2013-06-06

عاليه و خاتوون

ئەڤین ئیبراھیم فەتاح

ھەفتەی رابردوو دوا رۆژم بوو لەکۆیە، لە رێگەی ھاتنەوەم توشی بەزم بووم لەگەل ژن و پیرەمێردێک. من پتر لە سەعاتێک لە پیێشەوەی تاکسی دانیشتبووم چاوەڕوانی نەفەرم دەکرد، ئەوان ھاتن و چوونە ناو تاکسیەکی دیکە بەرەو ھەولێر. ژنەکە بزر بوو، وابزانم چوو دەست بە ئاو بگەیەنێت، لەمشتومڕی شوفێرو نەفەرەکان، دیارە پیرمێرد بریاری دابوو بێتە ناو ماشینی ئێمەوە. وەڵا خاتوون ھاتەوە، دەستی بە ھاتوھاوار کرد گوایە سەدری سەیارەی گەرەکە! کە من لەسەدر بووم، گوتی: جا ئەو ژنە ھێندەی فیلێکەو من نەخۆشم! خۆمم تێک نەدا و بەشوفێرەکەم گوت، یەکەم من پتر لەسەعاتێکە لێرەم، دووەم ناکرێ خانم بێتە ئێرەو من بخاتە تەنیشتی ھاوسەری! ھاوسەری چی، ٤٠ ساڵ پتر لەخۆی و لەمنیش گەورەتر بوو. ئیدی خاتوون خۆی خاتوونە، بە توڕەیی دەرگای ئوتومبێلی توند راکێشاو دانیشت بەقسەی پیرەمێردی کرد ئەگەرچی ھەر پرتەوبۆڵەی بوو.
لەرێگادا، زۆر ماندوو بووم ھێندە ئەملاو ئەولایان پێ کردبووم لە زانکۆی کۆیە،  دەھات خەوم لێکەوێت، پیرەمێرد ھەر قسەی دەکردو خاتوون وەڵامی دەدایەوە، مێشکم چوو! دەرکەوت خاتوون ژنی سێیەمی پیرەمێردە!! ئاورێکم دایەوە بەچاوی ماندوو خەواڵوو بە خانمم گوت: زۆر دڵت خۆش نەبێت خۆت خانمی سێیەمی، تۆ ھێندەی جوجگەیەکی و من بەقسەی خۆت فیل، من مامۆستای زانکۆشم و موچەم ھەیە کار دەکەم، ھەروەھا بێوەژنم، زۆر لەسەری بڕۆی دەبم بەخانمی چوارەم! پیرەمێرد رووی گەش بوو، خاتوونیش لاڵ بوو، منیش گەیشتمە ھەولێرو رزگار بووم لێیان. بۆ ئەوەی لەبیرم نەچێت، ژنەکە ناوی خاتوون بوو، پیاوەکە ناوی ئەمیر، نە ئەمیان خاتوون بوو نە ئەویان ئەمیر...... مێشکیان بردین!
ئەم چیرۆکە چیرۆکی د. عالیە و د. موسەننای وەبیر ھێنامەوە کە ھەفتەی رابوردوو بابەتی راگەیاندن بوون. د. عالیە کەسایەتیەکی بەھێزە عیلم و مەعریفەی لایە، دیارە ھاوسەرەکەی د. موسەننا حەزی لە ژنی دووەمە، ئەمیش قایل نیەو بە مندالڕەوە بە جێی دێڵێت. دوکتۆر موسەننا کە بەتەل فیلم بوو لە رووداوەکانی ١٧ی شوباتی پار، یەک بە قورگی بانگەشتەی دیموکراسی و ئازادی دەکرد، نێرایەتی خۆی بەکار دێنێت و تێرو پڕ لە دوکتۆر عالیە دەدات! بۆچی باوکەکەم دوکتۆر عالیە منداڵە یان گێل؟
دوکتۆر عالیە نایکات بە نامەردی شکات لای پۆلیس دەکات و دەموچاوی راستەقینەی موسەننا نیشان دەدات! پاشان موسەننا ئەفەنی روونکردنەوەیەک بڵاو دەکاتەوە گوایە منداڵەکانی لێ زەوت کراون. خۆشی روونکردنەوەکە ئەوەیە رەخنە لەیاسا دەگرێت و دەڵێت: زللەیەک یان پاڵنانێک وەک ئەوە نیە شوێنێکی بشکێنیت!
دوکتۆر موسەننا تۆ چیت بۆ ئەوەی دەستی ژنت بشکێنیت؟ نەک زللەو پاڵنان تەنانەت کە ژنت رازی نیە ژنی دووەم بێنیت بەسە بۆ ئەوەی سنووری خۆت بزانیت، ئەمە ئەو شەرعەیە کە بەڕێزت داکۆکی لێدەکەیت؟

میشێل فوکۆم بیرھاتەوە (مەعریفە\دەسەڵات) خاتوون ھیچ دەسەڵاتێکی لەسەر ئەمیر نەبوو چونکە مەعریفەی نەبوو تەنیا نازی جیاوازی تەمەنی ھەبوو. د. عالیە، ئافەرم بۆی ھەموو دەسەڵاتێکی ھەبوو چونکە مەعریفەی لابوو..
...................................
هەواڵ: ٩٩