بیبینێت بێزی لە گۆشت و لە حەجیش دەبێتەوە.
لەگەڵ ئەم ھەموو فەرتەنەیەی حەج راگەیاندنی خۆمان مانگێکە مێشکی بردوین بە ھەواڵی حاجیان، چیان کردو چۆن ئاڵای کوردستانیان لە مەککە بەرز راگرت وەک ئەوەی فەتحیان کردبێت. کەچی ھەندێک لە حاجیانی مەککە لەبری رەجمی شەیتان دزییان دەکرد! ئێ مامە حاجی نەئەو پوولە خەرج بکە بۆ ھاتنە مەککە، نەدزیش بکە، خۆ ئەگەر دزەکانیش ئالی مەککەن ئەوە عەلا ئەلدونیا سەلام!



لەم کەینو بەینەی مەککە لە کوردوستان قەیرانی شکاندن و سوتاندنی پەیکەری خۆشەویستی پارکی ئازادی بوو. ئیلاف نووسیویەتی لە ٢١ \١٠\٢٠١٣ دوو لاوی عاشق وەک ئەوەی لەناو خۆڵەمێشی پەیکەرەکەوە دەرچوبن ئامادە بوون لەشوێنی پەیکەرەکەو یەکتریان بەگەرمی ماچ کرد، لاوە عاشقەکانی دیکەی ھاورَێیان وێنەیان دەگرتن. ئەم فیعلە بوو بەھۆی رەد فیعلی حیزبە ئیسلامیەکان و ناڕەزای دەربڕین، گوایە ھەستی ناسکی کۆمەڵگەی موسڵمان دەڕوشێنێت. ئەمەیان فیعلێکی دیکەی ھێنایە ئاراوە: لەکۆتاییدا نەمردین و گوێمان لە دەنگی دادوەری گشتی بوو! لە ئێستادا دادوەری گشتی گەرەکیەتی سکاڵا لەسەر تاوانی ئەم دوو لاوە بکات کە ئابڕووی کوردیان بە ماچێک بردووە! ئەم دادوەرە گشتیە ھێندە ھەست بە بەرپرسێتی دەکات ھەرچی رێوڕەسمی یاسایی ھەیە لەبیری کردووەو تەنیا بە نامەیەکی فەیس بووک غیرەتی ھەڵساوە.
ئەرێ بەراست ئێمە دادوەری گشتیمان ھەیە؟ ئەی لە ١٧ی شوبات لە کوێ بوو، ئەدی لە دزینی نەوت چی دەکرد، یان لە کوشتنی ژنان لە چی پارکێکدایە، جا ناشوێرم باسی گەندەڵی بکەم ئەترسم جەنابیان بگرێتەوە، دادوەری گشتی چی دەکات کاتێک شکات لە رێکخراوێک دەکرێت بۆ گەندەڵی و کەیسەکە کەبس دەکرێت چونکە رێکخراوەکە سەر بە ھینە، دادوەر گیان سڵاوێکی گەرمی لێبێت، دیارە تەنیا بە ماچ کار دەکات!
ئەمانە بوون بەھۆی نارەزایی کوردەکانی ئەوروپا بەوەی وڵات بکرێت بە ئەفغانستان بۆیە بەدەیان وێنەی ماچی خۆیان دابەزان، کوردستان نەمرد بوو بە ماچستان بەڵام لە ئەوروپاوە!
جاران مناڵ بووم، کاتێک کارێکی خراپمان کردبا، بە تورەیی یان گاڵتەجاڕی، پێیان دەگوتن: ئەوە فەتحت کردووە! دوای کە گەورە بووم زانیم فەتح مانای چیەو لەگەڵ فتوحاتی ئیسلامە کە داگیرکردنی نیشتیمانان و خوێن رشتنە. بەڵام، فەتح لای وان دەستکەوتە و لاپەڕەی نوێ.

ئیمڕۆ لەگەڵ فتوحاتی حاجیان بە دزی و فەتحی ماچەکەی پارکی ئازادی و فەتحی ماجەرای ھەفتەی ماچ لە ئەوروپا، ئێمە فەتحێکی تازەمان ھەیە ئەویش: فەتحی دادوەری گشتی!
...................
بۆ هەواڵ ١٣١

2013-10-12

ژن و گۆڕانی ئیسلامی


 ئەڤین ئیبراھیم فەتاح
لە ٧\١٠\ئەمساڵدا ٨ ژن رێکەوتن و یاداشتنامەیەکیان ئاراستەی بزووتنەوەی گۆڕان کرد بەوەی قبووڵ ناکەن بزووتنەوەکە رەنجی عومری فێمینیستی کوردی بەبای سابیتەکانی ئیسلام بدات و فشاریاریان بۆ دێنێت واز لە گوتاری بەئیسلامی کردنی یاساکان و کۆمەڵگەی کوردی بێنێت. لەھەمان رۆژدا ئومێد قەرەداخی لەچاودێر وتارێکی بڵاو کردەوە بەناونیشانی: ئایین و بزووتنەوەی گۆڕان، دەڵێ: (ئەو پەیامەی نەوشیروان مستەفا لێدانێکی توندە لە خەون و ئومێدی دوو دەیەی بزووتنەوەی ژنان لە کوردستان بۆ گۆڕینی یاساکانی باری کەسێتی بیناکردنی کۆمەڵێک یاسای مەدەنی بۆ رێکخستنی پەیوەندیە خێزانیەکان و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان بەگشتی، چونکە ئەو یاسایانەی کە لە بەرژەوەندی ژنان نین بنچینەیان لەشەریعەتی ئیسلامیەوەیە و ژنان داوای گۆڕینی دەکەن).
بۆ رۆژی دواتر، دڵسۆز حەمە لەکوردستانی نوێ لەسەر ھەمان بابەت بە ناونیشانی موفاجەئەکەی دەنگدان، نووسی:  (ئەوە نیە کاندیدێکی ژنی گۆڕان ھێشتا وێنەکانی لە دیوارەکان نەکراونەتەوە لە چاوپێکەوتنێکدا لە سەلەفیەکان سەلەفیترە و ناتوانێت وەکو سیاسیەک، دیپلۆمات و پراگماتیانە قسە بکات، دەڵێت: دژایەتیکردنی ھەر یاسایەک دەکەم لەگەڵ بنەمای ئاینی ئیسلامدا نەگونجێت!! ژمارەکان ھەرگیز گوزارشت نەبوون لە کاراکتەرەکەکان).
ئێژم، ئەم ژنەی دڵسۆز باسی دەکات سادەترین دوو بنەمای ئیسلامی پێشێل کردووە، یەکەم: سفوورە و دووەم بەشداری دەسەڵات دەکات، ئایا بۆ چی واداکات؟ وادەزانێت خەڵکی ئەو راستیانە نابینن؟ کارێکی خاس نیە لە رووی سیاسەتەوە.

