2013-06-06

ژنی هەرزان و ژنی گران!

ئەڤین ئیبراھیم فەتاح
ئەمڕۆ پێنجی مارسە، دەوام نیە چونکە یادی راپەرینی بەھاریی کوردانە، دەوام نیە، بەڵام مانای ئەوە نیە کاریش نەبێت. شەشی بەیان لەخەو ھەڵسام بۆ ئەوەی کار بکەم وەک موسڵمانان ئێژن: یافەتاح یا رەزاق، یەکەم لاپەڕەی نێت ھاتە بەرچاوم عەرەبی بوو، نووسیبووی: ژنێک دەچێتە دوکانێکەوە و بە نازەوە لە خاوەنەکەی دەپرسێت: ھەرزانترین شت چیە لە دوکانەکە؟ دوکاندار دەڵێ: تۆ ھەرزانترین شتی! لاپەڕەکەم لای خۆم لابرد دوای ئەوەی لەسەری نووسیم: ئێو ھەرزانن کە بەم بەرە بەیانە بابەتتان دەست نەکەوتووە جگەلەوەی ژن سووک و ھەرزان بکەن.
ھەفتەی رابوردوو لە پەیجەکەی فەیس بووکم پرسیارێکم دانا بۆ کچان و کوڕان، ژنان و پیاوان لەھاورێکانم: ئایا رازیت ھاوسەرگیری لەگەڵ عەرەب بکەیت؟ ئیدی بۆ خۆ یان کەس وکارت!
کچەکان قایل نەبوون شوو بە پیاوی عەرەب بکەن، بەڵام، ھەڵوێستی پیاوان راستیی تازەی ھێنایە بەرچاوم، یەکەم، کەمیان خۆیان لەبابەتەکەدا، دووەم، بەڵێ، با ژنی کورد دڵ لە دڵ نەدات، پیاوانمان حەزیان بە عارەبە ژنە نەک ئێمە!
ھەندێک پیاو  ئەم بابەتەی بەرەگەزپەرستی و شۆڤینیزم لەقەڵەمدا: گوایە نابێ ئەم جوداکاریە بکەم و پرسیارەکە زیادەیە. پیاوی دیکە لایان ئاسایی بوو بەمەرجی ھەبوونی خۆشەویستی (کە خۆشەویستی مایەی گومانە و کەس نازانێت چیە!). بەڵام، زۆرینەی پیاوەکان کۆک بوون لەسەر ھاوسەرگیری لەگەڵ عارەبە ژن.
ژنی کورد لەر رووی سێکسەوە ساردن، زیاتر خەریکی کاری ماڵ پاککردنەوەو چێشت لێنان و منداڵن، ھەمیشە بۆنی رۆن و پیازیان لێدێت، خۆیان بۆ پیاو جوان ناکەنەوە... ئەمانە قسەی پیاوێک بوون. پیاوێکی دیکە: بابەتەکە پەیوەستە بەگیرفانەوە: ژنی کورد داوای پارەو زێڕی زۆر دەکەن، عارەبەکان بەکەمتر قایل دەبن. یان، ئەوان ماوەیەک چێژ دەدەنە پیاوە برسیەکانمان، نە نیازی پێکەوە ژیانیان ھەیە نەمنداڵ و رۆن پیاز! ھەمیشە پاک و تەمیزو رازاوەن!
پرسیارەکەی خۆم بەمەبەستی ئەوە بوو بزانم تا چ رادەیەک ناسیونالیزم (نەتەوەگەرایی) زوڵم و زۆرداری بۆ ژن دەھێنێت؟ ئایا راستە بۆ پاراستنی نەتەوە دەبێ سێکسواڵێتی ژن زیندە بەچاڵ بکرێت؟ بۆچی پیاوەکان بۆ خۆیان ژنی عەرەب دەھێنن، بەڵام، بۆ کچ و خوشکیان رازی نین؟
لای زۆر کەس وایە بارودۆخی ژنی کورد وەکو بارودۆخی عارەبەژنە، کەچی لەراستیدا وا نیە! یەکەم، ئەوان خاوەنی دەوڵەتن کە ئێمە نیمانە، بۆیە کەمتر لە خەمی نەتەوەن. دوەم لای ئەوان ھاوسەرگیری موتعەو مسیارو عورفی ھەیە جگە لەوەی مۆدێلی ھاوسەرگیری نھێنی کەئەمانە ھەموویان کاتین و نزیکن لەوەی جۆری شەرعیی لەشفرۆشی بن. ئەمانە وایکردووە ئەوان لەرووی سێکسەوە گەرموگوڕو مەعلان بن، ئێمەش ساردوسڕ و نەزان. ئەوان ھەرزان و تاڵان، بەڵام، بازاریان باشە! ئێمەش دەبێ گران و سەنگین بین، بەڵام، پیاوەکانمان بە نھێنی موتعەی خۆیان بکەن!

ئەم وردە گلەییانەم لەیادی راپەڕین بیر ھاتەوە کاتێک پیاوێکی کوردم لەگەرەکەکەمان بینی بە بیسمیلای مەلایەک عارەبە ژنێکی مارە کردووە کە بیست ساڵ لەخۆی و ژنەکەی گەورەترە! پرسیم: ئەگەر خوشکت بەدزی شوویەکی وابکات چی دەکەیت؟ گوتی دەیکوژم!
........................
هەواڵ: ١٠٣