2013-06-06

"نیکڵسن"مان گەرەکه!

ئەڤین ئیبراھیم فەتاح:

جاک نیکڵسن یەکێکە لەئەستێرە ھەرە مەزنەکانی ھۆڵیوود کە تاکو ئیمڕۆ سێ جار ئۆسکاری وەرگرتووە. فیلمێکی بەناونیشانی (پەیمان- العھد) ھەیە ساڵی ٢٠٠١ لەھۆڵیوود بەرھەم ھاتووە. فیلمەکە باسی چیرۆکی ئەفسەرێکی پۆلیس دەکات کەبەرپرسی دۆزینەوەی تاوانبارێکە کچۆڵەیەک ئەتک دەکات و دەیکوژێت. پیاوێک خۆی تەسلیمی پۆلیس دەکات و دانی پێدادەنێ کەتاوانبارەو تەندروستی دەروونی تەواو نیە ھەر لەزینداندا خۆی دەکوژێت. نیکلسن باوەڕ ناکات ئەو کەسە تاوانبارەکەیە، بەڵام، پۆلیس بە تاوانباری دادەنێن و لەو کاتەدا نیکڵسن خانەنشین دەکرێت و لەسەریەتی دەست لە کار ھەڵگرێت.

 گرنگی ئەم فیلمە لە دوو خالڕدایە، یەکەم، لەسەرەتاوە تاکۆتایی دڵنیات ناکات کێ تاوانباری راستەقینەیە. چونکە تاوانی تەعەداکردن لەمنداڵ بەھەموو کەسێک ناکرێت، دەبێ ئەو کەسە نەخۆش بێت. ھەروەھا کەسانی نەخۆش لەھیچ کۆمەڵگەیەک نابرێن، بۆیە، پاڵەوانەکە ناھەقی نیە ھەمیشە گومانی ھەبیت!
دووەم: پاڵەوانی فیلمەکە ژیانی خۆی بەخت دەکات بەپەیمانێک بۆ دایکی کچۆڵە تەعەدا لێکراوە کوژراوەکە دەکات کەتاوانبار بدۆزێتەوەو بیدات بەدادگا..ئەوەیە تا کۆتایی فیلمەکە لەم بابەتەدا دەژی. دەچێت بۆ شوێنێکی دیکەو ژنێکی تەڵاقدراو دەناسێت کەکچۆڵەیەکی ھەیە. تەنانەت کچۆڵەش وەک تەڵە بەکاردێنێت بۆ دۆزینەوەی تاوانبار. بەھەرحاڵ، نەبینەر ونەخۆی تێدەگەن کێ تاوانباری راستەقینەیە؟ ئەوەی خۆی تەسلیمی پۆلیس کردو خۆی کوشت؟ یان ئەوەی سەیارەکەی وەرگەراو مرد؟ پاڵەوانی فیلمەکە لەکۆتاییدا دەکەوێتە ژێر زوومی پۆلیس و ژنە ھاورێکەشی، پاشان بەشێتی لەقەڵەم دەدەن!
بابەتی ئەتک، تەعەدا، لاقەکردن، یان بەعەرەبی ئیغتیساب بۆ منداڵان لەجیھاندا تاوانێکی گەورەیە و سزاکەی زۆر قورسە. بەڵام، لەچ جیھانێک؟ لەوانەی کەرامەت و دەوڵەت و یاسایان ھەیە.
چەند رۆژی رابوردوو ھەواڵی لاوێکی کورد لەدونیای راگەیاندنی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی (ئەو ٣ زمانەی من ھەواڵیان پێ دەخوێنمەوە جا نازانم لەوەیە بەزمانی دیکەش بڵاو بووبیتەوە). تەمەنی ١٩ ساڵیە تەعەدای لە١٤ کچ کردووە! بەرادەیەک بێمنەتانە دان بەتاوانەکانی دەکات وەک ئەوە پاڵەوانێتی کردبێت! تەنانەت پۆلیس لەبێمنەتیەکەی بێزار دەبن و یاسای کۆمەڵایەتی و چاکسازی دەشکێنن بەتەلەڤزیۆن دەڵێن: دەموچاوی نیشان بدەن با خەڵکی بیناسنەوە! تەلەڤزۆنەکان لای خۆیانەوە دەموچاوی بزر دەکەن چونکە یەکەم یاسای راگەیاندن قایل نیە دووەم، خۆ جاک نیکلّسن نیە مرۆ شانازی پێوە بکات!
ئەم بابەتە خەڵکی شارو دەرەوەشی راچڵەکاند بەرادەیەک دەیان شتی لەسەر نوسرا. ئاخر، مرۆ جارێک تاوان دەکات، دوان، کاکە سێ، بەڵام، ئەمە بەدەمی خۆی و بێمنەت دەڵێ ١٤؟ چواردەی چی؟ کچی نێوان تەمەنی ٦-٩؟ ھەرچی سەر دەھێنم و دەبەم، نازانم چۆنی کردووەو چی زەمیرێک بووە؟ ئەدی بارودۆخی منداڵە قوربانیەکان؟ ئەدی دەبێ دایک و باوکیان لە چ حاڵەتێکدا بن؟ لەھەمووی گرنگتر ئەم پرسیارەیە: دادگا خەوتووەکەمان دەڵێ چی؟ خۆ کابرا دانی بەتاوانەکەیدا ناوە بێ منەت!

پرسیار ئەوەیە، فیلمەکەی جاک نیکڵسن لە رۆمانێکەوە وەرگیراوە کە باسی رووداوی راستەقینەی ئەفسەرێک دەکات بۆ تەعەدالێکردنی کچۆڵەیەک کابرا عەقلڕی لەدەست داو کەوتە دوای تاوانبارەکە لەبەر گەورەیی تاوانەکەو نەبادا دووبارەی بکاتەوە. ئەمەی ئێمە ١٤ و بێمنەتە! کوا بەرپرسیاران و وەڵامیان چیە؟ چی لێ دەکەن؟

 ........................
هەواڵ: 100