گرفتی بابەتەکە ئەوەیە، تا نووسینی ئەم بابەتە کە دەکات ٤٨ سەعات تێپەڕیوە لەسەر بڵاو کردنەوەی یاداشت نامەکەی ئێمە و رەنگدانەوەی فرە بەھێزی لەناو خەڵکی و دەیان نووسینی لەو بابەتەی ئێمە لە ئەکاونت و پەیجی فەیس بوکی کەسی و راگەیاندن، تا کاتی نووسینی ئەم وتارە ژنانی ناو گۆڕان یەک ورتەیان لێوە نەھاتووە، کە ناسراون بەوەی بە بچووکترین رەخنە دێنە خەت و تەسریحات دەدەن. واتا، ناکرێت ئاگایان لێی نەبێت بەلڕکو دەکرێت وەڵامیان لا نەبێت، ئەمەیش کارەساتە.
تورکیا، دوێنێ بڕیارێکیان دەرکردووە: ئەو پیاوەی دوو ژنی ھەیە بۆی نیە توخنی پەرلەمان بکەوێت.
لەناو عەرەبدا توونس پێشکەوتووترین یاسای باری کەسی ھەیە سەبارەت بەژنان. ئەوان لە شەستەکانی سەدەی رابوردووەوە فرە ژنیان قەدەخە کردووە. کاتێک نەھزەی ئیسلامی ھات و ویستی ئەو یاسایە بگۆڕێت، ژنانی ئازادیخوازو فێمینیستەکان یەکیان گرت و نەیانھێشت سەرگرێت و سەرکەوتووش بوون.
ئەدی عەجایب ژنانی گۆڕانخواز تەنانەت وەڵامیش نادەنەوە بۆچی گەرەکتانە رەنجی دوو دەیەی کاری بزووتنەوەی ئازادیخوازی ژنی کوردستان زەربی سفر بکەن؟ تەنیا بۆ ئەوەی بگەن بە پەرلەمان و ئیمتیازەکانی وەرگرن؟ یان ھەر خۆیان وەھان بیر ناکەنەوە؟ کاتێک داکۆکی لەوە دەکەن موچە بۆ کابان ببڕنەوە و پەیامێک بدەن بە ژن: بڕۆرەوە کاری کابانی بکە و ئێمە موچەت بۆ سەرف دەکەین؟

پەیامی گۆڕان بۆ ژنان پەیامێکی لاوازە، جا ئەو ژنانەی ئەمڕۆ دەنگیان ھێناوە لە گۆڕان و دەرچوون یانیش ئەوانەی دەرنەچوون کەوتوونەتە گومانەوە، پێویستم بەوەیە پێم بێژن: ژنن یان گۆڕانی ئیسلامی؟
.................................
هەواڵ: ١٣٠

2013-10-07

ئەگەر بەرژەوەندی ھات، سەحیح بەتاڵه!


ئەڤین ئیبراھیم فەتاح

قه‌وانه‌ی حیزبه‌ ئیسلامیه‌كان ئه‌وه‌یه‌ هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن به‌ هه‌رێمێكی ئیسلامی و حوكم و یاسای فوول ئیسلامی عیار 24 بێت، كه‌ ته‌نانه‌ت له‌ جه‌زیره‌ی عه‌ره‌بیش جێبه‌جێ نه‌كراوه‌. بۆ ئه‌م كاره‌ش هه‌ر خۆیان و بۆ مه‌رامی سیاسیی خۆیان چه‌ندین تابووی ئیسلامییان شكاندووه‌ و به‌رده‌وامیشن له‌ شكاندنیان، وا ده‌زانن خه‌ڵكی نایان بینێت و له‌ حیله‌ شه‌رعیه‌كانیان تێناگات. سه‌یر له‌وه‌دایه‌ گۆڕانیش هاتوه‌ته‌ پاڵی ئه‌م قه‌وانه‌وه‌!
بۆ نموونه‌، له‌ سه‌حیحی بوخاریدا به‌ سه‌نه‌دی متمانه‌دار هاتووه‌ له‌ پێغه‌مبه‌ره‌وه‌:
(لن يُفلِح قَوْمٌ وَلَّوْا أمرَهم امرأةً) (گێڕانه‌وه‌ی: بوخاری، نه‌سائی، ئه‌حمه‌د، تیرمیذی، حاكیم، به‌یهه‌قی. نه‌سائی له‌ بابێكدا هێناویه‌تی به‌ ناونیشانی: نه‌هیكردن له‌ ده‌ستبه‌كاركردنی ژنان له‌ ده‌سه‌ڵاتداریدا "النهي عن استعمال النساء في الحكم"). به‌ ده‌سته‌واژه‌ی كه‌مێك جیاوازیش له‌ سه‌رچاوه‌گه‌لێكی تریشدا گه‌یشتوه‌. واتا: "ھەر قەومێک کاری خۆیان داوەتە دەستی ژنێک و کردویانە بە کاربەدەستی خۆیان؛ سەرکەوتوو نابن".
" "تولیة" که له‌و ده‌قه‌دا باس کراوە؛ یانی "کردن به کاربه‌ده‌ست" یاخود به‌خشینی "ویلایه‌ت" به که‌سێک، "ویلایه‌ت" یش به‌ مانای كاربه‌ده‌ستی دێت به‌ هه‌موو شێوه‌كی، و له‌ كه‌له‌پوری فیقهیی ئیسلامیدا به‌ ویلایه‌تی گشتی "الولایة‌ العامة‌" ناسراوه‌، كه‌ ئه‌م كاربه‌ده‌ستیانه‌ ده‌گرێته‌وه‌: ئیمامه‌ت (سه‌رۆكایه‌تیی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی)، وەزاره‌ت، قەزاوەت، دادگەری، ئیمارەت، شارەبانی (شرطه) واتە دەسەڵاتی جێبەجێکاری، حیسبە (پۆلیسی ئایینی)، ئەمیرایەتیی جیھاد، سەرۆکایەتیی جەنگە تەمێکاریەکان (تەمێکردنی ھەڵاگەڕاوە و چەکداری یاخی و چەتەکان)، لێپرسراویی کۆکردنەوەی زەکات و باج. ئەمانەش ھەموو کاربەدەستیەکانی دەوڵەتی ئیسلامیی کۆن بون.
واتا، بەپێی ئەم حەدیسە ژن بۆی نیە توخنی ھەر دەسەڵات و کاربەدەستییەک بکەوێت، و بڕایەوە.
حیزبی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان یەکەم حیزب بوو دەستپێشخەریی ئەوەی کرد لە مەجلیسی شوراکەیدا ژنان جمەیان دەھات و شانازیی بەوەوە دەکرد و ئێستاش بەردەوامە، گوایە ئەوان دیمۆکراسیخوازن و یەکسانیی ژنان لای وان بە پێی شەرعی خودا پارێزراوە. ھەر لە ھەڵبژاردنی ئەم پایزەش رێژەی ژنان لە لیستەکەی ئەواندا پتر بوو لە ھەموو لیستەکانی دیکەو ٣٢% بوو. ئەی عەجەب کاریان بەم حەدیسە نەبەویە سەحیحە نەکردووە؟!
ئەمما عەلمانیەکان کە تا ھەنوکە نەیانتوانیوە ئیسلام وەک بنەمای سەرەکیی یاسا لە دەستووری مەرکەزی لابەرن؛ ئەوانیش لیستەکانیان تژیی ژنە و ئێستا بوونی ژن لە پرۆسەی حوکم و دەسەڵات بوەتە بابەتێکی پێویست، و ئەگەر بەدڵیان نیە؛ مافی کۆتا ھەیە. واتا، ئەمانیش شەقێکی عەلمانییان لە حەدیسی ناوبراو داوە.
مەلاکان ھەفتە نیە لەسەر مینبەرەکانیانەوە سووکایەتیمان پێ نەکەن گوایە ژن ئەم کۆمەڵگەیەی تێک‌داوە و فەساد بڵاو دەکاتەوە، کەچی یەک دانەیان جورئەتی ئەوەی نیە بێژێت: بەپێی سوننەتی نەبەوی ژن بۆی نیە توخنی دەسەڵات و کاربەدەستی ببێت و فەرموون ئەوە حەدیسی سەحیحی بوخاریە بە سەنەدەوە. دەڵێی ڕێکەوتنێکی نھێنی ھەیە کە ئەم حەدیسە بایکۆت بکرێت و کەسیش باسی نەکات!!
ھەموو ئاینێک بابەتی چەقبەستووی نەگۆڕە، کەچی لە کۆمەڵگەدا مومارەسە دەکرێت کە قەوارەیەکی بزواو و گۆڕاوە. بۆیە، لەگەڵ گۆڕان و پێشھاتەکاندا پێشھات و گرفت و بابەتی تازە پەیدا دەبن کە لەگەڵ دەقە ئاینیەکاندا ناگونجێن، و پرسیارن و پێویستیان بە وەڵام ھەیە. وەڵامی ئاین دەچێتە قاڵبی ئیجتیھادەوە، ئیجتیھادیش مرۆڤ دەیکات نەک خودا، کەواتە ھەر ئیجتیھادێک شکاندنی تابوویەکی پێوە دیارە.
گرفتی بابەتەکە ئەوەیە، کێ ئەم ئیجتیھادانە دەکات و کەی و بۆچی؟
ـ مەلا و موفتی و لایەنی پەیوەندیدار.
ـ ئەو کاتەی کاریان پێبوو.
ـ بۆ ئەوەی بەرژەوەندیی خۆیان بپارێزن.
واتا، بۆ ھەر بابەتێک بەرژەوەندییان ھەبوو حەڵاڵە، ئەگەرنا حەرامە. ئەمڕۆ بەرژەوەندییان ئەوەیە ژن بچێتە ناو دەسەڵاتەوە؛ حەڵاڵە.. ژن قژی دیار بێت؛ سفوور و حەرامە!

