2013-06-22

نۆرەی عەلی باپیرە!

ئەڤین ئیبراھیم فەتاح:

دەی خراوکاری دەکەم بەنووسینی ئەم وتارە! چونکە خوا ھەڵناگرێت پتر لە پێنج ساڵە مۆبیلی عەلی باپیرم پێیە. مۆبیلێکی باش و ھەرزان .. ھیچ مواسەفاتی دیکەی نیە!
لە ١٧\٦\٢٠١٣ سایتی چاودێر بینیم (مامۆستا) عەلی باپیر لە چاوپێکەوتنی رۆژنامەوانی (فەرموویەتی) تێکەڵاوی کچ و کوڕ لە زانکۆ جایز نیەو کچ و کوڕی وەک ئاگرو بەنزینی شوبھاندووە! چاودێر ئێژێت: کە وایە باپیر بۆی نیە بچێتە ناو پەرلەمانەوە چونکە تێکەڵەی ژن وپیاون!
بۆ زانیاری عەلی باپیر سەەرۆکی حیزبی کۆمەڵەی ئیسلامیەو ئەندامی پەرلەمانی عێراقە. مەجلیس نەوابی عێراقیش بە شەقی کۆتا ٢٥% ی ژنە. واتا باپیر خۆشی بێت یان ترش، ئیدی شوێنی کاری مەجلیسی ژنانە! بۆ ئەوەی لەبیری نەکەم حیزبەکەی خۆشی ژنی تیایەو لە سەرکردایەتیش، ئەدی بۆچی ئەمە جایزە؟

بیرمە لەساڵی ٢٠٠٢ بوو یان ٢٠٠٣ بۆ ماوەی مانگێک شەرەفی ئەوەم ھەبوو پەیامنێرو رێکخەری گۆڤاری رێکخراوەی ژنەکەی فازڵ میرانی بووم. لە روناھی دیمانەیەکم کرد لە گەڵ دوکتۆر محەمەد گەزنەیی یادی بەخێر زانایەکی ئاینی کراوە بوو، قسەکەیم کرد بە مانشێت: تێکەڵاوی کچ و کوڕ لەمەکتەب جایزە چونکە زۆرن پێکەوە، لە ئیسلامدا خەلوە جایز نیەو ئەوانە خەلوەیان نەکردووە. ئەدی خەلوە چیە؟ واتا : ژن و پیاوێک  یان کچ و کوڕێک لە شوێنێکدا بە تەنیا بن. ئا‌خر شەیتان دێتە نێوانیانەوە!
دەی پرسیار بۆ مەلا باپیر: خەلوە چۆن لە شوێنی گشتی دەکرێت؟
رێک وەکو بیرکردنەوەکەی باپیر ئەمجارە عەمیدی زانکۆیەک (کە پارتی بوو) چووبوو بۆ ناو پۆل ھەرچی کچ ھەیە لە لایەک و کوڕەکانی لە لاکەی دیکە دانابوو، بەمەیش دڵی حەسایەوە... کابرا موسڵمانەو ساڵانە عومرە دەکات. ھەمان ئەم پیاوە ھەرچی خزمی خۆی ھەیە کردوونی بە سەرۆ‌ک بەش و بەڕێوبەرو ھەموو شتێک. لای وی ئەمە ئیسلامەتیە نەک گەندەڵی. ھەندێ جار بابەتی ئیسلامەتی و گەندەڵی تێکەڵاو دەبێت لام! نازانم کامیان کامیانە؟!
 ئەم قسەی باپیر ھی خۆی نیە، قسەیەکە کاوێژی دەکات و کەس پێی قبوڵ نیە. بۆ نموونە: ئەوتا لە زانکۆ کچ و کوڕ تێکەڵاون.. لەپەرلەمان و حیزبیش ھەر مەلا باپیر نیە، دەی ژنیشی لێیە بیلامانا!! دەی لە بازاڕ و مۆڵ و پارک و ھەموو شوێنێک ژن و کچ ھەنە. ئاخر مەلا باپیر چیت گەرەکە؟ بەدڵی خۆت دوو ژنت ھەیە! گەرەکتە کچ و کوڕ لە خوێندن جودا بن یان کچ ھەر بوونی نەبێت؟
گرفتی بابەتەکە ئەوەیە ئیسلامیەکان بە کورتی و بە کوردی وا دەزانن مرۆ گەمژەیە! ئێ باوکەکەی باوکم تۆ لە ناو پارلەمانێکی جێندەریت کە ژنی تیایەو وەک حەلوا موچەی پەرلەمانیت ھەیە، دەی مانای چیە  تێکەڵاوی کچ و کوڕی زانکۆ حەرام دەکەیت.؟

بۆ زانیاری مەلا باپیر:خوێندنەوەی ئەم وتارە جایز نیە لەبەر ئەوەی نووسەرەکەی ژنە. جا وەرە نووسینی ژن بخوێنەوە و تەشەرەف دەستنوێژت نەشکێت.