2013-06-15

خۆزگە ڤامپایەر بووایە نەک مەلا!

ئەڤین ئیبراھیم فەتاح

تێبینی: نابێ خوار ١٨ ساڵ بیخوێنێتەوە!

ھەفتەی رابوردوو فەتوایەکی تازەی سوننیە جیھادیە توندرەوەکان بڵاو بووەوە. داعیەی سعوودی مەلا ناێر العمر فەتوایەکی تازەی لە دژی شیعەکان داوە. دەڵێَ: تاقە چارەیان رافیزیەکان ئەوەیە حکومەتێکی ئیسلامی موجاھیدین بیانکوژێت و وەک بەرخ سەریان ببرَێت. پاشان ژنەکانیان بەدادپەروەری بەسەر موجاھیدیندا دابەش بکرێن و مناڵەکانیان ببرێن بۆ مەکتەبی ئیسلامی فێرە ئیسلامیان بکات لەبەر ئەوەی ئەمانە کافرن. لەھەمووی خۆشتر ئەم ریش تەگەیە ژنەکان پۆلێن دەکات: پاکیزەو جوان بۆ موجاھیدینی یەکەم زۆر ئازاکان (وابزانم ئەوانە دڵی بەشەر ئەخۆن) پاکیزەی ئاسایی بۆ موجاھیدینی پلە دوو (بەعەقڵم ئەوانەی تەنیا سەر دەبرن) پاکیزەی ناشیرین و ژنی جوان و ناشیرین و پیرەکانیش بۆ ئەوانەی پلە سێن کە جیھادیان زۆر تۆخ نەبووە (خوا لێم نەگرێت ئەوانەی بە فیشەک لەتەختی نێوچاوان دەدەن). پاشان ئێژی: ئای کە دیمەنێکی وروژێنەرە.
مافم بەسەر شەری شیعەو سوننەوە نیە چونکە ستوونەکە جێندەر باڵانسە نەک شیعەوە سوننە باڵانس! بەڵام، سەرسام بووم بە شێوازی فیکری ئەم داعیە لە تامەزرۆیی خۆێن و حەریم، بۆیە بیرم بۆ ڤامپایەر چوو. ڤامپایەر واتە خوێن مژەکان، (مصاص الدماء). کەچی لەو فیلمە خەیاڵیانە، تەنانەت ڤامپایەریش نە بۆ چێژ ئەو کارە دەکات و نە لەپێناو اللە، بەکورتی ئەودەیخواتەوە بۆ ئەوەی پێی بژی. کەواتە، ڤامپایریش لەو مەلایە بەرەحم‌ترە.

ھاتمە سەر فیلمە ترسناکەکانی وەکو سۆ و ئەوانە، دەی زۆربەی بکوژەکانی ئەم فیلمانەش نەخۆشی دەروونیان ھەیە ھەروەھا کارەکانیان بەفەتوا ناگشتێنن! سەرم لەمەش دەرنەچوو!
پرسیاری بابەتەکە ئەوەیە: بۆچی سەری پیاوەکان دەبڕدرێت و ژنەکان دەکرێن بە سەبیەو جاریەو بەسەر موجاھیدینا دابەش دەکرێن؟ ئەدی بۆچی وەکو پیاوەکان ناکوژرێن، ئەمانیش رافیزە نەبوونە وەکو پیاوەکانیان؟ تانەت ڤامپایەریش جیاکاری ناکات لەنێوان نێرو مێ ئەوەی چنگی کەوت ئەیخوات و نعم اللە!
ئیسلامیەکان ھیچ بوونیان بۆ ژن دانەناوە ھەر وەکو ئامێرێکی چێژو خزمەت دایانناوە تەنانەت کوشتنیشی لەسەر کافربوونی نیەو بابەتەکە پەیوەندی بەنیکاحیانەوە ھەیە. ئەمیش لە دوو لاوە قازانجی ھەیە بۆیان، یەکەم تۆڵە لەپیاوەکانیان دەکەنەوە نەک لەبەر ئەوەی ژنیانن و خۆشیان گەرەکە یان نامووسیان ئەتک دەکرێت، بەڵکو لەبەر ئەوەی موڵک و ماڵیان تاڵان دەکەن ئەمیش مانای ئەتکە بۆ ئەوان. دووەم سوود لە ژنەکان دەکەن وەکو ئەنفالی جەنگ (غەنیمەی جەنگ) ئیدی بەھەموو شێوەیەک.

سەیر لەوەدایە ئەو ھەموو مەرجەی نیکاح لەم حاڵەتەدا بەدی ناکرێت، واتا ھەر موجاھیدەو بەشی خۆی دەپێچێتەوەو دەڕوات؟! بەڵام، ئەمیش سەیر نیە ئەگەر زانیمان لە ئاینی ئیسلامدا و لەحاڵەتی کەنەیزەو جاریەو سەبیەدا پیاو بۆی ھەیە بەبێ نیکاح لەگەڵی بخەوێت، بیفرۆشێت، بیکوژێت یان ھەرچی لێبکات! واتا، لەم حاڵەتەدا کە لەمێژووی ئیسلامدا زۆر ھەیە، ژمارەی ژن بۆ پیاو بێ سنوورە و دەتوانن بەکەیفی خۆیان ژنی نەیارەکانیان (کە ناویان دەنێن کافر) بەبێ مارەی ناوی خوایان لێبێنن. ئەمە دەموچاوی راستیی موجاھیدی ئیسلامیە ھەرکەسیش باوەڕ ناکات با لەنزیکترین مەلا بپرسێت: ئەرێ ملک الیمین مانای چیە؟