بۆ نموونە، پیاوێک ھەیە زۆرترین دەنگی ھێناوە بۆ پەرلەمان، لێدوان دەدات: ھەر یاسایەک لەگەڵ بنەماکانی ئیسلام نەگونجێت؛ کار بۆ ئەوە دەکەم لابرێت. دەپرسم: کە وەھا ئیسلامێکی پاراویت؛ ئەدی بۆچی ئەم حەدیسەت لەپێ کرد و بە سوننەی نەبەویت نەکرد سەرۆکی لیستێک بویت پڕی ژن بوو؟ یان، کە بویت بە پەرلەمانتار؛ بۆچی کار ناکەیت بۆ ئەوەی ئەو ژنانە لابەریت کە ھاولیستت بوون نەبادا قەوارەکەت موفلیح (سەرکەوتو و سەرفراز) نەبێت بەپێی سونەت؟!!
........................
بۆ رۆژنامەی چاودێر

2013-10-05

کورسیی ھێلکە زێڕین!

ئەڤین ئیبراھیم فەتاح

ناترسم لەوەی ئەگەر ڕەخنەم لە ژنێک گرت بڵێن حەسوودی پێ بردووە، با بڵێن تا دەھرێک، خۆ ئەوان بیر لەوە ناکەنەوە، بەم کارەیان وا دەکەن ژنان لەسەرەوەی ڕەخنەی ژنان ڕادەگرن، بۆیە ھەموو جارێک ڕەخنەکانم بۆ ژن و پیاو و کۆمەڵگە وەک یەکن بێ جیاکاری.


حیزبی شیوعی ٧٥ ساڵە خەبات دەکات کەچی تەنیا یەک تاقە کورسی بەدەست دێنێت، بەڵام، کورسیەکەی وەک مریشکی ھێلکە زێڕینە بە فەزڵی ململانێی نێوان یەکێتی و پارتی. چیرۆکی ئەم کورسیە فرە خۆشە، ھەموو جارێک ئەو یەک کورسیە یەکسان دەبێت بە وەزیر و وەکیل وەزیر، مودیر عام...تاد.
ھاوڵاتی ڕاپۆرتێکی بڵاو کردوەتەوە مرۆ چاوی پێی ئەبڵەق دەبێت. خاتو پەخشان زەنگەنە کارێکی بە حیزبی شیوعی کردووە، نەک با، ڕەشەباش بە دەواری شڕی نەکردبێت. ئاخر، زەنگەنە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حیزبی ناوبراوە و ساڵانێکە خێرو بیری وەک حەلوا دەخوات. تا ئەندام پەرلەمان بوو، خێر عەلا خێر، و ئەو ھەموو ئیمتیازاتەی وەردەگرت بە خێری کورسیە سیحراویەکەی حیزبی شیوعی، موچەی شاھانەی پەرلەمانی و تەقاعودی پەرلەمانی، سەفەر و ئیفاد و شوقە و سەیارە و.. ھەروەھا ئەوانەی کە ئێمەمانان نایزانین. لە خولی پێشووی پەرلەمان خۆی ھەڵبژارد و گەرمیانیەکان دەنگیان نەدایە و دەرنەچوو. کەچی حیزبی شیوعی نەیھێشت خانمە تاقانەکەی نیگەران بێت، ئەمجارە کردی بە وەکیل وەزیر!
من تێناگەم لە ھەموو دونیا مرۆڤ کە تەقاعود بوو واته تەواو. بوار بۆ دەموچاوێکی دیکە دەڕەخسێت، کەچی لای ئێمە لە حیزبە بچووکەکانەوە بگرە تا گەورەکان ھەمان مۆدێل ھەیە، کاتێک بە دەموچاوێکەوە نووسان و ئەو زاتە نووسا بە کورسیەوە ئیدی بە کۆسەرەش لێی نابێتەوە!

قوربان دوای ھەموو ئەم ناز و نیعمەتەی شیوعی بۆ ئەم خانمە زێڕینەی پەخشان کرد، دوای ئەوە بڕیار و ڕەفتاری ئەم حیزبە بۆ ساڵانێک وەھا بوو وەکو ئەوەی یەک زەعیفەی دیکەیان نەبێت، زەنگەنە نەیکرد بە نامەردی ڕێک دەنگی نەدا نە بە ژن و نە بەپیاو لە حیزبەکەی خۆی کە ھاوسەرەکەی سکرتێریەتی! ئەمیش بە بەڵگەوە کەشف بوو و ڕۆژنامە و سایتەکان بڵاویان کردەوە. نازانم ھەڵوێستی حیزبی شیوعی چی بووە یان دەبێت بەرامبەر بەم تاوانە گەورەیە، بەڵام، کەمێک ئیرادەیان ھەبێت و تۆسقاڵێک ئازادی ئەوا نەک تەنیا دووری دەخەنەوە بگرە ھەموو پارە و ئیمتیازاتەکانی کورسیە سیحریەکەی چەند ساڵە لێدەسەننەوە بە دادگا، بۆ ئەوەی بزانێت خەڵکی گێل نین کار بکەن و ئەو بیخوات!
لەم بابەتەدا، شیوەنەکەم بۆ حیزبی شیوعی نیە، بگرە خەمی ناھۆشیاریی ژنی کورد و ناعەدالەتیی کۆمەڵگە و حیزبەکانمە. ناھۆشیاریی ژنی کورد لەوە دایە کە ناتوانن فێر بن ئەگەر بە ئایدیۆلۆژیاش دەنگ دەدەیت ئەوا بیدە بە ژنی لیستی ئایدیۆلۆژیاکەت، ئیدی ڕەزالەتی کۆتا نامێنێت، ھەروەھا پێویستت بە دەزگایەک نامێنێت ناوی ئەنجومەنی باڵای خانمان بێت، ھێلکەکەی بۆ پەخشان و ئەمسالی بێت ـ کە ٤ ساڵە دەخۆن و بەرھەمیان نیە ـ و ڕیقنەکەشی بۆ ئێمە!
ئەمما ناعەدالەتی حیزبەکان، ئەوا ھەر باس ناکرێت.
...................
بۆ رۆژنامەی هەواڵ ژومارە ١٢٩



2013-09-23

مۆدێلەکانی حیجاب و شکاندنی تابوو

ئەڤین ئیبراھیم فەتاح

کچێک ھەبوو لە زانکۆ لەماڵەوە بەزۆر حیحابیان کردبوو، کە خۆی باوەڕی پێ نەبوو لە زانکۆ فڕێی دەدا. ئەم کچە کاتێک ھاوسەرگیری کرد بە ئارەزووی خۆی، نەک حیجابی فرێدا بگرە جلی وەھای دەپۆشی لە ئەژدادی خانەوادەی من ئەو جلانە نەبوو، لە خانەوادەکەم کەس زۆری بۆ نەھێناوین سەرپۆش دانێن یان دانەنێن، ئیدی بە ئارەزوو عەقڵی خۆمان دەپۆشین. ئەم حیجابە بەزۆرە ئەمڕۆ رەنگدانەوەیەکی

