2013-07-15

مەی خواردنەوە

ئەڤین ئیبراھیم فەتاح

کچێک ئەم شیعرەی لەسەر دیواری فەیس بوکی خۆی دانا، لەگەڵ ناوی و شاعیرو وێنەی بوتڵێک شەراب:
دەرمانی خەفەت مەیە، مەیە، مەی
خەفەتبار ھەرگیز نەکەی تەرکی کەی
ھەرچی سەعاتێک خەم بڕەوێنێ
ھەموو گەنجینەی سەر زەوی دێنێ
گەر لە ھەموو عاسمانان  نیتە ئەستێرە
خۆت بە پیاوەتی ئارەق بسپێرە
مامۆستا "ھەژاری موکریانی"

دەی قیامەت لە ھێرۆ مەولوودی ھەڵساو نەنیشتەوە!! ئەوە دەخۆیتەوە؟ چۆن دەبێت ژن بخواتەوە؟ وەرە پێکێکم لەگەل ھەڵە؟ دەی رەمەزانیشە!! دەی ھێرۆ پێش رەمەزان شەکری مامۆستا ھەژاری شکاند!
پرسیار ئەوەیە بۆچی درۆ دەکەن؟
مەی خواردنەوە لە ئیسلامدا تابوویەکی شکاوەیە زۆر لەمێژە شکاوە. ئیدی بۆچی لە رەمەزان دوکانی مەی فرۆشتن دادەخەن؟ خۆ ھەموومان دەزانین داخراویش نین و دوای بەربانگ بڕۆ بە ئارەزووی خۆت بکڕە... یان ھیچ نەبێت مەیخۆرەکان پەکیان ناکەوێت... داخی من درۆکەیە درۆ!

ئەگەرچی شەو درەنگە ساقی بۆم تێکە کەمێکی تر
کەوا ئەمشەو سەری ھەڵدا لە ناخمدا خەمێکی تر
لەبادە ئەم ژەمەم تێر کە منی تینووی جگەر سووتاوو
بەچی دیارە کە دەیبینم شەوێکی تر ژەمێکی تر
شیعری "ھێمن"ی نەمرو دەنگی "مەرزیە" خانی نەمر قوربانی دەنگ و ھەناسەی بم

گەرەکمە بێژم مەی خواردنەوە تابوویەکی شکێنراوە ، کەچی ئیسلام خۆی دەخەڵەتێنێت بەوەی رەمەزانان قەدەغەی دەکات!! قەدەغەی چی؟؟ تەنیا بازاری گران دەکەن! ئەمیش بازڕگانیە بە ئیسلام و رەمەزان........... دەی ئەگەر وا نیە گوێ لە ئیبداعی تێکەڵاوی مامۆستا ھێمن و کورەکەی خۆمان بگرن، مەبەستم عەدنان کەریم:
ساقیا وا بادەوە وا بادەوە
روو لە لای من کە بە جامی بادەوە
موشتەری وەک من لە مەیخانە کەمن
زۆربەیان شادو بە کەیف و بێخەمن

پرسیار: لەمانە زیاتر چیت گەرەکە بۆ ئەوەی بزانیت تابووی مەی خواردنەوەت سەرو مل و قاچیشی شکاوە؟
پرسیار: ئەی بۆچی حەڵاڵی نەکەین؟
پرسیار: تاکەی بەدزی بیکەین؟
رۆژێک حەزم لە مەی خواردن بوو. چووم بۆ دوکانێک و نەمویرا بیکڕم تەنیا چارەکێک ئاوم کڕی لە ترسا. پیاوێکی لێبوو زۆر تەماشای دەکردم. زۆریش شەپڕێوو ناشیرین بوو، ئەویش چارەکێک ئۆزۆی کڕی. دەی ھاتمە دەرەوە ماوەیەکی باش بە پێ رۆیشتم، ئینجا تاکسیم گرت. کەمێکی پێچوو سایەق تاکسی خۆی کڤ و شەریف کردەوە: خوشکە ئەگەر مەشرووبت لایە من ناتبەم!! ئەو سایەق تاکسیە ئیشارەی بۆ کردووم کە مەشرووبت لایە!
دەی من لە دوکانەکە نەمویرابوو مەشروب بکرم تەنیا ئاوم کڕیبوو، چاوە حیزەکانی ئەو نەفەرە گرتبوومی........... دەرکەوت بەدوامەوەیە تا ناو تاکسی... گوتم : راگرە من لەگەڵ تۆ نایەم...بە تاکسیەکی دیکە چوومەوە.
لە ھەولێر قسەیەکی باو ھەیە: بەیانی نانی دەخۆم ، نیوەرۆ دەچمە مزگەوت ودواتر بێمنەتە(واتا نانی ماڵ) دوای نیوەڕۆ لە پشت سەیتەرە دەخۆینەوە!!

دەی کە ھەموو ھەر دەخۆنەوە .............ئیدی بۆ تابووە یان حەرام؟ تەنیا درۆیه و بمبورن منیش درۆم کەشف کردوە!!