2013-06-02

کچی خۆڵ به سەر و مریشکی بێشەرەف!

ئەڤین ئیبراھیم فەتاح


لەسەری سەرەوەی ژمارە ١٧ ی گۆڤاری چرپەدا نووسراوە: لەسێ کاتژمێر جارێک ژنێک لەکوردستان دەستدرێژی سێکسی دەکرێتەسەر. کاتێک ریپۆرتاژەکە دەخوێنیتەوە نیوەی بەژمارەکانی توندوتیژی و دەستدرێژیکردنی سێکسی تەواو کردووە، ھەندێک کەسایەتی دواندووە لەکۆتاییدا ئاراستەی ریپۆرتاژەکە دەبات بەرەو ئاقارێک تاوانلێکراو بەبێ شەرەف و بەرەلڵا وەسف دەکات! د.عەتیە دەڵێ: کچێک گەر تەمەنی بیست ساڵ بێت خۆی مەبەستی شتێکی خراپی نەبێت و حەزی لەبەرەلڵایی و رابواردن نەبێت ھیچ پیاوێک ناوێرێ سەیری بکات... مریشک گەر خۆی خۆڵ نەکات بەسەری خۆی کەس خۆڵی بەسەردا ناکات.
 مەلا سەید ئەحمەد پێنجوێنی تەنیا بەکچەکە ناوەستێت بەڵکو خێزانەکەش بەفاشیل وەسف دەکات گوایە قسەکردن بەمۆبایل رێگەخۆشکەرە بۆ بابەتەکە.

ئەم جۆرە بابەتانە رۆژانە بەرچاو دەکەون لەکەناڵەکانی راگەیاندن، سەر لەخۆێنەر،  بەتایبەتی لەپرسی ژنان دەشێوێنن. بۆ نموونە، لەم بابەتەدا کۆمەڵێک پرسی جیاواز تێکەڵ و پێکەڵ دەکات لەکۆتاییدا ژن کەخاوەنی پرسەکەیە زەرەرمەند دەردەچێت و لەتاوانلێکراوەوە دەبێت بەبێشەرەف و رێگەخۆشکەر بۆ تاوانەکە! ئەم تێکەڵکردنە دوو ھۆکاری ھەیە:
١-    تاھەنوکە بابەتی ژنان وەک لقێکی مەعریفی نەبینراوە کەسانێک کاری لەسەر دەکەن بەسۆز کەوتوونەتە شوێنی، بۆ نموونە، بابەتی دەستدرێژی سێکسی لەگەڵ بابەتی لەدەستدانی پەردەی کچێنی دوو بابەتی ئێجگار جیاوازن. دەستدرێژی سێکسی لەھەموو دونیا بەتاوان دادەنرێت چونکە لایەک بەزۆر ئەوکارە لەگەڵ لایەنەکە دیکەدەکات، ئیدی مەرج نیە پەردە لەدەستبدات. بابەتەکەی دیکە گرنگی بوونی پەردەی کچێنیە، کەسێک نەبوو بەد. عەتیە بڵێ: ئێمە باسی بەشەر دەکەین نەک مریشک، کچێکی بیست ساڵی زۆر جیاوازە لەمریشکێک چونکە دەزانێت مەرج نیە ھەر کردارێکی سێکسی پێویستی بەلەدەستدانی پەردەی کچێنی ھەبێت!
٢-    ئەو عەقڵیەتەی لەپشت داڕشتنی بابەتەکەیە عەقڵیەتێکی تەقلیدی موحافزکارە لەسەر یەک خەت ئەوە دووبارە دەکاتەوە: شەرەف و نامووس بریتین لەپەردەی کچێنی، کچ ئەگەر خۆی رێگە نەدات کەس ناتوانێ سەیری بکات، دەبێ دایک و باوک ئاگاداری کچەکانیان بن...تا. ئەم خولانەوە لەدەوری بابەتەکە بەبێ ئەوەی خۆی لەقەرەی گرفتەکە بدات عەقڵیەتێکی کۆنی باوە کە ناوێرێ بەکوردی بڵێ: ئێمە باسی تاوانێک دەکەین دوو لایەنی تیادایە یەکێکیان تاوانبار و ئەوی دیکە تاوان لێکراوە کە تاماوە ژیانی تێک دەچێت ئەگەر لەرووی کۆمەڵایەتی چارەسەر کرا ئەوا لەرووی دەروونیەوە تاماوە شوێنەواری دەمێنێتەوە. واتا، بابەتەکە بەھیچ شێوەیەک پەیوەندی بەشەرەف و نامووسەوە نییە.
 دوکتۆرەیەکی ژنان کەخۆی دەڵێ بەدەیان حاڵەت و گرفتی لەو شێوەیەی بینیوە، دەتوانێت بەدوو تەقەڵ پەردەی کچێنی پینە بکات، بەڵام، چۆن ئێمەمانان ناتوانین ئەو دوو تەقەڵە بکەین، ئەویش ناتوانێ لایەنی کۆمەڵایەتی لێکبداتەوەو، بۆیە بەمریشکمان دەشوبھێنێت؟!
بەکورتی ریپۆرتاژەکە ئێژێ: ئەگەر کچ شەریف بێت، پەردەی کچێنی لەدەست نادات، ئەگەر سەنگین بێت پیاویش تەعەدای لێناکات، ئەمیش ھەمان تیۆری حیجابە حەیاتەکەیە، ئەگەر پیاو تەماشای ژنی کرد، ژنەکە گوناھی دەگات! گۆڤاری چرپە بەمشێوە لەمافەکانمان گەیشتوەو بەگوێکماندا دەچرپێنێ: ئەگەر لەماڵەوە بن نەیەنە دەرەوە ھەڵبەت پیاویش تەعەداتان لێناکات!
..........................

ھەواڵ: ٩١