2013-07-06

تەنانەت ئێوەش کۆمۆنیست؟!

ئەڤین ئیبراھیم فەتاح
تەلەبەی قۆناغی چواری کۆلیژی پەروەردە بووم بەشی بایۆلۆژی تەمەنم ٢١ ساڵان بوو. لەسەرمان بوو توێژینەوەیەکی زانستیی مەیدانی وەکو داخۆزیەک بۆ دەرچوون ئەنجام بدەین. بۆ نەگبەتی، توێژینەوەکەی من لەسەر ژمارەی چینەکانی پێستی مرۆڤ بوو. بەمەبەستی ئەنجامدانی دەبوو نموونەم ھەبێت لە شوێنی جیاوازی پێستی لەشی مرۆڤی جیاواز. واتا، دەبوو لە پێنج شوینی جیاوازی پێستی ١٠ کەس نموونەم ھەبێت. دەی کێ لێدەگەڕێت تۆ لە پێستی مردووی بکەیتەوەبۆ توێژینەوەی خۆت؟! تەنیا ئەوانەی کوژراون تەرمەکانیان بێ خاوەنەو لە پزیشکی دادوەری کەوتووە و تەلەبەی کۆلیژی پزیشکی خۆیانی پێوە فێر دەکەن! ئیدی ماوەیەک ھاتوچۆی ئەوێندەرم دەکرد تا رۆژێک وتیان کچێک لەسەر نامووس کوژراوە. دوکتۆرو تەلەبە لەدەوری تەرمەکە کۆببۆنەوە, منیش لەدیاریان.

 دوکتۆر دەیگوت و ئەوان دەیاننوسی: کچێکی تەمەن ١٩ ساڵە باڵای ١٧٥ سم و کێشی ٦٢ کیلۆیە, گەنم رەنگی, قژ رەشی، چاو رەشی چاو گەورەی زۆر جوان. ھۆکاری کوشتنەکەی چەقۆیەکی ٢٥سم لە سکی دراوە ھەروەھا خنکێنراوەو بڕبڕەی ملی شکێنراوە. دوکتۆر بەدەمی قسەکانەوە لەشی کچەکەی شەق دەکرد و بابەتەکەی بۆ تەلەبە شرۆڤە دەکرد, منیش چاوم ئەبڵەق ببوو وقوڕگم گیرابوو! لەکۆتاییا گوتی: لەگەڵ ئەوەی ئەمە کوشتنی نامووس پارێزیە, بەڵام ئەمە کچەوپەردەی کچێنی ماوە!ئیدی ئەوەندەمزانی لەشوێنێکم مامۆستاو تەلەبەو دوکتۆرو ھەمووی لە دیاری سەرمن, لەھۆش خۆم چووبووم!! مامۆستاکە توێژینەوەی بۆ گۆڕیم. ئەوجارە یەکەم جارم بوو تەرمی مردوو ببینم ھەروەھا یەکەم جارم بوو چەمکی کوشتنی ناموسپارێزی ببیستم, بەڵام، تاماوم وێنەی ئەو کچە لەبەر چاوم لاناچێت بەتایبەتی لەتەمەنی خۆم بوو و زۆر بێناز جەستەیان دەپشکنی تەنانەت ناویشیان نەدەزانی.
خنکاندنی ھەڵاڵە خزری لەناوەڕاستی مانگی شەش لەنۆرویژ ئەوکچەی وەبیر ھێنامەوەو لەو رۆژەوە چاوە نوقاوەکانی و ملی شکاوو برینەکەی سکی سینەی ھەڵدڕاوی میوانی خەیاڵمن.
ھەڵاڵە خزری ٣٥ ساڵان کوردی رۆژھەڵاتەو خەڵکی ناوچەی برادۆستە. ماوەی ١٠ ساڵە ھاوسەرگیری لەگەڵ پیاوێکدا کردووە کە ١٢ ساڵ لەخۆی بەتەمەنترەو دوومنداڵیشی لێی ھەیە، لەنۆرویژ دەژیا. راپۆرتە ھەواڵیەکان ئێژن ھەر لەسەرەتاوە پیاوەکە دڵی لێی پیس بووە چونکە جوان و گەنجتر بووە لەخۆی. بەڵاَم, بەپێچەوانەی کچەکەی لەسەرەوە باسم کرد، پیاوەکە دەستگیر کراوەو کێشەکە لەژێر لێکۆڵینەوە دایە.
گرفتی ئەم بابەتە تەنیا کوشتنی ژن نیە، گرفتێکی دیکەی ئەوەیە پیاوە بکوژەکەی ھاوسەری ئەندامی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێران بووە. ئاخر کۆمۆنیستەکان لەھەموو دونیا خۆیان بە داکۆکی کاری ژمارە یەکی عەیار ٢٤ی ماف و یەکسانی و ئازادی ژنان دادەنێن. کەس ھێندەی ئەوان چەمکی یەکسانی بەکار ناھێنێت, کەسیش ھێندەی وان چەمکەکانی جەھل و جەھالەت و جاھیل ناخاتە پاڵ کۆمەڵگاوە, کەچی ئەمەیش حاڵیانە!
ئەم کەیسە مانای ئەوە دەگەیەنێت کەلتووری توندوتیژی دژ بەژنان لەم کۆمەڵگەیە بەشێوەیەک رەگی داکوتاوە تەنانەت بەناو مەدەنی خوازەکایش نەیانتوانیوە خۆیانی بەرامبەر ساخ بکەنەوە.

کورد ئێژێت: ئەگەر بای بێت یان باران ھەرعومری بەفر کەم دەکاتەوە. لای ئێمەش بەمەدەنی خوازو عەشایەر و سەلەفی .. ھەر ژن ئەکوژرێت!