2013-08-31

شەرەفی نەتەوە و شەرەفی ماکەر!

ئەڤین ئیبراھیم فەتاح

چەندین میدیای یەمەنی و عەرەبی ھەواڵێکیان بڵاو کردوەتەوە کە لە ناوچەی (ئاب) لە یەمەن دوو عەشیرەت یەکتریان لە سەر ماکەرێک ھەلا ھەلا کردووە! نێرەکەری ماڵێک لە عەشیرەتی (مەکابس) دەچێتە لای ماکەری ماڵێک لە عەشیرەتی (بەنوو عەباس)، ئەم کارە لای بەنوو عەباس عەیبەیەکی زۆر گەرە بووەو بە ئیھانەی کەرامەت و شەرەفی عەشیرەتەکەیان و غیرەت دەیانگرێت، گوێدرێژەکە دارکاری و لاقە دەکەن، ئینجا خاوەنەکەشی بەھەمان دەرد دەبەن. عەشیرەتی یەکەمیش ئەم تەعەدایە قبووڵ ناکات دەبێتە دەماقاڵێ و پێکدادان تا رادەی چەک ھەڵگرتن، ١٥ کەس لەیەکتری دەکوژن! پرسیار: گوێدرێژ ساڵی یەک جار لە بەھاران ئەو کارە دەکات، پیاوانی عەشیرەت ھەموو رۆژێک، ئایا کامیان گوێدرێژ و چوار پێیەو کامیان دوو پێ و گوێ کورتە؟ ئەوان دەڵێن نێرەکەرەکەی ئەوان تەعەدای لە ماکەرەکەی ئێمە کردووە و لاقەی کردووە! زۆری نەماوە بەردبارانیان بکەن و بێژن ئەمانە زینایان کردووە! ما نێرەکەر دەتوانێت لاقەی ماکەر بکات ئەگەر خۆی رازی نەبێت، بزانە نایداتە بەر لوشکە و باوکی بێنێتە پێش چاوی؟
لای خۆمان و لە زۆربەی کۆمەڵگەکانی دیکە کاتێک وەسفی مرۆڤێک بە ئاژەڵ دەکەین ئەوا بەمەبەستی جنێوو سوکایەتی دەیکەین، لەکاتێکدا ئاژەڵ جگە لە خزمەت و خێرو بێر شتێکی خراوی لێنابینرێت کەچی مرۆڤ بەمەیش ناوەستێت بگرە مرۆڤ و ئاژەڵیش بۆ چێژوەرگرتن دەکوژێت. ئاژەڵ کاتێک برسی دەبێت ئاژەڵی دیکە یان گیا دەخوات کەچی لای ئێمە برسێتی تەنیا شتێکی فیزیکی نیە بەخۆراک سکی خۆمان تێر بکەین، بەڵکو برسێتی خوێنمان ھەیە ئەو شتەی ناومان ناوە شەرەف لە راستیدا ئەداتی یەکتر کوشتنە، دەمێک بەناوی نامووس و تاوێک بەناوی دین و جاران بەناوی ئازادی، بەڵام لەکۆتاییدا ھەمووی کوشتنە بۆ پاراستنی ئەو شەرەفەی کە خۆمانی پێ دەخەڵەتێنین.
کاتێک لەسەر چەمکی شەرەف، ماھیەت و دەلالەتەکانی لەکۆمەڵگەدا گفتوگۆ دەکەین یان دەنووسین خۆمان لە سووچێکدا دەدۆزینەوە بەھای کۆمەڵایەتی و داب و نەریت و دین دەمانبەستنەوە. شەرەف مانایەکی بگۆڕی ھەیە بە پێی کات و شوێن دەگۆڕێت، بۆ نموونە، بیرمە لەھەشتاکانی سەدەی رابوردوو لای خۆمان ناوی پێشمەرگە پیرۆز بوو و پەیوەست بوو بە شەرەفەوە، ناوی جاش لە خیانەتکار و بێشەرەف دەنرا، کەچی ئیمڕۆ ھەموو ماناکانی شەرەف لە جەستەی مێینە کورت کراوەتەوەو جاشەکان لە گۆڕەپاندا تەراتێن دەکەن بێ ئەوەی شەرەفیان لەکەدار بێت پێشمەرگەش لەتاوی کەمی موچەو سەختی ژیان دەناڵێنێت! دۆرکایم باسی دەکات و ئێژێت: ئەگەر ھات و سیستمی کۆمەڵایەتی لەبار یەک چوو ھەڵوەشایەوە ئیدی فەوزایەک دروست دەبێت بەھا رەسەنەکان لادەبات و بەھای گەندەڵ دێتە کایەوە.


شەرەف یەکێکە لە سامانە کۆمەڵایەتیەکان کە مرۆڤ جگە لە نازناو و پێگەی کۆمەڵایەتیشی پێوە دەنووسێت. ئەگەر بێرتان بێتەوە چەند ساڵێک پێش ئێستا ھەمان شەڕ لە نێوان دوو عەشیرەتی کوردی لە گوندێکی کوردستان لەسەر شەرەف رویدا، بەھەمان شێوە دوو عەشیرەت خۆیان کردبوو بە نوێنەری شەرفی دوو گوێدرێژ، نێرەکەرو ماکەر، مێنەی ئاژەڵیش دیسان ناسنامەی شەرەفی ئەم کۆمەڵگەیە بۆیە ئاگای لەشەرەفی خۆی نەماوە و رۆژانە لەلایەن دوژمنی جۆراوجۆرەوە لاقە دەکرێت!