2013-07-13

ئای فەلەک..

ئەڤین ئیبراھیم فەتاح

کچێکی جوانکیلەی چاو شینی قژ زەردی ٢٧ ساڵیم لە ماڵی ناسیاوێکم بینی، کاری پاکردنەوەی ماڵی دەکرد. پرسیارم کرد لە خانمەکە، ئەمە کێیەو چی دەکات لێرە؟
- کوردی رۆژئاوایە خەڵکی عەفرینە، خۆی و کەسوکاری لێرە ئاوارەن، ھەشت خێزانن بە ١٩ کەسەوە لەناو خانوویەک ١٠٠ مەتر دووجاردا دەژین. کچ و ژنەکانیان کاری خزمەتکاری ماڵان دەکەن و پیاوەکانیشیان کریکاری. ھیچیان نیە، دوو مانگە لێرەن تەنانەت پانکەیەکیشیان نیە، حکومەتی خۆمان و یو ئێن ھەندێک شڕوشیتاڵی داونەتێ کە سوودێکی ئەوتۆی نیە، مەگەر بەخێری خەڵکی بژین!
زۆر جار لەناو جادە و لە ترافیک لایتەکان ئەو کچە کوردە رۆژئاواییانە دەبینم سواڵ دەکەن، تەنانەت شەوانی درەنگیش بینومن لەناو جادەکاندا دەسووڕێنەوە لەپێناو پارەیەکی کەم! جاری واش ھەبووە لەبەر سەختی ژیانی ئاوارەیی لە ھەرێمێکی پیاوسالاری دڵڕەقدا ئەو کچانە بە ٢٥ ھەزارو ١٥ھەزار لەشفرۆشیان پێ کراوە.. بەکورتی ھەندێکیان بەرگە دەگرن و بۆ ئەوەی کەرامەتی خۆیان بپارێزن وەکو ئەو کچەی لەسەرەوە باسم کرد سەختترین کار دەکەن، ھەشیانە بەچاوی خۆیان دەبینن کەرامەتیان وردو خاش دەبێت لە پێناو پارووە نانێک. بەڵام لە کۆتاییدا و بەگشتی، نازانم بۆچی، قوربانیانی جەنگی پیاوان فرەیان ژن و منداڵن، ئەوان لە پێناو دەسەڵاتدا دەجەنگن، ئەمانیش زووخاوی جەنگەکان ژەقنەبووت دەکەن.
کوردانی رۆژئاوای کوردستان (کوردی سوریا) لە شەستەکانی سەدەی رابوردووەوە دووچاری تەعریب و تەبعیس و بێبەش کردن لە ناسنامەو مافی مەدەنی ھاوڵاتیبوون دەبنەوە. لەساڵی ٢٠٠٤ قەسابخانەکەی قامیشلۆمان وەبیر دێتەوە کە لەو شوێنە دەسەڵاتی سووری تەقەی زیندووی لە خۆپیشاندەری مەدەنی کردو ٦٥ کەسی کوشت و ١٦٠ برینداری لێکەوتەوە.
بەمەیش نەوەستا و لە٢٠١١دا خەباتگێڕی کورد مشعل تەمۆی لە ماڵەکەی خۆی تیرۆر کردو بۆ رۆژی دواتر تەقەی لە جەماوەری ٥٠٠٠ ھەزار کەس کرد کە بۆ ناشتنی تەمۆ گردبونەوەو لەوێش ٥ کەسی دیکەی کوشت... ئەم رووداوانەو فرە زۆرداری و ئەشکەنجەی زیندانی و سڕینەوەی ناسنامەو ..تاد ھۆکاری ئەوە بوون لە ٢٠٠٤ ەوە تا ئیمڕۆش کوردەکان بەلێشاو روو لە ھەرێمی کوردستانی ئارام دەکەن بەتایبەتی پاش شۆڕشەکانی میسر و لیبیاو تونس کە لە سوریاش جەنگ لەنێوان موجاھیدینی ئیسلامی و ھێزەکانی سیستمی بەشار ئەسەد بەرپابوو.
گرفتی بابەتەکە ئەوەیە ئایا بارودۆخی کوردانی رۆژئاوا لە باشوری کوردستان چۆنە؟
رۆژانە چەندین راپۆرت بڵاو دەبێتەوە لە سەر خراوی بارودۆخیان لە کەمپی دومێز کە نزیکەی ٣ ھەزار پەنابەری لێیە، کەچی زیاتر لە ١١ پەنابەری کوردی سوریا لە ھەرێمدا بە فەرمی تۆمار کراون کە "فەلەک" (ئەو کچەی لەسەرەوە باسم کردووە دانەیەکیانە).
بیرمە کاتێک سەرۆک بەرزانی سەردانی دومێزی کرد بەڵێنی دا کە بەوردی بەدواداچوونی بارودۆخ و گوزەرەانیان بکات .... کەچی ئیمڕۆ ئەمە حاڵیانە!

شەرمم کرد چاوم بخەمە ناو چاوی "فەلەک" خان و لە دڵی خۆمەوە گوتم: ئای فەلەک ھەرێمێک پەنابەر وەرگرێت و پاشان سەختی ژیان بیکات بە سواڵکەرو شتی دیکەی خراو، بۆچی پەنابەر وەردەگرێت؟!