2013-06-06

کەرکووک و پرۆژەی کوشتن

ئەڤین ئیبراھیم فەتاح

گرووپێک رۆشنبیرو چالاکوانی و کەسایەتی شاری کەرکووک خەریکی کۆکردنەوەی ئیمزان بۆ لابردنی بارەگا و دام و دەزگا حیزبیەکان لەناو شاری کەرکووک و لە ناو ماڵەکان.  کە ئەم چالاکیەم زانی بێ سێ و دوو داوام کرد ناوو دەنگی خۆشم بخەنە پالڕ دەنگیان. ئاخر شاری کەرکووک کەمی مەینەتی و تەقینەوەو خوێن و بێبەشبوون لەخزمەتگوزاری بینیوە؟ ھەر ئەوەی نوقسان بوو ژن و منداڵەکان زیاتر ببینن و بکرێن بەقەلغان بۆ سینگی حیزبەکان.
لە بیرمە ساڵێک ماڵمان لەشوقەکانی رۆناکی بوو لەھەولێر، وەزارەتی ناوخۆ بەرامبەر ھۆڵی رۆشنبیری بوو لەوبەری جادەی کەرکووکەوە. ئەو ساڵەی ئوتومبێلێکی مین ڕێژکراو بەرەو ناو وەزارەتی ناوخۆ چوو و تەقیەوە. شوقەکان زیاتر لە ٥٠ مەتر دوور بوون لە وەزارەتەوە بەڵام، یەک پەنجەرەی ساخ بەشوقەیەکەوە نەما! زۆر کەس برینداربوون لەخەوی شیرینی بەیاندا، نازانم چۆن چۆنی بوو ئێمە بریندار نەبووین لەوانەیە دوور لەپەنجەرە نووستبوین. ئەوکات کەس نەیگوت ئەرێ چیتان بەسەر ھات؟ کەس نەیگوت کێ برینەکانتان دەپێچێتەوە یان کێ پارەی پەنجەرەو شتە شکاوەکانتان دەداتەوە؟ بەڵام، نووسەرو رۆشنبیرو چالاکوانان دەستەوەستان نەبووین تا کو وەزارەتمان پێ گواستنەوە. ئاخر وەزارەت پارێزگاری لەژیانی خەڵکی دەکات یان دەیانکات بەقەڵغان بۆ خۆی؟
کاتێک ئەو ھەواڵەم لەھاوڕێ کەرکووکیەکانەوە بیست، نەک پەنجا مەتر ھەندێک شوێنیان ھەیە لەقوتابخانەی منداڵانەوە نزیکەو ھەر لەناو ماڵانە، دیمەنەکانی ئەورۆژەی تەقینەوەی لای خۆمانم بیر ھاتەوە، تاسام! بیرم کردەوە:
١-    ھەموومان دەزانین زۆرترین کات ژن و منداڵ لەماڵەوەن و پیاو وەک کورد دەڵێ بای دەرەوەیە. واتا، ئەگەر تەقینەوەیەک  لەو شوێنانە ببێت، ژن و منداڵی سڤیلی بێ چەک دەبن بەقوربانی؟
٢-     کەبارەگای حیزبی لەناو ماڵان بێت ژن دەتوانێت لەماڵی خۆی ئازاد بێت و ناو جۆگەو پێش دەرگاو حەوشە بشوات، یان بچێت بازاریەک بکات؟ (جۆگەشوشتن یەکێکە لەسەرەتانەکانی ژنی کورد چونکە مەجاری ئاوەڕۆ نیە، ئەگەر بشکرێت سەقەتەو کار ناکات تەنیا مەسرەف دەبات!) خۆ ھەموومان تیرەکانی چاوی پیاوانمان لەپاسەوان و میوان و کارمەندانی بارەگاکان بینیوە. واتا، لەرووی ژیان و لەرووی کۆمەڵاتیشەوە ئەو خەڵکە ئازار دەدەن! مرۆ دەپرسێت، ئایا حیزب بۆ خزمەتی خەڵکی دادەنرێت یان بۆ بەکارھێنانیان وەکو قەڵغان وئازاردانیان.
٣-     گرفتی بابەتەکە لەوەدایە، کاتێک ھەرچی حیزب ھەیە تژی پیاوی سمێڵ زل و کەتەیە، عەیب ناکەن لەخۆیان منداڵ و ژن دەکەن بە قەڵغان بۆ خۆیان؟
دەڵێن ھەندێک حیزب خۆیان دەستپێشخەری ئەو بابەتەیان کردووە، ئەدی کوا؟ بۆچی جێبەجێی ناکەن؟
لەکاتی راپەرینە بەھاریەکەی کورد لەساڵی ١٩٩١، راپەڕین بەنیوەچڵی گەیشتە خانەقین و ھەرگیز نەگەیشتە جەلەولا. ئەوکات، نازناوی لاوانی خانەقین و جەلەولا (لەجەلەولا بووم) ببو بە: پرۆژەی کوشتن! ھەموو خوێن گەرم بوون و دەیانویست بەشداری راپەرین بکەن کەچی بەعس زاڵ بوو.

ئەمرۆ کەرکووکیەکان بەگشتی وژن و منداڵ بەتایبەتی پرۆژەی کوشتنن؟ و بەدەستی کێوە؟ بەدەستی جیزبە زەبەلاحەکان کە خۆیان لەپاڵ ژن و منداڵ حەشار دەدن؟ توخوا شورەیی نیە؟؟!
...................................

ھەواڵ: ٩٨