2013-06-06

فرمێسک و جەڵدەکانی ئال سعوود!

ئەڤین ئیبراھیم فەتاح

لە مانگی ھەشتی ساڵی ٢٠٠٩ وە تاکو ئێستا داوایەک لەدادگای بەرایی ریاز حوکمی لەسەر دراوەو لەدادگای جیاکاریی ھەمان شار پشتڕاست کراوە ئەوەیە ھاوڵاتی میسری نەجلا وەفا ٥ سال زیندانی بکرێت و ٥٠٠ جەلدەشی لێبدرێت! تۆمەتەکەی نەجلاخان ئەوەیە ئەو ژنە (سەیدەی ئەعمال) دەبێت یەکێک لەکارەکانی لەگەڵ شازادەی کچی شای وڵات دەبێت، شازادەش تاوانباری دەکات بەوەی پوولی لێی خواردووە و دەسەڵاتی شاھانەی خۆی بەکاردێنێت و بەشێوازی نامرۆیی دادگایی و حوکمی خێرا دەدرێت بێ ئەوەی خانمەکە پارێزەری ھەبێت.
 ئەدی ٥٠٠ جەلدەی بۆچی خوارد؟ بەپێی راگەیاندن و دادگا سعودیەکە گوایە بەڕِێوبەری کارەکانی (کەپیاوە) لەماڵەکەی دەگرن و لەبەر ئەوەی مەحرەمی نیە تۆمەتی (الخلوە غیر الشرعیە) دەخرێتە ئەستۆی، سزای ئەمیش ٥٠٠ جەلدەیە! لەماوەی ٣ ساڵی زیندانی نەجلا راگەیاندنی عەرەبی بەگشتی و میسری بەتایبەتی حەشریان کرد بۆ ئەوەی سەرۆکی میسری محەمەد مورسی بێتە ناو بابەتەکەوەو تەنیا جەلدەکان راگرێت نەیکرد! لەلایەکی دیکەوە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ  رێکخراوەکانی داکۆکیکردن لە ژنان داوایان لە حکومەتی مەلەکی سعودیە کرد مرۆڤانە مامەڵەی ئەو ژنە بکات، کەچی نەیکرد..وێنە خوێناویەکانی پشتی جەلدەکراوی خانمەکە تژی لاپەڕەکانی ئینتەرنێتە، مرۆڤ کە دەیانبینێت قێزی لەدەسەڵاتی مەلەکی و ھەموو دەسەڵاتێک دەبێتەوە کە بەناوی خوداوە مرۆڤ ئەشکەنجە دەدات. لەگەڵ ھەموو ئەمانە، نەجلا دانی بەتاوانەکان نەناوەو دەڵێ بێتاوانم و پارەی شازادەشی گەراندوەتەوە، دەپرسم، ئەمە چ جۆڕە رق و کینەیەکە لەخێزانی مەلەکی ئال سعود ھەیە؟ لەگەلڕ ئەمیشدا تەڕ نابن کاتێک باسی پاشۆڵی خۆیان دەکرێت وەک ئەوەی یەکێک لەشازادەکانیان لەبەریتانیەکی غەیرەدین و نامەحرەم سکی پڕ بوو بۆیە حکومەتی بەریتانیا بەناچاری مافی پەنابەرێتی دایە!
لەکاتێکدا خەریکی نووسینی وتارەکەبووم، تەلەفۆنێکم بۆھات لەھاوڕێیەکی زێدە ئازیزەوە:
-       ئاگات لێیەتی قسەی خراپ و ناوزراندن و تانەو تەشەر بەھونەرمەندی شانۆکار فرمێسک مستەفا کراوە؟
-       کێ کردوویەتی؟ لەکوێ و بۆچی؟
-       کەسەکە ھێندە مەرد نیە ناوی خۆی ئاشکرا بکات لەلاپەرشەیەکی فەیس بووک لەسەرئەوەی ھاوکاری سندووقی داھێنەرەکانی وەزارەتی رۆشنبیری وەرگرتووە!
ئەو سندووقە ناموبارەکە نەناوەکەی تەواوەنە ناوەڕۆکەکەی! کەسانی ئەوھای بە داھێنەر وەسفکردووە کەس نازانێت جگە لە پارەلووشکردن چ داھێنانێکیان کردووە؟!


بەڵام، فرمێسک مستەفا ھونەرمەندێکی بە توانا و شایستەیە و شایەنی خەڵاتە، بۆچی یەخەی کەسانیکی نەناسراوی بێ بەرھەم ناگرن کە پارەیان وەرگرتووە؟ یان بۆچی وەکوو ئال سعود موو لە چاوی خەڵکی دەبینن و کاریتەی ناوچاوی خۆیان نابینن؟ دڵنیام لەوەی ئەو نامەردەی نازناوو خەبات و کاری شانۆکارێکی مێینە دەدات خۆی بەپیاو دەزانێت و باسی گەندەڵی دەکات، ئەگەر خۆی پارەی وەرگرتبا وەکو حەلوا دەیخواردو باسی گەندەڵی نەدەکرد! فرمێسک مستەفا یەکێکە لەژنە خەباتگێڕەکان کەلەھەشتاکانەوە کاری شانۆو دراماو تەنانەت فیلمیشی کردووە. ئەگەر ماوەیەکیش بەھەرھۆیەکەوە بێت لەشانۆ دوورکەوتبێتەوە مانای ئەوەنیە میژوو خەباتی بە کاڵفامێک بسڕێتەوە و بخرێتە ناو لیستی گەندەڵەکانەوە. زڕاندنی ناووخەباتی ژنێکی بەھرەمەندی خەباتگێڕ  نەک تەنیا گەندەڵیە بگرە وەکو جەلدەکانی ئالی سعودە کەھەموو شتێک بۆ خۆیان حەڵاڵە و بۆ خەڵکی دیکە حەرام!
...................
هەواڵ: ٩٦