2013-06-06

پرسی نەوت و پرسی ژن

ئەڤین ئیبراھیم فەتاح

 
چوارشەمەی رابردوو لە دارەتوو کوڕێک دایک و خوشکێکی خۆی بەچەقۆ ھەنجن ھەنجن دەکات و خەڵتانی خۆێنیان دەکات، دەیانکوژێت. پاش ئەوەی پۆلیس دەیگرێت، بەڕیوبەریەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی ھەولێر رایدەگەیەنێت، تا ھەنوکە ھۆکاری کوشتنەکەکان نەزانراونَ، ئەدی کە بکوژتان لایە خێرە نازانن ئەم خێرەی بۆچی کردووە؟ یان کاری ئێوە تەنیا ئەوەیە پەیتا پەیتا راپۆرت بڵاوبکەنەوە و رایگەیەنن: توندوتیژی وکوشتنی ژنان لەبەرز بوونەوەدایە! ناھەقیان نیە، ئاخر تا توندوتیژی زۆر بێت، تانانی ئەوان دەکەوێتە رۆنەوە. ئاخر بوونی توندوتیژی دژبەژنان ھۆکاری دامەزراندنی بەڕێوبەرایەتی ئەوانە. خۆ کوشتنی ژنان وایکردووە بەڕیوبەراکانیان ھەر رۆژەو لەوڵاتێکدابن مەشق بکەن لەسەر بابەتەکە ئیتربۆچی توندوتیژی وکوشتن و خۆکوشتنی ژنان خراپە؟
ھەر لە ھەفتەی رابوردوو، لەکۆیە ژنێک ئاگر لەخۆی بەردەدات گوایە لەبەر ئەوەی ھاوسەرە موبارەکەکەی قایل نیە ئوتومبێل بکڕێت! بۆ ئەمە کوردستانە یان سعودیەی عەرەبی؟ ئەدی کەنایەڵی ماشێن بکڕێت بۆچی رێگەی دەدیت فێرە لێخوڕین بێت؟ کۆمەڵگەیەکی سەیرە، باوەڕ ناکەم ئەوە تاکە ھۆکار بێت بۆ ئەوەی مرۆ ئاگر لە جەستەی خۆ داگیرسێنێت... بڵێی یاسا ھاوسەرەکە بەھاندەری خۆکوشتنی ئەوژنە دانێ و سزای بدات؟ کەس باسی ئەم بابەتەی نەکردووە و نایکات، بڤەیە!
 ھەر لەھەفتەی رابوردووی موبارەک  ژنێکی ٤٢ ساڵە لەدھۆک بە چوار گوللە کۆتایی بە ژیانی خۆی دێنێت و دیسان کەلعادە: ھۆکارەکەی نەزانراوە! لە بارەی رووداوەکە مولازم حەمید کە بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندیەکانی پۆلیسی دھۆک بە پی یو کەی میدیا دەڵێت: ژنەکە لە نزیک مزگەوتی قازی محەکەد لە ناوەراستی شاری دھۆک کۆتایی بەژیانا خو ھێناوەو تا ئێستا نەزانراوە ھۆکارەکەی چیە؟ بابەتەکە بێتام بوو وەکو مەتەڵی ھەفتەی لێھات نەک ژیانی بوونەوەرێک کەناوی ژنە!
ھەینی پێشوتر لە گوندی ئێتیتی سەر بە پارێزگەھا دوھوکێ، کچەک دھێتە کوشتن ب حەفت گوللا کڵاشنکۆفێ بدەستی  برایێ خو. ئەمیان نەتاوانبار گیراوە و دیسان کەس نازانێت بۆ چی؟ جا کاری پۆلیس لەم ولاتە ئەوەیە ژمارەی کوژراوەکان تۆمار بکات نەک ھۆکاری تاوانەکان یان گرتنی بکوژەکان!
بەرێوبەری پۆلیسی دھۆک درێژە بەقسەکانی دەدات: ل چارشەمییا بوری ھەر ل دھۆکێ ولتاخی کێفیلا ژنەک بدەستی ھەڤژینا خو ھاتبوو کوشتن. ئێ؟ چۆن بوو؟ بۆچی بوو؟ چیتان ل ھەڤژینەکە کرد؟ ئەمانە پرسیاری شەست ملیۆن دۆلارین وەڵامیان نینە!
زۆر پەست دەبم کاتێک دەبینم دارو بەردی ئەم وڵاتە بوونە بەشاعیر، مەزەو ھەوێنی شیعرەکانیشیان، جوانی، میھرەبانی، ئاشتیخوازی، بێگەردی، پەیوولە ئاسایی، باوەشی نەرم و گەرم و لوتفی ژنە! کەچی کە کوتنی ژن وەکو ئاو خواردنەوەی لێھاتووە لێ تەنانەت ئەو مافەشی نیە خەڵکی بزانن چۆن و بۆچی کوژراون؟!
مادەم پیاوانمان وا لەخەمدا بن، ئەدی کێیە ژن دەکوژێت؟ بۆ نموونە دەستی دەرەکیە؟ یان چی؟

ھەواڵەکانی کوشتن و خۆکوشتنی ژنان وەکو پرسەکانی کەرکووک و ناوچە دابڕێنراوەکان و نەوت و ..تاد، شەفاف نین و بەنیوەچڵی و قرتاوی وەکو وشەی یەکتر بڕ بڵاو دەکرێنەوە وەک بێژی: (الحلیم تکفیە الاشارە و المعنی فی قلب الشاعر!).
...................
هەواڵ: ١٠١