دیکەی ناشیرینی ھەیە، ئەوەیە کچە خان لە ژێر سەپۆشەوە تۆپێک گوڵی بە قوماش دروستکراو لە تەوقی سەری دادەنێت و سەرپۆشەکەی لەسەر دەدەنێت، زۆر جار بینیومە سەرپۆشەکە تەنیا تۆپە گوڵکە دەشارێتەوە نەک قژی. لە بنەڕەتدا لە ئیسلام قژ عەورەتە نەک تۆپە گوڵی قوماش

لە حەدیسی سەحیحی موسلیمدا ھاتوە
روى مسلم في صحيحه عن أبي هريرة رضي الله عنه قال: قال رسول الله صلى الله عليه وسلم: صنفان من أهل النار لم أرهما: قوم معهم سياط كأذناب البقر يضربون بها الناس، ونساء كاسيات عاريات مائلات مميلات، رؤوسهن كأسنمة البخت المائلة، لا يدخلن الجنة ولا يجدن ريحها، وإن ريحها ليوجد من مسيرة كذا و كذا.
نەوەوەی بەمِ شێوەیە تەفسیری دەکات: (ئەوەی پەیوەندی بە حیجابەوە دەڵێم ئەگینا ستوونەکەم بەش ناکات خۆت بیخوێنەوە) ئەو کچانەی قژیان لە پشتی سەریان کۆ دەکەنەوەو بەرزی دەکەنەوە وەک پشتی حوشتر ۆایە.. ئەم کچانە ئەھلی جەھەننەمن و نیشانەی ئاخر زەمانن!
لەکچێکی وەھا پرسیارم کرد، بۆچی ئەم سەرپۆشەت داناوە؟ گوتی لەترسی خودا!
-        ئاخر سەرپۆشەکەت قژتی نەشاردوەتەوە تەنیا تۆپە گوڵێکی قوماشی شاردوەتەو ئەم شێوازەش مانای دوو شتە یەکەم سەرنجی پیاو رادەکێشیت کە قژت فرەس کە واش نیە، دووەم، بە پێی قسەی پێغەمبەرەکەت ئەم جۆرە حیجابە ئەھلی دۆزەخن و نیشانەی ئاخیر زەمانن!
کچەکە داماو نەیزانی بێژێت چی؟!
وتم کچم مەترسەو مەشڵەژێ فرە جۆری دیکەی حیجاب ھەنە:
حیجابی ئیرانی
ئەفغانی
سعودی
مالیزی
ئیسلاەمیەکانی کوردستان داھێنانیان کردوە کاکە حیجابی یەکگرتوو ھەیە!
لەم وتارەدا مەبەستم ئەوەیە ژن پۆشین تابوویەکی ئیسلامیە، بەڵام ژنان شکاندوویانە بە دوو شێوە: ئاشکراو نا ئاشکرا.
ئاشکراکەی وەک منە کە ھەرگیز سەرم ناپۆشم ئەگەر قژم ھەمووی سپی بێت بۆیاخی دەکەم یان نایکەم.
نائاشکرا ئەوانەن کە سەرپۆشێکیان داناوە و سێچارەکی قژو پەرچەمیان دیارە و پێت ئێژن: باوەڕمان بە خوداو پەیامبەرە! جا گوڵەکەم ئەم جۆرەیان نەباوەریان بەخوداو پەیامبەر ھەیە نەبیریشیان لێکردوەتەوە وەک خورافە...ئەو کچانەی ئەو جۆرە سەرپۆشە دادانێن یان بەزۆر پێیان دانراوە یان بۆ مەبەستی ئەوەیانە سەرنجی پیاوان راکێشن..لەوەی دووەم سەرکەوتو دەبن چونکە سەرپۆشەکانیان لای پیاوان جوانە.

ئەگەر وا نیەو باوەڕیان بەوەیە خۆیان بپێَچنەوە بۆ ئەوەی ئەو گوناھە نەکەن کە پیاو خۆی ناگرێت و نەزەریان نەکات, دەی با ھەر لەماڵەوە بن و خۆیان بۆ پارلەمان کاندید نەکەن، بەڵام، ئەم جۆرە حیجابە نە لەگەڵ خۆیان و نە لەگەڵ خودایان راستگۆن، تەنیا مۆدێلە و بەدوای چوونە.

2013-09-19

بیدعەکەی گۆڕان: دەرماڵەی کابان

ئەڤین ئیبراھیم فەتاح

یەکەمین پرەنسیپ لە فێمینیزم ئەوەیە ژن و پیاو لەئەرک و مافدا یەکسان بن. ئەم یەکسانیە لێکدانەوەی جۆراوجۆری بۆ کراوە. لای رادیکاڵەکان یەکسانی ١٠٠% و دەبێ ژنان لەھەموو بوارەکانی ژیاندا بەشداری بکەن، بۆ نموونە لەکاری سەربازی و سوپا و پاراستنی وڵات و جەنگەکاندا بەشدار بن، وەکو سوپای ئەمریکی و ئیسرائیلی و لەناو کورداندا کچە گەریللا. لای لیبرالەکان، ژنان ئازادن و چی لەتوانایاندایە ئەنجامی بدەن و بواریان بۆ بڕەخسێت. ئەمما ئیسلامیەکان، باوەڕیان بەشتێک نیە ناوی یەکسانی بێت. لای وان خودا سروشتی لەش و بایۆلۆژیای ژنی بە شێوازێک خوڵقاندووە بۆ ھەندێک ئەرکی تایبەت بشێت و ھەندێکی دیکە لێی بڤەیە. ئەوان مافەکان لەسەر بنەمای سروشت دابەش دەکەن، بۆ نموونە، لای ئەوان نابێت ئافرەت ببێت بەحاکم چونکە کەم عەقڵ و دینە و بۆی نیە بەرامبەر بە پیاوێک یەک شایەد بێت لەبەر ئەوەی شایەنی ئەوە نیە! بەکورتی لەئیسلامدا ژن و پیاو تەواوکەری یەکترن و مافەکان بەرابەر دابەش دەکرێن، بە مەرجێک تای تەرازووی پیاوان ھەمیشە سەنگینتر بێت.

چوار ساڵ پێش ئێستا وتارێکم لەسەر ئەم بابەتە نووسی لە کوردستانی نوێ بڵاو بووەوە. کاتێک کارنامەو بەرنامەی بزووتنەوەی گۆڕان دەخوێنیتتەوە، دەبینیت بەو ھەموو ھاشوو ھوشەو قەرەباڵغیەی دروستیان کردووە کەچی ھیچیان بۆ ژن لا نیە و مرۆڤ ھەست دەکات ھەر باوەڕیان بە بابەتەکە نیەو تەنانەت کاندیدا ژنەکانیان نەیانتوانیوە ئەم راستیە ببینن. لەلایەکی دیکەوە، ئەوەی ئەم قسەیە دووپات دەکاتەوە ھاوپێمانێتیانە لەگەڵ حیزبە ئیسلامیەکان. ئاخر بەرنامەی ئیسلامیەکان بۆ ژنان دیارە، فرەژنی، حیجاب، نیوە بەشی میرات، نیوە بەشەر بۆ شایەدی..تاد.

