2013-07-29

ئیخوان و ھاوپەیمانێتی ئیسرائیل

تابوو
ئەڤین ئیبراهیم فەتاح

ئیخوانەکانی لای خۆمان شیوەن و باوکەڕۆیانە بۆ مورسی باوکیان و ھەر کەسێکمان بێژێت: گەل مورسی لابرد، ئیدی ھەزارو یەک جنێوی پێ دەدەن. ئایا خۆیان لە گێلی دەدەن یان خەڵکیان لا گێلە؟ بە ھەر دوو حاڵ فەرموون باسی تابووی ئەم جارە بکەین.
لای ئیسلامیەکان تەعامول لەگەڵ ئیسرائیل حەرامە، واتا تابووە و مورسی گیان ئەم تابوەی لە پێناو دەسەڵات شکاندووە. ئەگەر باوەر ناکەن فەرموو ببینن:
١-      پرسی ئیخوان لە لایەن حەسەن بەننا لەسەر ئەوەیە ئیسرائیل دژی ئیسلامەو زەوی پیرۆزی ئیسلامی داگیر کردووە و بۆ خۆی کردوویەتی بە دەوڵەت بۆیە دەبێت ئەم ئیسرائیلە لە ناو بەرن.
٢-      ئیسرائیلیەکان رقیان لە ناسر بووە لەبەر ئەوەی بە ئەم رێکەوتنە شل نەبوەتەوە.
٣-      سادات لە ١٩٧٩ رێکەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل کرد.. ھەر بۆ ئەم ھۆیەش ئیخوانیەکان کوشتیان.
٤-      کاتێک مورسی ھاتە حوکم ئیسرائیل بە حەزەر مامەڵەیان کرد چونکە دەزانن ئیخوان دژی ئیسرائیلەو گەرەکیەتی لەناوی بەرێت، وایان دەزانی پیاوێکی چەلەنگە!
٥-      ئیسرائیل پەیوەندی نێودەوڵەتی کرد بۆ ئەوەی لایەنی سێیەم بێتە ناوەو مورسی لەناویان نەبات! ئەوە بوو داوای لە کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی کرد بێتە ناو بابەتەوە و داوای لە نەتەنیاھۆ کرد بێتە ناو بابەتەوە. ئەویش نەیکرد بە نامەردی و ھات! وایانکرد کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی داوای کرد ھەر سیستەمێک لە میسر بێتە حوکم دەبێ بەو رێکەوتننامەوە ببەسترێت.
٦-      لە شەشەمین مانگی حوکمی مورسی رێکەوتننامەکەی دووپات کردەوەو تەنیا بۆ مانەوەی حوکمی خۆی و ئیخوان پێی بەسەر دین و باوەڕ ناو لەگەڵ ئیسرائیل پێک ھاتەوە! کەسێکی ئیخوانی نەیپرسی: ئەدی بۆچی ساداتمان کوشت؟ ئەدی ئیسرائیل دژی دینمان نیە؟
٧-      لە میسر ئەم بابەتەیان بەدلڕ نەبوو مورسیان لابرد ... کەچی کوردێکی ئیخوانی نەیپرسی : ئەدی ئیسرائیل دژی ئیسلام نیە؟ ئەی بۆ مورسی رازی بوو بەئاشتی؟
گرفتی بابەتەکە ئەوەیە، کورد گوتەنی کوچک لە ئاگر گەرمتر نابێت، ئیخوانیەکانی خۆمان ئەگەر خۆیان بتەقێننەوە ھەر کوچکن خۆ ئاگرەکە نین .. کۆپین! دەی گەلی میسر ئاگرەکەی مورسیان بەدڵ نەبوو لایان برد، کەچی ئەمان لێرە شیوەنی بۆ دەکەن.
لەوەش واوەتر، نابینن مورسی بۆ مانەوەی دەسەڵاتی خۆی و ئیخوان پەنای بۆ ھاوپەیمانێتی ئیسرائیل برد و پێیان نا بەسەر دین و باوەڕو قودسی موقەدەس!
ئەرێ برالە ئیمڕۆ شەڕی ئیسلامی توندرەوەکانی قاعیدەیە دژ بە براو خوشکەنتان لە رۆژئاوای کوردستان کە بە زۆر ناویان کوردی سوریایە..
خێرە مەلا دڵشاد گەرمیانی پشتیوانیان دەکات؟ و مەلایەک نابینین بیژێت ئەمە گوناھە؟ ئەدی لەبری ئەوەی لە مزگەوتی نوور لە سلێمانی لاوان فریو بدەن و بیانێرن بۆ کوشتنی کوردان بۆچی نابینن ئیخوانیش کاتێک ھاتە حوکم لە میسر بوو بە ھاوپەیمانی کافران لە ئیسرائیل؟

یەک گرفتمان ھەیە ئەوەیە خەڵکمان لا گەورەترە لەخۆمان ئەگینا خودا ھەر خودایە و لە ھەموو دونیا ھەیە، جا با لای ئێمە ئاگر بێت و لای ھیندۆش مانگا بێت و لای بوزی تاژە بەرد بێت... لای ھەموو ھەر نموونەی ھێزێکی ئاسمانین رێک وەک ئەوەی موسڵمانان تەوافی بەردێک دەکەن پێی ئێژن ماڵی خودا!! دەی دینەکانی دیکە ھەر وان بۆ کەسیان نەیگەرەکە مالڕی خەڵکی تاڵان بکات؟