2013-07-01

بازاڕی حەج و عومرە

ئەڤین ئیبراھیم فەتاح

ھەواڵێکم لەوەزارەتی ئەوقاف خوێندەوە: ئەو کۆمپانیانەی حەج ئەگەر پارەی زێتر لەخەڵکی وەربگرن سزا دەدرێن و دەبێ خەڵکی خۆیان لەوبارەیەو داوا تۆمار بکەن؟! دەی ئەمان خواپەرستی دەکەن یان بازرگانی؟!بۆنموونە، ھەوالەکە ئێژێت: نرخی عومرە لەمانگی شەعباندا ١٠٠٠ دۆلارەو لە سەرەتای رەمەزان تا نیوەی بایی ١٢٥٠ دۆلار و لەولاوە تا جەژن بە ١٥٥٠ دۆرلارە. بێ زەحمەت بۆ ئەم نرخانە وان؟ بۆچی دەگۆڕێن؟ بۆچی حەج و عومرە عیبادەتن یان بازڕگانی؟
مەریوان نەقشبەندی بەڕێوبەرو وتبێژی فەرمی راگەیاندنی وەزارەتی ئەوقافە دەڵێ: داھاتی مەملەکەتی عەربی سعودیە بە حەج ساڵانە نزیکەی ٨٠ ملیۆن دۆلارە, ئەمە بەپیِی وەزارەتی حەجی وان!
ھەر نەقشبەندی ئێژێت: لەھەرێمی کوردستاندا ساڵانە نزیکەی ٥٠ ھەزار کەس سەفەری عومرە دەکەن, ھەر یەکێکیان نزیکەی ٢٠٠٠ دۆرلا خەرج دەکات واتا ساڵانە سەد ھەزار دۆلار بۆ عومرە خەرج دەکرێت. ھەروەھا نزیکە ٤٥٠٠ کەس حەج دەکەن و ھەر یەکێکیان نزیکەی ٤٠٠٠ دۆلار خەرج دەکات واتا ساڵانە ١٨ ملیۆن دۆلار بۆ حەج خەرج دەکرێت! حاجی و عومرەوانان ساڵانە بایی دوو ملیۆن دۆلار ئاوی زمزم دەھێننەوە بۆ کوردستان جگە لە دەیان ھەزار تەسبیح و مرواری و جل و بەرگی خەلیجی و سەرپۆش و...تاد. کورد ھێندە دەوڵەمەندە ساڵانە پتر لە٢٥ ملیۆن دەخاتە مستی ئالی سعوود بۆ حەج و عومرەو ئاوی حەیاتی زمزم! لەکاتێکدا دەزگاکانی راگەیاندن ھەفتەی رابوردوو بڵاویان کردەوە سەنگەری ٢٣ ساڵە بەھۆی ھەژاری لە ھەولێری پایتەخت خۆی سووتاندووە! جا حاجی و عومرەوانان کەلەوڵاتی خۆتان ھەژی ھەبێت، خێری حەج و عومرەکانتان تا کوێ بڕ دەکات؟!
میمکێکم ھەیە زۆر رەزیلە, کاتی خۆی بە گەنجی ھەفتەی جارێ مێردەکەی تێرو پڕی دەکوتاو دەھاتەوە ماڵی ئێمە کە خوشکی باوکم بوو. کە باوکم بەتوڕەی ئەچوو بۆ لای مێردەکەی توڕەتر دەھاتەوەو لێی نەدەدا، بەڵام بۆی دەرکەوتبوو پیاوی قوڕبەسەر نەوسنەو گۆشت و مامر دەکڕێت، خانمیش لەبەر رەزیلی لێنانێت و لەناو فرێزەر بۆگەنی دەبێت، مێردیش لێیدەدات! باوکم زۆری بۆی دەگوت و دەیناردەوە. چەند ساڵێک پێش ئێستا میمی فاتمە ھاتبوو بۆ ھەولێر بۆ دوکتۆر، ئیدی لەناو پیرەژنان قسە کرابوو، میمی زۆر توڕە بووە!! چی بووەمیمی؟ لەکەلار ئەوەنە پارەم داوە لە بەدەل حەج، کەچی ئەو ژنانە ئێژن لەھەولێر ھەرزانترە!! گوتم: میمی گیان خۆت تێک مەدە ئەمجارە ویستت، بە خۆم بێژە ھەرزانترین حەجت بۆ دەکڕم! بەچاوی بوغزەوە سەیری کردم!ئەمیش بەدەل حەج!
ھەفتەی رابوردوو خەڵکی زۆر تورە ببون لەحکومەت گوایە تاوانی حکومەتە گەنجێک لەبەر ھەژاری خۆی سووتاندووە. منیش توڕەم لەحکومەت نەک لەبەر ئەوەی پێم وابێت دەبێ مەسرەفی خەڵکی بکات, بەپێچەوانەوە، گەرەکمە حکومەت دەرگای بازڕگانی حەج و عومرە بۆ گیرفانی ئالی سعوود راگرێت. ئاخر کورد گووتوویەتی تا ماڵ راوەستابێت مزگەوت حەرامە، خێر بەخوێش نەک بەدەروێش. ھەر بۆ زانیاری ئەمساڵ ١٠٠٠ کەس بەشداری دەنگدان ناکەن چونکە خریکی حەجن!

وەزارەتی ئەوقاف لەبری ئەوەی پارە سەرف بکات بۆ حەج، پارە لەحاجیان وەرگرێت وبیکات بە پرۆژە بۆ ھەژاران و بە حاجیان بێژێت: فەرموو دەربازکردنی مرۆڤێک لەنەھامەتی حەجەکەتە!
.....................
چاودێر: ٤