گۆڕان مێشکیان بردووین بە بەرنامەی موچەو دەرماڵەی کابانی بۆ ئەو ژنانەی کاری ماڵەوە دەکەن و کاری دەرەوە ناکەن. ئەم بەرنامەیە ئیبداعی عەقڵێکە بەھیچ شێوەیەک ئەرکی بیرکردنەوەی لە ژن وەک مرۆڤ نەکێشاوە لەبەر ئەم ھۆکارانە:

١-      ئەگەر موچە بۆ ژنی ماڵەوە دەبڕیتەوە لەبەر ئەوەی کاری ماڵەوەو کابانی دەکات، ئەدەی بۆچی بەقەدەر موچەکەی ئەو ناخەیتە سەر موچەکەی من کە کاری دەرەوەو کابانی ماڵەوەش دەکەم؟ کاتێک من لەئاسۆی گشتی کۆمەڵگەدا بەشدارم و لەماڵەوەش ھەر خۆمم وەزیری مەتبەخ!
٢-      کچێک بزانێت ھەر لەبەر کابانی موچەی بۆ دەبڕێتەوە، ئیدی بۆچی خۆی بەخوێندن سەرقاڵ بکات، تا زووە لەمەتبەخی ماڵی خۆیان بەموچەی تەواو دادەمەزرێت و ببرَێتەوە! ئەم بیرۆکەیە بە ژنان دەڵێ: پارەتانیش دەدەینێ بۆ ئەوەی لەماڵەوە بن!
٣-      بەکەم دەڕوانێت لە تواناکانی ئافرەت و وەک زەعیفەو باڵشکاو دەھێنێتە پێش چاو، چونکە لەسیستمە سۆسیال دیموکراتەکان سۆسیال و بیمەی بێکاری بۆ ھەموو ھاوڵاتیانی بێکار وەک یەکە، بۆ نموونە، ئەگەر ئەم موچەیە بۆ ژنی بەتەمەنە، ئەدی بۆچی بۆ پیاوی بەتەمەنیش نەبێت؟

کۆتایی: لای ئیسلام ھەر شتێکی نوێ لەگەڵ بنەماکانیاندا نەگونجێت پێی ئێژن بیدعە، بیدعەش سەر لێشێوانە و کۆتاییەکەی بۆ ئاگرە. بۆیە سەبارەت بە بنەماکانی فێمینیزم، موچەی کابانی بیدعەیە و کۆتاییەکەی ئەوەیە ھەرگیز نایەتە دی ئەگەر چەند دەنگێکیش کۆ بکاتەوە!

2013-09-14

گەمەکانی شەرع و سوننەت و یاسا!

ئەڤین ئیبراھیم فەتاح

لە ئیسلامدا شەرع کۆی ڕێنماییە ئیسلامیەکانی ھەردو سەرچاوەکەی ئیسلام (قورئان) و سوننەت) ـە. گوێڕایەڵی شەرع لە سەر مرۆڤی موسوڵمان فەڕزە، واتە ئەگەر موسڵمان جێ‌بەجێی نەکات راستەوخۆ بەرەو دۆزەخ پۆست دەکرێت. ھەرچی سوننەتە، ئەوە قسە (حەدیس) و کردەوە و رەفتاری پێغەمبەرە، بەپێی سەرچاوەکانی ئیسلام و یاسا و بنچینەکانی یاسادانانی ئیسلامی (ڕێول الفقە) مرۆڤی موسوڵمان دەبێت پەیڕەویی لـآ بکات و ئەگەر بە گێڕانەوەی دروست (ێحیح) گەیشتبێت دەبێت وەکو قورئان موسوڵمان پێوەی پابەند بێت. ئەم سوننەتە، کە ڕێنماییە گوتەنی (قولی) و کردەیی (عملی) ـەکانی پێغەمبەری ئیسلام دەگرێتەوە، گەلێک یاسا و ڕێسای لە ئیسلامدا چەسپاندوە کە لە قورئاندا نەھاتون و سوننەت زیادی کردون بۆ ئیسلام.. وەکوو بەردانەوەی ریش و بەکارھێنانی سیواک بۆ ددان پاککردنەوە و مارەکردنی کچی ھەشت ساڵی بۆ پیاوی زۆر گەورەتر و تاد. مەلاو موفتیەکان ئێژن پێغەمبەر سەیدی عالەمە و لەبەر ئەوەی ئەخلاقی فرە بەرز بووە بۆیە موسڵمانەکان ھان دەدەن لاسایی کردەوەکانی و ڕێنماییەکانی بکەن.

کردەوەیەکی سوننەتی ھەیە عەرەب پێی دەڵێن (المفاخذە) واتا، پیاو بۆی ھەیە کچ لە دوو ساڵیەوە مارە بکات و لە کۆشی خۆی داینێت و بە خشاندن بە لەشی خۆی رەحەت بکات. بەپێی سەرچاوەی زۆر و زەبەندە پێغەمبەری موسڵمانان خاتو عایشەی بە شەش ساڵی مارە کردووە و بە نۆ ساڵی گواستویەتیەوە، کە دەنگءباسی ئەم زەماوەندە لە سەرچاوەکانی (سوننەت) دا بە گێڕانەوە و (سەنەد)ی دروست و متمانەدار گەیشتوە. ھەر بۆیە ئەم کردارە بوەتە کردارێکی ڕێگەپێدراو لە یاسا (شەرع) ی ئیسلامیدا.
لە ٦/٩/٢٠١٣ دا رۆژنامەی ئەلیکترۆنی (المشھد الیمنی) ھەواڵێکی بڵاو کردوەتەوە تیایدا ھاتووە: کچێکی منداڵی ھەشت ساڵی لە شەوی بووکێنیدا گیان لە دەست دەدات. دایک و باوکی ئەم داویانە بە پیاوێکی ٤٠ ساڵی و لە شەوی بووکێنیدا جەستە بچکۆلەکەی بەرگەی ئەو ئازارەی نەگرتووە و گیانی لەدەستداوە. لەم بارەیەوە چالاکانی یەمەنی داوا لە حکومەت دەکەن دایک و باوک و زاواو مەلاکەش دادگایی بکرێن بۆ ئەوەی ئەم دیاردە کە بەربڵاوە لە یەمەن سنووردار بکرێت. کەچی حکومەتە ئیسلامیەکەی دەڵێ سوننەتە خیلافی شەرع نیە!
بەپێی مافەکانی مرۆڤ و لە زۆربەی وڵاتانی دونیا مومارەسەکردنی سێکس لەگەڵ منالڕ لاقەکردن و تاوانە و سزاکەی فرە سەختە. کەچی حوکمی ئیسلامی موبارەکی دەکات!
بەپێی دەستوورە یەک بەدوای یەکەکانی عێراق، شەریعەتی ئیسلام بنەمایەکی سەرەکی بووە بۆ یاسا بەگشتی و یاسای باری کەسی بەتایبەتی. بەڵام، یاساکانی شەریعەتی ئیسلام دەگەڕێَنەوە بۆ زەمانێک چەمکە مرۆییەکان نەزانرابوون بۆیە دەبینین زۆریان لەگەڵ رۆحی سەردەم ناگونجێن بۆیە لە زۆر شوێن گۆڕاون. بۆ نموونە، ئەو یاسا جوانەی لەیەمەن رێگە بە لاقەکردنی منداڵان دەدات لە کەم شوێنی دواکەوتووی وەکوو یەمەن ماوە.
پرسیاری بابەتەکە ئەوەیە، مادەم دەتوانن ھەندێک یاسای نامرۆیی بگۆڕن، بۆچی ھەندێکی دیکەی نەک تەنیا نامرۆیی بەڵکوو نالۆژیکیش ناگۆڕن؟! بۆ نموونە، مانای چیە تا ئیمڕۆ لە دادگا دوو ژن بەرابەر بە پیاوێک وەک شایەد وەردەگیرێن ئەگەر جەنابی قازی بڕیاری نەدا ئەمانە مرۆڤی تەواون نەک نیوە.
سەیریی بابەتەکە لەوەدایە، کاندیدایەکی پەرلەمان لەسەر لیستی کۆمەڵ لە رانیە بە ناوی (یاسین عەبدوڵڵا) لە کەناڵی ئاسمانی (ڕووداو)ەوە شەوی ١٠-١١\٩\٢٠١٣ ڕایگەیاند: دەنگدان شایەدیە دەبێ ھەموو کەسێک بە ویژدانە شایەدی بدات. داخی گرانم کەسێک نەبوو پێَ بێژێت: ئەی بۆچی دەنگی مێینەکانتان کۆ ناکەنەوە و دابەشی دووی ناکەن، خۆ دینی حیزبەکەتان وای گوتووە، یان ئێستا ژن یەکسانە و کەم عەقڵ نیە بایی ئەوەی شایەد بێت؟

2013-09-08

بەرەکەت کەوتوەتە ناو کاندیدی ژنان!

