2013-06-06

کاری خێر پرسیاری نەگەرەکه!

ئەڤین ئیبراھیم فەتاح

مەلا مەزھەری خوراسانی لەگوتارێکی حەماسیەوە یەک بەخۆی میللەت و خاک و نیشتیمان بەقوربانی عومەری کوڕی خەتاب دەکات. خەڵکیش ناوەستن بۆی وەکو جاری جاران داوای یاسایی لەسەرتۆمار دەکەن. پاشان مەلا عەبدولباستی قوشتەپە فەتوایەک دەدات: جەژنی نەورۆز حەرامە. ھەروا بێتەوە، مەلا دڵشاد گەرمیانی دیسان فەتوا دەدات: نەورۆز جەژنێکی مەجووسیەو یادکردن و ئاھەنگ گێڕانی جایز نیە! کەچی ئەم نەورۆزە لەھەموو نەورۆزەکان بەگوڕتر بوو، بۆنموونە، لەقەندیل ئاھەنگەکە یەک ملیۆن کەسی تیا بەشداربوون، دیار بەکر دووملیۆنی بوو، ئاھەنگی ئامەد یەک ملیۆنی بوو. ئەمما ئەوەی لەپایتەخت روویدا ھەرلەوێنە نەبوو: گەورەترین ھەڵپڕکێی رەشبەڵەکی کوردی بوو ٦٠٠٠ شەھەزار کچ و کور ِ تیایدا بەشدار بوون. بڵێی مەلا ھەیبەتی جارانی بۆخۆی نەھێشتووە بەوھەموو فەتوا عاجباتیانە؟
لەرووداوی ١٩\٣\٢٠١٣ راپۆرتە ھەوڵێک بڵاوبوەتەوە بەناونیشانی (مەلایەک کچێک ھەڵدەگرێت) ھەر ئەوەی مابوو مامۆستا مەلا؟ چیرۆکی رووداوەکە ئەوەیە لە گوندێکی سەر بەھەریر مەلایەک کەخاوەنی ژنێَک و دوو منداڵە عاشقی کچێک دەبێت و بۆ ماوەی پێنج ساڵ پەیوەندیان دەبێت و چەندین جار دەچێتە خوازبێنی باوکی نایداتێ، ئەمیش نایکات بە نامەردی رێک کچە ھەڵدەگرێت و بەرەو بەھدینان دەڕوات!
لە وردەکاری بابەتەکە دەزانرێت، مەلاژنەی یەکەم ئامۆزی مەلایە، مەلاژنەی دووەمیش ھەر ئامۆزایە! مامی مەلاش بۆیە رازی نەبووە گوتوویەتی دەبێ باوکی مەلاژنەی یەکەم بێتەو ناو بابەتەکەوە، ئەویش قبووڵی نەفەرمووە.
مەلاکان ئێمەیان کاس کردووە بەشەعی ئیسلام و کەس ناوێرێت لەپێستی خۆی بجوولێتەوە کارتی سووری حەرام بەرز دەکەنەوە، ئەوە نیە نەورۆزیشیان حەرام کردووە؟ ئایا ئەم مەلایە ھۆشدار نیە لەوەی جایز نیە کچ بەبێ رەزامەندی وەلی ئەمر نیکاح بکات؟ یان تەنیا عاشقبوون لە ئیسلامدا مەرج نیە بۆ نیکاحی ژنی دووەم؟ یان بۆ خۆی حەڵاڵەو بۆ لاوان حەڕام؟
دەگێڕنەوە لە گوندێک مەلایەک حەزی چوەتە ژنی کابرایەکی ھەژار. ئیدی بەداوەی دەبێت تا رۆژێک دەیگرێت لەمیزکردندا رووی لەقیبلەیە، دەڵێ: مادەم روو لەقیبلە میز دەکەیت تەڵاقت لەژنەکەت کەوتووە! پاش ماوەیەک ژنە بۆ خۆی مارە دەکات. کابرای جووتیاریش دەبێت بەمەراق لەدڵی ھەر بەدوای مالاوە دەبێت تا دەیگرێت روو لە قیبلە میز دەکات، دەڵێ، مامۆستا تەڵاقت کەوتووە روو لەقیبلە میزت کردووە! ھممم مەلا: بڕۆ ئەولا ھەتیو، تۆ ئاگات لێنەبووە سەرەکەیم خوار کردبوو!
مەلایەکم ئەناسی ئێستا مەڕحوومە، ژنێکی زۆر جوانی ھەبوو لەگەڵ کۆمەڵێک مناڵی قشت و جوان کوڕو کچ. خوشکێکی گەنجی ھەبوو کاتێک خوازبێنی ھات گوتی نابێ کچ بەبێ ژن لەماڵ دەرچێت، کچی پیاوەکەی لەخۆی مارەکرد و خوشکەکەی بەپیاوێک دا لەتەمەنی باوکی گەورەتر بوو. ئەم مەلایە لەچلەی رەحمەتی ھاوسەرم بەموچەی خۆم گوێرەکەیەکم کریبوو بیکەم بەقۆچی قوربانی، گوتی جایز نیە چونکە کوڕەکەی یەتیمە! کەچی تیری لە گۆشتەکەش بەناوی خێر خوارد نەک قۆچی قوربانی.

دەلێن ھەیفا وەھبی لەمەلایەکی پرسیوە: ئەگەر پیاوێک ماچ بکەم حەڵاڵە یان حەرام؟ مەلا: حەرامە. ھەیفا: ئەی ئەگەرتۆم ماچ کرد؟ مامۆستا ئێژێت: جا کاری خێر پرسیاری کەی گەرەکە خانم؟
......................
هەواڵ: ١٠٦