2013-06-06

سەربوردەی ئەنجومەنی باڵای خانمان!

ئەڤین ئیبراھیم فەتاح
ساڵی ٢٠٠٩ ئەنجومەنی باڵای خانمان لە ئەنجومەنی وەزیران پێکھێنرا وەکو ئەڵتەرناتیڤێک بۆ وەزارەتی ژنان کە لەکابینەی پیشووتر ھەبوو و بەسەرەکەوتووی فەشەلی ھێنا. نزیکەی سێ سالڕ تێپەڕی بەسەر دامەزراندنی ئەم ئەنجومەنە ژیکەڵەیە نەمانبینی چالاکیەک بنوێنن شایەنی باس بێت، جگە لەوەی لەوگۆرە نۆ بەرێوبەری گشتی و وەکیل وەزیرێکی قیت کردووەتەوە مانگانە کەس نازانێت چی دەکەن شایەنی ئەو ئیمتیازانە بن. سەیر لەوەدایە لەماوەی نێوان دوو کابینەدا، دوو سەرۆک وەزیرانی جیاواز، ئەم ئەنجومەنە حەیاتە تا ھەنووکە یاسای نیە!
سیفەت و ئارەزووەکانی ئەنجومەنی خانمان:
١-    ئەندامان و ئەمینداری ئەنجومەنی خانمان لەلایەن حیزبەکانەوە دانراون، نەک بۆ خزمەتی ژنان، بەڵکو بۆ ئەوەی شوێنێک بکەنەوە بۆ ئەو ئەندامانەی خۆیان کە کاری دیکەیان پێناکرێت (جگە لە یەک تاقە ئەندامیان کەخەسارە بەو ئەنجومەنەو لەشوێنی ئەو بام زوو دەستم لەکار دەکێشایەوەو لەم مەھزەلەیە بەردەوام نەدەبووم). بۆیە ئێستا چەند ئەندامێکیان بیرۆکەیەکی ئیجگار نوێیان ئیبداع کردووە: گەرەکیانەبە پلەی بەڕێوبەری گشتی خانەنشین بکرێن! دادە گیان خەڵکی ٢٥ ساڵ کاروخزمەت دەکات ڤێجا بە مەمرەومەژی تەقاویت دەبێت، جارێ جەنابت بیسمیللا نەمانبینی شەکرێک بشکێنیت!
٢-    ئەندامانی ئەم ئەنجومەنە ناوازەیە زۆر ئارەزووی خولی مەشق دەکەن لە دەرەوەی وڵات، بەڵام بەرھەمی مەشقەکانیان ئینڤیزیبڵە! بۆنموونە ، تەنیا ئەمیندارەکەی پتر لەتەمەنی من مەشقی کردووە لە وڵاتانی جیھان چ ئەو کاتەی لەحیزبی شیوعی بووە یان ئەندام پەرلەمان یان ئەمینداری گشتی ئەنجومەنەکە، ھەر ئێستاش لەوڵاتی ئیمپریالی و سەرمایەداری ئەمریکایەو کاتی نیە تەنانەت یادی ھەشتی مارسیش بکاتەوە! خوا ھەڵناگرێت لەدەزگاکانی راگەیاندنەوە دەبینین ئەندامانی ئەنجومەن و ئەمیندارەکەی لەو ھەموو خولانە فێری یەک شت بوونە: بودجەمان کەمە بۆیە کارمان پێناکرێت! ناھەقیان نیە بودجەی ھەشبەرسەر کەی بەشی ئەو ھەمو سەفەرو خوان وھاتوچۆو بەزم و رەزمانە دەکات؟
٣-    خۆیان لە قەرەی راگەیاندن نادەن، تاکو پەیامنێرێک پیتێکیان لێ وەردەگرێت شەیتان شەق دەبات، یەک دەڵێ، ماڵ دەگوێزمەوە، ئەوی دیکە نەخۆشە، لێرە نیە لەخولی مەشقە، کۆبوونەوەی ھەیە، ئیجازەیە،... و دەیان پاساوی دیکە، بەڵام کە ناچار بون دەرکەون ئیدی شیوەن شیوەنی بودجەیە!
٤-    دوورن لەو خانمانەی چالاکوانن و ھەر یەکێکیان بە سێ ھەفتەو بە بێ مەشقی ئەوروپایی ھێندەی سێ ساڵی ئەوان چالاکی کردووەو بگرە خۆشیان بەچارەیاندا نایەت چونکە پێڕی وان نین و بۆ ژن کار دەکەن نەک بۆ ئیمتیاز و سەفەرو پۆست. بۆ ئەوەی ئەم بۆشاییە پڕ بکەنەوە چالاکی لاواز دەنوێنن وەک دابەشکردنی گوڵی دەستکرد! واتا، کەمەعریفەتیان نیەو نازانن گوڵێکی وا ھیچ لەبابەتی ئافرەت ناگۆڕێت، رێگەبە چالاکوانی  دیکەش نادەن بێنە پێشەوە! دادەینە مەترسن لەوڵاتی قودرەتی قادر دەژین، ئەو قودرەتەی ئێوەی کرد بە نوێنەری خانمان ھەرماوەو کەس مریشکی ھێلکە زێرینتان لێ نابات.

٥-    خۆیان لەگێلی دەدەن: ئەرێ بەسێ ساڵ یاساتان دەرنەچووە، ھیچ بەھرەیەکتان دیار نیە، بەناو ئەنجومەنی باڵای خانمان، خۆتان دەخەڵەتێنن یان خانمان؟!
...............................
هەواڵ: ١٠٥