ئەڤین ئیبراھیم فەتاح

ئەگەر چی زۆر مەیلم نیە بۆ شیکردنەوەی ھەر بابەتێکی پەیوەست بە باڵانسی جێندەری لەسەر بنەمای ژمارە لەبەر ئەوەی ژمارە بابەتەکە بەتەواوەتی ناپێکێت. بۆ نموونە، رێژەی ٣٠% کورسیەکانی پەرلەمان بۆ ژنانە و بەمافی کۆتاش بێت دەبێ ئەو رێژەیە پڕ بکرێتەوە، ئایا ئەو رێژەیە بەراستی نوێنەری ژنن و لەخەمی گرفتەکانیانن یان ئایدیۆلۆژیای حیزبەکانیان؟
رێژەی کاندیدی ژن لە ھەندێک قەوارە بەمشێوەیە: یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ٣٢%، پارتی دیموکراتی کوردستان ٣٠%، گۆڕان ٣٠%، یەکێتی ٢٤%. ئایا ئەم رێژەیە پێمان دەڵێ کە یەکگرتووی ئیسلامی دیموکراتترین حیزبەو دڵسۆزترینیانە بەرامبەر بەژن و ینک لەھەموویان خراوترە؟ ھەروەھا تێڕوانین گۆڕان و پارتی بەرامبەر بەژن وەکو یەکە؟ بێگومان نەخێر چونکە لەسەرەتاوە وتم ژمارە بابەتەکەمان دروست ناپێکێت، بۆ نموونە سەرۆک مام جەلال یەکەم سەرکردە بوو فرەژنی قەدەغەکردو ژنەکانی ئیسلامی پاش چەندین ساڵ لەپەرلەمان دژی وەستان، ئەگەر بزانین فرەژنی گەورەترین ناعەدالەتیە ئیسلام بەرامبەر بە ژن دەیکات بە نموونە.
جاران دەمانگوت ئەگەر ژن ھوشیار بێت دەنگ دەدات بەژن بۆ ئەوەی دەسەڵات تەنیا بۆ پیاو قۆرخ نەبێت. کەچی، ئەدای خانمانەی وەھامان بینی لەپەرلەمان وامان لێدەکات دوو جاری دیکە بیر بکەینەوە تاکو بڕیار بدەین دەنگ بەکێ بدەین. بۆ نموونە، ئەوەی تەنیا لەپێناو گەیشتنە پەرلەمان سەنگەری گۆڕی و بوو بەسەرۆکی فراکسیۆن، دانەیەکی دیکە بەعسی ئەنفالچی لا شەریفتر بوو لە پەرلەمانی کوردستان و پەشیمانیش نەبووەو، یان ئەو ژنانەی رێگەیان بۆ فرەژنی و چەوساننەوەی ژنان خۆش دەکرد و بۆ خودی خۆیان قایل نەدەبوون بە فرەژنی.. تاد.

گرفتی بابەتەکە ئەوەیە جاران بەئەستەم ژن دەگەیشتە پەرلەمان، ئەمڕۆ خەرمان بەرەکەت، ژنان لەپەرلەمان و لیستی کاندیدەکان لەھەموو قەوارەکان جمەیان دێت، کەچی حاڵی ژن لەکەلتوور و یاسای فەرمی و نافەرمی فرە خاستر نیە لەجاران. ئەم قسەیەم مانای ئەوە نیە لەگەڵ ئەوەدا نیم ژن بگات بەپەرلەمان، بەپێچەوانەوە ھیوام وایە ژمارەی ژن لەپەرلەمان و ھەموو شوێنێک یەکسان بێت بە ژمارەی پیاو، بەمەرجێک لەشوێنی کاریدا ژنایەتی خۆی و ھاوڕەگەرزانی لەبەر ھاوکێشەی حیزبی و ئایدیۆلۆژی جودا بکاتەوە. لەئیمڕۆی کوردستاندا پەیدابوونی ژنی بەم مواسەفاتە ئاسان نیە بەڵام ئەستەمیش نیە.
ئاسان نیە، لەبەر ئەوەی مافی کۆتا بەرواڵەت بۆ بەرژەوەندی ژنە بەڵام لەراستیدا بۆ بەرژەوەندی پیاوەو ماسکێکی ژنانەی لەسەر دانراوە، بۆ نموونە، بەھۆی مافی کۆتا بۆ ژنان وادەکات ئەو قەوارە سیاسیەی وەریدەگرێت کورسیەک زیاد وەرگرێت، لەکاتێکدا ژنەکە نەتوانێت بۆ بەرژەوەندی ژن کار بکات و گوێڕایەڵی سیاسەتی حیزب بێت، کە زۆر جار پیاوانەیە، کەواتە بەمافی کۆتا دووبارە بۆ ئاوەدانکردنی ماڵی پیاوان بەکار ھێنراین و ئەم راستیەشمان بەچاوی خۆمان بینی.

ئەستەمیش نیە بەلکو قورسە، ئەگەر ژنانی دەرچوو بیر لە پەروەردەکردنی نەوەیکی دیکەی دوای خۆیان بکەن بتوانن بەبێ کۆتا بگەن بەپەرلەمان و ژنێتی خۆیان لەبیر نەچێت و خۆیان بەقیرو بنێشتەوە نەلکێنە کورسیەوە ..ئەگەرچی وەھا نموونەمان نەبینیوە.

2013-08-31

شەرەفی نەتەوە و شەرەفی ماکەر!

