2013-06-02

بەهرەی نەزۆک

ئەڤین ئیبراھیم فەتاح


بیل کەزبی کەسایەتیەکی ئەمریکایی- ئەفەریقایی بە ناوبانگە لەساڵی ١٩٣٧ لەدایک بووەو بەم دووایە دوکتۆرای لەپەروەردە وەرگرتووە. ئەم داھێنەرە کۆمیدیان و ئەکتەرو پەروەردەکارە کە لەیەکەمەکانی رشپێستەکانی ئەمریکایە دەیان خەڵاتی جۆراوجۆری وەرگرتووە. سەرنجی راکێشام، لە وتەیەکیدا ئێژێ: نازانم نھێنی سەرکەوتن چیە، بەڵام، دەزانم تھێنی دۆڕاندن ئەوەیە ھەوڵ بدەیت ھەموو کەسێک رازیبکەیت. قسەکەی بەڕادەیەک گرنگە لەسەری بوەستین. کەسایەتی کەسەکانی ئێمە بۆ رازیکردنی کۆمەڵگەو خەڵکی کار دەکەن بۆیە خۆیان و رەزامەندی خۆیان لەبیردەکەن، پاشان، فەشەل دەبێت بەکۆتایی!
بۆنموونە، لانی کەم دووھەفتە جارێک کەسێک پەیوەندیم پێوە دەکات (نەناسیاو بۆ من) دەڵێ:تۆێژەری کۆمەڵایەتیت، گرفتم ھەیەھاوکاریم بکە.
-       فەرموو
-       لەگەڵ ھاوسەرەکەم فڵانە گرفتم ھەیە، لەگەڵ ژنەکەم فڵانە گرفتم ھەیە، لەگەڵ براکەم، مامۆستای زانکۆم و باوکم زیندانی کردووم لەبەر ئەوەی فیتەرچیەکم خۆش گەرەکە... تەمەنم ١٢ ساڵە باوکم لەقوتابخانە دەریکردووم بەشووم دەدات، بەزۆر بەشوو دراوم، بەزۆر لەشفرۆشیم پێدەکەن، ژنەکەم نەخۆشە تێر سێکس نیم، ژنەکەم ساردە حەزی بە سێکس نیە... تاد.
لەمنداڵیەوە بەھرەیەکی شاراوەم ئەوەیە لەھەر شوێنێک بم وەکو تەوەرم لێدێت، بێ ئەوەی داوا بکەم دەوروپشتم گرفتەکانیانم بۆ باس دەکەن، یەکەم، گرفتەکانیان لەزارمەوە دەرناچێت، دووەم، رای خۆم دەڵێم نەک ئامۆژگاری. دەتوانم بێژم، ئەم بابەتە ھانیدام بیر لە کۆمەڵناسی بکەمەوە و بخوێنم. بەڵام ئێستا زۆر کەس وەک راوێژکار پەیوەندیم پێوە دەکەن بە نێرومێ پرسم پێ دەکەن لە گرفتەکانیان. ئەم بابەتەمایەی شانازیە نەک پرتەو بۆڵە.
گرفتی بابەتەکە دوو شتە:
١-               بەھرەی نەزۆک: دەروونزانەکان دەڵێن ھەرکەسێک بەھرەیەکی ھەیە. ئەوانەی لەبەر چاومان بەھرەمەندن تەنیا ئەو کەسانەن کەبەھرەی خۆیان دۆزیوەتەوەو بەرەکەی دەخۆن. کەواتە، بەھرەی نەزۆک لای ئەو کەسانەیە کە بەھرەیان ھەیە و بەری ناخۆن. بۆنموونە، خزمم ھەیە پرسم پێ دەکات بۆ گرفتەکانی خۆی کەچی منداڵەکانی لێم دوور دەکاتەوە چونکە شایەنی تێکەڵاوبوونیان نیم! لەبەر ئەوەی ئەگەری ئەوەی ھەیە لە رێگە دەریان بکەم وفێری (ئازادی)یان بکەم! واتا، لەبری ئەوەی وەکو لەھەموو دونیا ھەیە عیادەیەکی کۆمەڵایەتیم ھەبێت بە پارە ئامۆژگاری بدەم، ھێشتا بەخۆرایی گرفت چارەدەکەم و پاداشتەکەم پەراوێزکردنە! بەڕاستی بەھرەیەکی نەزۆکە.
2            دەستەواژەی بەھرەی نەزۆکم لەفیلمێک بینی کاتێک لەتەنگانەدا کارێکی کرد خۆی و ھاوڕێکانی رزگار کرد، کەلێیان پرسی چیبوو، گوتی: بەھرەی نەزۆکی ژمارە ٦٦ بوو! پاشان ھاوڕێیەکی دیکەی بزاوتێکی دیکەی کرد، ئینجا ئەم پرسی چیبوو؟ گوتی: بەھرەی نەزۆکی ژمارە ٣٧ بوو!
ھەموومان بەھرەی نەزۆکمان ھەیە، بەڵام پێموایە بەھرەکە لەکاتی تەنگانەدا بەردار دەبێت. ناترسم لەوەی تەنیا لەبەر ئەوەی ژنم و حیزبی نیم یان کچی شەھید و خوشکی شەھید و ژن و کەسی مەسئوول نیم مانای ئەوەیە بەھرەم نیە. لەماوەی دوو ساڵدا بەھرە نەزۆکەکانم کاریان لەمانەوەم کردووە و بەردەوام دەبن. پرسیارکە ئەوەیە ئایا ئەگەر ھەرژنێک و پیاوێک بیر لە رازیکردنی دەوروبەری نەکات و بەھرە بێبەرەکانی بەکار بێنێت، ئایا دەبێت بەخاوەن بەرھەم یان لە رێگە دەرچووە؟

ساڵی تازەو سەرەتای تازەتان پیرۆزبێت.
.........................
هەواڵ: ٩٥