2013-06-06

چکێک مافیش بۆ پیاو!

ئەڤین ئیبراھیم فەتاح

مامۆستایەکی ناسراو و ھاوپیشەم لە سەر بابەتی ھەفتەی رابووردووم نووسیویەتی: زۆربەی ئەوانەی داکۆکی لە مافەکانی ژنان دەکەن پیاون، ئەدی بۆچی ژنێک داکۆکی لەپیاو ناکات؟.....خۆ پیاو ھار نەبووە لەخۆیەوە بێ ھۆکار بکەوێتە گیانی ژن و خوشکی..
ئەگەر داوای یەکسانی جێندەریمان کرد لەنێوان ژن و پیاو یان باسی کوشتن و بڕینی ژنانمان کرد، ئەوا دژایەتی پیاو دەکەین؟!
چاوم لێبوو لەسەر دامێنی چیای سەفین لەرێگەی ھیران پاسێک راوەستا و کۆمەڵێک کچ و کوڕ دابەزین دیاربوو تەلەبەی پەیمانگای تەکنیکی شەقڵاوە بوون کە ئێستا لەوێ کار دەکەم. تێبینی کاردابەشبوونی جێندەریم  بەشێوازی نەریتی کوردانە کرد. کوڕەکان بە یەک ریز قامەیان بەست و دەستیان بەنوێژی عەسر کرد. کچەکان خواردن و کەلوپەلیان لەناو ماشێن ھێنایە خوارەوەو وەکو کەیبانووی چەلەنگ، گورجو گۆڵ خوان و سفرەیان ئامادە کرد، ئاخر بۆ کچ و ژن و ئافرەت و خانم جایز نیە لە بەردەم پیاو نوێژ بکەن، بەڵکو عیبادەتی وان لەوکاتەدا خزمەتکرنی پیاوە. پاشان کوڕەکان ھاتنەوەو پێکەوە نانیان خوارد. دوای نانخواردن، کوڕەکان خەریکی یاریکردن وەرزش بوون. کچەکان دیسان کەوتبوونە خۆو قاپ و قاچاغیان گورج کۆ کردەوە و شۆردیانن، گڵێم و رایەخیان تەکاندو لوولیانداو بۆ ماشێن باریان کردن و ئاقڵ ئاقڵ لەشوێنی خۆیان راوەستان تا کوران تێر یاری بوون وگەرانەوە. چەند وێنەیەکیان گرت پێکەوەو رۆیشتن.
کارو ماف دابەشبوونی جێندەری لەم کۆمەڵگەیە بەشێوەیەکە، دەسەڵات، بڕیارو رابەرێتی بۆ پیاوە، گوێرایەڵی و پاشکۆبوون و خزمەتکردن بە پێی یاسای کۆمەڵایەتی بەشی ژنە.
 ھەموو یاسایەک فەرمی بێت یان نافەرمی دەموچاوێکی توندوتیژی ھەیە، ئەم دەم و چاوە شاراوەیە تا ئەو کاتەی یاسا کە پێشێل دەکرێت، ئینجا بە توندوتیژی کەسی پێشێلکار دەھێنێتەوە سەر راستەڕێ  و دەیکات بەعیبرەت بۆ کەسانی دیکە. گرفتەکە ئەوەیە کاتێک کەلتووری یاسای نافەرمی زاڵ بوو بەسەر کەلتووری یاسای فەرمیدا، ئەوکات لەھەر پێشێل کاریەکدا پیاو قۆڵ و باسکی پاڵەوانانەی ھەڵدەماڵێت و رۆڵی یاسای فەرمی و دادوەرو جەللادیش دەبینێت. بەمەیش قسەی ئەو مامۆستایەی سەرەوە دێتەدی: خۆ پیاو ھار نەبووە لەخۆیەوە بەربێت گیانی دایک و خوشکی، ئەدی کوو (ھۆکاری) ھەیە! (ھۆکار) ھەمیشە ئەوەیە ژن یەکێک لەیاسا نافەرمیەکانی کۆمەڵگەی پیاوسالاری بەزاندووە.
گوێرایەڵی ئەو کچانەی پەیمانگا بۆ کورەکان سەرنجی راکێشام: مانای چیە کچ و کوڕ پێکەوە دەخوێنن، کچ ببێت بەخزمەتکاری کوڕ؟ بوو بە کێچ وکەوتە کەوڵمەوە، سۆراخم کردن، دەرکەوت دوو کچ لەو کچانە برایان لەناو گرووپی کورەکان بووە! واتا، دەبێ خزمەتی خۆیان و ھاوڕێکانیشیان بکەن، کچەکانی دیکەش ئۆتۆماتیکی بۆئەوەی خۆیان لە گرووپی کچەکان جودا نەکەنەوە ھێڵی سووری پیاوانە نابەزێنن! بەمەیش کوڕەکانی دیکە مافی سوپەر خزمەتی پێنج ئەستێرە بەخۆڕایی وەدەستدێنن، کچەکانیش دەبن بەکرێکاری خزمەتی بەخۆڕایی!
توندوتیژی تەنیا قەلەپارچەکردن و کوشتن نیە، ئەمەیش توندوتیژیە کچێک بەناچاری ببێت بەخەدامەی ھاوپۆلێکی. کارەساتەکەش لەوەدایە کچەکە وادەزانێت ھاتووە بۆ سەیرانی بەھار!


لەم ھەل و مەرجەدا، با داوای قیچێک ماف بۆ پیاوانیشمان بکەین گوناھن!
....................
هەواڵ: ١٠٣