ئەڤین ئیبراھیم فەتاح

چەندین میدیای یەمەنی و عەرەبی ھەواڵێکیان بڵاو کردوەتەوە کە لە ناوچەی (ئاب) لە یەمەن دوو عەشیرەت یەکتریان لە سەر ماکەرێک ھەلا ھەلا کردووە! نێرەکەری ماڵێک لە عەشیرەتی (مەکابس) دەچێتە لای ماکەری ماڵێک لە عەشیرەتی (بەنوو عەباس)، ئەم کارە لای بەنوو عەباس عەیبەیەکی زۆر گەرە بووەو بە ئیھانەی کەرامەت و شەرەفی عەشیرەتەکەیان و غیرەت دەیانگرێت، گوێدرێژەکە دارکاری و لاقە دەکەن، ئینجا خاوەنەکەشی بەھەمان دەرد دەبەن. عەشیرەتی یەکەمیش ئەم تەعەدایە قبووڵ ناکات دەبێتە دەماقاڵێ و پێکدادان تا رادەی چەک ھەڵگرتن، ١٥ کەس لەیەکتری دەکوژن! پرسیار: گوێدرێژ ساڵی یەک جار لە بەھاران ئەو کارە دەکات، پیاوانی عەشیرەت ھەموو رۆژێک، ئایا کامیان گوێدرێژ و چوار پێیەو کامیان دوو پێ و گوێ کورتە؟ ئەوان دەڵێن نێرەکەرەکەی ئەوان تەعەدای لە ماکەرەکەی ئێمە کردووە و لاقەی کردووە! زۆری نەماوە بەردبارانیان بکەن و بێژن ئەمانە زینایان کردووە! ما نێرەکەر دەتوانێت لاقەی ماکەر بکات ئەگەر خۆی رازی نەبێت، بزانە نایداتە بەر لوشکە و باوکی بێنێتە پێش چاوی؟
لای خۆمان و لە زۆربەی کۆمەڵگەکانی دیکە کاتێک وەسفی مرۆڤێک بە ئاژەڵ دەکەین ئەوا بەمەبەستی جنێوو سوکایەتی دەیکەین، لەکاتێکدا ئاژەڵ جگە لە خزمەت و خێرو بێر شتێکی خراوی لێنابینرێت کەچی مرۆڤ بەمەیش ناوەستێت بگرە مرۆڤ و ئاژەڵیش بۆ چێژوەرگرتن دەکوژێت. ئاژەڵ کاتێک برسی دەبێت ئاژەڵی دیکە یان گیا دەخوات کەچی لای ئێمە برسێتی تەنیا شتێکی فیزیکی نیە بەخۆراک سکی خۆمان تێر بکەین، بەڵکو برسێتی خوێنمان ھەیە ئەو شتەی ناومان ناوە شەرەف لە راستیدا ئەداتی یەکتر کوشتنە، دەمێک بەناوی نامووس و تاوێک بەناوی دین و جاران بەناوی ئازادی، بەڵام لەکۆتاییدا ھەمووی کوشتنە بۆ پاراستنی ئەو شەرەفەی کە خۆمانی پێ دەخەڵەتێنین.
کاتێک لەسەر چەمکی شەرەف، ماھیەت و دەلالەتەکانی لەکۆمەڵگەدا گفتوگۆ دەکەین یان دەنووسین خۆمان لە سووچێکدا دەدۆزینەوە بەھای کۆمەڵایەتی و داب و نەریت و دین دەمانبەستنەوە. شەرەف مانایەکی بگۆڕی ھەیە بە پێی کات و شوێن دەگۆڕێت، بۆ نموونە، بیرمە لەھەشتاکانی سەدەی رابوردوو لای خۆمان ناوی پێشمەرگە پیرۆز بوو و پەیوەست بوو بە شەرەفەوە، ناوی جاش لە خیانەتکار و بێشەرەف دەنرا، کەچی ئیمڕۆ ھەموو ماناکانی شەرەف لە جەستەی مێینە کورت کراوەتەوەو جاشەکان لە گۆڕەپاندا تەراتێن دەکەن بێ ئەوەی شەرەفیان لەکەدار بێت پێشمەرگەش لەتاوی کەمی موچەو سەختی ژیان دەناڵێنێت! دۆرکایم باسی دەکات و ئێژێت: ئەگەر ھات و سیستمی کۆمەڵایەتی لەبار یەک چوو ھەڵوەشایەوە ئیدی فەوزایەک دروست دەبێت بەھا رەسەنەکان لادەبات و بەھای گەندەڵ دێتە کایەوە.


شەرەف یەکێکە لە سامانە کۆمەڵایەتیەکان کە مرۆڤ جگە لە نازناو و پێگەی کۆمەڵایەتیشی پێوە دەنووسێت. ئەگەر بێرتان بێتەوە چەند ساڵێک پێش ئێستا ھەمان شەڕ لە نێوان دوو عەشیرەتی کوردی لە گوندێکی کوردستان لەسەر شەرەف رویدا، بەھەمان شێوە دوو عەشیرەت خۆیان کردبوو بە نوێنەری شەرفی دوو گوێدرێژ، نێرەکەرو ماکەر، مێنەی ئاژەڵیش دیسان ناسنامەی شەرەفی ئەم کۆمەڵگەیە بۆیە ئاگای لەشەرەفی خۆی نەماوە و رۆژانە لەلایەن دوژمنی جۆراوجۆرەوە لاقە دەکرێت!

2013-08-30

ئەلبرت نۆبز


ئەڤین ئیبراھیم فەتاح

بیرکردنەوەو رەفتاری مرۆڤایەتی ماوەیەکی گەلێک درێژخایەنی دەویست بۆ ئەوەی ئافرەت وەک مرۆڤ ببینێت نەک کائینێکی زیادە، ھەرچەندە لە فرە شوێن تاھەنووکەش ھەر بەمرۆڤی پلەدوو دادەنرێت یان کەم عەقڵ و دین بۆیە لەمێژوودا چەندین شێوازی ئیبداع لەھونەری چەوسانەوەی ئافرەتان دەبینین. فیلمی ئەمجارەمان باسی جۆرێک لەدڕندەترین جۆرەکانی چەوسانەوە دەکات ئەوەیە کاتێک مرۆڤ ناچار بکرێت ناسنامەی رەگەرزیی خۆی بشارێتەوە بۆ ئەوەی پاروە نانێکی دەستکەوێت و پێی بژی.
لەئەوروپای سەدەی نۆزدەیەم کڵێسای کاسۆلیکی کارکردنی ئافرەتانی قەدەغە کردبوو لە دەرەوەی سنووری ماڵەوە و دەبوو تەنیا خزمەتکاری ماڵ و بەخێوکردنی منداڵان بکات، بۆیە ئەو ژنانەی لە خانەوادەی ھەژار بوون دووچاری دەیان چەرمەسەری دەبوون و تەعەداشیان لێ دەکرا چونکە مافی ئەوەیان نەبووە کار بکەن و خۆیان بژیەنن. بەمەیش دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی جەرگبرَ پەیدا بووە ئەوەبووە ژنان جلی پیاویان دەپۆشی و مێیایەتی خۆیان دەمراند و کاری پیاوانەیان بەناوو روخساری پیاوەوە (ھەڵبەت لەرووی روخسارو جل و بەرگەوە نەک لەرووی بایۆلۆژی).

چیرۆکی فیلمەکە لە کورتە چیرۆکی رۆماننوسی ئایرلەندی (جۆرج مۆر) وەرگیراوە و رووداوەکانی لە ئایرلەندای سەدەی نۆزدەیەم روویانداوە. ئەستێرەی ھۆڵیوودی (گڵین کڵۆز) کە شانۆکارو گۆرانیبێژە نزیکەی ٣٠ ساڵ بەر لە دەرھێنانی فیلمەکە ھەمان کورتە چیرۆکی کردووە بە شانۆگەری و لەوکاتەوە بڕیاری داوە بیکات بە فیلمی سینەمایی بۆیە بەشداری نووسینی سیناریۆکەشی کردووە. دەرھێنەری فیلمەکە (رۆدریگۆ گارسیا- کوڕی رۆماننوسی جیھانی گابریل گارسیا مارکیز) بەشێوازێکی جوان بەشداری وردەکاری سیناریۆکەی کردووەو دەمانباتەوە یەکێک لە ھوتێلە ئایرلەندیەکانی سەدەی ١٩، کە رەنگ و مۆزیک و وێنەو جل و بەرگی بەتێکەڵەیەکی زۆر جوانمان نیشان دەدات و ئەم کارە ھونەریە نایابەی لێ بەرھەم بووە.
لەساڵی ٢٠١٠ کاستی فیلمەکە چوونە بۆ ئایرلەنداو لەوێندەر دەستیان بەکار کردووە تاکو ٢٠١١ لەسینەماکانی ھۆڵیوود نمایش کراوەو بۆ سێ ئۆسکار دەستنیشان کراوە. 

