2013-07-27

دیموکراسی لەو دونیا

ئەڤین ئیبراھیم فەتاح

لەم دونیایەش باسی دیموکراتی و یەکسانی و ئازادی دەکەن! کاکە چاوەکەم وازم ھێنا لە یەکێتی و پارتی و موعارەزەو مالیکی و شیعەو سوننە..ھەمووی بۆ خۆیان.. دەی لەو دونیا دیموکراتی و یەکسانی ژن و پیاو چۆنە؟
دەستم لە ژنی ئەم دونیا شۆردووە، لە پەیجەکەم پرسیارێکم دانا و نووسیم تەنیا بۆ ژنە، کەچی تەنیا پیاو وەڵامی دامەوە!
بابڕۆینە سەر باسی ئەو دونیا...
لە یەکێک لە خوتبە ئاگرینە نازدارەکانی مەلا مەزھەری خۆراسانی فرە ورد باسی بەھەشت دەکات: ئەو حۆریە چاو جوانانە چاوەڕوانی ئێمەن، پیاو لەم دونیایە ئامانەتە لای ژنەکەی، تەنانەت ئەگەر ژنێک ئەزیەتی پیاوەکەی دا یان شەو تاقەتی سەر جێگەی نەبوو ئەوا حۆریەکان تا بەیانی نەعلەتی بۆ دەنێرن: بەنەعلەت بیت وا مەکە پیاوەکەت ئەمانەتی ئێمەیە لات! 
چوار پێنج جار لێمداوە لە یوتیوب زۆر باسی رووباری شەراب و شیرو ئاوی پاکی دەکات. کەچی جگە لە نەعلەتی مەلائیکەتەکان، بەھەشت ھیچی بۆ ژن تیا نەبوو!
قسەکەی ئەبو حەیان ئەلتەوحیدیم وەبیر ھاتەوە لە پەرتووکی (الامتاع و الموانسە) ئێژێت: بەھەشت تەنیا شوێنی خواردن و خواردنەوەو سێکسە ئەگینا عەقڵی تێدا نیە! خوا ھەڵناگرێت منیش ئەمەم خستە سەر قسەکە: ئەم خواردن و خواردنەوەو شتی تریش تەنیا بۆ پیاوە و ژن ئەگەر فرە فرە روو سپی بوو ئەوا دەبێت بە دانەیەک لە حۆریەکانی پیاوەکەی!
 پرسیارەکەم بۆ ژنان ئەمە بوو: پیاوی بە ئیمان لەو دونیا ٧٢ یان ٧٧ حۆری ھەیە ھەروەھا غیلمانیشی ھەیە. دەی جیھادی بۆ دەکات بەرۆژو دەبێ و نوێژی بۆ دەکات. ئەی ژن بۆچی نوێژ و رۆژوو دەکات؟ نە حۆری ھەیەو نەتەڕەماش، ئەگەر فرە موھیم بێت دەبێت بە یەک لە ٧٧ حۆری پیاو.. جا وەرە سەرە بگرە.. بەڕاست بەڕاست مایەی پرسیارە: بۆچی ژن نوێژ دەکاو بەرۆژوو دەبێت؟! لەو دونیا چی گەرەکە کە زۆربەی ئەھلی دۆزەخ ژنن؟ بۆ زانیاری: لای من دۆزەخی بە کەرامەت زۆر باشترە لە بەھەشتی بێ کەرامەت و سەرەی ٧٧ حۆری!

دوێنێ ئێوارە ژنێکی دراوسێمان زۆر بەپەلەو شڵەژاوی کلیلی ماڵی خۆی دایە دەستم و وتی ئاگات لە تانکی بێت کە پڕ بوو موزەخە بکوژێنەوە، ھێندە شڵەژابوو چاوەڕوانی نەکرد بیژم باشە یان پێم ناکرێت، لەوسەرەوە بەخێرا گوتی: ئەچم بۆ تەراویح!!! کە تانکیەکەی پڕ ئاو بوو موزخەکەم بۆی کوژاندەوە و لە پارچە کاغەزێک نووسیم: تکایە جارێکی تر ئەم حەرەسیاتەم پێ مەکە، ئەگەر تۆ لەبەر خاتری چوونت بۆ بەھەشت تەراویح دەکەیت من ئەو بەھەشتەم بە فلسێکی قەڵب نەگەرەکە تێگەیشتیت؟! دواتر ھاتەوە بەخوتبەیەک قەرزاری کردمەوە.... ئەوەی مەلا مەزھەر وتبووی بۆی دووبارە کردمەوە ... لەکۆتاییا دیسان پرسیم: ئەرێ خوشکێ ئەو بەھەشتەی تۆ باسی دەکەیت تەنیا بۆ پیاوە.. من و تۆ ھیچمان تیا نیە .. بۆچی من و خۆتت بە فیدای کردووە؟؟ دیسان دەستی بە خوتبەکە کردەوە ..... ناچار گوتم : ببورە ئەچم نوێژی عیشا ئەکەم!!