2013-06-25

نەوەکانی باپیر!

ئەڤین ئیبراھیم فەتاح


ھەفتەی رابردو وتارم لەسەر عەلی باپیر بوو, دونیایەک نامەم بۆ ھات. ھەبوو جنێو بوو بۆ من گۆوایە باپیر کەسێکی کوردی ئیسلامی نیشتیمانیە.. ھەشبو دەیان زانیاری تێدابوو وەک ئەوەی خەریکە دیکات بە ٤ ژن و برای خۆی کوشتوە! نامەی وای تیابوو دەیگوت باپیر ملیۆنێرەو ئاھەنگی بۆ دەرچونی کوڕەکەی لە زانکۆ بە دوو دەفتەر دۆلار کردووە!دەی خۆ منیش دەرچووی زانکۆی کوردستانم کەس نەیگوت مالت ئاوەدان! تا ئێستا نەگەبەتی ئەوەمە وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕوانامەکەمی مۆر کردوە کەچی لە شوێنان شوێنم نابێتەوە! نە کچی باپیرم و نە ژنی مەسئوول, ئەمەیە بەدبەختی لەم وڵاتە!
ئەمانە ئاساین، یەک نامەم لا گرنگ بوو. لاوێکی زانکۆیی شاعیر نووسیبوی بۆم: رێزم بۆ دوکتۆر گەزنەیی ھەیە بەڵام دوای یەکی نیوەرۆ لە زانکۆ خەلوە ھەیە! کچ و کوڕ ھۆڵی بەتاڵی زانکۆیان ھەیە وەک شیراتۆن بەکاری بێنن!!
ئاخر زانکۆیی بوو کە ئەم نامەی نوسیوە!
-        مەبەستت چیە؟ خوێندنی تێکەڵاو نەبێت؟
-        نەوەڵا ٤ ساڵی زانکۆ وەک ئەوەیە ٤  ساڵ ژنم ھەبێت!!
-        زۆر توڕەم بەقسەکانت نابێ بەم شێوەیە لەسەر کچەکان قسە بکەیت ١٢ ساڵ تەلەبەی زانکۆ بوومەو ٣ ساڵە مامۆستام شتی وا نەبووە.. تۆ چیت گەرەکە؟
قسەکانی نەوەی بیری باپیرم تەواو نەکرد ھەواڵێکی تازە ھات: ژن و مێردێک لە گوندێکی نزیک ھەولێر کوژراون لەسەر ئەوەی زانراوە پێش ھاوسەرگیری یەکتریان خۆش ویستووە! ھەواڵەکە وتی ژنەکە لای کەسوکاری کوژراوە, بەلڕام پیاوەکە دیار نیە کێ کوشتوویەتی؟! دەی چیتان گەرەکە مرۆڤ رقی لە یەکتر بێتەوە ئینجا زەواج بکات؟
ھاتمەوە خەت لەگەڵ زانکۆییە شاعیرەکە, دونیایەک شیعری خۆشەویستی دەنووسیت و خۆت لا شاعیرە کەچی قسە لە سەر قسەی دوکتۆر گەزنەیی دەکەیت و ئیژیت بەڵێ لە زانکۆ خەڵوە ھەیە؟! کامە خەڵوە قوربان تۆ ماچێکت دەستکەوتوە دوای دەوام؟ نەخێر: دەنکەکەم داوای کردووەو من نەمکردوەە! دە بڕۆ زۆر شەریف بەو مەیکەو لە حەسرتا داخ بە!
پرسیار: کێ ھەیە بە ھەڕەتی گەنجی حەزی لە ماچی رەگەزی دیکە نەبێت!؟ کەواتە ئەو کەسە حەزی لە سێکسی ھاورەگەزیە؟!
لای ئێمە ئەم حەزانە سراونەتەوەو بێ ئەقڵی شوێنی گرتوونەتەوە.. بیرمە کچێکی ھاوڕێم ھەبوو لە زانکۆ بە گەنجی، دایم قۆڵ لە قۆڵ بوین. دە شەریف بوین ھەر نەمادەزانی سێکس چیە! مامۆستایەکی زۆر قۆزمان ھەبۆۆ کە ھەردوکمان زیرەکەکانی پۆل بوین فرە ئێمەی خۆش گەرەک بوو, ناوی عەبدلەتیف مۆلان بوو وانەی پاراسایتۆلۆجی پێ دەگوتین واتە زانستی ئەو کرمانەی نەخۆشیان پێوەیە. دوکتۆر مۆلان ئەو کچەو منی بینی قۆڵ لە قۆڵ, چرپانی بە گۆێمانا: ئەم دیمەنەی ئێوە لە ئەوروپا وا دەخوێندرێتەوەکە ئێوە لیزبیانن!

ئەو کات نەماندەزانی لیزبیان چیەو ھەردوک شەرممان کرد بپرسین! بەڵام ئەمێستا دەزانم مانای چیەو لەو کوڕە باپیریەو ئەوانەی کچەکەی خۆیان لەسەر خۆشەویستی کوشت... ئەرێ کامەیان باشە؟ خۆشەویستی یان رق؟