2013-06-06

شمشێرەکەی مەزهەری خۆراسانی!

ئەڤین ئیبراھیم فەتاح
لە لڤینەوە مەلا مەزھەر دەفەرمێت: رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کۆمەڵە گان! رێکخراوەکانی ژنان سەرچاوەی بەدرەوشتین، ھەروەھا بەرپرسی وا ھەیە رۆژانە١٠ ئافرەت تاقی دەکاتەوە و ھی واش ھەیە مانگی ٢٠ ژن تاقی دەکاتەوە، لەکۆتایشدا: ئەگەر پشکنینی پزیشکی بۆ بەرپرسەکان بکرێت، دەردەکەوێت زۆربەیان ئایدزیان ھەیە!
دێمە سەرفاوڵە شەرعی و یاساییەکانی مەلا مەزھەری خۆراسانی. لەبەر ئەوەی خۆم پاسەوانی شەرع و یاسا نێم، وردەکاری ژمارەی یاساو فڵانە ئایەت کاری من نین بۆیە تەنیا باسی ئەوشتانە دەکەم کەھەموو ھاوڵاتیەکی ھوشیار دەیانزانێت.
 شەرع:
لە بیرەوەری کۆمەڵایەتی گشتیدا وشەی –بەدڕەوشت- بۆ دزو جەردەو پیاوکوژو گەندەڵکارو سیخوڕو جاش و.. تۆمار نەکراوە، بەڵکو رێک بۆ ژن بەکار دێت و ماناکەی بەکوردی ئەوەیە ئەوژنە سێکسی لەدەروەی عورف و عادەت وشەرع وخێزان کردووە، ئیدی بەپارە بێت یان بەخۆڕایی واتا زینا. بۆ ئەوەی زینا بسەپێنرێت ونەبێت بە بوختان شەرع کۆمەڵێک مەرجی داناوە: ١-چوار شایەد کارەکەیان بەچاوی خۆیان بینیبێت (کالمیل فی المکحلە) ٢- لەپێشەوە بینیبێتیان و دەموچاوەکان بناسنەوە (من القبل و لیس من الدبر)٣- ئەگەر یەکێک لەشایەدەکان دڵنیا نەبێت، ئەوا سیانەکەی تر دەبن بەبوختانکار و تێر جەڵدە دەخۆن. خۆ ئەگەر ھاتوو ژنێک لەو ژنانەی تۆمەتیان بۆ بەستراوە ھاوسەری ھەبوو ئەوا دەبێت بەموحەێەنە، وتۆمەتی قەزف المحێنە سزاکەی قورسترە ئەگەر بەبەڵگەکانی سەرەوە پشتڕاست نەکرایەوە.
مەلا مەزھەر ھەموو رێکخراوەکانی ژنان بە سەچاوەی بەدڕەوشتی وەسف دەکات، ئایا، چەند شایەدی گەرەکە بۆ ئەوەی قسەکەی بەبوختان ھەژمار نەکرێت؟ خۆ ئەگەر بەڕێزیان لەدیار سەری ھەر ژنێک بووبێت لەکاتی زینا، ھێشتا بەس نیەو سەدان شایەدی دیکەی گەرەکە!!
ھەر یەکێک لەو بەرپرسانەی باسیان دەکات بۆ ئەوەی رۆژی ١٠ ئافرەت تاقی بکەنەوەو ئیسبات بکرێت لەسەریان دەبێ مەلا ٤٠ شایەد بەو مواسەفاتەی سەرەوە بۆ ھەر رۆژێک دابین بکات، بۆ ئەوانەی ھەفتەی ٢٠ بەرێ دەکەن دەبێ ھەفتەی ٨٠ شایەد بێنێت! ئەرێ دووپرسیار: ١- بەحساوی مەلا، کێ ماوە ئەمکارەی نەکردبێت، خۆ ژمارەکان وا بڕۆن ھەموومان دەگرێتەوە! ٢- ئەوا شایەدەکان بەپێی رۆژو ھەفتەکان کەکۆتاییان نایەت، بەشی ھەمووکورد ناکات، ئەی کێ ئەوکارانە دەکات؟؟ لەبەر ئەوەی ئیسباتکردنی کارەکەمەحاڵە کەواتە مەلا مەزھەر بەشەرعەکەی خۆی و یاساکەی ئێمە بوختانی فەرمووە یان ھەر باوەڕی پێیان نیە؟
٢- یاسا
مەلا مەزھر مۆڵەتی خوێندنی لەوەزارەتی ئەوقاف وەرگرتووە بەتەواوی موچە بۆخوێندنی ماستەر لەسودان. کەنەچووە بۆ خوێندن لەبەر ئەوەی پارە نیەو چووە بۆ عەمرە لەبەر ئەوەی پارەی ھەیە، موخالەفەی یاسایە، ھەروەھا، بەپێی یاسا ئەو مەلایە لەکاتی مۆڵەتدایەو بۆی نیە خوتبە بدات، کەچی ئەمیشی کردووە. بۆچی وەزارەتی ئەوقاف ھەڵوێستی نیە؟

بەکورتی، ئەم مەلایە نەگوێ بەشەرع دەدات نەیاسا نە ھەستی نەتەوایەتی و نەناوی خەڵکی، ئەڵێی شمشێرەکەی عەنتەری کوڕی شەدادی بەدەستەوەیە راستو چەپ دەوەشێنێت ونە حکومەت و نەمەسئوول و نەخەڵک پێی ناڵێن: کە تۆ رێز لە مێزەرو عیلمەکەت ناگریت، ئێمە فێری رێزت دەکەین مامۆستا!
 .........................
هەواڵ:١٠٧