باگراوندو دەلالەتە کۆمەڵایەتیەکان:
١-      دەسەڵاتی ئاین
زەمەنی رووداوەکانی فیلمەکە باسی سەدەکانی ناوەڕاست دەکات کە بەسەدە تاریکەکان ناوزەد کراوە. لەو زەمادا کاسۆلیک باڵادەست بووەو کڵێسا بڕیای داوە ئافرەت بۆی نیە کار بکات جگە لەکاری ماڵەوە. ئەم بڕیارە دیاردەی کۆمەڵایەتی خراوی لێکەوتوەتەوە بۆ نموونە، (ئەلبێرت نۆبز) لەفیلمەکە باسی منداڵی خۆی دەکات کە لەخێزانی ھەژار بووەو گرووپێک پیاو بەنۆرە تەعەدایان لێَی کردووە، بۆیە نەوێراوە بگەڕێتەوە ماڵەوە و ھەڵاتووە. پاشان بەتەنیا ناچار بووە مێیایەتی خۆی بسڕێتەوە جلی پیاو بپۆشێت بۆئەوەی قووتی رۆژانەی پەیدا بکات. ئەلبەرت نۆبز ناوی پیاوانەو لەسەرتای فیلمەکە نازانیت ئەمە ژنە چونکە گڵین کڵۆز ھێندە نایاب رۆڵەکە دەگێڕێت، کە ماوەی سی ساڵ بەو ناوو جلەوە دەبێت، ناوی راستەقینەی خۆی بیردەچێتەوە، ھەروەھا شێوازی رۆیشتن و قسەکردن و ھەڵسوکەوتی ژنانەی بیر چوەتەوە ھەمووی ھەر پیاوانەیە. ئەلبەرت نۆبز بەڕادەیەک خۆی پیاواندووە کاری سەرۆکی خزمەتکارەکان وەردەگرێت و لەکارەکەشیدا سەرکەوتووە و کەسایەتیشی کەسایەتی پیاوێکی بەسامی سەنگینە بۆیە یەکێک لە کچە خزمەتکارەکان عاشقی دەبێت و پەیوەندی لەگەڵ دادەنێت. ئەمیش دەچێتە ناو دونیایەکی دیکەوەو بیری چوە خۆیشی ژنە! لێرەدا بینەر دیمەنێکی دڵتەزێن دەبینێت کاتێک دوای چەند جارێک چوونەدەرەوەو پیاسەکردن لەگەڵ کچەکە، لای کچەکە سەیر دەبێت کە نۆبز وەکو پیاو ھەڵسوکەوت ناکات و ھەوڵ نادات دەستی بگرێت، ماچی بکات یان لەباوەشی بکات. ئەو رووداوە نۆبز لەخەونەکەی وەخەوەر دێنێت و تێبینی دەکات: ٣٠ ساڵە جگە لەئەندامە بایۆلۆژیەکانی جەستەی، مێیایەتی نەماوە.
لێرەوە لای بینەر پرسیار دروست دەبێت: ئاین بابەتێکی نەگۆڕە لەناو کۆمەڵگەیەکی بگۆڕ و فرانبوو بەھێزترین دەسەڵاتی ھەبێت، دەبێ بەچ شێوەیەک مرۆڤ سەقەت بکات؟ ئەدی لەوە تاوانتر ھەیە مرۆڤ لەمومارەسەی سروشتی رەگەزیی خۆی بێبەش بێت و لێی تێک بچێت ژنە یان پیاو؟

٢-      چینایەتی و کۆمەڵایەتی
سەرەتا، ھیچ ئاینێک نەیتوانیوە جیاوازیی چینایەتی لەناو بەرێت. بۆ نموونە، ماکس ڤیبەر لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا (ئەخلاقی سەرمایەداری و رۆحی پرۆتستانتی)دا مەبەستی ئەوەیە بێژێت: لای پرۆتستانتەکان وا باوە ئەگەر خودا لەکەسێک رازی بێت ئەوا لەکاروکاسبیدا سەرکەوتووی دەکات، ئەگەر سەرکەوتوو بوو ئەوا قازانج داکات، کەڵەکە بوونی قازانجیش سەرمایە دروست دەکات. ئەخلاقی سەرمایەداریش ئەوەیە پارە بنێتە یەکەوە. مادەم سەرمایەدارو موڵکداریش ھەبێت، دەبێ چینی کرێکاریش ھەبن. ئەم دو چینە گەلێک جیاوازی لەشێوەی ژیان و گوزەرانیان ھەیە کە لەم فیلمەدا بەروونی دیارە چیاواوی چینایەتی لەسەدەی نۆزدەیەم لەئەوروپا و بەتایبەت لە ئایرلەندا لە لوتکەیدا بووە.
کەسایەتی (ھیربرت پەیج کە جانێت مەکتیر رۆڵەکەی دەگێڕێت). کاتێک بۆڕی و بۆیلەری ھوتێلەکە تێک دەچێت، بۆڕیچیەک دەھێنن بۆ ماوەیەکی کاتی لەھوتێلەکە بێت تا ئەو کاتەی کارەکانی تەواو دەکات، کە شوێنی بەتاڵ نەماوە بەناچاری شوێنی حەوانەوەی پەیج لە ژوورەکەی نۆبز دەکەنەوە. بەمەیان سەرەتا ژیانی نۆبز سەختتر دەبێت و خەوتنی شەوانی لێ دەڕوات نەبادا نھێنیەکەی ئاشکرا بێت چونکە پیاوێک لە ژوورەکەی دەخەوێت، و ھەر ئاشکراش دەبێت.کەئاشکرا دەبێت، بۆ ئەوەی نەترسێت، پەیج سینگی خۆی بۆ دەکاتەوە و لای نۆبزو بینەر دەبێت بەبابەتێکی سەیر: پەیج ژنە پیاو نیە! ئیدی لەوکاتەوە دەبن بەھاورَێ و نۆبز دەچێت بۆ ماڵیان و لەوێ شتی سەیرتر دەبینێت: پەیج کە ژنە، ژنیشی ھەیە!
لەم فیلمەدا پەیوەندیە چینایەتی و کۆمەڵایەتی و ئاینیەکان تێکەڵەیەکی وەھامان نیشان دەدات کە مرۆڤ دەخاتە دۆخێکی ژیانی تاڵەوە ئازارەکانی کەمتر نیە لەئازاری کەوڵکردن بەزیندوویی. نۆبزو پەیج لەبەر ھۆکاری سێکسی نەبوو رەگەزی خۆیان گۆڕیبوو، بەڵکو لەبەر ھەژاری و یاسا کۆمەڵایەتی و ئاینیەکان بوو. نۆبز مێیایەتی خۆی بیر چوو بوو تا ئەو کاتەی کچەکە داوای ماچی لێیکرد. لەگەڵ ئەمەیش، ساڵانێک بوو پوولی کۆدەکردەوە بۆ ئەوەی پرۆژەی سەربەخۆو تایبەتی ھەبێت، ئەم پرۆژانەی بەشێوەیەک بۆ کچەکە باس دەکرد کە لەبیری چووبوو خۆیشی ئافرەتە!

ھاوسەرەکەی پەیج ئەیزانی پەیج پیاو نیە، کەچی تەنانەت لەماڵەوە وەکو دوو ھاوڕێ بوون و نەیدەتوانی ژنانە بپۆشێت نەبادا دراوسێکان ھەستی پێ بکەن. پەیج کچبوونی خۆی وەکو نۆبز لەبیر نەکردبوو بەڵام باوەڕی وابوو، دەکرێت خێزانی ھەبێت و ئاسوودەش بێت، مادەم کۆمەڵگە وای لێکردبوو رەگەزی خۆی بشارێتەوە، بەڵام ھێشتا مرۆڤایەتی لەدەست نەداوە...کۆتایی فیلمەکە دیمەنێکی مرۆیی زۆر جوان نیشان دەدات نەمگەرەکە لە خوێنەری بسووتێَنم. لەگەڵ ئەمەیشدا فیلمەکە کۆمەڵێک پرسیارو بابەتی حەساس دەوروژێنێت کە ئارەزوو دەکەیت پتر لە جارێک بیبینیت.
ئەم فیلمە کە باسی سەدەکانی ناوەڕاستی ئەوروپا دەکات بەشێوەیەک لەشێوەکان کۆمەڵگەی خۆمانم بیر دێنێتەوە. تا ھەنووکەش زۆر کار ھەیە ژن بۆی نیە توخنی بکەوێت، ئەگەر کریشی دەبێ مێیایەتی خۆی بشارێتەوەو وەک پیاو رەفتار بکات! لەگەڵ ئەمەشدا، کوشتنی جەستەیی ئاسانترە لەکوشتنی دەروونی و ناچاکردنی مرۆڤ لەژیانێکی پڕ درۆدا بژی.
…………….
تێبینی: زانیاریەکانی دەربارەی فیلمەکەم لە شوێنی جیاوازی ئینتەرنێت وەرگرتووەو تەنیا وەسف و شیکردنەوەکان وشەی خۆمن.