2013-06-02

من و تەمەنم


ئەڤین ئیبراھیم فەتاح

گوتی تەمەنت چەندە؟ ئای چەند عەیبە بۆچی لەتەمەن دەپرسێت؟ ژن و تەمەن دوو بابەتی ئالڕۆزن. دەی مەجبوور نیم تەمەنم بێژم، خۆ مەکینەی ھێلکە نیم و تەمەنی ئیکسپایەرم ھەبێت!
ئەمە حیواری نێوان کوڕو کچێکی موسەققەفی کورد بوو. کوڕ سوورە لەسەر زانینی تەمەنی کچ، کچیش نایدرکێنێت. بۆچی؟ خوا دەیزانێت!
لە بۆچیەکان بکۆڵینەوە: لەم کۆمەڵگەیە ژن وەک ئەداتی بەرھەمھێنانی منداڵ دەبینرێت، یان کاشی سڕین و ماڵ پاکردنەوە، یان دایەی جوجەکان. ئەمانیش تەمەنی دیاریکراویان ھەیە و پاشان فت بۆ خۆی و ئەژدادی!
لەکۆمەڵگەی دیکە ئەم حەساوە نیە، بۆ نموونە، وەرە ھۆڵیوود، میریل ستریپ، بەگەورەیی تەمەنی لەلاپەرٍەکەی خۆی نووسراوە، لەدایکبووی ١٩٤٩ یە، سێ جار ئۆسکاری وەدەست ھێناوە و ١٧ جاریش دەستنیشان کراوە بۆ ئۆسکار. جولیا رۆبێرتز، لەدایکبووی ١٩٦٧ە تەنیا لەفیلمی پریتی ومان ٤٦٤ ملیۆن دۆلاری دەرکردووە.بریتنی سپیرز لەدایکبووی ١٩٨١  و گۆرانیەکانی ژمارەی خەیاڵی فرۆش وپارەیان کرد، ھەروەھا زۆری تەمەنی لەنەخۆشخانەکان بردە سەر.
پرسیارەکە دێتەوە: تەمەن چی لە بابەت ئەگۆرێت؟ وەڵامیش ئاشکرایە: کۆمەڵگا دەزانێت.. ئەگەر کۆمەڵگا ژن بە دەواجن و خزمەتکار بزانێت، ئیدی لە دوای ٣٠ ساڵی بۆ ژنان بڵێ فت.. ئەگەر مرۆڤ و خاوەن بەرھەم بێت، ئیدی بە ٧٠ ساڵیش ھەر مرۆڤەو بەرھەمی ھەیە خۆ مەرج نیە میریل ستریپ بێت خاوەنی سێ ئۆسکار.
رۆژێک یان کاتێک بۆم بلوێ چیرۆکی میم نەعیمە دەنووسمەوە. میمی نەعیمە زۆر جوان بوو،  باڵای بەرز، دەموچاوی نازدار، بەھەموو ماناکان ژنێکی شۆخ و شەنگ بوو. میم نەعیمە بەگەنجی بوو بە بێوە ژن. زۆریان لەسەر میم نەعیمە ھەڵبەست تا مرد! تەنانەت مردنەکەشی ئاسایی نەبوو گومانی کوشتنی ھەبوو. نەمزانی کەسێک جارێک پرسیاری تەمەنی میم نەعیمە  بکات؟! نەبوو کەس گویێ بەتەمەنی نەدەدا، ئیتر گەنجەو بێوەژن، یان پیر بووە!
 لەکۆمەڵگەی دیکە عەیبەیە لە ژن بپرسن تەمەنت چەندە؟ کەچی لای خۆمان زۆر ئاسایی و ئاسانە! بۆچی؟ لەبەر ئەوەی تا ئێستا ژن لا ئێمە ئەداتی منداڵ کردن و پاککردنەوەیە، ئیتر ئەوەی عەقڵ ھەبێت بۆ ژن مەرغوب نیە.
ژنێکم بیر دێتەوە تەلەبەی دوکتۆرایە بەخێری گیانیەوە، لەدوکتۆراکەی تەنیا لەبەرکردن دەزانێت، واتا، بیرکردنەوەو لێکدانەوەی لا حەرامە، بەڵام ، یەکەمە، لەپاککردنەوەو داھێنان دەکات لە شەھادە، زوو زووش حامیلە دەبێت. عەیبی چیە؟ پیاوم گەرەکە لێی بپرسێت: تەمەنت چەندە؟
بۆ ژنان تەمەن خاڵی لاوازیە لەکۆمەڵگەیەک ژن تەنیا بۆ خزمەت و منداڵبوون بێت، بەڵام، شەرم و لاوازی نیە ئەگەر ھاتو وەک بەشەر بینراو داھێنانی ھەبوو.

 ..................

ھەواڵ: ٨٩